کوردی
عربي
English
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیرووڕا
English
عربي
وتار
سیدییەکانی ئاواتی شێخ جەناب!
د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
2024-12-16
ئەوەی ئەمڕۆ وەک دوومەڵێکی پڕ لە کێم و جەراعەت لە بەیاننامەیەکی ئابڕووبەرانەی وتەبێژەکەی وەزیری دارایی هەرێمەوە فیچقە دەکات و پرشی بەر هەموومان دەکەوێت کاری زەبر و تراومای ئەمڕۆ و دوێنێ و ئەم کابینەیە نییە بە تەنها بەڵکو ئەنجامی ئەو میتۆدە هەڵەیە کە هەشتا ساڵە ئێمە لە فۆڕمی پارتخێڵدا بۆ شۆڕش و حوکمڕانی بەکارمان هێناوە، چۆن؟
فارس دەڵێن جوجەڵەکان کۆتایی پاییز بژمێرە، کۆتایی پاییزی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا وادیارە ڕوو لە لێژی و بەستانی زستانێکی سەخت و بێڕەحمانەی وایە کە گەر هەموو ئەو نەوتەش کە هەیەتی بیسوتێنێت نەتوانێت ماڵە ساردوسڕەکەی گەرمکاتەوە. جوڵە و میتۆدە سیاسییەکان بە بەرهەم و حاسڵاتی پاییزانەیان لە ژیانسازی و مەیەسەرترکردنی ژیان بۆ خەڵکەکانیان هەڵدەسەنگێندرێن نەوەک شیعر و شانامەو خەیاڵسازی.
گیلبەرت رایل گەورە فەیلەسوفی ئینگلیزی لەساڵی 1949 کتێبێک دەنووسێت بەناوی:
"کۆنسێپتی عەقڵ -Cncept of mind" . بەبڕوای زۆرێک لە ڕەخنەگرانی کتێبەکە ئارگیومێنتی سەرەکی باسەکە ئەوەیە رایڵ دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە کۆنسێپتی "عەقڵ" لە وەهمێکی فەلسەفی دیکارتی زیاتر نییە. لەو کتێبەدا رایڵ دوا بزمار دەداێت لە کۆنسێپتی دوالیزمی نێوان عەقڵ و جەستە. بەدەر لەمە ئەوەی من مەبەستم بوو دووخاڵی گرنگ بوون کە رایڵ لەو کتێبەدا لەسەریان دەوەستێت و بەم شێوەیە ناویان لێدەنێت:
یەکەم/ Knowing that چی دەزانیت "مەعریفە"
دووەم/Knowing how چۆن دەزانیت "هونەر، توانایی یان مەهارەت"
رایڵ زۆر بەوردی لەسەر هەردوو کۆنسێپتەکە دەوەستێت و دەڵێت هەموو زانینەکان لە جنسی زانینی knowing that یا مەعریفی نین، بەوەی مەعریفە شتێکە لەدەرەوە دێتە نێو تۆوە، بەڵکو بەشێکی زۆر لە زانین هەن لەم پلەبەندییەدا جێیان نابێتەوە و لە جنسی زانینی مەهارەتین. بۆنمونە من دەزانم زەوی خڕە، ساڵێک دوازدە مانگە، سەرمابوون دەبێتە هۆی نەخۆشکەوتن، ئەم جۆرە لە زانین لینکی ڕاستەوخۆی بە هۆکارێکی دەرەکی هەیە بۆ فێربوون، واتە هۆکار و مەعلولێکی هەیە. بەڵام جۆری دووەم لە زانین زانینێکی مەهارەتییە، پەیوەندیدار نییە بە مەعلولێکەوە بەتەنها، زانینی مەهارەتی بەقەولی رایڵ Knowing how ئەو جۆرەیە لە زانین کە لە گوزارەکاندا جێگای نابێتەوە، وشە توانایی ئەوەی نییە بگوازێتەوە بۆ کەسی بەرامبەر، بە زمانە دینییەکە قسەبکەین ئەم زانستە زەوقی حیسین زیاتر. مەعریفە بەتەنها ناتوانێت ببێتە هۆکاری گواستنەوەی ئەم جۆرە لە زانین، چونکە زانینێکی مەهارەتین. نمونەی ئەم جۆرە لە زانین پێچەوانەی زانینی مەعریفی لە ناوەوە هەڵدەقوڵێت، کەسەکە خۆی پێیدەگات نەوەک ئەوەی سەرچاوەیەکی دەرەکی ببێتە هۆی ئەوەی پێی بگات، مەلەکردن، شۆفێری کردن، نەشتەرگەریکردن لە پزیشکیدا نمونەی ئەم جۆرەن لە زانین.
هەرچەندە ناکرێت رۆڵی مەعریفە تێیاندا نادیدە بگیردرێت، بەڵام هەرگیز بە مەعریفەی دەرەکی کەس نابێتە خاوەنی زانینێک لەجۆری زانینی مەهارەتی وەک ئەوەی ببێتە مەلەوان و شۆفێر و پزیشکی نەشتەرکار.
دکتۆر زیگمۆند فرۆید پێی وایە مرۆڤ وردە وردە و بە هەراشبوون و پێگەیشتنی فێری ئەوە دەبێت کە باوەڕ، متمانە، خۆشەویستیی و یەقین لەدەست بدات بەدەوروبەرەکەی، گومان لە هەموو کەسێک و هەموو شتێک بکات. کە ئەمەش ڕویدا ئیدی زۆر درەنگە بۆ گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا. مناڵێک کە لەدایک دەبێ بێ چەند و چۆن مەمکی دایکەکەی دەگرێت بێ ئەوەی پرسیارێک لە ماهیەت و چۆنێتی و چییەتی ئەو شیرە بکات کە دایکەکەی دەیداتێ، وردە وردە بەهەراش بوونی ئیدی ئەو تەوەکولەی بێ چەندوچونەی سەرەتای نامێنێت و دەکەوێتە پرسیار و گومانکردن. بەبڕوای من ئەوەی مرۆڤ ناوی تەجرەبە یا ئەزموونی لێدەنێت شتێکی لەمە زیاتر نییە. کاتێک مرۆڤ پەتی نێوان خۆی و زهین و دڵی دەبچڕێت و بە دونیایەک هەڵەی ئەنقەست و نا ئەنقەستدا دەڕوات ئەوسا پێی دەڵێن خاوەن ئەزموون.
گەر بمانەوێت لە بۆچوونەکەی دکتۆر فرۆید و دکتۆر ڕایڵەوە دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی "سۆسیۆپۆڵەتیکس، سایکۆپۆڵەتیکس" خۆمان تەرجەمەکەین دەبینین ئەوەی ئێمە ناومان لێناوە ئەزمون نە ئەوەیە بەرهەمی مەعریفە و مەهارەت بێت، نە ئەوەشە گومانکردن و هەراشبوون و ویستی گەیشتن بێت بە داهاتوویەک. ئێمە لە بۆشایی و بازنەیەکدا بەردەوام بێ پەروا دەجوڵێین و دەدەین بەیەکدا بەبێ ئەوەی مەعریفەیەکی دەرەکی ئاڕاستەمان بکات، مەهارەتێکی ناوەکی بمانجوڵێنێت یاخود خاڵێک هەبێت بمانەوێت لەئەنجامی دووبارەکردنەوەی چەند جوڵەیەکی هەڵە و گومانکردن لە ڕێگا کلاسیکییەکان پێی بگەین.
مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە لەهەشتاساڵی ڕابردوودا خاڵییە لە مەعریفە و مەهارەت و ئەزموون. توشی شکانی خەیاڵ دەبین کاتێک دێین چاوەڕوانییەکی زۆر لەسەر ئەو مێژووە هەڵچدنین، چونکە زۆر تاریکە و پڕێتی لە گرێ و ڕق و کینەی کەسیی و خێڵی و مێژوویی. ئەوەی لە هەشتا ساڵی ساڵی ڕابردووی "شۆڕشی" کوردیدا زاڵبووە خۆی لە بچڕاندنی پردی پەیوەندیی نێوان مەعریفە و مەهارەت لەلایەک و ئەزمون و گومان لەلایەکی دیکەوە دەبینێتەوە، لە ئەنجامی ئەم لێکترازانەشدا بێ شیرازەیی کۆمەڵایەتی و لێکدوورکەوتنەوەی دەسەڵاتدار و خەڵک و تێکدانی پردی پەیوەندیی پەیوەندی نێوان خەڵک و خەڵک زیاتر بەرهەمێکی دیکەمان نەبووە.
نەوەک هەر شۆڕشی کوردیی مێژووی زۆرینەی شۆڕشەکانی دونیا دەڵێن شۆڕشەکان گوێ بۆ مەرعریفە و مەهارەت و ئەزموونە تاقیکراوەکان ناگرن، ئەوەی ئەوان مەبەستیانە مشتێ توڕەیی و کەفوکوڵی عاتیفییە لەپێناو پایەماڵ کردنی ئەوەیە کە هەیە، دواتر زۆر درەنگ بە ئاگا دێنەوە لەو وێرانەیەی کە عاتیفە و کەفوکوڵەکە وێرانکەرەکەی دروستیدەکەن. هەندێکجار ئەو وێرانەیەی عاتیفەیەکی دوور لە مەعریفە و مەهارەت دروستیدەکات بە عەقڵ و زانینی سەد فەیلەسوف نایەتەوە جێی خۆی. لە مێژوودا هیچ سیستمێکی دیموکراسیی ماف سەنتەر نییە لە ئەنجامی شۆڕشێکەوە دروستبووبێت کە چاوی لە دروستکردنی ئەزمونی خۆی بووبێت.
گەر بە گشتی قسە بکەین و زۆر خاتری بگرین لە باشترین حاڵەتدا مەنزومەی شۆڕشی کوردیی لە شێخ مەحمودەوە تا ساڵی 1991 و مێژووی وکمڕانی سی ساڵی ڕابردووش مەنزومەیەکە زیاتر پشتی بە ئەزموون لە جۆرە فرۆیدییەکەی بەستووە نەوەک هۆشیاری و مەعریفە و مەهارەتی دەستەجەمعی. دیارە ئەوەشی کە ئەمڕۆ بەرهەمی شۆڕشێکە و ناوی ئەزمونی لێدەندرێت "بە دیدە فرۆیدییەکە" لە تێکدان و بێباوەڕی و کوشتنی متمانە و گوتاری خودنەفرەتی لە فۆرمە هەرە باڵاکەیدا دژی دۆز و زمان ونەتەوەی خۆ شتێکی زیاتری پێ نییە بۆ ژیان. چونکە ئەم ئەزمونە نەخشەڕێگایەکی زانستی نە لە مەعریفە و نە لە مەهارەتی شەخسی و دەستەجەمعی لەبەردەست نەبووە تا بزانێت لە کوێدا هەڵەدەکات بۆئەوەی ڕەخنەی خۆی بکات و دواتر بێت خۆی پێ بخوێنێتەوە و لێوەی فێر ببێت. ئەم مەنزومەیە کە باوەڕی بە کەسی یەکەم و مەرجەعی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی هەیە بەردەوام فیدباکی لەخۆی و ماستاوچی و دەربار و تەمەلوقچییەکانی دەوری خۆی وەرگرتووەتەوە نەوەک بە پێوەری زانستی خۆی هەڵسەنگاندبێت. چاڕڵز داروین کە دەیوت : "جەهل و نەزانی زۆر زیاتر لە زانست و ئاگایی سیقە بەخۆبوون دروستدەکات، هەمیشە وایە نادان و نائاگاکان زۆر زیاتر لە زاناکان سیقەیان بەخۆیان و ئاکتەکانیانە"، دەقیق مەبەستی ئەم دۆخە ترشاوەی ئێمەیە وەک کورد.
نادیدە گرتنی زانین بەهەردوو جۆرە مەعریفی و مەهارەتییەکەی لە سیاسەتی هەشتا ساڵەی ڕابردووماندا نەرم نەرم خۆشی و خەڵکەکەشی زیاتر بە بەدگومانیی و تێکدان و نەهێشتنی متمانە گۆشکردووە تا دەگاتە ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، ئەم دۆخە سیاسییە بوەتە هەوێنی مەینی دۆخێکی کۆمەڵایەتی دوجەمسەری دۆگمای ئەویتر قەبوڵنەکەر، ئەمڕۆ ئێمە لە کۆمەڵگایەکا دەژین کەس دانوی لەگەڵ ئەوی دیکە ناکوڵێت، زانستیترین و یەقینیترین دیاردەکانیش بەسەر دووبەرەی نەیار و پرۆ-دا دابەش دەبن، چونکە کۆمەڵگاکە بەتەواوی دابەش بووە، بەدیهیترین فاکت ناکاتە ئەوەی ئەم دووبەرەیە بەگژ یەکدیدا نەچنەوە و گرێ سایکۆلۆژییەکانی خۆیان بەیەک نەڕژن، هەر لەبەر ئەم هۆیە لە ئێستادا ڕێگای گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر و سەرەتاش زۆر ئەستەمە و مەحاڵە جارێکی دیکە ئەم شەرابە ببێتەوە بە ترێ و بەرسیلە.
لە مەعریفە و مەهارەت گەڕێ کە هێشتا لەنێو ئێمەدا چەکەرەیەکی تەندروستیان نەکردووە، ئەزمونیش بۆخۆی کێشەی جیددی هەیە لەناوماندا. "پێچەوانەی هەمو تاقیکردنەوە باوەکانی دونیا، ئەزمون زۆر غەددارە، سەرەتا تاقیتدەکاتەوە ئەوجا فێرت دەکات، ئێمە فێر دەبین ئەوسا تاقیکردنەوە ئەنجامدەدەین، ئەزمون دەقیق پێچەوانەیە". مرۆڤی ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم ئەزمونێکی تەواو تاقیکراوەی تۆکمەی مەعریفی و مەهاریشدایە هێشتا هەر ملەجەڕێ دەکات و گوێناگرێت. مەحاڵە لە دونیای نوێدا مرۆڤ بتوانێت بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو زانینە هەنگاوێک بچێتە پێشەوە و هەر ملەجەڕێ بکات و بڵێت من ئەزمونی خۆم دەوێت، لە دیدی بەندەدا ئەمە سامناکترین دۆخێکە کۆمەڵگایەک لەسەروبەندی شەڕێکی جیهانیدا تێیبکەوێت و ئەوەندەش بێباک و بێ پلان و بێ زانین و مەعریفە و مەهارەتی کەسی و دەستەجەمعی بێت.
زانست بەگشتیی و زانستی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بە تایبەتیش سەر بەدونیای مەعریفە و مەهارەتە زیاتر نەوەک ئەزمون. تەنها لەڕێگەی مەعریفە و مەهارەتەوە سیاسی دەتوانێت داهاتوو ببینێت، هەرچی ئەزمونی کەسی و نازانستی هەیە چاوەکانی سیاسی دەباتەوەبۆ ڕابردوو، لیاقەتی ئەوەی پێنابەخشێت کە داهاتوو ببینێت. مەعریفە بە مرۆڤ دەڵێت لە کوێدا دەبێت چ جۆرە ڕوانین و ئاکتێک سەرڕێ بخات بۆ داهاتووی و مەهارەتیش بە پراکتیکی دەستی دەگرێت. کاتێک سیاسەت و کەسایەتی سیاسیی لە دونیایەکدا کە بە مەعریفە و مەهارەت ڕێکخراوە دەیانەوێت هەروەک سەردەمی ئەزموونی ئاڵم و ساتمی گەنم بە مێوژ سیاسەت بکەن و بیر بکەنەوە وژیانی خەڵکی ڕێکبخەن، سیدی دەنێرن بۆ،بەغدا و سیدییەکەشیان ئیرەر نیشان دەدات،ئەوا جگە لە بەدەستهێنانی ئەزمونێکی دیکە لە فەوزا و شڵەژاویی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و دەروونیی هیچی دیکەیان لێیدەست ناکەوێت بۆ خەڵکەکەیان. هەموو ساتێک دەبێت لە ئامادەباشییدا بن بۆ تەقینەوەی توڕەیی جەماوەرەکەیان. هەر ڕۆژەی دەبێ وێڵی بیانوویەک بن بۆ ئەو شەبەقانەی کە لە ژیانی گشتی دەکەونەوە، نەوەک چارەسەریان بکەن. ئەم ئەزمونە خراپەش لە باشترین حاڵەتدا دەبێت توڕهەڵبدرێت نەوەک هەوڵبدرێت بە ماکیاجکردنی ماشێنی ئیعلامیی زەبەلاح و ڕاوێژکار و نووسەری پترۆقەڵەم بیانووی ساوابوون و باڵغ نەبوونی بۆ بهێندرێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوامیی بە سەرەڕۆییە نازانستی و دیراسەنەکراوەکانی بدات و ڕۆژ دوای ڕۆژ ژیانی گشتی وێرانتر و ئالودەتر بکات. لەم جۆرە مەنزومانەدا نەک موچە تۆ نابێت چاوەڕێی هەناسەدانێکی ئارامیش بکەیت.
زیاتر بخوێنەرەوە
بەکر حەمەسدیق
ئاگرەکەی ئەمریکا ناو بنێیت تۆڵەی خوا، قسەیەکی هەڵەو خەتەرناکە
محمد خۆشناو
بۆنی گۆڕانێکی گەورە دەکەم !
خالید رەزا
ئۆلیگارەکانی کوردستان و ڕوسیا دوو ڕوی دراوێکن !
د. سەلام عەبدولکەریم
نەفەسی لوتبەرزی و کیبریائی وەزیرەکەی فەرەنسا
عەتا شەمێرانی
نامەیەك بۆ سەرۆك ئیمانۆئێل ماكرۆن
پێشڕەو محەمەد
ئایا ئیسرائیل و تورکیا پێکدادەدەن؟
بارام سوبحی
تەوقەکەى شەرع و چەمانەوەکەى عێراقچى!
د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
لەبارەی باش و جاشەوە لەنێوان قازی محەمەد و حەسەن خەیریدا
سەردەشت عەلی
هێشتا عومەری سەید عەلی ڕێکخەرە
محمد خۆشناو
ئیسلامی سیاسی خۆی نوێ دەکاتەوە !!
ئەمانەش ببینە
ئەو هاوڵاتیەی لە گوندی گەڵاڵە درۆن لە ئۆتۆمبێلەکەیدا قسە بۆ دیبلۆماتیک دەکات
خوشکەكەی هونەرمەند عومەر چاوشین بۆ ساڵیادی کۆچی دوای براکەی چی دەڵێت؟
وتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی: تەیف سامی بۆتە سەدام بۆ هەرێمی كوردستان
شۆفێرانی بار هەڵگر ڕێگای سلێمانی - عەربەت یان داخست
دوا ساتەکانی کەوتنی بەشار ئەسەد
تاران هەڕەشەی دەستپێكردنی جەنگێكی وێرانكەر دەكات
×
زمانەکان
کوردی
العربیة
English
بابەتەکان
سیاسی
ئابووری
توێژینەوە
کولتور
فۆتۆستۆری
مەڵتی میدیا
بەرنامەکان
پۆدکاست
بیروڕا
ئەرشیف
ئێمە کێێن
دەربارە
پەیوەندی
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
© 2025 Diplomatic Magazine