کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
وتار
حەجی ماڵی خوا
د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
2024-06-08
حەج ئەو بەرزەخە گرنگەی عیبادەتە لە ئیسلامدا کە بە وردی مەودای نێوان شوناسی دینی و حەقیقەتی دینیی تیدا بەرجەستە دەبێت. لە حەجدا هەم عیبادەتی فەردی و عروجە ستونی و ڕۆحانییەکەی، هەمیش عیبادەتی دەستەجەمعی و دیسپلینه چەسپاوە ئاسۆییەکەی بەبێ ئەوەی لێکبدەن تێکەڵ بەیەک دەبن و وەک دوو مراوی عاشقی لێواری دەریایەک لەکاتی زەردەی ئێوارەدا مل لە ملی یەک دەئاڵێنن و لە هاڕمۆنییەکی تەواو نەرمدا پێکەوە سەما دەکەن. بە قەولی غەزالی ئەنەرژی و هیممەتە کەمە فەردییەکان یەکدەگرن و تێکڕا پێکەوە بەبێ ئەوەی لێی کەمبێتەوە بەیەک ئاست هەموان گەرم دەکاتەوە. لە دیدی مندا حەج بێ زیانترین و تەواوترین و کامڵترین بەیەکگەیشتنی شوناس دینی و ئیمانی دیینە.
بە پێچەوانەی دینیە ئیبراهیمییەکانی دیکەوە کە ڕوداوێکی وەک حەجیان تێدا نابینرێت، ئیسلام بە وردی کاری لەسەر ئەم کۆنفرانسە فەردانییە/دەستەجەمعییە پڕ لە ڕموزات و سیمبۆلە کردووە و دواتریش لە فۆڕمی پاکێجێکی وەک بوون بە حاجیدا خەمڵاندوویەتی.
🔹ئیحرام:
لەسەرەتاییترین ڕوکنە فەردی و دەستەجەمعییەکانی حەج دەرچوونە لە ژیانی مەئلوف و باوی دونیا. گەڕانەوە بۆ دۆخێکی هەرە سەرەتایی مرۆڤ و گرنگترین بنەمای پایەی نێو حەجە. بەستنی ئیحرام و دورکەوتنەوە لەوەی لە ژیانی ئاساییدا چۆن ژیاویت لە قوڵترین ماناکانی حەجە. لە ئیحرامدا و لە ڕوانگە تەنک و ئابووری/ کۆمەڵایەتیەکەیەوە هەموومان وەک یەک و یەکسان و چونیەک دەردەکەوین، بەڵام لەمە گرنگتر دیوە قوڵەکەی ئیحرامە. لە مۆراڵدا ئیحرام پۆشین ڕەمزێکە بۆ دەرچوون لە ماددیاتی ژیان، گەر بە شێوەیەکی کاتیش بووبێت تۆ بەم چەند مەتر خامەی لەخۆتت ئاڵاندووە دەڵێیت واز لە هەموو ئەوە دێنم کە دڵم پێوەی نووساوە و لە وڵاتی خۆم وابەستەی بووە. ئیحرام لە قوڵترین مانای خۆیدا ڕووتبوونەوە و دەستهەڵگرتنە لە داوی تەزویر ڕیابازی و زینەتەکانی دونیا و ئەوەی لە ڕابردوودا لەخۆمان ئاڵاندووە و پێوەی نازیومانە.
لە بەستنی ئیحرامەوە بۆ شکاندنی تۆ دەبێت پابەند بیت بەو دیسپلینەوە کە بۆت دادەندرێت. لە خەڵک و خوا گەڕێ، لە کاتی ئیحرامدا تۆ مافی ئەوەت نییە مێرولەیەک، قالۆنچەیەک یان تەنانەت خشۆکێکی ژەهراوی وەک مار و دوپشکیش بکوژیت ئەگەر چی زیانیشی بۆت هەبێت. ئەمە گەورەترین مانا و نیشانەیە بۆ هارمۆنییەتی تۆ لەگەڵ گەردوون و ئەوەی تێیدایە. لە دیوە ستونییەکەیدا تۆ هیچ شتێک لە خۆت بە کەمتر نازانی وەک مەخلوق و هەواو هەوەس و غرورە ئینسانییەکەت یەکسان دەکەیتەوە لەگەڵ هەموو بووندا، لە دیوە ئاسۆییەکەشیدا بانگەوازی دروستکردنی جڤاتێکی پڕ لە سوڵح و ئاشتی دەدەیت بە گوی هەموو بونەواراندا و تەنانەت بەرامبەر ئاژەڵ و بێ زمانەکانیش شەرم و تەقوا دەتگرێت و خۆت دەگریتەوە لەوەی ئازاریان بدەیت.
بەڵام هەر چەند سەعاتێک لە پاش شکاندنی ئیحرام سەربڕینی ئاژەڵ و ڕشتنی خوێن دەبێتە فەریزە. تۆ دوێنێ لە ئیحرامدا بۆت نەبوو مێرولەیەک بکوژیت ئێستا هاتوویت خوێنی بزن و مەڕ و ڕەشەوڵاخ دڕژیت و وەک قوربانی پێشکەشی خودایان دەکەیت! ئەمە لە ڕواڵەتدا وەک دژەوانە و پارادۆکس دەردەکەوێت بەڵام لەقوڵاییدا سکپڕە بە گەورەترین مانای وجودی بەوەی هیچ یەکێک لەئێمە بەبێ ڕێگەپێدانی خودا مافی ڕژاندنی هیچ خوێنێکمان نییە چ خوێنی ئاژەڵ چ خوێنی مرۆڤ. ئەم قوربانییە دەبێت پێمان بڵێت کە گەر سەربڕینی حەیوان مانای سەربڕینی حەیوانییەتی نەدا لە خۆماندا ئەوا ئەو قوربانییە جگە لە خوێنڕێژی شتێکی دیکەی لێ نامێنتەوە.
قوربانی کردن لە سادەترین مانایدا سەربڕینی شتێکە بە فەرمان و ڕێگەپێدانی خاوەن و پەروەرێنەکەی. ئەوەی پاڵ بەتۆوە دەنێت حەز و هەوا و هەوسی خۆت نییە بەڵکو لەژێر فەرمانی کەسێکدا و بە ئیزنی ئەو و بۆ ئەو و بەو یاسایانەی ئەو دایناوە سەردەبڕیت. هیچ کەسێک مافی کوشتتنی هیچ شتێکی دیکەی نییە مەگەر لەژێر ڕێگەپێدانی ئەودا نەبێت. ئەمەیە مانای دەقیق و حەقیقی "ولا تأكلوا مما لم يذكر اسم الله عليه" واتە تۆ نابێت لە گۆشتی شتێک بخۆیت کە بەبێ ڕێگەپێدانی خودا و بۆ هەوا و هەوەس و زیادەڕەوی و حەیوانییەتی مرۆڤ سەربڕدراوە.
🔹تەوافی ماڵی خودا:
تێرمی ماڵی خودا تێرمێکە لەدوای شکاندنی بتەکانی نێو کەعبە لەلایەن پێغەمبەرەوە د.خ هاتە نێو تێرمینۆلۆژی ئاینی ئیسلامەوە. پێش شکاندنی بتەکانی نێوی، کەعبە ماڵی تەزویرچیانی زێڕ و زیو و بتان بوو. پێغەمبەر د.خ بە شکاندن و فڕێدانی بتەکانی نێوی و خاڵیکردنەوەی جارێکی دیکە کەعبەی کردەوە ماڵی خودا، وەک بڵێی لەڕێگەی شکاندن و خاڵیکردنەوەی کەعبە لە بتەکانی بیهەوێت پێمان بڵێت هەر ماڵێک لە بت پاکبوویەوە ئەوا خۆبەخۆ دەبێتە ماڵی خودا، جا ئەو ماڵە ماڵی دڵ بێت یا ماڵێک لە مەککە بێت. خودا ناچێتە ماڵێکەوە و نایکاتە ماڵی خۆی گەر پێشوەخت پڕکرابێ لە بت، دەبێت پێشوەخت ئەو ماڵانە لە بت و خۆشەویستی بۆ بتان دابماڵدرێن ئەوسا دەبنە ماڵی خودا. ماڵی خودا ماڵێکی خاڵییە، ئەو ماڵانەسی پڕن خودا بە شیاویئەوەیان نازانێ بچێتە نێویانەوە و بیانکاتە ماڵی خۆی.
جۆهانس کیپلەر دەیگوت گەر خودا بشێت ماڵێکی هەبێت و لە شوێنێکدا دانیشێت ئەوا خۆر پیرۆزترین و باشترین جێگایە بۆ خودا تا تێیدا نیشتەجێ ببێت. لە تێرمینۆلۆژی دینی، فەلسەفی و زانستی کۆندا خۆر وەک موقەدەس تەماشا دەکرا، بەڵام زانستی نوێ سەلماندی خۆر نەک هەر پیرۆز نییە بەڵکو کارلێک و تەقینەوەی کۆمەڵێک گاز و ماددەی زۆر بەهێز زیاتر نییە و شتێک نییە بەناوی پیرۆزی خۆرەوە.
بە پێچەوانەی ئەوەی ئەهلی حەدیس و سەلەفییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، خودا مونەزەهە لە کات و شوێن، پێویستی بە ماڵێک نییە لە دونیادا هەیبێت، گەر هەرسور بین لەسەر ئەوەی ماڵێکی هەبێت ئەوا ئەو ماڵە کەعبەیەکی پڕ لە بت و ئیسراف و دەرگای ئاڵتوونی پەردە ئاوریشم نییە، بەڵکو دڵێکی خاڵییە کە تەنها و تەنها خۆی تێدابێت.
کەعبە ئەمڕۆ بە ماڵی خودا نەماوە، لەبەر ئەوەی دیسان پڕکراوەتەوە لە بتی گەورە و بچووکی سیاسی دەوڵەمەند و خانەدانی پترۆ بنەماڵە و پترۆ سەلەفی و پترۆ وەهابی.
گەر لێرەشەوە پێشوەخت ماڵی دڵ لە هەژموونی بت و بتکەدە خاڵی نەکرێتەوە، سوڕانەوە بەدەوری ماڵێکدا کە خودا لەم فۆڕمەی ئێستایدا بە ماڵی خۆی نازانێت جگە لە ماندوویەتی ڕێگا هیچی دیکە ناداتە خاوەنەکەی و نایکاتە حاجی. بە شکاندنی بتەکان پێغەمبەر گوتی فۆڕمی تقوسەکان گرنگ نین، ناوەڕۆکەکانیان گرنگن. دەشێت سۆمەرییەک وەک دەستگرتنی ئێمەی موسوڵمان لەنوێژدا دەستی گرتبێت، قورەیشییەک سەفا و مەروای کردبێت، صابیئییەک خوێنی ڕشتبێت و قوربانی کردبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە فۆڕم نییە بەڵکو مانای پشت ئەو سیمبۆلانەیە. قورئان زۆر بەدەقیقی ئەم مانایە بە ئیمان ناو دەبات " إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَالَّذِينَ هَادُوا وَالنَّصَارَىٰ وَالصَّابِئِينَ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَعَمِلَ صَالِحًا فَلَهُمْ أَجْرُهُمْ عِندَ رَبِّهِمْ وَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ"
تەواف هەر هەمان تەوافی جاهیلییە لە فۆڕمدا بەڵام ئەوەی تەوافی موحەمەدی لە تەوافی ئەبوجەهلی جیادەکاتەوە ئەوەیە موحەمەد د.خ چ لە دڵیدا و دواتریش چ لە کەعبەدا بتی نەهێشت، ئەوەی بوجەهل بۆ زێڕ و زۆری بت و بوتکەدەبوو، بەقەولی قورئان ئەو نوێژەی ئەوان ڕووبەڕووی ماڵەکە "کەعبە" دەیکەن جگە لە ورتەورت و فیكە فیک و هەندێ دەست جوڵاندنی وەک چەپڵە لێدان شتێکی زیاتر نییە، واتە بێ مانا و بێ ناوەڕۆکە هەرچەندە ئەوان لە فۆڕمە زاهیرییەکەیدا نوێژیش دەکەن:
"وَمَا كَانَ صَلَاتُهُمْ عِندَ الْبَيْتِ إِلَّا مُكَاءً وَتَصْدِيَةً"
چ کەعبە و چ دڵی زیارەتکارانی کەعبە ئەمڕۆ پڕن لە بتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەتا لەو بتانە خاڵی نەکرێنەوە نابنە ماڵی خودا.
هەرشوێنێ بتی لێنەمێنێ دەبێتە ماڵی خودا، ماڵێک کە خاڵیبوو لە بت ئەوسا دەتوانێت ببێتە ماڵی ئەو، خودا ناچێتە ماڵێک پڕ بێت لە غەیری خۆی. وشەی "لا"ی "لا الە الا اللە" دەقیق بە مانای وێرانکردن و تارو مارکردن و ڕوخاندنی ئەوەی هەیە لە بت و هەستی بتپەرەستی دێت، تا خودا بتوانێت دانیشێت و جێگای خۆی بکاتەوە، خودا بەبێ ئەم وێرانکردنە نایەت:
لەدڵدا خەڵک و خوا بوو فائیدەی چی
کەدەم پڕ بێ لە "ایاک و ایاک"
دیوە ئاسۆیی و شوناسییەکەی تەوافکردن بەدەوری خاڵێکدا گرنگترین خاڵی میحوەرین لە چەسپاندنی جێگیری و حولحولی نەبوونی ژیاری موسوڵماندا. تەوافی بازنەیی بەدەوری خاڵێکی دیاریکراودا سیمبۆلی دیسپلین و ئادابێکی جوڵاوی بنکە چەسپاون. مەولانا ئەم باسە بە پەرگارێک دەچوێنێت بۆ ئەوەی جوڵەیەکی بازنەیی دروست ببێت قاچێکی دەچەقێنێت و بە قاچەکەی دیکەی دەجوڵێت تا کامڵترین وێنەی بازنەیی بکێشێت. پەرگار کە قاچێکی چەسپاو نەبوو هەرگیز وێنەیەکی تەواوی پێناکێشرێت. ئەرستۆ پێی وابوو بازنە کامڵترین ئەندازە و جیۆمێترییەکە کە بشێت ئێمە بیناسین. جوڵەی بازنهیی وەک درێژی و بەرزی و پانی نییە، لەقوڵاییدا مانای ئەوەی هەڵگرتووە کە شوێن ناتوانێت ببێتە هەڵگری حەقیقەتی موتڵەق، دیدێکی پلورالیستیانە بۆ ژیان سەرڕێ دەخات. بازنەیی بونی تەوافیش بە بڕوای من دەبێت هەر ئەمەی لێبخوێندرێتەوە.
ئەمڕۆ موسوڵمانان و جوگرافیاکەیان قوربانی دوو ئافەتی زۆر گەورەن، یان ئەوەیە ناجوڵێن و بڕوایان بە جوڵە نییە، یان بێ پەروایانە و بەبێ چەقاندنی پنتێکی جێگیری وەک پەرگار بێ مەبەستانە و لە گۆترە دەجوڵێن وهەرگیز بازنەیەکیان پێ ناکێشرێت، خاڵ و مەرجەعێکی جێگیریان نییە لەدەوری بگەڕێن . تەوافی دەستەجەمعی و بازنەیی بەدەوری کەعبەدا دەبێت ئەوەی لە ئێمە وەک موسوڵمان گەیاندبێت کە بێ سەنتەر و بێ مەرجەع و بێ پەروا نەجوڵێین، ئەوانەی ئەمڕۆ شتێک دەڵێن وسبە پێچەوانەی ئەوەی ئەمڕۆ گوتویانە هیچ نین جگە لەوەی لەم ڕوکنە گەورەیەی چەقەخاڵ و خاڵی کۆکەرەوە تێنەگەیشتوون.
زیاتر بخوێنەرەوە
د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
ئایا زمانی کوردی پیرۆزە؟
محمد خۆشناو
دووڕوویی شێوازی ژیان و زمانی سەردەم و هونەرە !!
فارس نەورۆڵی
حزب و خۆ بینین لە دوای هەڵبژاردن
عەبدولڕەزاق مەهدی
هەرێمی کوردستان و ژیانکردن لەناو تیۆری جەنگی داڕوخاندنی یوری بێزمینوڤ
محمد خۆشناو
وریای مێشە ئەلکترۆنیەکان بن !!
فارس نەورۆڵی
پەیام لەسەردەمی قەیراندا..!
ڕامان مەجید
کام دزی و کامە حکومەتی هەولێر؟
بەرهەم گوندی
٣١ی ئاب و وانەیەک
بەهمەن جەبار
ناتەبایی لە میتۆدەکانی پەروەردە لە کوردستان: بونیادگەرایی بەرامبەر ڕەفتارگەرایی
محمد خۆشناو
ئەی کوردستان بگەڕێوە بۆمان !!
ئەمانەش ببینە
ئەم گەنجە سرودێک بۆ یادی مەولود دەڵێت
لە بەردەرکی سەرای سلێمانی یادی مەولود دەکرێتەوە
بەبۆنەی یادی مەولودەوە لە مزگەوتی خانەقا خوانێکی زۆر بۆ رێبواران و هاوڵاتیان ئامادەکراوە
یادی مەولود لە سلێمانی بەرێوەدەچێت
هاوڵاتییەک: چەند مافیایەک لە سۆران ٢٢ دەفتەر دۆلاریان لێ سەندووم
شۆفێران نیگەرانن لەو بریارەی کە تەکسی دەبێت بە کیلۆمەتر
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2024 Diplomatic Magazine