نەخۆشی شەکرە لەناو منداڵاندا ڕوو لە هەڵکشانە

د. ئەسرا کەمال

2023-02-18

ئەوەی کە دەیبینم و دەیبیستم لە کلینیک و لە چواردەورم زۆربوونی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بە شەکرەوە دەناڵێنن زۆر ترسهێنەرە و دەبێت خێزانەکان زۆر ئاگاداری نیشانەکان و هۆکارەکانیش بن! 

لە ڕووە زانستییەکەوە؛ ئەوەی کە لە گایدلانە پزیشکییەکاندا هەیە بە تایبەتی روودانی ئەگەری تووشبوون بە شەکرەی جۆری ٢  لینک کراوەتەوە بە خراپی شێوازی ژیان و کەمی چالاکی و خواردنی خراپ ( پر لە شەکر) و خەوی خراپ. کە بەداخەوە دەیڵێم زۆربەی ئەو خاڵانەی سەرەوە لە زۆربەی مندال و گەنجەکانماندا بوونی هەیەو هەر بۆیە بە پێی داتا جیهانیەکان دروستبوونی شەکرەی جۆری ٢ لە منداڵ و گەنجەکانمان روو لە هەڵکشانە و کە ئەمەش ئامارێکی مەترسیدارە! کە پێشتر ئەم جۆری شەکرەیە لە سەروو تەمەنی ٤٠ زیاتر ئەگەری روودانی هەبوو! 

روودانی شەکرەی جۆری ١ کە زیاتر لە منداڵاندا دەردەکەوێت ( لە گەورەشدا هەیە بەلام بە رێژەی کەمتر)، ئەم جۆرە شەکرەیە بە پێی داتا جیهانیەکان راستەوخۆ لینک نەکراوەتەوە بە شێوازی ژیان و خواردنی خراپەوە، بەڵکو چەند هۆکارێکی تری هەیە، کە هەندێک کات هۆکارەکەش نەزانراوە! 

بەڵام لەگەل ئەوەشدا هەندێک لە توێژینەوەکان شیکاریان بۆ کردوە کە رەنگە خواردنی ناتەندروستیش هۆکارێکی ناراستەوخۆ بێت بۆ دروستکردنی شەکرەی جۆری یەک ( چونکە خواردنی پر شەکر و نا تەندروست گوشارێکی زۆر لە سەر خانەکانی پەنکریاس دروست دەکەن و لە ئەنجامدا رەنگە خانەکان ووردە ووردە لە کار بکەون و ئیش نەکەن و توانای دەردانی هۆرمۆنی ئەنسۆلینیان نەبێت، هەربۆیە پزیشک ناچار دەبێت کە دەرزی انسۆلین بۆ مندالەکە بنوسێت لە رۆژێکدا چەند جارێک ئەمە بێجگە لە ئەو هەموو فەحسی شەکرەیەی کە دەبێت رۆژانە بکرێت بۆ ئەو مندالە بۆ زانینی بەرزی و نزمی ئاستی شەکرەی منداڵەکە!) هەر بۆیە من لە پێشتریشدا لە ڤیدۆیەکی یوتوبدا ئاماژەم بەوە کردووە کە ئەو کیسە چوکلێت و بسکیتەی ئەیهێنیتەوە بۆ منداڵە بچوکەکەت چەند مەترسیدارە و چۆن لەوانەیە لە ئەنجامدا ببێت بە زەهر و ووردە ووردە ئەندامەکانی جەستەی مندالەکەت زەرەرمەند بکەیت.

بۆیە تکایە خێزانەکان زیاتر ئاگاداری ئەوە بن کە چی دەدەن بە منداڵەکان چونکە ئەندامەکانی لەشی منداڵەکەت بە تەواوی پێنەگەشتوە و رەنگە ئەو خواردنە خراپەی کە رۆژانە دەیخۆن زیاتر مەترسی هەبێت لە سەر جەستەی منداڵەکەت وەک لە خۆت! 

گرنگە ئەم نیشانانە بناسیتەوە لە منداڵەکەتدا، ئەگەر هەستت پێکرد ئەوا دەبێت دلنیا بیتەوە لە ئاستی شەکر لە خوێنی مندالەکەتدا:
- زیادبوونی هەستی تینوێتی 
- زیاتر میزکردن لە جاران، هەندێک کات جێگەی تەر دەکات و میزدەکات بە خۆیدا، لە مندالێکدا کە پێشتر ئەوەی نەبووە! 
- زیاتر برسی بوون لە جاران و هەستکەیت کە زۆر زیاتر 
دەخوات لە پێشتر.
- خواردنیشی باشە و کێشی بەردەوام دادەبەزێت.
- هیلاکی و بێ تاقەتی بەردەوام.
- بۆنێکی تایبەت لە دەمیەوە دێت کە پێشتر نەیبووە.