هێرشی لەناکاوی حەماس و ستراتیژی سەربازی  ئیسرائیل

ڕەوا موسا

2023-10-08

ستراتیژی سەربازی داهیا " الضاحية"  هەقیقەتە ترسناکەکانی پشتەوەی وەڵامی ئیسڕائیل بۆ هەڵکوتانەکەی حەماس!

ئەساسی مەزهەبی سەربازی ئیسڕائیل لەسەر هێرش درووستکراوەو هەرگیز لە بەرگریدا باش نەبوون، تەنانەت لەو جەنگانەی لە سەدەی ڕابردوو لەدژی وڵاتانی عەرەبی کردیان لە سەرجەمیاندا بە هێرش وەڵامی هێرشی سوپاکانی عەرەبیان دایەوە.
 ئیسڕائیلییەکان لە هێڵی بەرگریدا کەموکوڕتیان زۆرە، لە هێرشە کتووپڕەکاندا دەبڕدرێن هەروەها درەنگتر دەستیان بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا دەگات.
 بەهۆی جوگرافیاکەشیانەوە قوڵایی ستراتیژیی و بەرگریان نییە، ئەو هێزە مرۆییە کەمەی هەیانە لە هێرشی زەمینی بلیتزکریگی ڕێکخراوی دوو قۆڵی و سێ قۆڵیدا بەکاریدەهێنن نەک درووستکردنی هێڵی بەرگری قوڵ، کە هەر بۆیان ناکرێت لەبەر زۆری ژمارەی ئۆردووگا جولەکەنشینەکان لەسەر ئەو پانتاییە جوگرافیەی دەبێ هێڵەکەی لێ درووستبکات. 

وەک دەزانن نەک هێڵی بەرگری غەزە بەم شکلە لاوازەی ئێستا، بەڵکو کاتێک ساڵی 1956 نیمچە دوورگەی سینایان داگیرکرد کە هیچ ئۆردووگایەکی جولەکەی لێ درووستنەدەکرا، لەساڵی 1968 ویستیان قوڵاییەکی بەرگری بۆ دابمەزرێنن و پاش دوو ساڵ لە کاری چڕوپڕ هێڵی بەرگری بارلیڤیان درووستکرد کە بەیەکێک لە بەهێزترین هێڵە بەرگرییەکانی مێژوو دادەنرا. بەڵام ئەم هێڵە بەرگرییە کە نزیکەی 18 هەزار سەربازی ئیسڕائیلی و 300 تانک و 70 تۆپخانە پاسەوانیان دەکرد لە ماوەی تەنها شەش کاتژمێردا لەلایەن سوپای میسڕەوە لە هێرشێکی کتوپڕدا بڕدرا و لەناوبرا، دواتر هەمان سوپای ئیسرائیل پاش چەند ڕۆژێک بە هێرشێک سینای گرتەوە و ناوەندی بەرزاییەکانی جۆلانیشی داگیرکرد. 

هەم جبەجانە گەورە و تەکنۆلۆژیا پێشکەوتووەکەی ئیسڕائیل دیسانەوە وادەکەن ببێتە وڵاتێک کە ئەگەرچی لە هێرشی کتووپڕ و تاکتیکیدا شکستبهێنێت بەڵام لە جەنگی بەرەیی و ستراتیژیدا زاڵ دەبێت، بۆیە ئەگەر لەماوەی چەند رۆژەکانی سەرەتای جەنگێکدا لەناونەچێت ئەوە کۆتایی هەفتەکە دەبێتە هی خۆی! 

حەماس گرووپێکی بچووکە ناچارە بە سکواد هێرش بکات و جەنگی بەرەیی پێناکرێت، هێزە بچووکەکان دەتوانن لەهێرشێکی کتوپڕدا سکوادەکانیان بنێرنە قوڵایی خاکی دوژمنەوە بەڵام ئەگەر پشتیوانییەکی گەورەی جیۆپۆلەتیکیان نەبێت تەنها وەکو سکواد و کەتیبەیەکی بچوک دەمێننەوە و دادەبڕێن و لەناودەچن، یان ئەوەتا دەبێت بەخێرایی دەستی خۆیان بوەشێنن و بگەڕێنەوە. ئەوەی حەماسیش کردی هەروابوو، لە دونیای سەربازیدا پێی دەڵێن هەڵکوتان "غارە" زۆربەی سکواد و کەتیبە بچووکەکانی هێڵەکانیان بڕی و چوونە ئۆردووگاکانی دەرەوەی کەرتی غەزە ئەوەی کوشتیان کوشتیان ئەوەشی دەستیان کەوت لە دیل و بارمتە بەخێرایی هێنایاننەوە دیوەی خەتی کەرتی غەزە و نەیانتوانی دەست بەسەر هیچ ناوچەیەکدا بگرن و تێیدا بمێننەوە.

ئەوەش ئاساییە و ئەوەندەی کردوویانە زۆریشە، حەماس هەرگیز بەتەنها و بەبێ پشتیوانی راستەوخۆی سوپایەکی تری دەرەکی ئەو هێزە نییە سەرکەوتنی بەرەیی لەدژی ئیسرائیل بەدەستبهێنێت هەرگیزیش دۆخەکەی بەراورد ناکرێت بە پارتیزانێتی کۆنی تاڵیبان چونکە تاڵیبان پشت ئەستوربوو بە قوڵایی جیۆپۆلەتیکی خەڵک و شار و دێهاتەکان، هەر شوێنێکی بگرتبا دەیتوانی تێیدا بمێنێتەوە، بەڵام حەماس کە سوپانییە ناتوانێت لە دەرەوەی هێلانەکەی خۆی کە غەزەیە بمێنێتەوە و دەبێت زوو بگەڕێتەوە ماڵەوە، چونکە ئەوەی لەدەرەوە هەیە هەمووی ئۆردوگای جولەکەنشینە کاتێک بچێتەناویان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە چۆڵ دەکرێن کاتێکیش چۆڵکران یان دەبێ حەماسیش لێی بێتەدەرەوە یاخود دەبێت چەند ڕۆژێک چاوەڕێ بکات تا بەتەواوی بەسەریدا خاپوردەکرێت و بکەوێتە ژێر داروپەردووەکەیەوە. تاکە خاڵی بەهێزی حەماس زۆری موشەکەکانیەتی کە دەتوانێت لەماوەیەکی کەمدا شپرزەییەکی گەورە درووستبکات و سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسڕائیلیش ناتوانێت لەماوەیەکی کورتدا وەڵامی سەرجەم موشەکەکاندا بداتەوە و بۆیە لەدۆخێکی وادا بەشێکی موشەکەکان بەرگرییەکان دەبڕن و ئامانجەکەیان دەپێکن. بەڵام ئەوەی حەماس دەبێت بەجددیتر کاری لەسەربکات دەزگای هەواڵگرییەتی چونکە تا شوێن و خاڵی سیستەمە بەرگرییەکان نەدۆزێتەوە و بە هەزاران موشەک هێرشیان نەکاتەسەر هەرگیز ناتوانن سەرکەوتنێکی گەورەی بەرەیی بەدەستبهێنن...

ئەو ستراتیژە سەربازییەی ئیسڕائیلیش بەکاریدەهێنێت لە دژی فەلەستین پێی دەڵێن ستراتیژی داهیا "الضاحية" لەم ستراتیژەدا بەزۆری هێزە ئاسمانییەکان لە سەرچاوە و ژێرخانە مەدەنییەکان دەدەن بۆئەوەی سەرچاوە سەربازییەکانی بەرامبەر وشک بکەن. 

ئەمە بە ستراتیژێکی بەدئەخلاقانە دانراوە و هیچ مۆڕاڵێکی تێدانییە، بەڵام ئیسڕائیلییەکان لە 2006ەوە بەکاریدەهێنن و بۆئەوەشی هەر جەوەلەیەکی جێبەجێ بکەن سەرەتا دەبێت خۆیان وەکو قوربانی نیشانبدەن لەبەرچاوی جیهاندا و شەریعەتێکی بۆ بدۆزنەوە. بۆنموونە کاتێک بنیامین نەتانیاهۆ دەڵێت " ئەمڕۆ ڕۆژێکی ڕەشە لەمێژووی ئیسڕائیلدا و هەرگیز لەمە خراپترمان نەدیووە" بێگومان بۆئەوەی نییە ورەی خەڵک و سوپاکەی دابڕووخێنێت یاخود دڵی من و تۆ خۆش بکات، بەڵکو بۆئەوەیەتی لەبەرچاوی میدیاکان و لەبەر گوێی دەنگی نێودەوڵەتیدا خۆی وەکو قوربانی نیشانبدات و هەمیشە پیشەیان بووە ئەگەر 20 کەسیان لێ کوژرابێت بەئەنقەست سفرێکیان بۆ زیادکردووە و کردوویانەتە 200! ئێمەی بێئاگاش ئاهەنگی بۆ دەگێڕین بێخەبەر لەوەی بەم ئاهەنگەی ئێمە دۆسیەیەکی گەورە درووستدەکات و وڵاتانی موسڵمانی پێ چاوشکێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ دەکات و شەریعەتێک دەچنێت تا بتوانێت زۆر دەستکراوانە ستراتیژی داهیا "الضاحية" لەناوچەی ئامانجدار جێبەجێ بکات.

کە لەم ستراتیژەدا هەموو سەرچاوە و ژێرخانە مەدەنییەکان بەبیانووی ئامادەبوونی هێزی دوژمن لەو ناوچانەدا خاپوردەکات، هەم جبەخانە و ئازووقەکانیان لەناودەبات هەمیش سەرچاوە داراییەکەی لاواز دەکات بەشێوەیەک حەماس چەندین ساڵ دەگەڕێنێتەوە دواوە و ماوەیەکی زۆر درێژتری دەوێت تا بگەڕێتەوە دۆخی پێش هێرشەکەی. 

هەروەها ئەم ستراتیژە دیوێکی تری ترسناکی هەیە ئەویش گۆڕانکاری دیمۆگرافییە بەوەی کاتێک سەرچاوە و ژێرخانە مەدەنییەکانی شوێنێک خاپوردەکرێن ئەگەر هەمووش نەبێت بێگومان بەشێکی خەڵکی ناوچەکە ناچاردەبن ئەو ناوچەیە جێبهێڵن و ڕێگا بۆ هێزی داگیرکەر دەکەنەوە گۆڕانکاری دیمۆگرافی ئەنجامبدات. وەک گووتمان لە 2006ەوە ئیسڕائیل لەهەموو دەرفەتێکدا ئەم ستراتیژەی بەکارهێناوە و تێیدا لە هەر شەڕێکی هاوشێوەی ئەمڕۆدا چەندین کیلۆمەتر چۆتە پێشەوە و چەندین ئۆردووگا و گەرەکی نوێی جوولەکەنشینی درووستکردووە. وە ئەم جۆرە شەڕە زیان لە پارێزبەندی دیفاکتۆی کەرتی رۆژئاوا و کەرتی غەزە دەدات و زۆر ئاسایی دەبێت بەم بیانووە هێزی سەربازی زەمینیش بڕژێننەناو هەردووک کەرتەکەوە و داگیرکاری گەورەتر ئەنجامبدەن. 

هاوارکردنەکانی حەماسیش بۆ هاوکاری لە وڵاتانی موسڵمان بێسودە، تازە وڵاتانی عەرەبی بەهانای فەلەستینەوە نایەن. میسڕ کە بەهێزترین وڵاتی عەرەبییە دەستبەرداری غەزە بووە کە پێشتر شارێکی میسڕی بووە و لەخۆی داگیرکراوە جا چ جای قودس و تەواوی فەلەستین! ئەو خەڵکەی ئاهەنگیان بۆ درووستکردنی بایراقدار دەگێڕا و پێیانوابوو بەرەی ئیسلامی بەهێزبووە لەجیهاندا، با ئێستا باش بزانن تورکیا ئامادەیە بۆ شەڕی قەومی و نەتەوەیی خۆی لەدژی ئەرمینیا درۆنی بایراقدار بەخۆرایی ببەخشێتە ئازەربایجان، بەڵام نەک نابێتە ئەو سەڵتەنەتە خەیاڵییە بەناو ئیسلامییەی هەندێک خەونی پێوەدەبینن، بەڵکو هەرگیز نابێتە ئێرانی شیعەی جەعفەریش کە هەزاران رۆکێت و موشەک بە حەماس و بزووتنەوەی جیهادی قودس دەدات، تەنانەت هەرگیزیش بەقەد ئەوەندەی وڵاتی ئوردەنیش ڕۆڵیان لە پاراستنی فەلەستیندا نابێت. 

دوێنێ پۆستێکمان کرد لەسەر هێرشە نوێیەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، ئەگەر سەرنجتان دابێت تورکیا ئێستا دەیەوێت هەمان ستراتیژ لەئیسڕائیل هەڵبگرێتەوە و لەرۆژئاوای کوردستان جێبەجێی بکات و بەبیانووی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی بەمشێوەیە سەرچاوە و ژێرخانە مەدەنییەکانی ناوچە کوردنشینەکانی رۆژئاوا خاپوربکەن، ئاو و سوتەمەنی و کارەبایان لەسەر ببڕن تا خەڵکی کورد ناچار بکەن پەیتا پەیتا لە رۆژئاوای کوردستانەوە کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی وڵات یاخود بۆ ناوچە زۆرینە عەرەبەکان و پەرت ببن بەمشێوەیە هەنگاو بە هەنگاو بەهەمان سیاسەتی ئیسڕائیل دیمۆگرافیای کوردی لە رۆژئاوا لاواز دەکات.

 لەکۆتاییشدا دەڵێم شەرم و شورەیی نییە بەڵکو شێتییە کوردبیت و پشتیوانی ئیسڕائیل بیت، کوردێک خۆی بکوژێت باشترە لەوەی پشتیوانی ئیسڕائیل بکات. چونکە هەر کە ئەوەت کرد لە کوردبوونی خۆت دەردەچیت، چۆن ئەساسی تورک بوون ڕەگەزپەرستییە، ئەساسی کوردبوونیش ئازادیخوازییە و بەرپەرچدانەوەی زوڵم و ستەمە. هەرگیز ناکرێت کوردبیت پشتیوانی دەوڵەتێک و لایەنێکی ستەمکار و داگیرکاربیت. ناتوانیت کوردبیت پشتیوانی دەوڵەتێک بیت کە گەورەترین هاریکاری تەکنۆلۆژیای سەربازی تورکیایە لە جیهاندا. بۆئەوانەشی کە دەڵێن فەلەستین پشتیوانی داگیرکاری تورکی کردووە و پشتیوانی بەعس بووە کە جینۆسایدی کوردی کردووە، داوا دەکەم وێنە یاخود ڤیدیۆیەکی چەکدارانی فەلەستینم بۆ دابنێن کە لەگەڵ جەیشی تورکی و بەعسی بۆ شەڕی دژی کورد هاتبن.....