کورد و قەیران ناسیۆنالیزمێکی بیناکراو لەسەر قەیران

مەعرووف حەسەن

2023-02-09

قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئێمە، لەپاڵ قەیرانە فیکری و فەرهەنگییەکانماندا، هەمیشە وەک سێبەر بەدوامانەوە بوون و بەشێک بوونە لە جەستەی نەتەوەیی ئێمە، تا ئاستێک ئەگەر هەر چەند ساڵ جارێک قەیرانێکمان بۆ نەخوڵقێندرێت، یان خۆمان ئەو قەیرانە دەخوڵقێنین، ڕەنگە کوردبوونمان بیربچێتەوە. بۆ ئەمەش، گرفت لەوەدا نییە کێ ئەو قەیرانە دێنێتە بوون، دوژمن یان سروشت، گرنگ ساتەوەختێک هەبێت مەزڵومیەتی خۆمانمان بەردەوام بۆ بەرهەمبێنێتەوە، مەتڕیالیزەی تێگەیشتنی ڕەمزیانەی خۆمانمان بۆ بکات، کە تێگەیشتنێکە لەسەر چەوسانەوە، ئەنفالکردن و ئاوارەکردن بیناکراوە. گرنگ ماوە ماوە وێستگەیەک هەبێت تێیدا، غەمگینی دۆخی تاکەکەسی خۆمان تێكەڵ بە غەمگینی تەواوی جەستەی کۆمەڵایەتی خۆمان بکەین، واقع ببەستینەوە بە هێزێکی نادیار و سەروو هێزی مرۆڤ خۆی تا لە وێوە، داوای بەزەیی لە مرۆڤەکانیتر بکەین.

بۆیە، لە مێژووی دوور و نزیکی ئێمەدا، ئەگەر شتێک بە زەقی و ئاشکرا بتواندرێت ببینرێت، ئەوا قەیرانە هەمەجۆرەکانن لە بواری جیاواز جیاوازی ژیانی ئێمەدا، ئەو ناوەندانەن کە بوونەتە شانۆی دادگاییکردن و ڕیسواکردنی ئێمە لەلایەن ئەوانیترەوە. لێرەوە، قەیران بووە بەو هێزە کاریگەرەی کە توانیویەتی بەشدارییەکی کارا بکات لە پڕۆسەی (خۆناسینی) ئێمەدا، بووە بەو خاڵە سەنتڕاڵەی هەموومانی بە دەوری خۆیدا ڕیزکردووە بە جۆرێک کە، بووەتە بەشێکی دانەبڕاوی بوونی ڕەمزییانەی ئێمە، هەیمەنەی بەسەر هەموو ڕەهەندەکانیتری بەیەکەوەبوونی ئێمەدا هەیە، دواجار بوەتە ئەو جەبرەش کە لە ئەگەری جیاکردنەوەی لە ئێمە، شتێکمان نامێنێتەوە پێشکەشی بکەین بە دنیا.

قەیران، لە ڕوانینە قووڵەکەیدا، دەکرێت ساتێکی هۆشیاری و بەئاگاهاتنەوە بێت، دەکرێت ببێتە ئەو وێستگەیەی کە کۆمەڵگا، بەهەموو هێزە جیاواز و کایەکانییەوە، بڕیاری بەخۆداچوونەوەیەکی ڕیشەیی بدەن.

بەڵام خۆ قەیران دەکرێت خولقێنەری ڕەوت، بزووتنەوە و هێزی کاریگەر بێت لە ئاستە جیاوازجیاوازەکانی ژیاندا، دەکرێ هەڵهێنەری ئایدیای نوێ و شێوازی ڕوانین و تێگەیشتنی نوێ بێت بۆ دنیا و بۆ شتەکان. بەڵام لە دۆخی ئێمەدا، چونکە قەیران هەمیشە بەستراوەتەوە بە ئەزموونی بەریەککەوتنی مرۆڤ و قەدەر، مرۆڤ و خودا، مرۆڤ و ڕاستییەک کە پڕە لە کۆمەڵێک ناخۆشی پێشتر بڕیارلەسەردراو، نەک مرۆڤ و کێبڕکێی دەستگەیشتن بە پێدراوەکانی سەردەم، نەک مرۆڤ و هەوڵدان لەپێناو بەکارهێنانی هێزی عەقڵ و هەموو ئەو شتانەیتر، کە پێکەوە و بەسەریەکەوە ئەزموونی دنیاییانەی ئێمە دەوڵەمەند دەکەن، بۆیە مرۆڤ هێندەی مشکێکە لەناو تاقیگەی گەورە و لەبن نەهاتووی ئاسمان، هێندە کاراکتەرێک نییە بتوانێت لە شتەکان ڕابمێنێت و بیریانلێبکاتەوە، لەبەرئەمەشە هیچ کات قەیرانمان نەکردۆتە ساتەوەختێک بۆ بیرکردنەوە لە خۆمان و لە شێوازی ئامادەگی سیاسییانە و کۆمەڵایەتییانەی خۆمان لەم ناوچەیە دا، وەیان بیکەین بە ساتەوەختێکی ڕەخنەگرانەی قووڵ و ڕادیکاڵ لە خۆمان و لە چۆنیەتی ئامادەگیمان لێرە. بۆیە ئەو فرمێسکەی لە ئەنفال و کیمیاباران بە جێماوە و دەرفەتمان نەبووە بیڕێژین، لە شوێنێکیتر و لە قەیران و کارەساتێکیتر دا دەیڕێژین، ئەگەر دەرفەت نەبووە لە ئاوارەییدا بیڕێژین، دەتوانین لە کۆڕەودا بیڕێژین...

قەیران، لە ڕوانینە قووڵەکەیدا، دەکرێت ساتێکی هۆشیاری و بەئاگاهاتنەوە بێت، دەکرێت ببێتە ئەو وێستگەیەی کە کۆمەڵگا، بەهەموو هێزە جیاواز و کایەکانییەوە، بڕیاری بەخۆداچوونەوەیەکی ڕیشەیی بدەن. بەداخەوە قەیرانەکانی دنیای ئێمە خالین لەم بەخۆداچوونەوانە و لەو بەئاگا هاتنەوانە. بۆیە هەرکە قەیرانێکی سروشتی ڕوودەدات، ئیدی جەستەی نەتەوەیی ئێمە دەکەوێتە هەوڵی خۆ-یەکخستنەوە، وانیشاندەدات کە هیچ نەخۆشییەکی نییە و مەیلێکی بەهێزی هەیە بۆ تەواوی ئەندامەکانی لە هەر شوێنێکی دنیا. بەڵام تەریبیش بەو مەیلە، جەستەیەکی بێدەنگ و تەمبەڵە لە ئاست ئەو قەیرانانەی دوژمنەکانی دەیخوڵقێنن بۆی.