نامەیەک بۆ لۆزان و گوڵەخانە!

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-07-24

لە سەدهەمین ساڵیادی بەستنی پەیمانی لۆزاندا دوو کۆبوونەوەی پڕ ئیسراف و ناپێویست و بێ جەدوا و بێ ئەژێندا ڕێکخرا، یەکێکیان لەشارە جوانەکەی لۆزان ئەوی دیکە لە پێدەشتە بەپیتەکەی گوڵەخانە. گەر ئیسرافەکەی گەشتی پترۆ قاتلەبەرەکانی لۆزان بدرایەتە کرێ خانووی چەند خوێندکارێکی دەستکورتی تاراوگە و ناونیشانی ئەوەی گوڵەخانەش بگۆڕردایە بۆ شێوازی هەستانەوە لەڕێگای چاکسازی کشتوکاڵییەوە بۆ پێدەشتەکانی شارەزوور و بتوێن و هەولێر ئەوا بەدڵنیایی دەکرا ئومێدێک لەسەر داهاتوویان هەڵچنین.

ئەوانەی دوای سەد ساڵ لەدژی لۆزان کۆدەبنەوە و دوای کڵاوی بابردوو کەوتوون بەتەحەدداوە دەیڵێم کەسیان لە بەندەکانی پەیمانی سیڤەر "سێڤر Sevr" تێنەگەیشتوون، یان هەر نەیانخوێندوونەتەوە و ئەم قسەیە بۆ لۆزانیش هەر ڕاستە. لۆزان گەر هیچی نەکردبێت توانی ئەوە بکات بەر بە سیڤەر بگرێت لەبری سێ وڵات کوردستان بکەوێتە ژێر کەڵبەی شەش بۆ هەشت وڵاتی خوێنمژتر لەوەی تورکیا و سوریا و عێراق، بەتایبەتی ئەوبەشەی کە بەر تورکیا کەوتووە لە سیڤەردا بەسەر دەوڵەتێکی ئاشوری-مەسیحی و دەوڵەتی ئەرمینیا و تورکیا و دەوڵەتێک لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا دابەش دەبوو. وان و ئەرزڕۆم دەدرانە ئەرمینا، ئامەد لەچەک دادەماڵراو و وەک ناوچەیەکی بێ پێناسەی سەربەخۆ دەمایەوە، عەدەنەوسیواس لەژێر ئینتیدابی فەرەنسادا دابەش دەکران و بەژم جۆرە کورد لەتورکیا بۆ هەمیشە لەڕێگاس پەرتکردن و دابڕینەوە ئەسیمیلە دکراو لەنێو دەبرا. 
لۆزان لانی کەم لە چوارچێوەی سێ دەوڵەتدا کوردی هێشتەوە، کوردستانس ئێران لەم هاوکێشەیەدا نەبووە نە لە لۆزان نە لە سیڤەر. ئەمڕۆ من کە بەندەکانی سیڤەرم دەخوێندەوە تەزوو بەلەشمدا دەهات و لەوە تێگەیشتم ئێمە چەندە کاڵفام و عاتیفی و نوزەنوزکەر بووین لەڕابردوودا و ئێستاش چۆن بە ماکیاج و قات و قەرەوێتەوە لەسەر هەمان کاڵفامی و گرینۆکی و نوزەنوزی بەرئاگردانی خۆمان بەردەوامین و لەژێر لێوەوە وەک پیرەژنی دۆڕژاو فەشەل ودواکەوتن لەزەمەنەکەی خۆمان بە عەلاقەکەی لۆزاندا هەڵدەواسین. تەماشای نەخشەی سیڤەر بکە!

ئەمڕۆ ئێمە لە دونیایەکدا دژین کە ڕێز لە ئازار و تراژیدیای کەس ناگرێت،  نەک هەر ڕێزی لێناگرێت ئەسڵەن نایناسێت و نادیدەشی دەگرێت، ڕێز و بەزەیی پێداهاتنەوە لە قامووسی سیاسیی نوێدا زۆر ناقۆڵا و بێمانا دەردەکەون. سەدساڵ پاش لۆزان نە کۆمەڵێک قاتلەبەر و ئەفەندیی پترۆ-شۆڕش و پترۆ-گەشت و پترۆ -ئەوروپا و پترۆ-گەڕان لە گوڵەخانە یان لە لۆزان، بەڵکو گەر دروستکەرانی لۆزان خۆشیان ئەمڕۆ زیندوو ببنەوە ناتوانن لەڕێگای دنە عاتیفییەکانی ئێمەوە لە ڕابردوویەک پەشیمان ببنەوە کە تێیدا بە ستراتیژ و دوور لە حەزی ئاغاواتەکانی ئێمە وەک کێک میراتی دەوڵەتی عوسمانییان دابەشکردووە، ئەم باسە کەمتر پەیوەندی بە کوردەوە هەیە وەک نەتەوەیەک کە لەو دەمەدا هێشتا نەخەمڵیبوو.

نەک یادکردنەوەی تڕۆهاتێکی وەک پەیمانێک کە زیاتر لەسەدەیەکە  کاردەکات و فەنکشناڵە، بەڵکو گەر هەزار جاری دیکە ئەنفال و  جینۆساید بکرێینەوە، سەد هەڵەبجەی دیکەمان تێدا دروستبێتەوە، دەیان شەنگال و  زیلان و کۆبانێ و دێرسیمی  دیکەش دروستببنەوە ناتوانن ئێمە بخەنە سەر نەخشەی سیاسی و وزە و کلتوری جیهانی، ناتوانن ببنە هۆڵۆکۆست بۆ ئێمە، بۆچی؟  چونکە شتێک نییە لەم دونیایەدا بەناوی دروستبوون لەڕێگای تراژیدیاوە، ڕاستە دونیا دونیایەکی زیندووە بەڵام بێ دڵ و بێ عاتیفەیە، لە مۆدێرنیتە گەڕێ کە بێ دڵتر و بێ ڕەحمترە، لە هیچ پارچەیەکی مێژووییدا دونیا بۆ ئازاری کەس نەگریاوە و ناگری. ئەوەی ئەمڕۆ دونیا حیسابی لەسەر دەکات و حورمەتی بۆ دادەنێت تەنها و تەنها یەک شتە، تۆ چ چارەسەرێکت پێیە بۆ ڕزگاربوونت لەو تراژیدیایەی کە تێی کەوتوویت! دونیا تەنها و تەنها ڕێز لەو چارەسەرە عەقڵانیانە دەگرت کە کۆمەڵگایەک بە تەنها لە چێژی مەرگدۆستی و  فرمێسک و نووزە نووزی عاتیفیدا ناهێڵێتەوە بەڵکو دەیگوازێتەوە بۆ ژیان و عەقڵانییەت، عەقڵێک  تراژیدیا تێیاندا بکاتە پردی پەڕینەوە و سەرکەوتن نەک وەک داستانی شیوەنی حوسەینی کەربەلایی تەغزییەی نوزانەوەی خۆی پێ بکات و لەوسەریشەوە ئاغاواتەکانی خۆی پێ دەوڵەمەندتر بکات. کە ئەمەت هەبوو نەوتیشت نەبێت وەک سەنگافوورە خۆبەخۆ دەچیتە سەر نەخشەی وزە و کلتور  پێشەسازی و تەکنەلۆژیای جیهان و دەوڵەتەکەت تەحسیڵ حاسڵە، بەام بەبێ ئەمە نەوتی هەموو دونیاش ببێتە هی تۆ، تۆ ناتوانیت تەجاوزی خێڵ و بەرەبابەکەی خۆت بکەیت.