حزبوڵا، ماڵی سپی لە ڕۆژی ڕەشدا لەدەستدا! گورزێکی گەورەتر لە کوژرانی حەسەن نەسڕوڵا بەر حزبوڵا کەوت!

ڕەوا موسا

2024-10-05

 دوودڵی و قەلەقی حزبوڵای تووشی هەمان سیناریۆ و هەڵەی ستراتیژی ساڵی 1967ی میسڕ کرد! 

 ئیسڕائیل کۆتایی بە گەورەترین کابوس و دێوەزمەی خۆی لەدوای "جەنگی شەش ڕۆژە"ی 1967ەوە هێنا و کەمەرشکێنی کرد!

 لاوازی لە بڕیارداندا هەمیشە دەرفەتی زێڕینی دەستپێشخەری داوەتە ئیسڕائیل! 

 
حزبوڵا لەدوای جەنگەکەیان لەدژی ئیسڕائیل لەساڵی  2006ەوە خەریکی کۆکردنەوە و بەهێزکردنی ژێرخان و سەرچاوە سەربازییەکانی خۆیەتی. لەوکاتەوە تا ئێستا بەپێی سەرچاوەی ئاژانسە جیاوازەکان حزبوڵا لە سەرەتای ساڵی 2023 بووبوونە خاوەنی زیاتر لە 100 هەزار موشەکی مەودا کورت و مامناوەند و درێژ، ئەمەش ژمارەیەکی زەبەلاح و خەیاڵی بوو بۆ گرووپێکی چەکداری. لەسەرەتای جەنگی غەزەوە گەورەترین ترسی ئیسڕائیل لە حزبوڵا موشەکەکانی بوو بەشێوەیەک ئەگەر حزبوڵا خەزائینەکانی جەنگی بەتاڵبکردبایەتەوە ئەوا هەر 100 مەتر دووجایەکی خاکی ئیسڕائیل موشەکێکی بەردەکەوت! ژمارەی زۆری موشەکەکانیش بەئاسانی دەیتوانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسڕائیل تەشویش بکات و توانای بەرپەچدانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی موشەکی نەبوو. بەڵام حزبوڵا بە ئەمری ئەوەی پێیان وایە "خەلیفەی فاتمی"یە ئەم هێرشە موشەکییە فراوانەیان هەرگیز ئەنجامنەدا! 

بەردەوام دەگووترا ئەم ماڵە سپیەی حزبوڵا لەکاتی تەنگانەدا چارەنووسی ئیسڕائیل ڕەش دەکات، بەهۆی موشەکە جۆربەجۆر و مەودا جیاوازەکانی توانای ئەوەی هەیە هەر خاڵێک بپێکێت بەبێ ڕەچاوکردنی دوورییەکەی لە سنوری باشوری لوبنانەوە. ئەگەرچی حزبوڵا بەردەوام خۆی لە جەنگی غەزەوە دەگلاند، بەڵام هەرگیز ئامادەنەبوو خۆی بخاتە جەنگێکی بەرەییەوە لەگەڵ ئیسڕائیل. لەبەرئەوەشی بۆ جەنگی بەرەیی چاویان لە وڵاتێکی وەکو ئێران بوو کە لەسەرەتای کابینەی پزیشکیانەوە مەیلی دانووستانیان هەیە نەک جەنگ، ئیدی لاوازی لە بڕیاردانی سەربەخۆ ئەم کۆگا زەبەلاحە پڕ شانازییەی حزبوڵای هەرگیز نەخستە گۆڕەپانی شەڕەوە! ئەمەش هەمان هەڵەی ستراتیژی میسڕمان بیردەخاتەوە لە جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی 1967 کە چۆن لاوازی بڕیاردان و دواکەوتنی بڕیاری درووست لە کاتی درووستدا کارەساتێکی گەورەی بەسەر سوپای وڵاتانی عەرەبیدا هێنا!

لەساڵی 1967 وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبی دژی ئیسڕائیل هاوشێوەی ئێستای گرووپە هاوپەیمانەکانی بەرەی مقاوەمە بەتایبەتی حزبوڵا، بەردەوام ئیستیفزازی ئیسڕائیلیان دەکرد و گرژییەکانی ناوچەکەیان زیاتر دەکرد. وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبی بەتایبەتی میسڕ و سوریا لەشکرێکی گەورەی ئاسمانیان کۆکردبۆوە کە پێکهاتبوو لە نزیکەی 850 فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو! بەردەوام میسڕ شانازی بە لەشکەرە ئاسمانییەکەیەوە دەکرد و هاوشێوەی کۆگا موشەکییەکانی حزبوڵا بووبوونە جێی باسوخواسە گەرمەکانی رۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و ئیزاعەکانی ئەوکات، لەوکاتەدا ئیسڕائیل نزیکەی 350 فڕۆکەی سەربازی هەبوو کە 200 دانەیان جێتی شەڕکەربوو. ئیسڕائیل هەرگیز نەیدەتوانی بەم ژمارەیەوە شەڕی ئاسمانی میسڕییەکان بکات، لەسەر وشکانیش ژمارەی سەربازانی وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبی دووئەوەندە و ژمارەی تانکەکانیشیان سێ ئەوەندەی ژمارەکانی ئیسڕائیل بوو! ئەم جەنگەی کە دەبوو ڕووبدا هەمووان چاوەڕێی شکستێکی گەورەبوون بۆ سوپای ئیسڕائیل. بەڵام سوپای میسڕ جگە لە پیشاندانی هێز و مانۆڕ و هەڕەشە هیچی تری ئەنجامنەدا، ئەمەش چونکە چاوەڕێی گەیشتنی بڕیارێکی هاوبەش بوون لەنێوان میسڕ و سوریا و ئوردەن لەسەر جەنگە چاوەڕوانکراوەکە، وە سەرانی میسڕ چاوەڕێی ئەوەبوون یەکەمجار ئیسڕائیل هێرش بکاتە سەر سوریا دوای ئەم هێرشە ئینجا فەرمانی جوڵە و هێرش بە لەشکری ئاسمانی میسڕ بکەن بۆ تەفروتوناکردنی سوپای ئیسڕائیل! ئەمەش دەرفەتی دا بە ئیسڕائیل دەستپێشخەری ئەنجامبدات، لە بەرەبەیانی زووی ڕۆژی 5ی حوزەیرانی 1967 فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل دەستیان بەفڕین کرد و لەماوەی تەنها 3 کاتژمێردا هەژدە فڕۆکەخانەی میسڕیان بەچڕی بۆردوومانکرد و سەرجەم فڕۆکەکانی میسڕیان لەسەر زەوی سوتاند پێش ئەوەی یەک مەتر لە زەوی بەرزببنەوە بۆ ئاسمان! ئەو لەشکرە ئاسمانییەی چەند ساڵێک بوو میسڕ شانازی پێوەدەکرد کە ئیسڕائیلی پێ لەناودەبات تەنها لەماوەی سێ کاتژمێردا بوونە تۆز و با! سوپای عەرەبی بێ پەڕ و باڵ کەوتە بەردەستی هێزی ئاسمانی ئیسڕائیل و سەدان تانکیان لێ سوتێندرا و هەزاران سەربازیان کوژرا لەماوەی تەنها پێنج ڕۆژدا تەواوی قودس و کەرتی غەزە و بەرزاییەکانی جۆلان و نیمچە دوورگەی سینا داگیرکران!

حزبوڵای لوبنانیش لە بڕیارداندا سەربەخۆیی خۆیان نەپاراست، کەوتبوونە ژێرباری وڵاتێکی وەکو ئێرانەوە کە تیمێکی ریفۆرمخوازی نوێی هەیە و هەموو شتێک دەکەن لەپێناوی بەدەستهێنانی رێککەوتننامەی ئەتۆمی.

 نەیاندەتوانی جیاوازی ببینن لەنێوان دۆخی خۆیان و دۆخی ئێران، تەنانەت بۆ بچوکترین بڕیارەکانیش دەگەڕانەوە لای نوێنەرەکانی ئێران لە لوبنان! حزبوڵا کە ئاشتی دەویست وەکو ئێران دەبوو دەستیان لە ئیستیفزاز کردنی ئیسڕائیل هەڵبگرتبا هاوشێوەی ئێران کە چۆن بێدەنگی هەڵبژارد لەبەرامبەر تیرۆرکردنی هەنیەدا، کە جەنگیشیان دەویست وەکو حەماس دەبوو هەر بەڕاستی خۆیان هەڵدابایەتە ناو گۆڕەپانی شەڕەوە هاوشێوەی حەماس کە چۆن بە ئۆتۆمۆبیل و ماتۆڕ و پاسکیل، هەرچییەک لەسەر تایە برۆیشتبایە سواری بوون و پێی چوونە ناو جەرگەی شەڕەوە و هێرشیان پێکردە سەر خاکی ژێردەستی ئیسڕائیل! هیچ بژاردەیەکی نێوەندگیر بوونی نەبوو و نییە لەنێوان ئەو دوو بژاردەیەدا کە حزبوڵا بەدوایدا دەگەڕا!

ئەم یارییکردنەی حزبوڵا لەسەر پەتەکان ئەنجامەکەی بەوە گەیشت کە لەچەند هێرشێکی یەک لەدوای یەکی ئیسڕائیلدا لەماوەی تەنها چەند شەوێکدا زۆرینەی سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی حزبوڵا لەناوبچن و تێکبشکێن! ئەو کۆگا زەبەلاحە موشەکییەی لە ماوەی شانزە ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژانی سپیدا کۆی دەکردەوە لە چاوەڕوانی ڕۆژانی ڕەشدا ڕزان و لەناوچوون، ئەو موشەکە بالیستی و بێشومارانەی کە بەڵێندرابوو لەڕۆژی ڕەشدا بەری خۆری ئاسمانی ئیسڕائیل بگرێت و وەکو باران بە لێزمە بەسەر سەربازگە و کوڕە ئەتۆمییەکان و فڕۆکەخانە و ناوچە فەرماندەییەکانی ئیسڕائیلدا ببارێندرێن، ئێستا بێ سەکۆ ماونەتەوە. هەندێک جۆری موشەکیش کە هەرگیز بەکارنەهاتبوون و لە شەڕدا تاقی نەکرابوونەوە لەناوچوون. ئێستاش لەدوای نەمانی زۆربەی فەرماندە لێهاتوو و بلیمەت و سەکۆ موشەکییەکانیان، حزبوڵا تازە بە چەند سەکۆیەکی کەم کە بۆیان ماوەتەوە و ئەوانیش لەڕۆژانی داهاتوودا رەنگە لەناوبچن، دەستیکردووە بە هاویشتنی تاک تاکەی موشەکی بالیستی "نور" و "قادر یەک" کە ئەمانەش بۆ یەکەمینجارە حزبوڵا بۆ ئاسمانی ئیسڕائیلیان هەڵبدا! ئەوەی پێشتر بە دەرزەن سەد سەد دەیتوانی لەشوێنی گونجاوەوە بیهاوێژێت ئێستا تاک تاکە لە کون و کەلەبەرانەوە خەریکی هاویشتنیانە، وەک کورد دەڵێت "دوای باران، کەوای لەبەرکرد!" 

لەئێستاشدا گرووپەکانی عێراقیش لەژێر هەمان مەترسی حزبوڵادان، ئەگەر خۆیان لە یارییەکەی ئێران نەهێننە دەرەوە. ئەگەر جەنگیان دەوێت ئەوا ئیسڕائیل ئامادەیە و شەڕ دەکڕێت، ئەگەریش ئاشتیان دەوێت دەبێت دەست لە غەزە هەڵبگرن و خۆیانی لێ بێدەنگ بکەن هەروەک چۆن وڵاتانی عەرەبی وازیان لەو قەزیەیە هێنا و خۆیان لێ بێدەنگ کرد. جا وەک دەزانین گرووپەکانی عێراق هاوشێوەی حزبوڵا خاوەن کۆگای زەبەلاحی موشەکی و تەنانەت هیچ مواسەفاتێکی ترنین تا ئەسڵەن بیر لەو دەستپێشخەرییە بکەنەوە کە حزبوڵا و میسڕی جاران نەیانکرد! 

بۆئەوەی بەهەڵە تێنەگەن وەکو شەخسی خۆم هەرگیز جەنگی دژی ئیسڕائیلم پێ درووست نەبووە لەم کاتەدا، بەڵام مەبەستمانە بڵێین نە میسڕی جاران و نە حزبوڵا هەرگیز لەوە خراپتریان بەسەردا نەدەهات ئەگەر ئەو دەستپێشخەرییەیان بکردبا کە قەلەق و دوو دڵ بوون لێی، وە ئیسڕائیل گورزێکی کوشندەی بەردەکەوت کە بەخەیاڵی کەسماندا نەدەهات. بەڵام هەردووکیان لە دوو قۆناغی مێژوویی جیاوازدا شەڕێکیان بۆخۆیان درووستکرد کە دوو دڵ بوون لە کردنی.