کێ بکەری سەرەکییە لە سووریا؟

ڕەنج نەوزاد

2025-01-01

چەند تێبينييەک لەبارەی دۆخی ئێستای سووريا

١. لە ٢٠١١ەوە فاکتەری دەرەکی (دەوڵەتان) ڕۆڵی سەرەکی دەبينن لە دۆخی سووريا و سەقامگيری و نا سەقامگيری لە وڵاتەکە. لە سەردەمی ئەسەد ئەمريکا، ڕووسيا، ئێران و تورکيا ئەکتەری سەرەکی بوون، لە پاش ڕووخانی ئەسەد ئيسرائيل و تورکيا و ئەمريکا بوونە ئەکتەری سەرەکی، ئێران کرایە دەرەوە و ڕووسيا تەواو لاواز کرا. 

٢. لە سەردەمی ئەسەد ئەمريکا و تورکيا و ئێران-ڕووسيا ئەگەر ڕێککەوتن نەبوایە لە نێوانياندا، نا سەقامگيری و شەڕ ڕوويدەدا. ئەگەر ڕێککەوتن هەبوایە سوريا بە دابەشکراوی بەسەر ناوچەی هەژموونی ئەو دەوڵەتانە جۆرێک لە سەقامگيری بە خۆیەوە دەبينی. واتە یان نا سەقامگيری یان دابەشبوونی سووريا وەک ديفاکتۆ، هەبوو. هەردوو دۆخەکە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان باش بوو. 

٣. لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئيسرائيل بووە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکييەکانی گۆڕەپانی سووريا، لە کۆتاییەکانی ٢٠٢٤ بووە ئەکتەری یەکلاکەرەوە؛ بەو مانایەیی ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە کەوتنی ئەسەد و بەرژەوەندييەکانيشی دەبێتە پێوەری سەرەکی بۆ دياريکردنی سوريای پاش ئەسەد. ئامانجی سەرەکی بۆ هاتنی ئيسرائيل وەک بکەرێکی سەرەکی بۆ گۆڕەپانی سووريا لێدان بوو لە هيلالی شيعی ئێرانی. ئەم ئامانجە دەرەفەت و هيوای زۆر کردە بەردەم رۆژئاوای کوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی ئيسرائيل بە خێرایی گەيشتە ئامانجەکەی، بە هۆی تورکيا و جۆلانييەوە، ئەوا دەرەفەت و هيواکان بوونە ترس و دڵراوکێ بۆ ڕۆژئاوا. تورکيا زۆر زيرەکانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو دۆخە کرد. 

٤. هەر خێرا ئامانجە سەرەکييەکەی ئيسرائيل (لێدان لە پڕۆژەکەی ئێران) کە ئامانجیکی ڕوون و دياريکراو بوو، ڕێککەوتن و دانوستان و سازشی لەسەر نەدەکرا بە ئاسانی، گۆڕا بۆ ئامانجێکی تر کە ڕوون نييە و، دەرەفەتێکی زۆری تیایە بۆ ڕێککەوتن و گفتوگۆ و دانوستان. ئەويش ئامانجی ئەوەی کە سوريای نوێ نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئيسرائيل و هاوکات ئيسرائيل بتوانێت ئازادانە لە ئاسمان و خاکی سووريا ئۆپراسيۆنی سەربازی و هەواڵگری بکات بۆ پاراستنی ئاسايشی خۆی و جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

٥. تورکيا لە ڕێگەی جۆلانیيەوە تا ئێستا زيرەکانە مامەڵە دەکات لەم ڕووەوە؛ سوريای نوێ دژە ئێران و حيزبوڵایە، هيچ بایەخێکی نييە بۆ غەززە و شەڕی ئيسرائيل و فەڵەستين. جۆلانی زوو زوو دڵنيایی دەداتە ئیسرائيل کە سووريا نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە و کێشە بۆ هيچ دەوڵەتێکی دراوسێ، ئاماژە بەوە دەکات کە سووريا نە ئامادەیە و نە دەيەوێت شەڕی ئيسرائيل بکات. هاوکات بێ دەنگە بەرانبەر بەو هەموو ئۆپراسيۆنە سەربازی و هەواڵگری و تەنانەت داگيرکارييەیی ئيسرائيل کە ڕۆژانە لە سووريا ئەنجاميدەدات. تا ئێستا هەردوو داواکارييە سەرەکييەکەی ئيسرائيل (سووريای نوێ نەبێتە هەڕەشە و ئيسرائيل بتوانێت ئازادانە ئۆپراسيۆنەکانی لە خاکی سووريا ئەنجامبدات) بە باشی قبوڵکراوە و جیبەجێکراوە. 

٦. کەواتە ئيسرائيل وەک بکەری سەرەکی لە سووريا، بە پێی ئاماژەکان، لەوە دەچێت تا ڕادەیەکی زۆر ڕازی بێت بە دۆخی سووريا و نەيەوێت تێکی بدات جارێ. لە پاش گورز و ئۆپراسيۆنە یەک لاکەرەوەکانی ئيسرائيل لە بەرەی ئێران لە سووريا و ناوچەکانی تر، وا دەردەکەوێت ڕۆڵی ئەمريکا لە سووريا بووەتە پەراوێز بۆ ڕۆڵی ئيسرائيل. بەو مانایەیی ئەوەی ئيسرائيل دەيەوێت لە سووريا، ئەمريکاش ئەوەی دەوێت. بە پێی پێدراوەکان، لەوە دەچێت ئەمريکا ببێتە پەراوێزی ئيسرائيل بۆ پرسی ئێران و ئايندەی ڕژێمەکەی بە گشتی، چونکە ئەوەی ئيسرائيل بە ساڵێک بەرانبەر بە هەژموونی ئێران کردی، ئەمريکا لە ١٩٧٩ەوە نەيکردووە. بە هاتنەوەی تڕەمپ ئەم خاڵە ڕوونتر دەردەکەوێت. کەواتە ئەمريکاش لەگەڵ تێکدانی دۆخی سوريا نييە لەم کاتەدا. تورکيا کە خۆی بە خاوەنی سوريای نوێ دەزانێت، بە دڵنياییەوە لەگەڵ سەقامگيری سوريایە. دوو یاريکەرە سەرەکييەکەی تری گۆڕەپانی سووريا (ئێران و ڕووسيا) توانا و دەرەفەتيان نەماوە کە ڕۆڵی کاريگەر بگێڕن لەو ڕووەوە. 

٧. وەک ئاماژەی پێکرا، فاکتەری دەرەکی ڕۆڵی سەرەکی دەبينێت لە سەقامگيری یان نا سەقامگيری سووريا، تا ئێستا هەر سێ یاريکەرە سەرەکييەکەی سووريای نوێ (ئيسرائيل و تورکيا و ئەمريکا) پێيانوایە سەقامگيری لەو وڵاتە پێويستە و خزمەت بە بەرژەوەندييەکانييان دەکات، بۆ تورکيا تەنيا مانەوەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سوريای نوێ قبوڵکراو نييە. 

٨. ئەم هاوڕاییە لە سەقامگيری سووريا یەکێکە لە هەڕەشەکان لە رۆژئاوای کوردستان. چونکە تورکيا دەڵێت سەقامگيری بە بێ لەناوبردنی ڕۆژئاوای کوردستان نایەتە دی. ئيسرائيل و ئەمريکا هاوڕا نين لەو بارەیەوە. تورکيا بە بێ گلۆپی سەوزی ئەمريکا و ئيسرائيل دەتوانێت شەڕی ڕۆژئاڤا بکات و هێرشی بکاتە سەر، بەڵام ناتوانێت گورزی کووشندەی لێبدات. کەواتە تورکيا دەبێت ئيسرائيل/ئەمريکا ڕازی بکات بۆ ئەو ئامانجە گرنگەی خۆی. 

٩. کەوتنی ئەسەد بە ئەگەری زۆرەوە بە هۆی ڕێککەوتنی ئيسرائيل و تورکياوە بوو. ڕوونە تورکيا لەو ڕێککەوتنەدا چی پێشکەش بە ئيسرائيل کردووە، لە ڕێگەی دەستەی تەحريری شامەوە ئێرانی لە سووريا دەرکرد کە ئامانجە سەرەکييەکەی ئيسرائيل بوو. بەڵام جارێ ڕوون نييە ئایا ئيسرائيل چی بە تورکيا داوە لە بەرانبەردا؟ کۆی سووريا بە هەندێک مەرجەوە کە خزمەت بە ئيسرائيل بکات؟ یاخود بە بێ رۆژئاوای کوردستان و باشووری سووريا، ناوچەکانی تری سوريای داوە بە تورکيا؟ بە پێی پێدراوەکان، تا ئێستا ئەگەری دووەم نزيکترە. گريمانە و سيناريۆی ديکەش هەن. 

١٠. ئەگەر گريمانەی دووەم بێت، بێ گومان تورکيا ناوەستێت و بەردەوام دەبێت لە هەوڵ و فشارەکانی. ئایا ئەردۆگان دەتوانێت چی بکات بۆ ڕازیکردنی ئيسرائيل بۆ ئەوەی کۆی سووريا، بە ڕۆژئاوای کوردستانيشەوە بدرێت بە تورکيا؟ ڕێککەوتن لەگەڵ ترەمپ بۆ کشانەوەی سوپای ئەمريکا لە رۆژئاڤا. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، مەترسييەکی گەورەیە لەسەر مانەوەی قەوارە کوردستانييەکە، بەڵام بە بێ ڕەزامەندی ئيسرائيل قوورسە ڕووبدات. نەک تورکيا و ئەردۆگان، بەڵکو هيچ سەرکردە و دەوڵەتێکی تر لە جيهاندا بە ئەندازەی نەتانياهۆ و ئيسرائيل کاريگەرييان نييە بەسەر تڕەمپ. کارتێکی فشاری تر لای ئەردۆگان بريتييە لەوەی کێشەی ئەمنی بۆ ئيسرائيل درووست بکات لە باشووری سوورياوە، لە رێگەی گروپە چەکدارەکانی نزيک لە تورکيا. ئەمەش سەرکێشييەکی گەورەیە بۆ ئەردۆگان، چونکە ئيسرائيل لەو جۆرە گەمانەدا ترسناک دەست دەوەشێنێت و سنووری نييە، لەوانەیە جۆلانی و کۆی سەرکردەکانی تری سوريای نوێ بکووژێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا. ئەو کات، هەر وەک چۆن ئيسرائيل ئێرانی لە سووريا دەرکرد، بە هەمان شێوە تورکياش دەردەکات یاخود دووبارە سوريا دەگەرێنێتەوە بۆ شەڕی ناوخۆ، ئەمەش تورکيا لاوا و رۆژئاوا بەهێز دەکات.

١١. کەواتە ئەوەی تورکيا پەنای بۆ دەبات یان پێی دەکرێت بريتييە لە بچووکردنەوەی رۆژئاوای کوردستان لە ڕووی ڕووبەر و هێز و هەژموونەوە، نەک لەناوبردنی. ئەمە بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئيسرائيل و ئەمريکا دەکرێت، هەر وەها بە هێرشێکی سەربازیش دەکرێت. ئەمە بۆ کورد زیانە بەڵام کارەسات نييە، دەستکەوتەکەی رۆژئاوا هەر دەمێنێتەوە . بۆ تورکيا بەدی هێنانی بەشێکی ئامانجەکەیەتی نەک هەمووی، واتە بە ناچاری قبوڵی دەکات. بۆ ئيسرائيل و ئەمريکاش مسۆگەرکردنی کارتێکە کە هەموو کات دەتوانن بەکاری بهێنن لە سووريا ئەگەر بەرژەوەندييان کەوتە مەترسييەوە. 

١٢. ڕاستە فاکتەری دەرەکی لەم کاتەدا لەگەڵ هەبوونی جۆرێک لە سەقامگيرييە لە سووريا و، ئێران توانای لاواز بووە بۆ درووستکردنی نا سەقامگيری، بەڵام ناکۆکی و دەستدرێژييەکان بۆ سەر کەمينەکان لە سووريا بەردەوام و زیاتر بێت، ئەوا ڕەنگە فاکتەری ناخۆ بە تەنيا دۆخەکە بەرەو نا سەقامگيری ببات و دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵی فاکتەرەی دەرەکی دەربچێت. ئەمە لەوانەیە کاتێکی زیاتری بوێت. سەرکردایەتی ڕۆژئاڤا پێويستە چەند مانگێکی تر دانوستان و دانيشتنەکان درێژ بکەنەوە بێ ئەوەی هيچ ئيمزا و ڕێککەوتنێکی فەرمی بکەن. 

١٣. جگە لە کوردەکان، ئێستا لە ناو عەلەوی و مەسيحی و دروزەکان... نا ڕەزایەتی درووست بووە لە حکومەتەکەی جۆلانی. تەنانەت لەناو بەشێک لە عەرەبی سوننەی سوورياش ئەو ناڕەزایەتييە هەیە. بە درێژایی ساڵانی ڕابووردوو لە ناوچەی ئيدلب، کە جۆلانی حوکمی تيا دەکرد، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی هەبووە لە لایەن عەرەبی سووننەکانەوە. 

١٤. ڕاستە خودی جۆلانی هەموو هەوڵێک دەدات وێنەیەکی قبوڵکراو پێشانی جيهان و ئيسرائيل بدات بۆ ئەوەی حکومەت و دەسەڵاتەکەی قبوڵبکەن و دانی پێدا بنێن، گريمان جۆلانی هەموو ئەو هەوڵ و لێدوان و ئاماژانەی ڕاستن، بەڵام دەوروبەرەکەی و حکومەت و چەکدارەکانی پڕن لە خەڵکانی تيرۆريست و جيهادی کە بێ شەڕ و خوێن ناتوانن بژێن و گونجاو نين بۆ سياسەتێکی سەردەميانە. ئەمانە لەوانەیە کێشە بۆ خودی جۆلانی درووست بکەن و بە تورکيا و جۆلانی کۆنتڕۆڵ نەکرێن. ڕۆژانە ڤيديۆ و بەڵگە بڵاودەبێتەوە سەبارەت بە تاوان و تيرۆر و کارە قێزەوەنەکانی چەکدارەکانی جۆلانی. ئەم کارانە وردە وردە فاکتەری ناوخۆ ئامادە دەکات بۆ شەڕی ناوخۆ و تيرۆر و ناڕەزایەتی دژ بە حکومەتەکەی جۆلانی و نا سەقامگيری.