شوناسی ئێزدییەکان وەکو کورد ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بوونیەت و مانەوەی کوردەوە هەیە، ئێزیدییەکان کە کوردانی پەیڕەوانی ئاینی ئێزیدین بەشێکی گرنگی پێکهاتەی کۆمەڵگا و نەتەوەیی کوردین، ئەوان یەکەمین ئەلفوبێی کوردیان درووستکرد، یەکەمین ڕۆمانی کوردییان نووسی، یەکەمین ڕادیۆی کوردییان دانا و یەکەمین ئەرشیفی فەرهەنگی مۆسیقا و گۆرانی کەلەپوری کوردییان دامەزراند، یەکەمین فلیمی سینەمایی کوردییان بەرهەمهێنا. هەروەها میرنشینی داسن بەدرێژایی سەدان ساڵ پارێزەری سنوری قەڵەمڕەوی و هەژموونی کەلتوری و سیاسی گەلی کوردبوون لە هەمبەر عەرەبە کۆچەرییەکانی شەمەر و دولەیمی و جبوری، شەپۆلی هەژموونی کەلتوری عەرەبیان بۆ ماوەیەکی زۆر ڕاگرت و پاسەوانی بەئەمەکی سنورێکی هەستیار و گرنگی کوردستان بوون.
ئێزیدییەکان بەشێوەیەک هۆشیاری نەتەوەیی کوردیان هەبوو( هۆشیاری نەتەوەیی قۆناغێکی مێژوویی و گەشەسەندنی پێش ناسیۆنالستی نەتەوەییە) کە بەتەواوی بووبوونە جێگای متمانەی سوڵتانی مەزنی ئەیووبییەکان لەکاتی فراوانخوازییەکانی بۆ خاکی دایک کوردە ئێزیدییەکانی دەکردە سەرداری ناوچە گرنگەکانی کوردستان وەکو عەفرین و ئەعزاز و کلس، هەروەها سوڵتانی مەزن کاتێک هەستی بە لاوازی هەژموونی کوردەکان کرد لە میدیای ئاترۆپاتان(ئازەربایجان) بەهۆی هاتنی جەنگاوەرانی ڕەوادی و هەزبانی و شەدادی و هەکاری بۆ فەتحەکانی لە دژی خاچپەرستان لە کۆچێکی پێچەوانەدا عەشیرەتی گەورەی دونبەلی ئێزیدی بەسەرکردایەتی هێزێکی زۆرەوە ڕەوانەی ئازەربایجان کرد بۆ پاراستنی کوردەکانی ناوچەکە لە هێرشی تورکە ئۆیغوزەکان.
ناوچەکانی دەورووبەری حەلەبیش کە ناوچەیەکی ستراتیژی زۆر گرنگ بوون سوڵتانی مەزنی ئەیوبییەکان لە هەڵمەتێکی سەربازی سەخت و دژواردا کۆنتڕۆڵی کرد و لەدوای ئەمەش شێخ مەندی کوڕی شێخ فەخرەدینی شێخی گەورەی ئێزیدییەکانی کردە سەرداری ناوچەکانی باکوری حەلەب، کە سنورێکی پڕ کێشمەکێش بوو لەنێوان سەڵتەنەتی ئەیووبی و خاچپەرستانی ئەنتیۆک و شانشینی قودس و ڕۆمە سەلجوقییەکانی ئەنادۆڵ و زەنگییەکانی موسڵ. ئەمەش نیشانەی متمانەیەکی بەهێز و توندوتۆڵی سوڵتانی مەزنی ئەیووبییەکان بووە بە کوردانی ئێزیدی کە خاوەنی هۆشیارییەکی بەرزی نەتەوەیی کوردی بوون لەوکاتەدا و بە دڵسۆزییەوە ڕاسپاردەکانی سوڵتانیان جێبەجێکردووە کە دواتر کاریگەری گەورەی بەسەر هەژموونی کەلتوری کوردییەوە هەبوو لەدژی هەژموونی کەلتوری ئۆیغوزی و ئەرمەنی و یۆنانی و فڕانکی لەم سنورە گرنگەی کوردستاندا.
هەروەها ئێزیدییەکان بناغەی میرنشینی بۆتانیان دامەزراندو بنەماڵەی ئازیزانی میری بۆتان لەسەرەتادا ئێزیدی بوون و دواتر ئاینیان گۆڕی بۆ ئیسلام، میرنشینی مەحمودی ئێزیدیش لە ساڵی 1406ەوە بۆ ماوەی نزیکەی 130 ساڵ بەناوی کوردەوە حوکمڕانی وان و سنورەکانی ئەرمینیا و شانشینی جۆرجیایان کردووە و کوردەکانی ناوچەکەیان لە هێرشی دەرەکی پاراستووە.
وەکو لەسەرەتاش باسمانکرد لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیش لەو کاتە ناسک و هەستیارەدا کوردانی پەیڕەوی ئاینی ئێزیدی کاری گرنگیان بۆ پاراستن و دەوڵەمەندترکردنی فەرهەنگ و کەلتوری کوردی کردووە. هەتا ئەم ساتەش هیچ میرێکی ئێزیدخان و هیچ بابە شێخێک کە ڕێبەری سیاسی و ڕۆحی پەیڕەوانی ئێزیدین ئاماژەیان بە ئێزیدییەکان نەکردووە وەکو نەتەوەیەکی جیاواز لە کورد و وەکو باپیرانیان هەمیشە شانازییان بە کوردبوونی خۆیانەوە کردووە. ئەم هەوڵەی ئێستای نایف خەڵەف سەیدۆش لە پەڕلەمانی عێراق بۆ ناساندنی ئێزیدییەکان وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ کە پێشوازییەکی گەورەی لەلایەن ئەندام پەڕلەمانە عەرەبەکانەوە لێکرا هەوڵێکی ڕێکخراوە بۆ تواندنەوەی گەلی کورد هاوشێوەی هەوڵی ڕژێمەکانی پێشوو، هەنگاوێکیشە لەپاڵ هەنگاوەکانی تری تواندنەوەی شەبەک و کاکەیی و فەیلی هاوپێچی لوڕ و یارسانەکانی ڕۆژهەڵات و زازاییەکانی باکوری کوردستان.
ئەم پڕۆژە یاسایەش کە بەستراوەتەوە بە قەرەبووکردنەوەی ماددی لێقەوماوانی بەر شاڵاوە جینۆسایدییەکەی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ هاندانی ئێزیدییەکان بەڕازی بوونیان لەبەرامبەر قازانجی ماددیدا و خستنە مەوقیفی لایەنە کوردییەکان، دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی ڕژێمی پێشووە کە لەبەرامبەر قازانجی ماددی و هەڕەشەی ماڵ و ساماندا کوردانی فەیلیان ناچاردەکرد لە سەرژمێریدا خۆیان بە عەرەب لەقەڵەمبدەن. هەوڵدان بۆ سەرگرتنی ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵێکی گەورەتری هەرێمی بۆ تواندنەوەی سەرجەم پێکهاتە ئاینییەکانی کورد و جیاکردنەوەیان لە کوردی سوننە، پاشان لە قۆناغی دواتردا بەبیانووی جیاوازی دیالێکتی زمانەوە کوردی سوننەش پارچە پارچە دەکەن بۆ پارچەی بچوکتر هەروەک چۆن ئێستا هەوڵی جددی هەیە بۆ کارکردن لەسەر دەروونی هەورامی و کورمانجییەکان و هاندانیان بۆ درووستکردنی شوناسی سەربەخۆی خۆیان و جیاکردنەوەیان لە کوردانی قسەکەری شێوەزاری موکریانی و سۆرانی و ئەردەڵانی!
زۆر گرنگە تێبگەین ئەم مەترسییانە زۆر جددین و ڕاستەقینەن لەچوارچێوەی وشەی ڕیزکراوی وتاردانین بەڵکو دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بودجەیان بۆ تەرخانکردووە و بەهێزی نەرم لەسەر ئاستی کەلتوری و دەروونی و ڕاگەیاندنی نێو کۆمەڵگادا کاری لەسەر دەکەن وەک دەبینین بەرە بەرە قۆناغەکەیان بۆناو سیاسەتیش دەگوازنەوە!
لەئێستادا پڕۆژەکە بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق نێردراوە و زۆر گرنگە لەهەموو ڕووەکانەوە کۆمەڵگا و میدیا و ڕۆشنبیران و نووسەران و چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکەمان گوشار لەسەر لایەنە سیاسییەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراق درووستبکەن، کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەتێپەڕینی ئەم پڕۆژەیاسایە نەدرێت، ئەمە چونکە دەستدرێژی کردنە بۆسەر ماف و شوناسی نەتەوەیەک بۆیە لەڕووی فەلسەفەی سیاسی دیموکراسیشەوە دەنگدانی زۆرینە و کەمینەی پەڕلەمانی نایگرێتەوە. بێگومان لەناو ئێزیدییەکاندا کەسانێک هەن بەداخەوە کەوتوونەتە ئەم هەڵەیەوە بەڵام ئەمانە زۆرینەی پەیڕەوانی ئێزیدی پێکناهێنن، هەروەها هیچ ماددەیەکی دەستوری نییە ئاماژە بەوەبدات بەدەنگی پەرلەمان ناساندن بۆ نەتەوەیەکی نوێ بکرێت و نەتەوەیەکی تر بتوێندرێتەوە! ئەم کارە تەنها بە ریفراندۆم و گشتپرسی ئەنجامدەدرێت.