من بازرگانی کەلوپەلی خەراپی خۆراکم !

محمد خۆشناو

2023-03-04

من یەکێکم لەو بازرگانانەی کە خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوو دەهێنم و ، دەشزانم سبەی تا ئێوارە بەر جوێن و نەفرەت دەکەوم و جێی سکاڵای هەموو ماڵێکم .
ئەوە منم خەڵکێکی زۆرم دووچاری جۆرەها نەخۆشی و نەخۆشی ترسناک کردووە و ، ماوە نا ماوە مەرگی هاوڵاتیان لە منداڵ و گەنج و پیر دەدوورمەوە ، ئێمەی بازرگانی خۆراک .
من لێرە هەر باسی خۆم ناکەم ، بەڵکو هەموو ئەوانەی کە لە بوارەکەی مندا کاردەکەن دەناسم و ، دان بەوە دەنێین کە ڕۆلمان هەبووە لە تیکدانی تەندروستی هاوڵاتی ، ئێمە پێشتر ئەوە دەزانین کە خۆراکەکان خەراپن و کاریگەری خەراپی لەسەر هاوڵاتی دەبێت .
من هەندە باکم بە بەرنامەی تەلەفزیۆنی لەسەر خۆراکی خەراپ و قسە و قسەڵۆکی خەڵک و ووتاری نوسەران نیە کە جەدوایان نیە ، ڕوخساری من تابلۆیەکی هەمەڕەنگی چاوچنۆکی و قۆرخکاری و قۆستەنەوە و گەمەکردنە بە نرخەکان  .

دەبێت خەڵک ئەو شاهێدیەم بۆ بدات ، کە ئێمەی بازرگانانی کەلوپەل هەر بەتەنیا نین ، ئەدی بەو گەورە فەرمانبەرانە دەڵێن چی ! کە بەرتیلیان دەدەینێ و ، ئەگەر بازرگانێکی گەندەڵ هەبوو چاک بزانە لەبەرانبەریدا فەرمانبەرێکی گەندەڵ و چاودێریکی گەندەڵ هەیە .


من لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگ و قەیران و کارەساتەکان دەگەشێمەوە ، ئای ئەوە چ موچوڕکێکی خۆشیە کە بە لەشم دادێت کە بینیم جەنگێکی گەردوونی و زەوی لەکاتی هەناسەدانیدا  ژان و تووڕەیی تووند لە بومەلەرزە و لافا و تسۆنامی لە دەمیدا دەردەدات ، وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین کە دەیان وڵات دووچاری هەژاری و برسێتی  و هەڵاوسان بۆتەوە .
دەبێت خەڵک ئەو شاهێدیەم بۆ بدات ، کە ئێمەی بازرگانانی کەلوپەل هەر بەتەنیا نین ، ئەدی بەو گەورە فەرمانبەرانە دەڵێن چی ! کە بەرتیلیان دەدەینێ و ، ئەگەر بازرگانێکی گەندەڵ هەبوو چاک بزانە لەبەرانبەریدا فەرمانبەرێکی گەندەڵ و چاودێریکی گەندەڵ هەیە .
من شارەزایەکی باشم هەیە و لەناوەوە بەهێزم و ناڕوخێم بۆیە بە ئازادانە ئەوە دەکەم ، هەمیشەش نزا دەکەم کە ئەو بایەعەی کە حکومەتی عیراق دەینێریت نەمێنێت ئەنجا دەمانزانی چ بازاڕێکمان دەبوو و چۆن دەچووینە کەشکەڵانی ئاسمان  ! وا مانگی ڕەمەزانیش هات بۆ ئەمبارکردن و بەرزکردنەوی نرخی کەلوپەل ، بەڕاستی مانگێکی بە پیت و بەرەکەتە .
بەداخەوە چڵیسی و چاوچنۆکی مرۆڤ واکردووە کە هیج شتێکی ساغ و تەندروست نەمێنێت و ، بەمانا ئایینەکە حەڵاڵ و حەرام تێکەڵ بووە و ، لەمیژوودا زۆر چیڕۆک هەن بۆ ئەو گەلانەی کە حەرام ڕووخاندوینی و گەڵانی تریش کە بەحەلال ژیایە و کەڕامەت و دادی هەڵبژارد ، ئەوەی بەسەر گەلان دێت بەسەر کەسەکانیش دێت ، لەو سەردەمەی ئێستا حەرام بۆتە ڕەفتارێکی قبولکراوی ئاسایی کە لەهەموو شتێکدا دەیبینیت ، خەراپترین زەمەن ئەو زەمەنەیە کە ئاڵای حەرام هەڵبکەیت و حەلال ببیتە شتێکی نامۆ  ، ئەمە هەرەسێکی گەورەی  ویژدانی و ئەخلاقیە و دەبێت دەسەڵات بەجدی چاکسازی و پێداچوونەوە بکات .