ئەنجومەنی شارەوانی چییەو بۆچی پێك هاتوەو دەبێ چۆن كار بكات ؟!

ساڵح ژاژڵەیی

2022-07-03


ئەنجومەنی شارەوانی پێك هاتوە لە بەرپرس و نوێنەری چەندین فەرمانگەی هەستیارو خاوەن دەسەڵات و چەندین لایەنی تر . كاری ئەم ئەنجومەنە ئاگاداربون و بەدواداچونی كاروباری دامو دەزگانی حكومەت و ڕێكخستن و بەڕێكردنی كاروباری هاولاتیان و پارێزگاری كردنە لە موڵكو ماڵی گشتی و هاوڵاتیان .بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئێستادا حیزب حكومەتێكی ترە لەناو حكومەتدا و زۆرینەی هەرەزۆری بەرپرسی فرمانگە گرنگ و ئەساسیەكان لە حیزبی دەسەڵالاتدارن ، كاروبارەكان بە شێوەی ئاسایی و یاسایی بەڕێوە نابرێن و بەزۆری بە میزاجی شەخسی و بە فەرمانی بەرپرسە باڵاكانی حیزب بەڕیوەدەچن ، بۆیە هەموو شتێك لە گرێژەنە چوەو لە سەرسكەی خۆی نەماوە .


پرسیار : ئەگەر بەرپرسی ئەم فەرمانگانە خۆیان كاری نایاسایی و سەرپێچیان كرد كێ لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكات ؟. لە كاتێكدا بە پێی یاسا هەموو كەس دەبێ لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت لە كاتی ئەنجامدانی كارێكی نایاسایی و ڕێگا پێنەدراو . ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی هەمویان بەرپرسیارن لە بەرامبەر ئەو سەرپێچیانەی لە شارەكەدا دەكرێن .

،،

ئەگەر ئەندامێكی ئەنجومەن خۆشی سەرپیچی نەكردبێت ، نابێ بێدەنگ بێت لە بەرامبەر ئەوەی ئەندامێكی تری ئەنجومەنەكە كاری نایاسایی كردوە .


ئەو سەرپیچیانەی ئێستا لەناو شاری سلێمانیدا دەكرێن دوو جۆرن : هەندی سەر پێچی دەكرێت لە دەرەوەو سەروی دەسەڵاتی ئەنجومەنی شارەوانییە . واتە لە لایەن بەرپرسانی باڵای حیزبەوە ئەنجام دەدرێن . بەڵام لەم حاڵەتەشدا نابێ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بێدەنگبن. بۆ نمونە : ماوەی ساڵێك لەمەوبەر بەناوی دژە تیرۆرەوە بە هەزاران پارچە زەوی بەبێ ڕەەزامەندی و ئاگاداری شارەوانی هەر بە هەوایی ئیفڕاز كران و دابەشكران . لەلایەن فرماندەكانی هێزەكانی 70 و بەناوی كەس و كاری شەهیدانەوە بە هەزاران پارچە زەوی بە هەمان شێوەی دژە تیرۆر دابەشكران و تەخشان و پەخشان كران . لە ماوەی چەند ڕۆژی پێشوشدا لە لایەن بەرپرسێكی دژە تیرۆرەوە لە دۆڵە ڕوت دەست گیراوە بەسەر 14 دۆنم زەویداو بەش بەش كراوە .


لەم حاڵەتانەدا دەبێ ئەنجومەنی شارەوانی بێنە سەرخەت و كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدەن و ڕای گشتی لێ ئاگادار بكەنەوەو ناڕەزایی دەربِرن ئەگەر بە قسەیان نەكرا ، دەبێ هەڕەشەی دەست لەكار كێشانەوە بكەن . ئەگەر وانەكەن شار بەرەو وێران بون و داگیركاری دەڕوات خۆشیان بێ بایەخ دەبن .


بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی و كارەساتی گەورەیە بایی ملیۆنان دۆلار موڵكی گشتی لە لایەن شارەوانی و فەرمانگەی وەبەرهێنانی سلێمانیەوە بە خۆڕایی و لە بەرامبەر هیچدا بەمیزاجی خۆیان یان بە فەرمانی بەرپرسانی حیزبی باڵا تەخشان و پەخشانكراوە ، لە كاتێكدا ئەمانە خۆیان بەرپرسیارن ودەبێ خۆیان ڕێگربن لەبەرامبەر بەهەدەردانی موڵكو ماڵی گشتیدا .


ئەی دەبێ كێ لێپرسینەوە لەمانە بكات و بیانداتە دادگا . دەست درێژیەكان ئەوەندە زرن لەسەر موڵكو ماڵی گشتی ، میدیاكان بە زەحمەت فریای بڵاوكردنەوەو بەدواداچۆن دەكەون . لە ئێستادا شاری سلێمانی لەبەردەم مەترسی داگیركارییەكی زۆر گەورەدایەو ئەگەر كار هەر ئاوا بڕوات ، هیچ ئەرزێكی بەتاڵ لەناو شاردا نامێنێت .


سەرنج بدەن : شوێنی مەسڵەحەی كۆن كە بڕیار وابوە بكرێتە باخچە ، ئێستا دەكرێتە باڵەخانەی نیشتەجێبون كە دەكەوێتە ناوەڕاستی گەڕەكی نیشتە جێبونەوە ، لە كاتێكدا ئەمە بە پێی یاسا قەدەغەیەو نابێت . لەوەش سەیرتر ئەوەیە بۆ ئەمەیان ڕێگا پیدراوە تا باڵ‌خانەی 35 نهومی دروست بكرێت ، بەڵام ڕێگا نادەن بەشی پشتەوەی شەقامی ساڵم ، واتە شوێنی خانوەكەی حەمەی فەرەجی ڕەحمەتی بكرێتە باڵەخانەی نیشتەجێبون چونكە بەرزتر دەبن لە بینای مەڵبەند. ئەمەیە بانێكەو دوو هەوا . دیارە باڵەخانەكانی شوێنی مەسڵەحەی كۆن حیزب تێیدا شەریكەو ئەوە هی خۆیانە .


بەنزینخانەی چاڵەكەی دووڕیانی سەرچنار كە بڕیار وابوە بكرێتە باخچە ئێستا دەكرێتە تاوەری نیشتەجێبون و كاری تێدا دەكرێت . ساڵی 2009 لەسەر داوای پارێزگای سلێمانی فەرمانگەی كشتوكاڵ 140 دۆنم زەوی پێ داون بۆ ئەوەی بیكەن بە یاریگای تۆپی پێی نێو دەوڵەتی . بەڵام بە بڕیاری توانا كەمال سەرۆكی پیشوی شارەوانی سلێمانی ئەرزەكە كرا بە شوێنی نیشتە جێبون و پارچە پارچە كرا .


لە هەمووی سەیرتر ئەوەبو زۆر خەڵك و لایەن لەسەر ئەوە هاتنە دەنگ ، بەڵام ئەوەی دەنگی لێوە نەهات پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوون . لە پردی كۆبانی بەرەو هەواری شار ئەمبەرو ئەوبەری شەقامەكە هەمووی لە لایەن بنەماڵەی حوكمڕانەوە داگیر كراوە كە بایی دەیان ملیۆن دۆلارە . پشتی كۆلیجی سەلاحەدینی ئەیوبی و پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی كە دەكەوێتە نێوان خەستەخانەی ئەنوەر شێخە لە خوارەوەو مەكتەبەكانی یەكێتی لای سەرەوە ، ئێستا بەناوی وەبەر هێنانەوە دەكرێتە خەستەخانەی ئەهلی باشوور .


ئاخر خەستەخانەی ئەهلی چ پەیوەندی بە وەبەرهێنانەوە هەیە بایی 12 ملیۆن دۆلار زەوی پی َبدەی ؟. لە نێوان شوقەكانی گاردن ستی و بەنزینخانەی هەڵگورد لەسەر شەقامی 60 مەتری زەوییەكی بەتاڵ هەبوو ئێستا پێشی بەلەوح گیراوەو ئەوەش بەتاڵان دراوە . لە نێوان هۆتێل تایتانێك و خەستەخانەی هەرێمدا لەسەر شەقامی 60 مەتری بایی چەندین ملیۆن دۆلار زەوی براوەو بەنزینخانەو پیشانگای ئوتومبیل و دوكانی فەڕش فرۆشتنی لێ دروست كراوە . لە هەفتەی داهاتوشدا لە بناری گۆیژە دەستكرا بە دەرهێنان و لەناو بردنی سەدان درەخت بۆ ئەوەی شوقەی نیشتەجێبون لە شوێنی درەختەكان دروست بكرێت كە بایی چەندین ملیۆن دۆلارە . تازەترین تاڵانی پێدانی نزیكەی دوو دۆنم زەوی لەسەر شەقامی 60 مەتری نزیك هۆتێل تایەتانێك بەناوی وەبەر هێنانەوە كە بای 14 ملیۆن دۆلارە دراوە بە كوڕی وەزیری پێشمەرگە بۆ دروستكردنی ریِستۆرانت و كافی َ .


ئاخر پێدانی بای 14 ملیۆن دۆلار زەوی بۆدروست كرۆدنی ڕیستۆرانت بۆ فرۆشتنی شلەو برنج ز قاوە ، چ جۆرێكە لە وەبەرهێنان ؟. یان ئەمە ڕێگایەكە بۆ دەوڵەمەندكردنی خەڵكە لەسەر موڵكی گشتی ؟.هەر شوێنی هۆتێل تایتانیك خۆشی كە بایی چەندین ملیۆن دۆلارە هەر ئاوا بە تاڵان دراوە .
خاوەن پرۆژە پاچی لە ئەرز نەداوە بوە بە خاوەنی 14 ملیۆن دۆلار . ئەمانە پرۆِژەی وەبەرهێنان نین و لە بنەڕەتدا پرۆژەن بۆ دزینی موڵكی گشتی . پار ساڵیش كۆمەڵێك دزوو جەردە سنەوبەرەكانی سەر شەقامی ڕاپەڕێن تاسڵوجەیان سوتاند بۆ ئەوەی شوینەكان بۆ مەبەستی بازرگانی بەكار بهێنن. لەگەڵ ئەوەی ئەوانە ناسراویش بون ، بەڵام چونكە لە دەسەڵاتەوە نزیك بون ، كەسیان نەگرت . بە هەمان شێوەش پار ساڵ ئاگرلە بناری گۆیژە كەوتەوە ئێستا ئەوەش هەر گومانی لەسەرە .


هەموو ئەو زیادە ڕەویانە بۆسەر موڵكی گشتی و بەتاڵان بردنیان لە ڕێگای شارەوانی سلێمانی و فەرمانگەی بەناو وەبەرهێنانەوە ڕێگایان پێدراوەو بە ئێمزاو ڕەزامەندی ئەوان ئەنجامدراون . كاتێك خەبەری پێدانی نزیكەی 2 دۆنم زەوی بەكوڕی وەزیری پێشمەرگە بڵاو بۆوە ، بەرپرسی فەرمانگەی بەناو وەبەر هێنان عەزیز سەعید لە كۆنگرەیەكی رۆِژنامەوانیدا دەڵێت :
هەممو كەسێك مافی خۆیەتی ئەگەر پارەی هەبوو داوای زەوی بكات بۆ مەبەستی وەرهێنان ئەگەر بەرپرس بێت یان كەسی ئاسایی . باشە كوڕی وەزیر پارەی بۆ چییە بۆ وەبەر هێنان ، ئەوە نییە تۆخۆت بایی 14 ملیۆن دۆلار زەویت بە خۆڕایی پیداوە ؟. سەیری ئەم پاساوە بێ ماناو گاڵتەجاریەی ئەم ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیە بكەن و بیری لێ بكەنەوە . باشە منیش پارەم هەیەو بەیانی دیم داوای یەك دۆنم زەوی لەو شوێنە دەكەم ئامادەیە پێم بدات ؟. ئاخر هەمو ئەو زەویانەی باسمكردن لە سەرەوە كە بەتاڵان دراون ، فەرمون وەرن پێم بڵێن لە كەسانی حیزبی و نزیكەكانی خۆیان بەولاوە ، كەسێكی ئاسایی بێ لایەنی تێدایە ؟.

،،

لە كاتێكدا كەسێك خۆی موڵك و ماڵی گشتی بەتاڵان بدات ، چۆن دەكرێت ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بێت كە دەبێ بەرگری لە موڵك و ماڵی گشتی بكات .

وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان تاكە ڕێگایە بۆ دەوڵەمەندبون لە سەرحسابی گشتی . وەبەرهێنان بە مانای دروستكردنی پڕۆژەیەك بۆ بەرهەمهێنانی مریشك و هێلكەو خەیارو تەماتەو دروستكردنی كارگەیەكی شەربەت یان بلۆك یان كەرەستەی تری خانوو یان كاڵایەكی تر كە هەم بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بكات و خەڵكیش كار لەو پڕژانەدا بكات .


نەك بایی ملیۆنان دۆلار زەوی بدەیتە كەسێك خەستەخانەی ئەهلی لەسەر دروست بكات و گیرفانی خەڵك بەتاڵ بكەنەوە . یان ڕیستۆرانت دروست بكات و برنج و شلەی تێدا بفرۆشن . با ئەوەی ڕیستۆرانت دەكاتەوە خۆی بچێت شوێن بۆخۆی پەیدا بكات . ئەوەی خەستەخانەی ئەهلی دەكاتەوە خۆی بچێت زەوی بكڕێت ، نەك لەسەر حسابی موڵكی گشتی بكرێنە ملیۆنێرو دوایی پۆز بەسەر خەڵكدا لێدەن .


بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییە بەڵام خۆی سەرپێچی كردوەو حەقی ئەوەیە پرسینەوەی لەگەڵ بكرێت . لە كاتێكدا خەستەخانەی شار لە شوێنێكی زۆر خراپ دروست كراوە ، ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان بیر لە فراوانبونی بكرێتەوە زەوی بەتاڵی زۆر كەم هەیە . بەڵام تەنها هەندێك زەوی بەتاَڵا لەناو دڵی خەستەخانەكەدا هەبوو ڕێگای داوە بكرێتە گەراجی سەیارە . ڕاوەستانی سەیارە بۆ 10 دەقیقەش بێت 1500 دینارە . بەشی پێشەوەشی كراوە بەدوكان بۆ چایخانەو شوێنی فرۆشتنی خواردن . ئەگەر ئەمەی كردویەتی بۆ بەدەستهێنانی داهاتە بۆ خەستەخانەو چارەسەری كێشەی ڕاوەستانی سەیارەیە ، ئەمانە ئیشی ئەو نین و هیچ گومانم نییە ئەمە بۆكەسێكی بەرپرسی گەورە كراوەو ئەمیش ئاانكاری بۆ كردوە .


ئەوەتا فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەڕلەمانی عێراق دەڵێن : ئێمە دەرمانمان بۆسلێمانی پەیدا كردوە بەڵام بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی نایەت وەری بگرێت بۆ ئەوەی دەرمانی كۆمپانیاكانی حیزب بفرۆشرێن . لە لایەكی تریشەوە دەڵێن : دەرمانی كوالیتی خراپ بە نرخی هەرزان بۆ خەستەخانەی هیوای كڕاوە . تا ئێستا بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وەڵامێكی وای نەبوە كە خەڵك بڕوای پێ بكات . كەواتە چۆن دەبێت كەسێكی ئاوا ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بێت ؟.


ئەوەی نەت بیستوەو نەت دیوە لەم شارەی ئێمەدا دەیبینی . فەرمانگەی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی زەوییەكی بەتاڵی هەبوە لەسەر شەقامە گشتییەكە . لە بری ئەوەی بیر بكەنەوە لە دوا ڕۆژدا بیكەنە هۆڵی سینەماو شوینی ئەنجامدانی چالاكی ڕۆشنبیری ، داویانە بە موساتەحە بە سەرمایەدارێك . ئەی نابێت لایەنێك هەبێت لێی بپرسێتەوە بۆچی و بەچ حەقێك ئەمەتان كرد ؟. ساحەیەكی تۆپی پێ هەیە لە نێوان بەنزینخانەی ئاشتی لە دووڕیانی سەرچنار لە نێوان بەنزینخانەی ئاشتی و مزگەوتی حاجی ئەحمەد ئەو ساحەیەی پرسەی خوالێخۆشبوو مامجەلالی تێدابو ، بەشی لای سەرەوەی ساحەكە بەلەوح جیاكراوەتەوە بۆ ئەوەی بیكەنە بەنزینخانەو دوكان . ئاخر كە تۆ ساحەی یاریكردنت نەما ، یانەی وەرزشیەكەت چ مانایەكی دەمێنێت . ئێستا هەرچی هەیە ڕوی كردۆتە داگیر كردنی زەوی بەناوی وەبەر هێنانەوە چونكە ئەمڕۆ نان لە زەویدایە . كۆتا سەرنجم :


1-لە كاتێكدا ئەم هەموو داگیركاریەی سەرموڵكو ماڵی گشتی هەیە و ئەو هەموو كارە نایاساییانە ئەنجامدەدرێت نە پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگا هیچ ڕۆڵێكیان نیەو وەكو ئەوە وایە هەر نەبن . هەر دەڵێی ئەوەی لەم شارە ڕودەدات كەم تا زۆر پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە . لە كاتێكدا لە هەمو پارێزگاكانی تری عێراق و هەرێمی كوردستانیش پارێزگار ڕۆڵی بەرچاوی هەیە .


دیارە هەمومان دەزانین پارێزگار لە حیزبی قائید نییەو لە دایكە زڕەكەیەو ناتوانێت ڕۆڵی خۆی وەكو پارێزگار ببێنێت چونكە ڕێگای پێنادەن . بەڵام ئەگەر من لە جێگای ئەوبم ، یەكسەر دەست لەكار دەكێشمەوە . ئەوەتا هەموو موڵكی گشتی داگیركراو دنیا هاتە دەنگ ، چۆن دەبێ پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگا ئاوا بیدەنگ بن . چۆن دەبێ ڕێگا بدەن ئەو زەویەی خۆیان داویان كردوە بۆ یاریگا ، داگیری بكەن . كەواتە با لێم عاجز نەبن و قسەكە هی خۆمان بێت و لە بەینمان دەرنەچێت ، ئەوانیش وەكو موچەخۆری بندیوار وان .


2-ئەو ئەنجومەنی شارەوانیەی ئێستا هەیە ئەوەندەی خۆیان سەرچاوەی كێشەن و ئەوەندەی ئەوان كاری نایاسایی و سەرپێچی و زیادە ڕەوی و موڵك و ماڵی گشتی بەهەدەر دەدەن ، ئەوەندە سەرچاوەی چارەسەركردنی كێشەكان نین . كێشەكان زیاتر پەیوەندییان بە زەوی زارەوە هەیە . زەوی زاریش لە ڕێگای شارەوانی و وەبەرهێناوە ئیدارە دەدرێت . ئەو دوو لایەنەش زیاتر پابەندن بە حیزبەوەو فەرمانی ئەوان جێ‌ بەجێ‌ دەكەن . باشە كێ‌ بەرپرسیارە لە چاككردنی ڕێگاوبانی ناو گەڕەكەكانی سلێمانی ، ناوجەرگەی شار ، شەقامی یەختیاری كە بە جادەی پۆزەكە بەناوبانگە ، مرۆڤ شەرم دەكات كە بەو شەقامانەدا گوزەر دەكات . هەموی بۆتە چاڵ و چۆَڵا و شۆستەكان هەموو بونە قاڵدرمەو بەردەمی هەر دوكانێك بە جۆرێك كاشی كراوە . نێوان كارێزە وشك و پاركی ئازادی كیلۆمەترێك كەمترە . لەزەمانی بەعسدا بڕیار وابوە بكرێتە دوو ساید . قەرەبوی هەموو ئەو ماڵ و دوكانانە كراونەوە كەبەر شەقامەكە دەكەون بەڵام بەداخەوە فریانەكەوتن بۆمان بكەن .


خۆ ئەگەر ئەوان نەبونایە شەقامی 60 مەتریشمان نەدەبوو . ئەوە ماوەی 31 ساڵی حوكمڕانی یەكێتییە لەم شارەدا تا ئێستا نەتونراوە ئەو كیلۆمەترە بكرێتە دوو ساید . بەڵام هەر دوێنی شارەوانی و وەبەر هێنان بایی 14 ملیۆن دۆلار زەوی دەدەن بە كوڕی وەزیری پێشمەرگە كە بیكاتە چێشتخانە برنج و شلەی تێدا لێ بنین و ئەمە ناو بنێن وەبەرهێنان . لە بەری ئەوەی بایی سەدان ملیۆن دۆلار زەوی بە خۆڕایی ببەخشن بەناوی وەبەرهێناوە ، بۆچی لانی كەم نێوەی ئەو زەویانە بە پارە نافرۆشن و ڕێگاو بانەكانی پێ چاك ناكەن و ناو شاری پێ‌ جوان ناكەن ، باشە كێ‌ ڕێگای لێگرتون و بۆچی ئەوە ناكەن ؟.


بایی 100 ملیۆن دۆلار هەر لە نزیكی كارێزە وشك زەوی بەتاڵان دراوەو ئەوەش حاڵی ڕێگاو بانەكانی شارمانە . كەواتە ئەم ئەنجومەنە بون و نەبونی لە چیدایەو بۆچی ببێت؟. ئەم ئەنجومەنە ژمارەیان زۆرە نزیكەی 13 كەسن . هەفتەی جارێك كۆ دەبنەوە . كەم جار هەیە هەمویان ئامادەبن و هەندێكیان هەر پەیوەندیان بە هیچەوە نییە.لە لایەكی تریشەوە لەبەر زۆری ژمارەیان كاریان لەبەر ناڕوات و هەر یەكەی دوو قسە بكات سەعاتێكی دەوێت . بۆیە من پێشنیار دەكەم :
لە بری ئەنجومەنی شارەوانی ئەنجومەنێكی تر هەبێت كە لە 5 كەس پێك بێـت كە یەكێكیان نوێنەری داواكاری شگشتی بێت . ئەمانە هیچ كارێكی تریان نەبێت و تایبەت بن بەم لیژنەیە . واتە بەرپرسی هیچ فەرمانگەیەك نەبن . كاری ئەمانە بەدواداچون لێپرسینەوە بێت لە سەرپیچیەكان و زیادە ڕەویەكان و ئاگاداركردنەوەی سەرپێچی كەران كەسیش بۆی نەبێت دەست بهێنێتە ڕێگایان . واتە خاوەن دەسەڵات و خاوەن برشیاریش بن . دەبێ ئەم ئەنجومەنە خاوەن دەسەڵاتێكی وابێت كە پرسینەوە لە سەرۆكی شارەوانی و وەبەرهێنان و بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵ و گشت سەرۆكی فەرمانگەكانی تربكات . ئاخر چۆن دەبێت و دەگونجێت زۆرترین سەرپێچی و زیادەڕەوی لە لایەن شارەوانی و وەبەرهێنانەوە بكرێت و خۆشیان ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بن وخاوەن بڕیاریش بن ؟.