بومەلەرزە و غەزەبی خودا

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-02-07

جیهانبینی و ڕوانینی دینی دەلالەتی ڕموزیی و سیمبۆلیکییان هەیە زیاتر وەک لە دەلالەتی واقیعیی و زانستیی و فەلسەفی. چەندە تێگەیشتن ڕموزی بێت بۆیان ئەوەندە مانادارن، ئەوەندە نائایدۆلۆژیی و جوانن چەندێکیش هەوڵ بدرێت لەگەڵ واقیع، زانستێکی نائارم و نەسرەوتووی گومانکەر، یان بۆچوونێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی کۆک بکرێن و بجەڕێندرێن ئەوەندە نالەبار وبێمانا و نەسرەوتوو دەردەکەون. ساتەوەختی جەڕاندنی دین لە ماناو ڕەمزەوە بۆ واقیع ساتەوەختی خەساندن و پاسیڤکردنی دینە لەو محتەوا زایەندەییەی کە دەبێت هەیبێت و مانا بە دیاردەکان بدات، ساتەوەختی دروستبوونی ئایدۆلۆژیای دینییە.

گەر بمانەوێت دین بە پێوەرەکانی زانست بپێوین دروست وەک ئەو مرۆڤەمان لیدێت کە دەیەوێت یاساکانی یاری باسکە بەسەر یارییەکی وەک تۆپی پێدا جێبەجێ بکات. لە باسکەدا دەست ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت بۆ یەکلایی کردنەوەی یارییەکە، بەڵام لە تۆپی پێدا هەمان دەست دەبێتە کوشندەترین هەڵەی یارییەکە، بەپێچەوانەوە پێیەکان لە باسکێتبۆڵدا هۆک و فاوڵن بەڵام لە تۆپی پێدا پێ یاری دروستدەکات.
 لە یارییەکی وەک تێنسدا کش مەلیک مانای نییە، هەروەکچۆن لە شەترەنجیشدا  سێرف و نێت بێمانان.
یاسا سروشتییەکان، غەزەب خودا، دین، زانست، ئابووری و سیاسەت یان ئیمان،  هەریەکەیان وەک باسکە و فتبۆڵ کۆمەڵێک دیاردە و ئێبستیمی epistem ی لێکجیاوازن، نەکردەیە یاساکانی یەکێکیان لەبەرژەوەندی ئەوی دیکە بجەڕێندرێت.

 ئەوەی دەبێت ئێمە بەهەندی وەربگرین ئەوەیە کە یاسا شرووشتییەکان و حەقیقەتی دینی لانی کەمی لەمڕۆدا دووشتی تەواو لێکجیاوازن، هەندێک جار تەریب و هەندێکجار دژی یەکترن. نابێت بەهیچ کلۆجێک حەقیقەتی دینی یەکسان بکرێت بە یاسا سرووشتییەکان، ئەو شتەی کە ڕوودەدات  مەرج نییە تەبا بێت بە حەقیقەتە دینییەکان و بە پێچەوانەشەوە. ئەمڕۆ ئێە بەهۆی ئەداتێکی وەک زانستەوە دەتوانین تەفسیرێکی باشترمان هەبێت بۆیاسا سروشتییەکان، باشتر لێیان تێبگەین، خاڵی لاوازیان دەستنیشان بکەین و بەسەریاندا زاڵ بین. زانست گومانپەروەر و حەقیقەت یەقین پەروەرە. بەو ئەداتانەی ئەمڕۆ زانست لەبەردستێتی کارێکی هەڵەو نالۆژیکییە یەقین و ئیمان تەقویەو تەغزیە بکرێن و ڕاستی و دروستی شتێکی یەقینی بسەلمێندرێت. نەکردەیە حەقیقەت بدەیتە دەست گومان بۆۆ ئەوەی بزانیت حەقیقەتە یان نا. زانست وەک هەندێک ئیدیعای دەکەن بێلایەنیش نییە، هیچ ئەپرۆچێکی زانستی بە مێشکێک و پێشگریمانەیەکی بێلایەنیانە مامەڵە ناکات.

 

 

گەر خانووەکەت لە دەوار و خێمە بێت ڕەشەبا دەبێتە ئافەت و غەزەبی خودا بۆت، لانەکەت دەشێوێنێت، بێ ماڵت دەکات بەڵام کاتێک دێیت لە ڕەشەباو سروشتەکەی تێدەگەیت، ئیدی خانوو لە چادر و خێمە دروست ناکەیت، لەخشت و قوڕ دروستی دەکەیت، ئەوسا ڕەشەبا نەک هەر غەزەب و مەینەتی و ماڵوێرانی نییە نییە دەبێتە سروە و بای شەماڵیش بۆت. ئەم باسە بۆ بومەلەرزەش ڕاستە، تەماشای جیاوازی ژاپۆن و تورکیا بکە!

 نابێت خۆمان بخەڵەتێنین و بەوە تەخدیری ئیمانی خۆمانبکەین گوایە زانست و ئیمان، یاسا سروشتییەکان و حەقیقەتی دینی هاودید و تەریبن. میتۆدی ئیمانی و میتۆدی زانستی ئەمڕۆ دوو شتی تەواو پێچەوانەن. زانست گومان دەداتە دەست گومان بۆ گەیشتن بە گومانێکی نوێ، زاڵبوونێکی نوێ بەسەر یاسا سروشتییەکاندا ،لەکاتێکدا ئیمان دەیەوێت ئینسان تەسلیمی حەقیقەتێکی تەواو موتڵەق بکات، پەردە دوای پەردەی یەقین دەدڕێت بۆ گەیشتن بە یەقینێکی گەرموگوڕتر. ئەمڕۆ هیچ زانستێک بەدوای حەقیقەتدا ناگەڕێت،  نە ئینکاری دەکات نە پشتگیرێتی، زۆرجار هەر بۆشی گرنگ نییە. لەسەرێکی دیکەوە لەوانەیە هەموو هەدەفێکی ئێمە لە ژیان حەقیقەت و گەڕان بێت بۆی ، بەڵام تەقە لەدەرگایەکی هەڵە دەدەین گەر لە دەرگای زانست و یاسا سروشتییەکان بدەین بۆ دۆزینەوەی.