لە مولازم عومەرەوە بۆ مەسعود بارزانی

سالار مەحمود

2023-03-05

بەهۆی ئەوەی کە لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕیندا، دزی و تاڵانییەکی زۆر لە فەرمانگەو هەندێک شوێنی گشتی شاری سلێمانیدا ئەنجام دراوە، مولازم عومەر نامەیەک بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت و داوای لێدەکات کە لە ڕادیۆوە بەیانێک دەر بکات بۆ ڕاگرتنی ئەو فەرهودوو تاڵانکارییەی کە ئەنجام دەدرێت.

لە پاش ڕاپەڕین و نەمانی دەسەڵاتی بەعس لە هەرێمی کوردستان، زۆرینەی دام و دەزگاو کەلوپەلی فەرمانگە حکومییەکان، کەوتنە بەر شاڵاوی تاڵانکاری و وێرانکردن و سووتاندنەوەو پرۆسەی تاڵانکاری و وێرانکارییەکە تەنانەت قوتابخانەو نەخۆشخانەکانیشی گرتەوە.

لە ۹ ــ ۳ ــ ۱۹۹۱، واتە دوو ڕۆژ لەپاش دەستپێکردنی ڕاپەڕینی پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان لە سلێمانی دژ بە ڕژێمی بەعس، مولازم عومەر عەبدوڵا کە ئەو دەمە بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووەو لە ڕاپەڕینەکەدا بەرپرسیارێتی باڵای هەبووەو ڕۆڵی گەورەی گێڕاوە، نامەیەک بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت و داوای لێدەکات کە بە زوویی لە ئێزگەوە بەیانێک دەر بکات و داوای ڕاگرتنی ئەو تاڵانییە بکات کە دەستی پێکردووە.

 

ئەوکاتەی کە مولازم عومەر نامەکەی بۆ مەسعود بارزانی نووسیوە، بارزانی سەرۆکی " بەرەی کوردستانی" بووەو بەرە سیاسیی و چەکدارییەکە لە " پارتی و یەکێتی و حیزبی سۆسیالست و پاسۆک و پارتی گەل و حیزبی شیوعی" پێکهاتبوو.

لەناورۆکی نامەکەشەوە دەردەکەوێت، کە مولازم عومەر لە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ دا بەرپرسیارێتی هێزەکانی بەرەی کوردستانی لە ئەستۆدا بووە بۆ ڕزگارکردنی سلێمانی و دەوروبەری و هەر لەو ڕوانگەیەشەوە نامەی بۆ سەرۆکی بەرەی کوردستانی ناردووەو لە بارودۆخی سلێمانی ئاگاداری کردووەتەوە.

لەو نامەیەدا کە بۆ مەسعود بارزانی ناردووەو لە کتێبی " بروسکەنامە"دا بڵاوکراوەتەوە، مولازم عومەر لە خاڵی یەکەمی نامەکەیدا بۆ مەسعود بارزانی نووسیوەو دەڵێت:" هەردوێنێ معمەلی جگەرەو بەنزینخانەو دائیرەی تەربیەو بینای حەسیب ساڵح و مەتعەم ئەبوسەناو کۆمەڵێک دەوائیریتر تاڵانکران و سوتێنران، ئەوراقی دائیرەکان بە ئەمنیشەوە سوتێنراوە، هەروەها بەشێک لە شتی خەستەخانەکان تاڵانکراوە".

لە نامەکەیدا بۆ مەسعود بارزانی، مولازم عومەر ئەوەشی پێدەڵێت کە تەنها یەک ڕۆژ لەپاش دەستپێکردنی ڕاپەڕین و ڕۆژێک بەر لە نووسینی ئەو نامەیە، نزیکەی ۱۰۰ کەس لەناو شاردا، لە لایەن خەڵکەوە هێرشیان کراوەتە سەرو کوشتوونیانن و هەندێکیشیان لێهەڵواسیوون.

بەهۆی ئەوەی لەوکاتەدا هیچ هۆکارێکیان نەبووە بۆ ئەوەی خەڵک ئاگادار بکەنەوە، مولازم عومەر داوا لە مەسعود بارزانی دەکات کە ئەو لە ڕێگەی ئێزگەوە بەیانێک دەر بکات.

لە خاڵی سێیەمی نامەکەیدا بۆ مەسعود بارزانی، مولازم عومەر داوایلێدەکات و دەڵێت:" لێرە هیچ وەسائیلێک نییە بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک، بۆیە تکایە هەر ئیمڕۆ زوو زوو نیداء دەربکەن لە ئێزگەوە، ئەوەی چەکدارە پەیوەندی بە ئێمەوە بکات بۆ ڕێکخستنیان و هێنانەوەی مومتەلەکاتی دەوائیری دەوڵەت، چونکە ئەوانە موڵکی میللەتن و هی دەوڵەتی ئایندەی عێراقن".