رۆژی لێپرسینەوە لە محمد شیاع سودانی

ئەلەند مەحوى

2023-02-19

بەپێی راپرسیەک کە دامەزراوەی (IIACSS Group) ئەنجامیداوە، محمد شیاع سودانی (٦٠٪) توانای ئەوەی هەیە کە سەرکەوتووبێت لە ئەرکەکانی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەپێی هەڵسەنگاندنی (100) رۆژی یەکەمی کابینەکەی.

سودانی هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە رووبەرووی ئەرکی زۆر گەورەبووەوە، هەر لە (قورسی وەرگرتنی پۆستەکەی و ئاڵۆزی پێکهێنانی کابینەکەی و هێرشە درۆنی و موشکیەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە سەرووی هەمووشیانەوە دابەزینی بەهای دینار).

ئەمەی دواییان ئاڵۆزترین گرفت بوو کە خرایە بەردەستی ساودانی، بەو پێیەی لە ٢٠١٨ وە ئەمریکا دەیەوێت چاکسازی لە سیستمی دارایی و بانکی عێراقدا بکرێت، بەڵام "هیچ کام لە سەرۆک وەزیرانەکانی پێشووی عێراق بۆ ئەم ئەرکە ئامادە نەبوون".

ساڵی ٢٠١٨ شاندێکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد، لەگەڵ حکومەت و کەرتی تایبەت کۆبوونەوە و سزاکانی ئەمریکایان بۆ سەر ئێران روونکردەوە.

ئەمریکا لەو کاتەوە دەیەوێت دەروازەکانی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی دۆلار و نەوت و زێڕ لەگەڵ ئێران دابخات، بەڵام دیارە ئەمریکا پێویست بوو لەم کاتەدا ئەم چاکسازیە بکرێت، بۆ ئەوەی بە تیرێک ئێران و رووسیاش ببڕێت. ئێستا بە روونی هەست پێدەکرێت کە سودانی تا ئاستێکی باش لەو ئەرکانەیدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام سودانی ئەرکی زۆر گەورەتری لە پێش ماوە، بەتایبەتی دەرکردنی هەردوو یاسای بودجەی ٢٠٢٣ و یاسای نەوت و گاز، کە لە هەردووکیاندا پێویستە لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت. ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە سودانی لەم دوو ئەرکەش چانسی سەرکەوتنی هەیە، ئەمەش لەبەر سێ هۆکاری بەهێز. *پاڵپشتی و فشاری ئەمریکا بۆ رێککەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر هەردوو یاساکە. *بێدەنگی و راگرتنی فشارەکانی موقتەدا سەدر و لایەنگرەکانی لەسەر کابینەکەی سودانی.

* کەمی فشار و رێگریەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر محمد سودانی لە ئەنجامدانی چاکسازیەکانی و ئەنجامدانی بەرنامە و پلانەکانی. سەڕای هەموو ئەمانەش هێشتا زووە بڕیار لە سەرکەتنی کابینەکەی محمد شیاع سودانی بدرێت، بەو پێیەی (ئەمریکا و ئێران) زۆر بە سانایی دەتوانن بەرەوپێشچوونەکانی سوودانی بووەستێنن.

بە دڵنیاییەوە هێشتا دۆسیەی چاکسازی لە سیستمی دارایی و بانکی عێراق بە تەواوی نەگەیشتووەتە رێکەوتن، بەڵکو بانکی ناوەندی ئەمریکا هێشتا چاودێری عێراق دەکات، کە تا چەند پابەند دەبێت بەو بەڵێنانەی کە داویەتی، سەبارەت با راگرتنی ناردنە دەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی نەیاری ئەمریکا و رێگری کردن لە سپیکردنەوەی دراو.

لە راستیدا ئەمریکا داواکاری زۆر گەورەتری لە سودانی هەیە، هەر لە رێگری کردن لە دەستێوەردانی ئێران، تا چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی و رێکەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور... ئەوەی پەیوەندی بە بێدەنگی ئێران هەیە، لە رێگری نەکردنی سودانی لە هەنگاوەکانی، بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەر خۆی ئێران پێی وایە سودانی ناتوانێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات کە بە ئەمریکای داوە، بۆیە تا ئاستێکی زۆر ئێران دەرفەوتی بە سەرۆک وەزیرانەکەی شیعەکان داوە، تا ئەو شوێنە هەنگاو بنێت کە زیانی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران نەبێت. کاتێکیش هەنگاوەکان زیانی بە ئێران گەیاند، بە دڵنیاییەوە سودانی رادەگرن.

ئەم قسەیە بۆ موقتەدا سەدریش راستە، کە وەک و دێوەزمەیەک وایە بەسەر سەری سەرۆک وەزیرانەکەی (چوارچێوەی هەماهەنگی)، سەدر هەمان ئەو دەرفەتەی بۆ سودانی رەخساندووە تا چەند مانگێک لە کارنامەکەی پەیڕەو بکات و دواتر لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات. کەواتە دەتوانین بڵێین ناتوانرێت ئێستا محمد سودانی بە سەرکەوتوو لە قەڵەم بدەین، چونکە لە راستیدا هەموو لایەنەکان دەرفەتیان پێی داوە لە ماوەی چەند مانگێکدا ئەسپی خۆی تاوبدات، رەنگە ئیتر رۆژی لێپرسینەوە و ئاستەنگەکان و رێگرییەکان دەستپێبکەن.