کۆتایی قۆناغی رۆشنبیری

خالیدی حاجی ئەحمەد

2023-02-02

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان و زۆر شوێنی تری رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، دوو گروپ دەستیان بەسەر زۆرینەی کایەکانی کۆمەڵگادا گرتوە. ئەو دوو گروپەش بریتین لە : 1- هێزە چەکدارەکان 2-کۆمپانیا گەورە و حیزبیەکان گروپەکانی تری وەک رۆژنامەنوس، سیاسەتوان، پاریزەران ، لێکۆڵەرەوان و مامۆستایان و نوسەران و ئەدیبان، یا لەخزمەتی ئەو دوو گروپەدان یا لە پەراوێزدا ژیان بەسەر دەبەن. زۆرینەی هاوڵاتیانیش ڕاکەڕاکیانە بەدوای بژێوی ژیان و گەر بکرێ کەمێ خۆشگوزەرانیدا. لەم نێوەندەشدا هەرچی (بیر و ئەندێشە) و (رۆشنبیری) و تەنانەت (ئازادی)شە، لەبیرکراون.

سەدەی رابوردوو، بەدەگمەن خوێندەوارێک هەبوو دەقی فەلسەفی نەخوێندبێتەوە. لە تۆکیۆوە بۆ هیندستان و میسر و بەرازیل و لە سودانەوە بۆ سلێمانی و هەولێر و پاریس و ستۆکهۆلم ، رۆمان و شیعر خوێندنەوە و بەسەرکردنەوەی قوتابخانە فیکری و سیاسی و ئەدەبیەکان، شانۆ و فیلم و بە شێوەیەکی گشتی؛ رۆشنبیری سیمای زاڵی کۆمەڵگابوو.

لەدوای جەنگی جیهانی دووەمیشەوە رۆشنبیران و نوسەران ئاڵاهەڵگری ئەو خەون و ئاڵگۆرانەبوون کە بانگەشەی ژیانێکی باشتریان بۆ مرۆڤایەتی دەکرد. لەم سەدەیەدا و بەتایبەت لە دەیەی رابوردوەوە، رەنگە عەدالەتی کۆمەڵایەتی و پرسی ژینگە تەنها ئەندێشەیەک بن بە زیندوێتی مابێتنەوە.

هەرچی بەها بەرزەکانی ترە، وەک (ئازادی سیاسی)، (دیموکراسی) و (پرسەکانی کۆمەڵگای مەدەنی) بە خامۆشی سپێردراون. لێرەدا بە چەند خاڵێکی درشت، ئاماژە بە چەند هۆکارێکی کەم دەکەین، لەوانە:

1 – لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە، نزیکەی ( 5 ) ملیارد کەس بە دانیشتوانی گۆی زەوی زیاد بووە. ئەم حەشاماتە بێشومارە، گوشارێکی گەورەی لەسەر حکومەت و حیزب و رێکخراوە نێودەوڵەتی و لۆکاڵیەکان دروستکردوە کە داواکاریەکانیان ڕەگی لە دابینکردنی ئاسایش و کار و خانوبەرە و تەندروستیدا داکوتاوە.

2 – بەرزبونەوەی ئاستی بژێوی ژیان و دابینکردنی لانی کەمی خۆشگوزەرانی، گوشارێکی ترە لەسەر خێزان و تاکەکان. ئەمڕۆ ئاسان نیە تەنها کەسێک لە خێزاندا کار بکات و بتوانێت بەختەوەرانە خێزانەکە ئیدارە بدات. گوشاری رۆژانەی پەیداکردنی نان، ئاڕاستەی بیرکردنەوەی تاکەکانی لە بەها گشتیەکانی کۆمەڵگاوە گۆریوە بۆ بیرکردنەوەیەکی ئابوریانە کە خۆی لە گییرفاندا دەبینێتەوە. لێرەوە ئیتر خوێندنەوەی کافکا و دەستایۆفسکی و مارکیز و شامیلۆ و هابرماز و پۆپەر و سارتەر، چ سودێکیان دەبێت گەر کات بە فیرۆدان نەبێت!

3 – لە سەدەی پێشوتردا، تەرز و شێوازی گوزەران وەک ئەمرۆ نەبوو. دەوترێت نزیکەی ( 4 ) ملیارد تەلەفۆنی زیرەک لە جیهاندا هەیە. ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان ( 18 بۆ 30 ) ساڵدایە رۆژانە ( 5 بۆ 7 ) کاژمێر بەدیار مۆبایلەکانیانەوە بەسەر دەبەن. ئەم هەموو سەرگەرمیەی مۆبایل و تابلێت و کەمپیوتەر دەیبەخشن، لە بەرانبەریشدا گوشاری ئابوری، خوێندنەوەی تۆلۆستۆی و شەکسپیر و بەختیار عەلی چ کەلێنێکی ژیان و گوزەران پڕ دەکەنەوە؟ لە کاتێکدا هەر پرسیارێکیشت بێتە بەردەم دەتوانی پەرەگرافێکی لەسەر بخوێنیتەوە و پێویستیت بە خوێندنەوەی کتێبێک نیە تا وەڵامێکی لێ هەڵهێنجی. بژێوی و لەزەت بردنێکی بەرفراوان لە ژیان، (داهاتی ساڵانەی تاکی) خستۆتە پلەی یەکەم و (پرسیاری فەلسەفی) و (ئایندەی کۆمەڵگا) و (چاکەی گشتی) لە بازنەیەکی تەسکدا قەتیس کردوە.

4 – لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی رابوردووە، ڕوخانی سۆڤیەت و بە ووتەی (رۆبیتانی کاکە زاڵ): ئیزافەبونی (چین) بۆ جیهان، کە پێشتر لە دورگەیەکی داخراو دەچوو، هەلێکی دا بەسەرمایەداری و بەربەستێکی لەبەردەمدا نەما. کۆمپانیا فرەنەتەوە زەبەلاحەکان پەلیان کێشا بۆ هەموو کون و قوژبنێکی جیهان و لە زۆرشوێندا کەوتنە بەزاندنی سنورەکان و لاوازکردنی پێکهاتە دەوڵەتیەکان کە بەرهەمی (ئاشتی ڤیستڤالیا) و هەرەسی ئیمپراتۆریەکان بوون. سۆڤیەت هەمیشە هەرەشە بوو بۆ سەرمایەداری، نە لەبەر باشی و دادپەروەریەکەی بەڵکو بەوەی بەدیلێک بو بۆ سەرمایەداری و بەردەوام لە جیهاندا دەکرا لاسایی بکرێتەوە.

نەمانی جێنشینێک بۆدنیای سەرمایەداری و نادادپەروەریەکەی، بەشێکی نەمانی ئەو خەیاڵدان و فەزایەش بوو کە دەکرا بیرکردنەوەی رەخنەییانە تێیدا ئازادانە خەونێکی جیاواز لە واقیع بخولقێنێ. کارەکتەرە سەرەکیەکانی ئەو خەونەش بە پلەی یەکەم رۆشنبیران بوون. براوەی ئەم گەمەیەش چوار گروپی بەهێز کرد کە لە ریشەوە دژ بە رۆشنبیرین بە مانا مەدەنیە جیهانیەکەی. ئەوانیش بریتین لە: 1 – ئاین و ئاینزا و تایفە ئاینییەکان. 2 – پۆپۆلیستەکان. 3 – لۆردەکانی جەنگ، کە ریشەیەکی کۆمەڵایەتی بەر لەسەرمایەدارییەکی گەشەسەندوییان هەیە وەک شێخ و سەید و ئاغا و بەگ و عەشیرەت و هۆز. 4- جەنەراڵەکان. ئاشکرایە لای زۆرێک لەم گروپانە، خوێندنەوەی تاگور و هایکۆی ژاپۆنی و هێگل و بۆرخس و ئۆرهان پامۆک نەک هەر لەزەت بەخش و بەسوود نین، بەڵکو زۆرجاریش مایەی ژانەسەرن. بۆیە ئاساییە لە پانتاییەکدا ئەم گروپانە لە رەوتدا بن، ئەهلی قەڵەم لە پاشەکشەدا بن.

ئەمرۆ پرسیارە جیدیەکانی ڕۆشنبیر بەرانبەر دەسەڵات و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیش بە چەند پەیج و تۆمەت و زیندان و نانبرین و تەنانەت سپاردنیان بە مەرگ، وەڵام ئەدرێنەوە. سەردەمێکی تری زێڕین بۆ رۆشنبیری لە داهاتودا دەکەوێتە قۆناغێکەوە کە ئەو گروپانە بە مێژوو بسپێردرێن.