چۆن کۆیلایەتی لە سەردەمی نوێدا سەر هەڵدەداتەوە؟

کازم جەباری

2024-10-12

ئەگەرچی کۆیلایەتی(slavery) مۆرکی سەردەمێکی دیاریکراوە بە قۆناغێکی مێژوویی لە ژیانی مرۆڤایەتی دادەنرێت، بەڵام بەداخەوە لە دونیای ئەمڕۆدا کۆیلایەتی بەچەندین فۆڕم و شێوازی جیاواز سەری هەڵداوەتەوە. وەلێ ئەوەی کۆیلایەتی سەردەمی کلاسیک (چاخەکۆنەکان). لە کۆیلایەتی  سەردەمی مۆدێرن(سەدەی مافی مرۆڤ و تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەسکرد...هتد). جودا دەکاتەوە ئەوەیە، کۆیلایەتی سەردەمی کلاسیک ئایکۆن شوناسێکی دیار بوو بۆ چینێکی کۆمەڵگە خاوەن ڕووخسار و ئادگارێکی بینراوی دانپێدانراو بوو. بەڵام کۆیلایەتی لەسەردەمی مۆدێرندا کۆیلایەتیەکی دەمامکدارە خاوەن ئادگارێکی جیاوازە، هەندێکجار ڕووخسارێکی ون. بە پێی بەرژەوەندی ڕۆڵەکەی دەگۆڕێت، ئەمانە  لەژێر سێبەری حەقیقەتی ماکەکانی مۆدێرندا ماونەتەوە وەک چینێکی دانپێدانەنراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. 

هەر بۆیە کۆیلایەتی لە سەردەمی مۆدێرندا پێیناوەتە قۆناغێکی ترسناکەوە. بەجۆرێک بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە، وا خەریکە شکۆ و کەرامەت بە مرۆڤەوە ناهێڵێت. هێندەی نەماوە هەموان ببین بە قوربانی، بە بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین. جا قوربانی کۆیلایەتی (ئایدۆلۆژیا، تەکنەلۆژیا، حزب، گروپ و دەستەی ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی و پۆست و پلەوپایە و...هتد).
کۆیلایەتی سوڕی متبوونی هەیە هەروەک سوڕی هەستانەوەشی هەیە و لەکاتی پێویستدا دەردەکەوێت و دەمامکەکەیان دەکەوێت. ئەو گریمانەیەش ڕاستە کە هەموو کۆیلەیەک قوربانییە. قوربانی ئەو ژینگەیەیی تێیدا ژیاوە و لە ناویدا گەورە بووە.

کێشە گەورەکە ئەوەیە دیاردەی کۆیلایەتی بە مۆدێلە جیاوازەکانییەوە لەو کۆمەڵگەیانەدا گەشە دەکات، کە ئاستی وشیاری لاوازە و عەقڵ تێیدا غیابە و بیرکردنەوە لە دەرەوەی سندوق بڤەیە. 

   دیاردەی کۆیلایەتی هەر زیانی بۆ تاک نییە بەڵکو زیان بە کۆمەڵگەش دەگەیەنێت و نەزم و دۆخێکی مەنگی پاسیڤی لە قاڵبدراو دروست دەکات و هیچ مەودایەک ناهێڵێتەوە بۆ گۆڕانکاری و گەشەکردن و کراونەوە.    سیستەمێکی تێکەڵ بە چینایەتی و فیوداڵیە لە ڕووی کۆمەڵایەتی، دیکتاتۆریەت و ئۆتۆکراسی(فەرمان ڕەوایی ڕەها) لە ڕووی سیاسی، دۆگماتیزم لەڕووی ئاوەز و ئەندێشە(فیکر) بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت. 

لە کۆیلایەتیدا بەهاکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری و شکۆی مرۆڤ دەکەوێتە مەترسیەوە، جیاوازی چینایەتی گەشەدەکات و کۆمەڵگەیەکی ڕامکراوی مێگەل ئاسا دروست دەبێت.
زۆر بەسادەیی مۆتیڤەکانی کۆیلایەتی لە سەردەمی مۆدێرندا جۆری زۆرە:
(هەیە لە پێناو نان و بژێوییە، هەیە لە پێناو پۆست و پایەیە، هەیە ئارەزوومەندانەیە، هەر خۆی ئارەزووی تەوقی کۆیلایەتیە. هەیە لە بێدەسەڵاتییه و لەژێر فشاردایە. هەیە خوگرتنە و...). زۆر جۆری تریش.