ساڵی نوێ هات و کورد هەر لە سووڕی سڕبووندایە !

محمد خۆشناو

2024-12-28

ڕۆژان و مانگ و ساڵان دەڕۆن و ، لەسەرەتای هەموو ساڵێکدا ڕووداوەکانی ساڵی ڕۆیشتوو باسدەکرێن و شیدەکرێنەوە و ، هەوڵدەدەین خوێندنەوە بۆئەوەبکەین کە ساڵی دادێ چی ڕوودەدات و ئەوەی چاوەڕوانی دەکەین چیە ؟ دەتوانین ئەوە بڵێین کە جیهان سێ ناوچەی گڕگڕتوو بەخۆوە دەبینێت ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ( فەڵەستین ، ئیسرائیل ، لوبنان ، سوریا ، عێراق ، ئێران و یەمەن و دوایشیان تورکیا ) ، ناوچەی دووەم ناوەڕاستی ئەوروپا ( ڕوسیا و ئۆکراینا ) ، ناوچەی سێیەمیش ئەوپەڕی ڕۆژهەلاتی گۆی زەوی ( چین و تایوان )ە ، هەموو بەرە گڕگرتووەکان چاوڕێی گەیشتنی سەرۆک تڕەمپ دەکەن کە دەبێت چی بکات !  ئا لەنێو ئەو تیکقژقژانە و پێشوازی ساڵی نوێ هێشتا ئێمەی کورد لەنێو سووڕی سڕبووندا دەژین ، کە وێڕای چەند بارەکردنەوەی هاواری ئاگادارکردنەوەی دۆست و دڵسۆزانی ئەو گەلە لەدۆخی شەپڕێوی کوردستان کەچی چاوەکانمان ناکەینەوە و ، سەڕەڕای لەرزینی زەوی لەبن پێیانماندا بەڵام هەر چەقیوین و هەڵناستینەوە ، زۆربەی گەل و وڵاتان لە سڕبوون و گۆشەگیری درێژ هەستانەوە و خاڵە لاوازەکانی خۆیان دەستنیشانکرد و ، دانیان بەوەنا کە شتێکی هەڵە هەیە و هەقی ئەوەی هەیە هەڵوەستەیەکی بەخۆداچونەوە لەگەڵ خۆمان بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و تەجاوزکردنی ئەو چەقبەستوییەی خۆی فەرز کردۆتە سەر واقع بکرێت ، کە ئەمە تەوقی دەربازبوونە بۆ کۆمەڵگە و نیشتیمان و پارێزەری مردنی مەعنەوی وڵاتانە ، ئەوە سێ دەیەیە دەڵێین : دەبێت کورد لە ساڵی نوێدا چی بکات و چ بەرنامەیەک دادەڕێژێت ؟ کەچی هەست بە شتێکی ئەوتۆ ناکەیت تەنها ژمارەیە دێت و دەڕوات  !! ئەوەی ئێستا لەو جیهانەدا دەگوزەرێت ئەوەیە کە واقیعی سیاسیی بۆتە بەدیلی ئایدۆلۆژیا و ، چارەسەری « ناوەندی » لەنێوان وڵاتان بنچینەی پەیوەندیەکانە ، هیچ کەس هەموو ئەو شتەی دەیەوێت بەدیناهێنێت و ، هیچ کەسیش هەموو شتێک لەدەست نادات و ، ئێمە دەبێت ئیستیعابی یەکتری بکەین ، کاتێک سەرۆک « دینگ شیاو پینگ » دوای مردنی « ماو تسی تۆنگ » دەسەڵاتی چنی گرتەدەست ، بەهەموو ئەو هەڵانە داچووەوە کە ماو کردبووی و ، گەیشتە ئەو بڕوایەش کە بۆئەوەی وڵاتەکەی پێشبخات دەبێت بۆشایی لەگەڵ ڕۆژئاوا کەمبکاتەوە و هەندێک توخمی بازاڕ و سەرمایەداری لە ئابووری سۆشیالیستیدا وەبەرخۆی« استعاب » بکات ، « ماو » پێی وابوو ( باشترە بە هەژاری بمێنینەوە لەژێر سایەی سۆشیالیزم ، لەجیاتی ئەوەی دەوڵەمەند بین لەژێر سایەی سەرمایەداری ) بەڵام وەڵامی دینگ ئەوە بوو ؛ (ڕەنگی پشیلە گرنگ نیە ، گرنگ ئەوەیە مشکان ڕاو دەکات ) مەسەلەکە سەرمایەداری نیە و سۆشیالیزمیش نیە ، بەڵکو بەرژەوەندی و پێشکەوتنی چین و گەلەکەیەتی ، ئێمەش لەگەڵ یەکتری هەموو شتێکمان بەرانبەر یەکتری تاقیکردەوە و بەخۆماندا نەچوینەوە لەغیابی نەخشە و پلانی ستراتیژی و دیدگای ئایندەیی و ، وازمان لە بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کەسی  نەهێناوە کە بۆتە کۆڤید بۆ ئەو گەلە ، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە ئێستا دەیبینین بە چ چەقبەستینێکدا دەڕۆین ، پێویستە کورد واقیعی سیاسیی بکاتە شێوازێکی نوێ بۆ مامڵەکردن لەگەڵ کێشە و تەنگوچەلەمەکانی ناوخۆ و هەروەها لەگەڵ دەرەوەش ، بەداخەوە مێژووی نوێی ئێمە مێژووی هەلی لەدەستچوو بوو ئەو هەلە زێڕینیانەی کە بەدەستی خۆمان لەگۆڕمان نان ، دەبا لە ساڵی نوێدا لاپەڕەیەکی تر بە ئاشتەوایی و یەکڕیزی و تەوزیفکردنی شیاوی سەرچاوە و ئیمکاناتەکان بکەینەوە و سەرکردەکان متمانەی خەڵک  لە ڕێگەی گەڕانەوە و  تێکەڵبوونیان بە خەڵک و چاکسازی سیاسی بەدەست بێننەوە ،   چونکە سیاسەت لە شەقام و شۆستە و بەردەرگەی ماڵی خەڵک دەستپێدەکات و هەر ئەمەشە ئیعتبار بۆ سیاسیەکان دەگەڕێنێتەوە ، ئەو خەڵکەی کە لەبەر دۆخی خراپی دارایی لەژێر گوشارێکی تووندی داراییە کە ناتوانێت بەروەڕووی واقیعی تاڵ ببێتەوە  ، ئەم نیشتیمانە پێویستی بەوە هەیە کە لەنێو زریانەکانی گۆڕانکاری و سەختیی بارودۆخدا بەسەلامەتی بگەیەنرێتە  کەناری ئارام .