سووریا پایتەختی كەپتاگۆن

سالار مەحمود

2024-12-19

لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی خەڵكی سووریا لە ساڵی 2011، ڕژێمی بەشار ئەسەد زۆرێك لە سەرچاوەكانی ئابووریی‌و داهاتی لە دەستدا، بە تایبەتی نەوت، بۆ قەرەبووكردنەوەی لە دەستدانی ئەو سەرچاوانە، بە سەرپەرشتی " ماهیر ئەسەد"ی برای، بەشار ئەسەد ڕوویكردە بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری " كەپتاگۆن"‌و لە دیمەشق‌و چەند ناوچەیەكی سووریا كارگەی درووستكردنی ئەو ماددە هۆشبەرە دانرا.

هەرچەندە پێشتر لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكەو ناوەندە نێودەوڵەتییەكانیش، سووریاو ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد بە بەرهەمهێنەرێكی گەورەی ماددەی هۆشبەری " كەپتاگۆن" ناودەبرا، بەڵام لەگەڵ كەوتنی بەشار ئەسەددا، هاوشانی زیندانە گەورەو مەترسیدارەكان‌و گۆڕە بەكۆمەڵەكان، كارگە گەورەو زەبەلاحەكانی بەرهەمهێنانی " كەپتاگۆن" میدیا عەرەبی‌و جیهانییەكانی هەژان.

لە ساڵانی ڕابردووداو بەتایبەت لە پاش سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی‌و شۆڕشی گەلانی سووریا دژ بە ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد، سنوورو بەندەرەكانی وڵاتانی ناوچەكەو جیهان، ناوچەیی بووبوونە وێستگەی گواستنەوەی لێشاوی ماددەی هۆشبەری كەپتاگۆن كە لە سوریاوە سەرچاوەی دەگرت‌و ڕاپۆرتەكانی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بۆ ماددە هۆشبەرەكان، بەردەوام جەختی لەوە دەكردەوە كە سووریا گەورەترین بەرهەمهێنەری ماددەی هۆشبەری كەپتاگۆنە لە جیهاندا.



بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، لە ماوەی ساڵانی شەڕی سوریا، بەتایبەت لە ساڵی 2012 تا 2020 پیشەسازی بەرهەمهێنانی كەپتاگۆن، بووەتە بەشێكی گەورە لە ئابوورییەكی ژێرزەمینی‌و نایاسایی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەدو تا كۆتایی دەسەڵاتەكەی ساڵانە ملیارەها دۆلاری لە بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری كەپتاگۆن‌و بازرگانی پێوەكردن‌و ناردنی بۆ وڵاتانی ناوچەكەو جیهانەوە دەستكەوتووە.

   لەپاش كەوتنی بەشار ئەسەدو ئاشكرابوونی ڕێَژەو قەبارەی بەرهەمهێنانی " كەپتاگۆن" لەژێر سایەی ڕژێمەكەی، شارەزایانی ئابووری‌و چاودێرانی ماددە هۆشبەرەكان سووریا بە " پایتەختی كەپتاگۆن" ناو دەبەن.
جیا لەوەی كە بەشار ئەسەد بە سەرپەرشتی " ماهیر ئەسەد"ی برای بەرهەمهێنانی ماددەی " كەپتاگۆن"ی كردبوویە سەرچاوەیەكی گەورەی داهاتی ڕژێمەكەی، هاوكات گواستنەوەی ماددە بێهۆشكەرەشی وەكو كارتی فشاری سیاسی دژی وڵاتانی عەرەبی‌و كەنداو بەكاردەهێنا، بەتایبەت بۆ شكاندنی ئەو گۆشەگیرییەی كە لە ساڵانی ڕابردوودا " جامیعەی عەرەبی" بەرانبەر سووریا پەیڕەوەی دەكرد.
  سعودییە، یەكێك لەو وڵاتانە بووە كە بەشار ئەسەد بەهۆی هەناردەكردنی ماددەی هۆشبەری كەپتاگۆنەوە هەراسانیكردووە، دروستبوونی مەترسی " كەپتاگۆن"ی سووریا بە جۆرێك مەترسی لەسەر سعودییە درووستكردبوو، ئەو وڵاتە ئامادەبووە، ساڵانە چەندان ملیار دۆلار بداتە بەشار ئەسەد بەو مەرجەی كەپتاگۆن هەناردەی سعودییە نەكات.
بەپێی ڕاپۆرتی كەناڵی ئەلعەرەبییە، یەكێك لە مەرجەكانی وڵاتانی " سعودیەو عێراق‌و ئەردەن‌و میسر" بۆ گەڕانەوەی سووریا بۆ كۆمەڵەی " جامیعەی عەرەبی"، ئەوەبووە كە ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد هەناردەكردنی ماددەی بێهۆشكەری كەپتاگۆن بۆ ئەو وڵاتانە ڕابگرێت.

 بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان، لە ساڵانی ڕابردوودا، سوریا بە ماڵ و بەرهەمهێنەر و هەناردەكاری سەرەكی كاپتاگۆن لە سەرانسەری جیهاندا دانراوە، هەروەها بەپێی ئەو ئامارو زانیاریانەی كە تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان لەلایەن حكومەتی بەریتانیاوە بڵاوكراونەتەوە، سوریا نزیكەی 80%ی  ماددەی بێهۆشكەری كەپتاگۆنی هەموو جیهانی بەرهەمهێناوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی " سی ئێن ئێن" ماددەی بێهۆشكەری كەپتاگۆن سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی ڕژێمەی بەشار ئەسەد بووەو بەهای ساڵانەی بازرگانی بە كەپتاگۆن بە ملیارەها دۆلار مەزەندە كراوە.
هەر بەپێی ئامارو زانیارییە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان، هەناردەكردنی ماددە هۆشبەرەكان بۆ وڵاتانی ناوچەكەو جیهان، نزیكەی 50%ی داهاتی ساڵانەی سوریای پێكهێناوەو لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2023، بەرهەمهێنان‌و هەناردەكردنی كەپتاگۆن بۆ ڕێژەی نزیكەی 54% داهاتی سووریا زیادی كردووە.


 
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەڵێن، ئەو بازرگانیەی كە بەشار ئەسەد بە ماددە هۆشبەرەكان، بەتایبەت بە كەپتاگۆنەوە كردوویەتی، سێ ئەوەندەی بازرگانی هەموو مافیاكانی تلیاكە لە مەكسیك‌و داهاتی ساڵانەی بازرگانی ماددەی كەپتاگۆن بۆ بەشار ئەسەد، ساڵانە 100 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت. 
زانیاری‌و ئامارەكان دەریدەخەن، زۆرینەی ئەو كەپتاگۆنەی كە لە سوریا دروستدەكرا، بە ڕێگەی قاچاخ‌و لە ڕێگەی تۆڕی بازرگانی گەورەی نێودەوڵەتییەوە، دەبرانە وڵاتانی دراوسێی سووریا " عێراق‌و ئوردن و لوبنان"، ئەمە سەرباری ئەوەی بەر لە گەشتنی بە وڵاتانی كەنداو، دەگەشتە وڵاتانی ئەوروپا.

لە 1ی تەمموزی 2020، پۆلیسی ئیتاڵیا لە بەندەری سالێرنۆ، لە پارێزگای ناپۆلی، لەسەر دەریای ناوەڕاست، دەستیگرت بەسەر دووەم گەورەترین باری ماددەی هۆشبەری كەپتاگۆن لە مێژوودا، كە نزیكەی 14 تۆن بووەو هاوتای 84 ملیۆن حەبی كەپتاگۆن بووەو دەزگای گومرگی ئیتاڵیا
 بەهاكەی بە یەك ملیار یۆرۆ زیاتر خەڵاندبوو.

ڕاپۆرتی میدیاكان لەپاش كەوتنی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد ئاشكرایان كرد كە لە سووریا 15 كارگەی بەرهەمهێنانی كەپتاگۆن هەبووەو شوێنە سەرەكییەكانی بەرهەمهێنان لە پارێزگای حومس لە شارۆچكەی " ئەلبەسا" كە ناوچەیەكی دوورە دەستە لە پارێزگای لازقییە چڕبوونەتەوە.
  بەپێی ڕاپۆرتی كەناڵی ئەلعەرەبییە، گەورەترین كارگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری كەپتاگۆن لە سووریا، ئەو كارگە نهێنییەیە كە دەكەوێتە بنكەی ئاسمانی " مەززە" لە باشووری دیمەشق‌و لە لایەن لقی هەواڵگری هێزی ئاسمانی سووریاوە چاودێری كراوەو دابەشكراوە.

ساڵی 2023 ، كاتێك ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا ستراتیژێكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی ماددەی هۆشبەری كەپتاگۆن داڕشت، ئاماژەیان بەوەدا كە زۆرینەی بەرهەمهێنانی ماددەكە لە جیهاندا پەیوەستە بە ڕژێمی بەشار ئەسەد و حیزبوڵای لوبنانەوە.
هەروەها بەهۆی تێوەگلانیان لە بازرگانی جیهانی بە كەپتاگۆنەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای بەسەر ماهیر ئەسدی برای بەشار ئەسەددا سەپاند.