‎هەرێمی کوردوستان لە لێواری هەڵدێردا

عومەر عەلی موحەمەد

2023-02-19

پاش ئەوەی وتارێک لە ڕۆژنامەی (الصباح) ی عێراقی
 بڵاوبوەوە بەناوی(ئایا حکومەتی هەرێمی کوردوستان هەڵدەوەشێتەوە؟) لە ئەم وتارەشدا پشتی بە ڕاپرسیەک بەستبو کە دەڵێت زۆرینەی دانیشتوانی هەرێم داوای پەیوەست بونەوە بە حکومەتی فیدڕاڵیی دەکەنەوە .هەردوای بڵاوبونەوەی ووتارەکە حکومەتی هەرێم بەیاننامەیەکی دژ بەو ڕۆژنامەیە دەرکردوو جەختی لەوە کردەوە کە زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێم پشتگیری حکومەتی هەرێم دەکەن
 و هەرگیز بەوجۆرە گوتارانە کاریگەر نابن. لە ڕاستیدا ئەم ووتارەی ڕۆژنامەی (الصباح) تەنها ئاگادارکردنەوە نەبووە بۆ بەخەبەرهێنانەوەی حکومڕانانی هەرێمی کوردوستان، بەڵکو پێشتریش نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێڕاق لە چەندان بۆنەدا و  قونسوڵی ئەمریکاش لە هەرێمی کوردستان بۆ دوایەمین جار حکومڕانانی هەرێمی کوردستانیان ئاگادارکردەوە. لە لایەک باسیان لە خراپی دۆخی ڕۆژنامەنوسان کرد، لەلایەکی تریش باسی لە دۆخی ناهەمواری مافەکانی مرۆڤ و فراوانبونی کایەکانی گەندەڵی کرد . هاوپەیمانانیش کە لە ئێستادا مانگانە بە بڕی ٤٥٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، یەکێتی و پارتیان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەوان هێزی ٧٠و ٨٠ یان ناوێت بەڵکو هێزی ١٥٠یان دەوێت، ئەمە و زۆرینەی قونسوڵی وڵاتانئەوروپیش یەکێتی و پارتیان ئاگادارکردۆتەوە لە خراپی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ململانێی ناشەریفانەی نێوان یەکێتی و پارتی و گەشە کردنی گەندەڵی بۆ ئاستێکی ترسناک . هەموویان جەختیان لەوە کردۆتەوە کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بەغداد ئاسایی بکەنەوەو لەسەر دۆسیەی نەوت و غازیش ڕێکبکەون. ئەمە سەڕەڕای ئەوەی لە ناوخۆشدا بە بەردەوامی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکان و میدیاکاران و ڕۆژنامەنوسان هۆشداری دەدەنە حکومڕانان، کە ئەگەر دۆخی حکومڕانی بەم جۆرە بڕوات چارەنوسی هەرێمی کوردستان باش نابێت .بەڵام حکومڕانانی هەرێم لە جیاتی گوێ گرتن بۆ ئەو ڕەخنەو پێشنیارانە و بەهەند وەرگرتنی ئەو مەترسیانەی کە لە ئێستادا ڕوبەروی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، زۆر بێباکانە مامەڵە دەکەن و گوێ بە هیچ لەو ئاگادارکردنەوانە نادەن، وەک کورد دەڵێت ،ئەوان وادەزانن (نە با هەیە نە باران). لە ڕاستیدا ئەم دۆخەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. وەک ئەو دۆخەیە کە حکومەتی ئەفغانستان پێش ٢٠٢١ تیایدا بوو. چونکە ئەوانیش بە هەمان شێوە لەو بڕوایە دابوون کە هەرگیز ئەمریکا  پشتیان بەرنادات و کۆمەکیەکانیان نابڕێت، بە بیانوی ئەوەی ئەوان دژبە بزوتنەوەیەکی تیرۆرستی وەک تاڵیبان شەڕ دەکەن. ئەمریکیەکان دواجار لە ساڵی ٢٠٢١دا بڕیاریان دا پشتی حکومەت بەر بدەن و تەنانەت دان بنێن بە ئەو حکومەتەشدا کە تاڵیبان دروستی کرد. چونکە بە درێژای ٢٠ساڵی حکومەتی ئەفغانستان ئەمریکا ٨٨ ملیار. دۆلاری لە مەشق و ڕاهێنانی سوپا و کڕینی چەک بۆ ئەفغانستان خەرچ کردبوو . ژمارەی هێزی بەرگری لە ئەفغانستان نزیکەی ٣٠٠٠٠٠ سەرباز و پۆلیس بوو. بەڵام لەم ژمارە کەمێکیان لە ئەرزی واقعدا بونیان هەبوو. گەندەڵی جەستەی حکومەتی داڕزاند بوو. بەرپرسان ئاگایان لە ژیانی خەڵک نەما بوو دۆخەکە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان بوو. لە زۆر ڕوەوە کوردستان ئێستا خراپ ترە لەو وەزعەی کە لەوێ هەبوو  لە ڕووی نەبونی ئاو ،کارەبا،قەیرانی کەرتەکانی پەروەردەو تەندروستی و ژینگە،ناشەفافی لە بواری نەوت و غاز و هەموو سەرچاوە داراییەکان .دواجار ئەمریکیەکان بڕیاریاندا واز لە ئەم حکومەتە بهێنن و وەک دیفاکتۆ مامەڵە لە گەڵ حکەمەتەکەی تاڵیباندا بکەن.دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ئێستادا زۆر خراپترە لە ئەو دۆخەی کە لە ئەفغانستاندا هەبوو. چونکە بەهێزترین فاکتەر بۆ مانەوەی هەر حکومڕانیەک بریتیە لە هێزی جەماوەر و خەڵک  ئەگەر ئەو هێزە لە دەست بدات هیچ شتێک نیە ڕای بگرێت و بیهێڵێتەوە . لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزمترین ئاستی متمانەی جەماوەردایە، خەڵک بڕوای بە هیچ جومگەیەکی ئەم حکومڕانیە نەماوە، لە بەر ئەوە دەست بۆ هەموو چڵە پوشێک دەبات ڕزگاری بکات . کە نزیکترینیان حکومەتی فیدڕاڵیە. لە بەرئەوە حکومڕانانی هەرێم پێویستە بە خۆیاندا بچنەوە. هاوڵاتیان ئاشتبکەنەوە. ئەوەش بە گەڕانەوە دەبێت بۆ بنیاتنانی حکومەتی چاک. خۆ ئەگەر ئەو کارە نەکەن دڵنیابن. کە هەرەسی حکومەتی هەرێم لە ئانو ساتدایە بەرپرسیاریەتیەکەشی هەمووی دەکەوێتە سەر شانی یەکێتی و پارتی.