بومەلەرزە…لێدانی جەڵتە لە سینگی زەویدا !!

محمد خۆشناو

2023-02-11

بومەلەرزە شەڕێکی ڕەهایە ، ئەوەی بەسەر تورکیا و سوریا و ناوچە کوردستانیەکانی هەردوو وڵات هات بەرجەستەبوونی هێز و غەزەبی سرووشت بوو ، ئێمە لەنێو حاڵەتی تووندی سرووشتداین ، ئەوەی ڕوویدا هەزاران کەس بۆ چەند چرکەساتێک کەوتنە ناو دۆزەخ و زەوی لەژێر پێیاندا دەلەرزی ، لە بومەلەرزەدا هەموومان لەناو دۆزەخێکداین…ئەدیبێکی خۆرئاوایی دەڵێت : بومەلەرزە وەک سەکتەی دڵ لەنێو سینگی زەویدا دەمێنێت تا لێدانی خۆی بێئاگادارکردنەوە لێدەدات و جارێکی تر سەرلەنوێ لێدەداتەوە . کەواتە ئادەمیزاد هیچ ئۆنێکی تری لەبەردەمدا نیە تەنها هاوکاری و پێشکەشکردنی هەموو یارمەتیەک بۆ لێقەوماوان و وەستان لەسەر پەیوەستکردنی هەموو شتێک بە سیاسەت ، چونکە لەکۆتایدا قوربانیەکان مرۆڤن و نابێت ملکەچ بکرێن بۆ هەڵبژاردەکانی خوێن و ڕەگەز و ڕەنگ .
ئەم بومەلەرزەیە سەراپای هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی و سیاسی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی هەژاند و ، بەکۆمەکی خێرخوازی و هاوکاری و ناردنی تیمی فریاگوزاری بەشداری ئەم کۆستە گەورەیەیان کرد ، لێرەوە مەعدەنی وڵاتان و کەسەکان بەدیاردەکەوێت ، ئەمە ئەوەش دەگەیەنێت کە لەڕووداوە تراژیدیاکاندا جیاوازیەکان نامینێن و خەڵک ئەوەی بیردێتەوە کە یەک جۆرن و ئەو جیاوازی جوگرافیا و سنوور دوور دەکەونەوە و بڵاوەی لێدەکەن و سنوورەکانی سیاسی و خیلافی نێوان وڵاتان دەکەویت و جیاوازی و قەیرانەکان پەرش دەبن و ، ئەو شورا گەورانەی کە لەلایەن ڕێبەرە سیاسی و سەرکردە سەربازی و پیاوانی ئایینی دروستکراوە لادەبردرێن ، نازانم تەبعی مرۆڤ بۆچی وایە کە لەمەرگەساتەکاندا هەستەکانمان یەکدەگرن ؟!
جێی خۆشحاڵی بوو کە هەرێمی کوردستان هەر زوو گەیشتە ئەوێ بۆ پێشکەشکردنی ئەرکی بەهاناوەهاتن و هاوکاری ئەمە پێتدەڵێت ، کە کاری مرۆیی فەریزەی سیاسی و ئەخلاقیە کە ئەمەش بەشێکە لە میراتی دوور و دریژی میللەتی کورد .
لەم کارەساتەدا زیانی گیانی زۆر بوو کە بەنرخ تەقدیر ناکرێت و زیانی ئابووری بارگرانایەکی تر دەخاتە سەر ئابووری تورکیا و ، زۆربەی قوربانیان خزم و ماڵ و خانوو و ئایندەیان لەدەستدا ، بەڵام لە سوریا دۆخێکە هەر ماڵوێرانیە ، لێکەوتەکانی جەنگ و ململانێ بەشێکی زۆری ئەو وڵاتەی خاپوور کردووە ، کە بەداخەوە دەبێت خەڵکەکەی نرخی جەنگ و نرخی بومەلەرزە بدات ، ئەمانە زیاتر ئەو خەڵکەن کە پێویستیان بە هاوسۆزی و پاڵپشتی و هاوکاری هەیە.
هەر سەبارەت بومەلەرزەکە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لە سۆشیالمیدیا و لەناو خەڵک کە خۆم گوێم لێبوو باسی هەندێک خەرافاتان دەکرد ، گوایا ئەم بومەلەرزەیە ئاراستەکراو بووە و دروستکراوە ، جێی داخە لە زەمەنێکدا کە پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژیا لە ئاستێکی بەرزدایە کەچی ئەو جۆرە خەرافاتانە بڵاوبکرێنەوە !!  خەرافات زۆر ترسناکترە لە بومەلەرزە .