لە ئەنجامى نەبوونى ناوەندێکى توێژینەوەى نیشتیمانى و هەڵسانگاندن بۆ ڕووداو و پێشهاتە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان، دنیاى کوردى و بەتایبەت سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان، بێئاگان لەوەى چ لەدەرەوەى ناچەکەى قەڵەمڕەویان دەگوزەرێت و چ کاریگەرییەکانى لەسەر خاک و ئاوى هەرێمى کوردستان هەیە.
دەروازە، یان کۆلیدۆرى زەنگ زۆر، دەکەوێتە باشورى ئەرمەنستان لە پارێزگاى سیونیک ڕاستەوخۆ لەسەر سنورى باکورى جوگرافیاى ئێران، وەک سەرەتا دەگەڕێنەوە بۆ خستنەڕووى ڕووداوە مێژوویەکان و ئەو ململانێى لەسەر ئەو ناوچە هەیە.
بەهۆى گرنگى و ستراتیژیی بوونى ئەو ناوچەیەوە، لەمێژوودا چەندین شەڕى گەورەى لەسەر ڕوویداوە، لەسەردەمى دەسەڵاتى قاجارییەکان، لە ساڵى ١٨١٣جەنگێکى گەورە لەنێوان قاجارییەکان و ڕووسیا بەرپا دەبێت، سەرئەنجام قاجارییەکان دەشکێن و ڕێککەوتننامەى (گوڵیستان) لەنێوان ڕووسەکان و فەتح عەلى شاى قاجارییەکان دەبەسترێت. بەپێى ڕێککەوتننامەکە، قاجارییەکان، نزیکەى ٢٢٠ هەزار کیلۆمەتر خاک و ١٢٠ هەزار کیلۆمەتر کەناراوى دەریاى خەزەر لەدەست دەدەن، خاکى ئەرمەنستانى ئێستا بە کۆلیدۆرى زەنگ زۆرەوە لەدەست دەدەن.
لەدواى شۆڕشى ئۆکتۆبەرى لە ڕووسیا، لە ساڵی ١٩٢٣دا لینین لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا فەرمانی دامەزراندنی کوردستانی سووریدا و هەرێمی لاچینی کردە پایتەختى ئەو کوردستانە، کە کەوتبووە تەنیشت قەرەباغ لەنێوان هێڵەکانی سنووریی ئازەربایجان و ئەرمەنستان دەرکرد.
کوردستانی سوور یەکەیەکی کارگێڕی بەڕێوەبردن بوو کە کورد خۆی بەڕێوەی دەبرد، بەبڕیاری پارتی کۆمۆنیستی دەسەڵاتداری ڕووسیا لە ڕۆژی ٧-٧-١٩٢٣ دامەزرا، کە ڕووبەری خاکەکەی ٧٥٠٠ کم دووجا بوو، پێكهاتبوو لە (کیلبەجار، قەرەباخ، جاجیک، قوباتلی، زەنگیلان، پیتچەناس، ئاگابادیر، لاچین، دەیجولان، دیلیجان، کەراکیش، قوباتی).
بەڵام سۆڤێت لە ساڵی ١٩٢٩ بەبڕیارێک لێسەندنی هەرێمی قەرەباخ لە کورد و دابەشکردنی لە نێوان ئەرمەن و ئازەریەکان، جەنگێکی سەخت ڕوویدا کە بووە هۆی تەواو لەناوچوونی کوردستانى سوور، دواتریش ستالین لە ساڵی ١٩٤٤ هەرچی کوردی ئەرمینیا و جۆرجیا هەبوو بەزەبری هێز ڕاگوێزران بۆ کازاخستان و ئۆزبەکستان و بە ئاگر و ئاسنیش کۆتایی بە کوردستانى سوور هێنا.
ئەو ناوچەیەیی کە کوردستانى سوورى لەسەر بنیادنرابوو، هەمیشە جێگەى ململانێ نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان بووە، وەک جەنگى ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٤، دواین جەنگى سەربازى نێوان هەردوو وڵات، لە ساڵى ٢٠٢٠ ڕوویدا، بەنێوەندگیرى ڕووسیا هەدوو وڵات جەنگیان ڕاگرت و کەوتنە دانووستانەوە، سەرئەنجام ڕێککەوتن لەسەر چەند خاڵێک.
یەک لە خەڵە هەرگرنگەکانى ڕێککەوتننامەکە کەهەردوو وڵاتى ئازەربایجان و ئەرمەنستان لەسەرى ڕێککەوتن، تایبەت بوو بە کردنەوەى ڕێگایەک تایبەت بە ئەرمەنستان بۆ گەیشتن بە دارستانەکانى هەرێمى قەرەباغ، لەبەرامبەردا ئازەربایجان مافی تەواوى هەربێت لە دروستکردنى کۆلیدۆرى زەنگ زۆر کەخاکى ئازەربایجان و هەرێمى نەخجەوان بەیەکەوە دەبەستێتەوە لەژێرچاودێرى هێزەکانى ڕووسیادا.
دروستکردنى " دەروازە" کۆلیدۆرێکى لەم شێوەیە، واتە دابڕینى سنورى ئێران لە ئەرمەنستان و هاوسنوربوونى لەگەڵ تورکیا. ئەمەش دەستى ئـێران بۆ گەیشتن بەقەفقاز و ئەوروپا دەبڕێت، هاوکات تورکیا لەڕێگەى ئازەربایجانەوە دەستى دەگاتە دەریاى خەزر و ئاسیاى ناوەڕاست.
کردنەوەى دەروازەی زەنگ زۆر چ کاریگەرییەکى دەبێت لەسەر هەریەکە لە (ئیسرائیل، تورکیا، ئێران، ئازەربایجان، ئەرمەنستان، هەرێمى کوردستان).
ڕۆڵى ئیسرائیل لە جەنگى ئازەربایجان و ئەرمەنستان
ئازەربایجان کڕیارێکى کەرەستەى جەنگیی ئیسرائیلە، لەجەنگى ئازەربایجان و ئەرمەنستان، ئازەربایجان چەندین تەکنەلۆژیا و کەرەستەى سەربازى ئیسرائیلى بەکارهێنا، فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئیسرائیلى – تورکى و سەر لەنوێ داڕشتنەوەى لەلایەن سوپاى ئازەربایجانەوە، ڕۆڵێکى یەکلاکەرەوەى بینى لەجەنگەکەدا.
هاوکات بەپێى مانگى دەستکردى ژمارەیەک فڕۆکەى ئێف ١٦ لەیەکێک لە بنکە سەربازییەکانى ئازەربایجان وێنەى گیراوە، هاوکارى ئیسرائیل و بەستنى هاوپەیمانى لەگەڵ ئازەربایجان پەیوەندیدارە بە نزیکبوون و هاوسنوربوونى لەگەڵ ئێراندا و ئیسرائیل دەتوانێت بۆ مەبەستى هەوڵگرى خاکى ئازەربایجان بەکاربهێنێت، لەماوەکانى ڕابردووشدا مانۆڕى سەربازى هاوبەش لەنێوان ئیسرائیل و ئازەربایجاندا ئەنجامدراوە وەک پەیمامێک بۆ دەسەڵاتدارانى ئێران.
پێگەى تورکیا لە کردنەوەى کۆلیدۆرى زەنگ زۆر
تورکیا کڕیارێکى گرنگى گازى سروشتى ئێرانە، ساڵانە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکات بۆ کڕینى نەوت و گازى سروشتى ئێران، هەروەها بۆ گەیشتن بە ئازرەبایجان و ئاسیاى ناوەڕاست، خاکى ئێران بەکاردەهێنێت.
بەڵام بەکردنەوەى کۆلیدۆرى زەنگ زۆر، تورکیا ڕاستەوخۆ لەڕێگەى هەرێمى نەخجەوانەوە دەبێتە هاوسنورى ئازەربایجان و هەموو ئەو ئیمتیازاتانەى داویەتى بەئـێران بەرامبەر کڕینى گازى سرۆوشتى و بەکارهێنانى خاکى ئێران وەلا دەنێت و لەڕێگەى خاکى ئازەربایجانەوە دەگاتە دەریاى خەزەر و گازى سروستى و نەوتى ئازەربایجان.
لەڕووى جیوپۆلەتیکییەوە، دەستى دەکات بە وڵاتانى (ئۆزبەکستان، تاجیکستان، تورکەمەنستان، قرقیزستان، کازاخستان) و تەنانەت چین، وەک دەوڵەت باخچەلى وێناى دەکات، لەڕێگەى دروستکردنى کۆلیدۆرى زەنگ زۆرەوە دەگەنە دنیاى تورکەکان.
هاوکات تورکیا خەوەن بەوەوە دەبینێت لەڕێگەى کۆلیدۆرى زەنگ زۆرەوە، خەونى چینییەکان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە رێگاى ئاورێشمى نوێنەوە بەدیبهێنن بە دروستکردنى ئەو کۆلیدۆرە و ئێران و هەرێمى کوردستان لە پرۆژەکەى چین بکەنە دەرەوە.
ئێران ساڵانە باجێکى زۆرى دەىست دەکەوێت لە ئازەربایجان لە هۆى تێپەڕبوونى بارهەڵگرەکانى بۆ هەرێمى نەخجەوان و تورکیا، هەروەها کرێی ئەو بۆرییە گازەسروشتییەش وەردەگرێت کە بەخاکەکەیدا تێپەڕ دەبێت بۆ هەرێمى نەخجەوان.
هاوکات، بە کردنەوەى کۆلیدۆرى زەنگ زۆر دەستى ئێران بەیەکجارى لە قەفقاز دەبڕێت و دەورە دەدرێت بە هاوپەیمانەکانى تورکیا و لە ناویشیاندا ئیسرائیلى هاوپەیمانى ئازەربایجان.
هەرێمى کوردستان و دەروازەی زەنگ زۆر
سەردانى ئەمدواییەى نێچیرەڤان بازرنى بۆ ئازەربایجان پەیامێکى نوێ بوو ئە دەسەڵاتدارانى ئێران، ڕێکخەر و گرێدانى سەردانەکە لە ڕێگاى تورکیا و خودى ڕەجەب تەیب ئەردوغانەوە ئەنجامدرا.
پەیامەکەش بۆ ئەو مەبەستەبوو، کە تورکیا بە ئێرانى بگەیەنێت، وڵاتانى ناوچەکە و بەتایبەت ئازەربایجان و هەرێمى کوردستان گازى سروشتى و نەوتى زۆریان هەیە، چیتر وەک پێشووتر گازى سروشتى ئێران ئەو کاریگەرییەى نابێت.
بەڵام لەڕاستیدا، کردنەوەى کۆلیدۆرى زەنگ زۆر، بەیەکجارى نەوت و گازى سروشتى هەرێم بێکاریگەر دەکات و هەرێمى کوردستان کە تورکیاى وەک کارتى فشارى بەرامبەر حکومەتى عێراق بەکاردەهێنا، ئەو کارتەشى لەدەست دەردەچێت و بێکاریگەر دەبێت، لەبەر ئەوەى بەکردنەوە ئەو کۆلیدۆرە تورکیا دەستى دەگات بە ئاسیاى ناوەڕاست و ئازەربایجان وەک سەرچاوەیەکى دەوڵەمەندى وزە. ئەمەش لێدانێکى قورس دەبێت بۆ وزەى هەرێم و ڕێگاى هەناردە و هاوردەى تورکیا.
بەڵام جێگەى سەرسوڕمان بوو چۆن سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشهاتەکانى پشت پەردەکەى سەردانەکەى نەخوێندەوە!
جەنگى ڕووسا و ئۆرکرانیا و کاریگەرى کردنەوەى کۆلیدۆرى زەنگ زۆر
جەنگى ڕووسیا و ئۆکرانیا کاریگەرییەکى قوڵى لەسەر ئەوروپا بەجێهێشت، بەتایبەت لەڕووى ئابورى و وزەوە، ئەوروپا هەوڵەکانى چڕکردەوە بۆ دەستکەوتنى سەرچاوەیەکى دیکەى لەپڕکردنەوەى پێداویستییەکانى بۆ وزە.
هەناردەکردنى وزەى ئازەربایجان بۆ تورکیا و پاشان بۆ ئەوروپا، ڕەنگە پێگەى ئازەربایجان هێندەى دیکە لاى ئەوروپییەکان گرنگتر بکات و کردنەوەى کۆلیدۆرى زەنگ زۆر بکاتە پێویستییەکى گرنگ و کردنەوەى خێراتر بکات بەبێ لەبەرچاوگرتنى خاکى ئەرمەنستان.