هیندستان و ئەرمینیا: هاوکێشەیەکی نوێی جیۆپۆلەتیک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕەوا موسا

2023-08-16

دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و پاکستان پەرەیانسەند و تورکیا رێککەوتننامەیەکی لەگەڵ پاکستاندا ئیمزاکرد بۆ دابینکردنی ئەو درۆنانەی لەلایەن ئەنکەرەوە پەرەیانپێدەدرێت، هەروەها درووستکردنی ڤێرژنێکی نوێی بایراکدار بەناوی ئاکنجی بەهاوبەشی لەگەڵ پاکستان و بەڵێنی پێدانی هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ بەرەوپێشبردنی پیشەسازی سەربازی پاکستان. 

ئێستادا هیندستان دەستی داوەتە درووستکردنی کەناڵ و رێڕەوێکی بەردەوامی ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئەرمینیا لەڕێی ئێرانەوە! ئەمەش وەکو وەڵامدانەوەی تورکیا بە هاوکاریکردنی پاکستان. ئەگەرچی تورکیا چاوی لە زانستی ئەتۆمی پاکستانە و لەوپێناوەشدا ئامادەیە هەموو داهێنانەکانی خۆی لەبواری سەربازی پێشکەشی پاکستان بکات، بەڵام هەرچۆنێک بێت هیندستان ئەمە بە هەڕەشە لەسەر خۆی لێکدەداتەوە. بۆیە دەستی بە هەوڵێکی چڕ وبەردەوام کردووە بۆ گواستنەوەی بەهێزترین و باشترین تەکنۆلۆژیاکانی خۆی لە دژە تانک و راجیمەی زیرەک و رۆکێت و موشەک و جۆرەکانی تری فیشەک و تەقەمەنی لەڕێی ئێرانەوە. با ئەوەش لێرەدا بمێنێتەوە کە لەداهاتوودا بەئەگەری زۆرەوە سیستەمی بەرگری ئاسمانی و موشەکی تەشویشی راداری بە ئەرمینیا بدات!

ئێران پێشوازییەکی گەرم لەم پەیوەندییە نوێیەی ئەرمینیا و هیندستان دەکات، چونکە زاڵبوونی ئازەربایجان بەسەر ئەرمینیادا هەژموونی وڵاتەکە لەناو ئازەرەکانی دیوی ئێراندا زیاد دەکات ( کردووشیەتی) کە لەو وڵاتەدا ئازەرەکان نزیکەی بیست ملیۆن کەسن و دوو پارێزگای گەورەیان بەناوەوەیە ( ئازەربایجانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا) هەروەها ئازەربایجان تاکە وڵاتی شیعە مەزهەبە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و دۆستانەی لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە، لەهەمانکاتدا ئازەربایجان بیری ناسیۆنالیزمی تورکی هەڵگرتووە و هەوڵی بڵاوکردنەوەی دەدات بەناو ئازەرەکانئ ئێراندا لەکاتێکدا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئازەرەکانی ئێران بەنەتەوە خۆیان بە ئێرانی نەژاد زانیووە نەک تورک نەژاد! بەڵام هەوڵەکانی تورکیا و ئازەربایجان وایانکردووە لەئێستادا بەشێکی گەورەی ئازەرەکانی ئێران خۆیان بە تورکی نەژاد بزانن. بەمەش ئێران سێجار ئازەربایجان بە نەیاری خۆی دەزانێت، لەبەرامبەردا ئەرمینیا دۆستی رووسیایە کە هاوپەیمانی ئێرانە، وە دوژمنی ئازەربایجان و تورکیایە، بەمشێوەیە ئێران سێجار ئەرمینیا بە دۆستی خۆی دەزانێت. لە جەنگی قەرەباخیش ئێران یەکێک بوو لەو وڵاتانەی هاوکاری ئەرمینیای کرد. 

ئیسڕائیل پەیوەندی لەگەڵ ئازەربایجان بەسەر ئەرمینیادا هەڵدەبژێرێت و لای باشترە، وە لەجەنگی قەرەباخیشدا هاوکارییەکی گەورە و کاریگەری ئازەربایجانی کرد. ئەمەش بۆ چوار هۆکاری سەرەکی دەگەرێتەوە، یەکەم: ئازەربایجان هاوپەیمانی تورکیایە کە دۆستی نزیکی سەربازی و ئابوری ئیسڕائیلە. دووەم: ئازەربایجان نەیاری ئێرانە. سێیەم: ئازەربایجان تاکە وڵاتی شیعە مەزهەبە کە عەلمانییە و ئیسرائیل دەیەوێت لەو رێگایەوە پەرە بەبیری سیکۆلاری بدات لەناو شیعەکانی جیهاندا و بەستەڵەکی دوژمنکارانەی شیعەکان بتوێنێتەوە کە ئێران درووستیکردووە و پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئیسرائیلدا لەناو شیعەکاندا ئاسایی بکاتەوە، چوارەم: ئەرمینیا هاوپەیمانی نزیکی رووسیایە لەکاتێکدا رووسەکان بەدرێژایی مێژووی درووستبوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل هاوکاری نەیارەکانیانی کردووە و تەنانەت لە کاتی جەنگە یەک لەدوای یەکەکانی عەرەب-ئیسڕائیل لە سەدەی بیستەمدا وڵاتانی عەرەبی بە پاڵپشتی یەکەمی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو شەڕی ئیسڕائیلیان دەکرد، ئەمەش روونە هۆکارەکەی بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە تەواوی جیهانی رۆژهەڵات ئیسرائیل بە ئەمریکای بچوک سەیردەکەن. 

هیندستان سڵ لەوە ناکاتەوە لەداهاتوودا هاوکاری زیاتری ئەرمینیا بکات لە پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و فرۆشتنی تەکنۆلۆژیای بەهێزتر و نوێتر بە وڵاتەکە. لەدوایین رێککەوتنیشدا بە بەهای چوارسەد ملیۆن دۆلار چەک و تەقەمەنی سەربازی بە ئەرمینیا فرۆشت، ئێرانیش هەمیشە دەرگای ئاواڵە دەبێت. ئەمەش دوورنییە سەربکێشێت بۆ جەنگێکی تری چ بەرەیی چ بەوەکالەت لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، چونکە ئەرمەنەکان بەدوای تۆڵەسەندنەوەن لەدوای شکستە پڕ شەرمەزارییەکەی جەنگی قەرەباخ، درووستکردنی ئەم کەناڵی پەیوەندییەش بەشێک دەبێت لە پرۆسەکە.