کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
وتار
کورد لە سایەی عێراقی بەعسی عەلمانی و دەعوەی ئیسلامیدا
عومەر عەلی غەفور
2023-09-14
جیلی حەفتاکان و بۆ خوارەوە بیریانە لە هەشتاکان دەیان گەنجی کورد، کە بۆنی دیندارییەکیان لێ هاتبوو، بەتۆمەتی ئەندامێتی حزبی دەعوەی ئیسلامی لەلایەن بەعسەوە گیران و لەسێدارەدران. ئەوکات من هەر نەمدەزانی دەعوە چییە، بەڵام دەمزانی حزبێکی دینییە، ئەمە لەکاتێکدا -وەک پاشتر زانیم- حزبی دەعوە حزبێکی شیعییە و پەیوەندی بەکوردی دینداری سوننەوە نیە..
بڕوانە لەوکاتەوە کورد شەقی حزبی دەعوە دەخوا؛ ئەوکات شەڕ لەسەر حزبی دەعوەی شۆڕشگێڕ، ئێستا شەق بەدەستی حزبی دەعوەی دەسەڵاتدار (سەرەتا حزبێک بوو ئیبراهیم جەعفەری سەرۆکی بوو، پاشتر باڵی مالیکی لێ جیابوویەوە، کە محەمەد شیاع سوودانی رەئیس وزەرا لەو حزبەیە)..
ئێستا حزبی دەعوە، یان ئەو حکومەتە ئیئتیلافیەی ئەو سەرۆکایەتی دەکا، هەمان سیاسەتی کۆتایی هەشتاکانی بەعس دژی گەلی کوردستان پەیڕەو دەکا، ئەویش سیاسەتی برسیکردن و سزادانی خەڵکە، لەسەر رەفتاری هێز یان دەسەڵاتێکی کوردی، کە خەڵک هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەریدا ناشکێ و هیچ حساب بۆ خەڵک ناکا..
بەعس بایعی خەڵکە گوندنشینەکانی ناوچەکانی سەربە سلێمانی و هەندێ ناوچەیتری کوردستانی بڕی، کە تاکە سەرچاوەی دەستکەوتنی نان و چایی رۆژانەی خەڵک بوو، گوایە تا نان نەدەنە پێشمەرگە؛ بەشە بایعیی خەڵکی شاریشی هێندە کەم کردبوەوە بەشی خێزانەکان خۆیشیانی نەدەکرد، ئەویش تا نەتوانن بەشی خزمە گوندنشینەکانیانی لێ بدەن یان تەنانەت پێیان بفرۆشن. ئێمە خۆمان وەکالەتێکی بایعیمان لەلابوو، کە بایعی دەهات، خەڵک هەبوو دەهات سوێندی دەخوارد چەند روژە بەشی چەورە هەسانێ رۆن لە ماڵمانا نیە!!
ناچار خەڵک دەبوو بە نرخێکی زۆر گران لە بازاڕی رەش بیکڕن، کە زۆر جار لەوێیش دەست نەدەکەوت، کەچی لە کەرکوک و هەولێر بەلۆری ئازوقەت بار بکردایە هەر بەنرخی بایعیش.. خۆم دووساڵ لە کەرکوک تەلەبە بووم (١٩٨٧-١٩٨٩)، لە چەند مانگی پێش گیران و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، هەرکات بهاتمایەوە چەند کیلۆیەک شەکرە وردەم دەکڕی و دەمخستە ژێر جلەکانم لە جانتاکەمدا و دەستم لەسەر دڵم بوو لە سەیتەرە پێی نەزانن!!
ئەم سزادان و جیاکارییە لەکاتێکا بوو رژێم باش دەیزانی خەڵکی گوند نان نەدەنە پێشمەرگە بەشەق پشتیان دەشکێنن..
لە نەوەدەکانیش لەکاتێکا خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا قیمەتی چڵەپووشێکی نەمابوو، لیژنەکانی پشکنینی سەر بە یوئێن بەسەرۆکایەتی هانز بلێکس رۆژانە بەناوی دۆزینەوەی چەکە کۆکوژەکانی کەرامەتیان دەشکاند و کوێیان بویستایە دەیانپشکنی، تا گەیشتە پشکنینی ژووری خەوتنی سەدام و ساجیدەیش!!؛ کەچی بۆ خەڵکی کوردستان هەر شێرە دڕەکەی جاران بوو و لەپاڵ گەمارۆ نێودەوڵەتیەکەی سەر عێراقدا -بەکوردستانیشەوە- کە ئاکامی سیاسەتە سەرشێتانەکەی خۆی بوو، ئەمیش گەمارۆیەکیتری توندی خستبووە سەر کوردستان و لە سەیتەرەی کەرکوک بۆ سلێمانی رێگه نەدەدرا بوتڵێک غاز، دەبەیەک نەوت، کیلۆیەک خورما بێت بەم دیودا و هەزار و یەک سووکایەتی بەو کوردانەیش دەکرا کە بۆ کرێکاری یان چارەسەری نەخۆشیی قورس ناچار بوون بچنە بەغدا!!
ئێستایش و بەتایبەت پاش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان کە دەزانن ئیتر کوردستان هیچ دەرەتانێکی نەماوە، (لەکاتێکا خۆی گەندەڵترین رژێمی دنیایە و دەوڵەتان هیچ حسابێک بۆ سەروەریی ئەو ناکەن و حکومەتەکانی لە تاران و ئەنقەرە و سعوودیە ئۆکەی وەردەگرن)، کەچی بەپێچەوانەی چاوەڕانیی بەشێکی زۆری خەڵک، دەعوەی ئیسلامی و ئیسلامییەکانیتری هاوپەیمانی دەسەڵاتداری عەرەب، بەهەمان ئەقڵیەتی بەعسی عەلمانی گۆڕبەگۆڕ، لەباتی پیشاندانی نیەتپاکی و کارکردن بۆ دەربازکردنی مووچەخۆرانی کوردستان لە قەیرانی چەند ساڵەی فەوتان و دواکەوتنی مووچە بەهۆی سیاسەتی شکستخواردووی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی کوردستانەوە، زۆر بێباکانە و بێمنەتانە میللەتێک بەگوناهی گرووپێک لە دەسەڵاتداران سزا دەدەن و ترسناکترین سیاسەتی برسیکردن لە مێژووی کوردستاندا لەدژی پەیڕەو دەکەن، کە تەنانەت لە فراوانی و گشتگیرییەکەیدا شان لەشانی ئەوەی بەعس دەدا و رەنگە زیاتریش بێ، چونکە بەعس تەنها مووچەی نەیارەکانی دەبڕی، هی دۆستەکانی نەدەبڕی، بەڵام دەعوە و سوودانی مووچەی دۆست و دوژمنی وەک یەک بڕیوە، لەکاتێکا کەسیش وەک دوژمن دوژمنی نیە..
ئەمە پاکانە نیە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم، چونکە هێندە تاوانبارن بەهیچ پاک نابنەوە و بەرپرسی یەکەمی ئەو دۆخەی ئێمەی پێ گەیشتووین ئەوانن، نایشزانم هەرێم چی تەسلیم کردوە و چی نەکردوە، بەڵام مادام ئەو ناتوانێ نەوت بفرۆشێ، کەواتە داهاتی نەوتی دەست ناکەوێ و مووچەی پێ نادرێ و دەبوو بەغدا لانیکەم بەخەرجکردنی ماباقی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان نیەتپاکی خۆی پیشان بدایە و بیسەلماندایە بەیەک چاو تەماشای کورد و عەرەب دەکا..
دواین لێدوان و هەڵوێستەکانی سوودانی و بەرپرس و پەرلەمانتارانی عێراق و باسکردنیان لەوەی کوردستان پێنج تریلیۆن زیاتر لە شایستەی خۆی وەرگرتوە و شتێک نیە لە یاسای بودجەدا بەناوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دەیسەلمێنێ بەبەرنامە کار بۆ خنکاندنی کورد و کوردستان، بەحکومەت و خەڵکەوە، دەکەن و هیچ ئاماژەیەکیان نەداوە بەوەی تەنانەت ئەگەر هەرێم ٤٠٠ هەزار بەرمیلەکە و داهاتی ناوخۆیش تەسلیم بکا بەغا مووچە و بودجە دەنێرێ..
لەبەرئەوە تکایە با چیدی بەرگری لە بەغا نەکەین، چونکە رووی راستەقینەی خۆی هەڵماڵی و دەرکەوت هەموو حوسن زەننەکانی هەندێ بەڕێز بەڕانبەر بەغا، لەجێی خۆیدا نەبووە و دەچێتە خانەی ئەو (بعض الظن)ەی مرۆڤ پێی گوناهبار دەبێ!
زیاتر بخوێنەرەوە
د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
ئایا زمانی کوردی پیرۆزە؟
محمد خۆشناو
دووڕوویی شێوازی ژیان و زمانی سەردەم و هونەرە !!
فارس نەورۆڵی
حزب و خۆ بینین لە دوای هەڵبژاردن
عەبدولڕەزاق مەهدی
هەرێمی کوردستان و ژیانکردن لەناو تیۆری جەنگی داڕوخاندنی یوری بێزمینوڤ
محمد خۆشناو
وریای مێشە ئەلکترۆنیەکان بن !!
فارس نەورۆڵی
پەیام لەسەردەمی قەیراندا..!
ڕامان مەجید
کام دزی و کامە حکومەتی هەولێر؟
بەرهەم گوندی
٣١ی ئاب و وانەیەک
بەهمەن جەبار
ناتەبایی لە میتۆدەکانی پەروەردە لە کوردستان: بونیادگەرایی بەرامبەر ڕەفتارگەرایی
محمد خۆشناو
ئەی کوردستان بگەڕێوە بۆمان !!
ئەمانەش ببینە
ئەم گەنجە سرودێک بۆ یادی مەولود دەڵێت
لە بەردەرکی سەرای سلێمانی یادی مەولود دەکرێتەوە
بەبۆنەی یادی مەولودەوە لە مزگەوتی خانەقا خوانێکی زۆر بۆ رێبواران و هاوڵاتیان ئامادەکراوە
یادی مەولود لە سلێمانی بەرێوەدەچێت
هاوڵاتییەک: چەند مافیایەک لە سۆران ٢٢ دەفتەر دۆلاریان لێ سەندووم
شۆفێران نیگەرانن لەو بریارەی کە تەکسی دەبێت بە کیلۆمەتر
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2024 Diplomatic Magazine