چاڵدێرانەکانی ئێمە!

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-09-20

ئەمڕۆ نزیکەی دوو کاتژمێر لەو نەخۆشخانەیەی کاری لێدەکەم چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو بریندارانە بووم کە لە بۆردومانەکانی ئەم ئێوارەیەی فڕۆکەخانەکەی عەربەتدا شەهید و بریندار بووبوون، دڵم لای خانەوادە و دایک و باوکیان بوو، دەبێ هەست بەچی بکەن لە پێدانی هەواڵی سووتان و پارچە پارچەبوونی  مناڵەکانیاندا؟ بیرم بۆ ئەوە دەچوو بۆچی ئەم نەزیفی خوێنە سەد ساڵە لەم جەستە هیلاکەی ئێمەدا ناوەستێ، دەبێت چی بکەین یان دەبوو چی نەکەین  تا ئاشی ئەم نەزیفە سەڕەتانییە ساتێ بسرەوێت و ئیتر ئەوەندە بێ سوچ و بێ گوناهـ  بە گۆشت و ئێسقانەوە نەمانهاڕێت؟

کە کتێبی مێژووی شۆڕشەکانی کوردی عەلائەدین سەجادی دەخوێنیتەوە، شتی زۆر سەیر و سەمەرە لەمێژووی شۆڕشە بەردەوام و نەزۆکەکانی ئێمەدا بوونیان هەیە کە سوڕێکی سەڕەتانی بەردەوام خۆیان دوبارە دەکەنەوە. ڕووداوەکانی ئەمڕۆی سلێمانی و هەولێر و زڕگوێز و کۆیە بۆ کەسێک کەمێک ئاگاداری ڕابردووی خۆی بێت نامۆ و نوێ نین، ئەوە بەهێزی نەیار و ئەغیارەکان نین ئەوەندەی چیرۆکی زەبوونی و بوودەڵەیی ئێمە دەگێڕنەوە، بەڵام هەرچی ئێمە هەین بۆ تەنها جارێکیش خۆمان لەقەرەی ئەوە نەداوە خۆمان بە بەرپرسیار بزانین لەئاست کەوتنەکانماندا. بەردەوام  پەنجەمان بۆ دەستی دەرەکی و "ناحەزانی گەلەکەمان" ڕاکێشاوە. هەر ئەم خۆدزینەوەیە وایکردووە نەتوانین هەستینەوە، چونکە هۆکاری کەوتەکەمان داوەتە پاڵ نەیارنانمان، هەمیشە وا باو بووە کە چاوەڕێی یەکێک لەو نەیارانە بکەین بێن دەستمان بگرن و بمانخەنەوە سەر پێی خۆمان، دیارە ئەویش چۆن ئەم کارەی کردووە! کەوتن و شکانەکانی ئێمە هەمیشە بە پاساوی بوونی دەستی دەرەکی دیزەبەدەرخۆنە کراون و کەس نەیتوانیوە دێڕێکیان لەسەر بنووسێت.
ئەوەی لەمێژووی شۆڕش و جوڵانەوە و جوڵەکانی کورد بۆ من دەرکەوتووە ئەوەیە کە ستراتیژ و سایکۆلۆژیای کورد و بە تایبەتیش کوردی عێراق بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش، جوڵەی سیاسیی و  ڕووداوەکان لە سێ حاڵەت بەدەر نییە.

یەکەم/ ئامادەسازیی نەکردن و بێ پلانیی و  نەپێوان پێش ڕووداوەکان.

دووەم/ شۆکبوون و تووشی پانیک بوون لە کاتی ئەنجامدانی کارەکە یا ڕوودانی ڕووداوەکە.

سێیەم/نەخوێندنەوە و خۆ کەڕ کردن لەوەی ڕویدا دوای ڕووداوەکە، وەک بڵێی هەر ئێمەش نەبووین. سێکوچکەی بێ پلانی و پانیک و لەبیرکردن گرنگترین سێ خاڵی ناسەرەوەی ئێمەی کورد بوون لانی کەم لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا.

لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئێمە شتێکمان نەبووە و نییە بەناوی مێژووەوە. گێڕانەوەی ڕووداو زۆر جیاوازە لە نووسینەوەی مێژوو. مێژوو ڕووداوێکە بەنێو دەیان فلتەری زانستیدا ڕەت بووە، ئەنجامگیریی باشی بۆکراوە، حەزی شەخسیی تێدافلتەر کراوە، بەڵام لە گێڕانەوەی ڕووداودا زۆرجار حەزی کەسی گێڕەرەوە ڕاستی ڕووداوەکە دەجەڕێنێت، بە هیچ فلتەرێکدا نەبراوە "تەماشای کتێبی بیرەوەری سیاسیی و شۆڕشگێڕەکان بکە ئەم ڕاستییەت بۆدەردەکەوێت".
 تا ئێستاش ئێمە نازانین مێژوویەکی نزیکی وەک ڕیفراندۆم چۆن بوو، کێ بەرپرسیاری شکستەکە بوو؟ کێ لەگەڵ بوو کێ دژ بوو؟ هۆکاری شکستەکە چی بوو؟ بۆچی ئیلحاح کرا لەو کاتەدا دەبێت بکرێت؟ سێکوچکەی نائامادەسازی، پانیک بوون و دواتر خۆ لێ دزینەوە و خۆلێ نەبانکردن سێ دیارترین خاسیەتی ناسەرەوەی ڕیفراندۆم بوون.

ئێمە تاکە میلەتی دونیاین کە بەبێ مێژوویەکی نووسراوەوە دێینە نێو مۆدێرنیتەوە، نەبوونی مێژوو وادەکات مرۆڤ نەزانێت سەربە چ جۆرە شوناسێکی سیاسیی و ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتییە، ئەم بێشوناسییەش بەردەوام لەبری ئەوەی بیکاتە نمونەیەکی باش لە خۆی، دەیکاتە کۆپییەکی خراپ لەوانی دیکە. ئیدی بەردەوام هەرەس دەداتە دەم هەرەس، لەوەرزی حاسڵاتدا دروێنەی شکست و ماڵوێرانی دەکات، دەنا پاش شەڕی دا×عش چ گەل و میلەتێک هێندەی ئێمە بوونیان لەسەر شانۆی سیاسی و وزە و بەرگری جیهان هەبوو؟ هەمان سێکوچکەی بێ پلانی، پانیک بوون و لەبیرکردن و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی دووبارە بوونەوە چونکە نە خۆیەتی و نە توانیویشێتی لەوانی دیکەدا بتوێتەوە، نەدەتوانێت دەستنووسێکی خراپی خۆی بێت نە دەبێتە کۆپییەکی چاکی ئەوانی دیکەش.