سیاسەتوانن ئێوە یا شاعیر؟!

عومەر ڕێشاوی

2023-03-08

هەر بە ڕاستی ئێوە سیاسەتوانن یان شاعیرێکی بە توانان؟!! 
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لای چەمکی سیاسەت و لە سەرچاوەی خۆیەوە پێناسەیەکی لۆژیکانەی بۆ بکەین، بەم شێوەیە دەکرێت:
سیاسەت پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیی خۆ خاوێن ڕاگرتنە، کە مرۆڤەکان بەرەو چاکبوون دەبات، دڵەکان یەکانگیر دەکات و سەرچاوەکانی گۆشگوزەرانی ڕێکدەخات..

لەم چەشنە کارانە، کارێکی تا بڵێی مەزن و خواستێکی تا بڵێی زۆر گرنگە کە هەموو کەسێ ناتوانێ خۆی لێدات، مەگەر ئەوانەی  کە خاوەن ئەقڵێکی مەزن و کارا بن، ئەو مرۆڤە مەزنانەی جوامێر بن کە خەڵکی گوێڕایەڵیان بن و هەمانکات ئەمانیش وەک کەرەسەی بەردەستیان لە پێناوی ئەو ئامانجانە کاریان تێدا بکەن.. ئەم کارە لە ڕاستیدا، پیشەی ژیانە و پێداویستی مرۆڤایەتییە کە بەدەستی دڵسۆزێک و ئامۆچیارێکی ڕاستگۆوە دەبێ بەڕێوەبچێت کە ڕەنگە هەر لەوەی کە بێتە جێگەی گومان لێکردن، خۆی مەعسووم بێ. 
پاش ئەم ڕێخۆشکردن و بەرچاو ڕوونییە، بوارێ بۆ نەفرەتکاران و ناڕازییان لە سیاسەت ناهێڵێتەوە کە تێبگەن سیاسەت پێداویستییەکی گرنگی ژیانە کە هەر لە سەرەتای ژیانی مرۆڤایەتییەوە کاری پێکراوە. هەر چەنە ئەم پیشەیە کارێکی ڕێژەییە و بە گوێرەی ئەوانەی کاری پێدەکەن، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر، لە فەیلەسوفێکی مەزنەوە تا دەگاتە پەیامبەرێ، تا دەگاتە ئەوانەش کە لە سەر دەستی رابەرێ یان مامۆستایە فێر دەبن، گومانی تێدا نییە ئەو سیاسەتە دەگۆڕدرێ.

ئەوە ئێمە کاتێکی زۆرمان تێپەڕاند کە تیایدا ئەزموونێکی جۆراوجۆری ژیان و هۆکارەکانیمان کرد، لە پەڕگیرێکەوە تا میانڕەوێ، لە تێوەگلاوێکەوە تا لادەرێ، مەگەر بە ئاستەمێ تینوویەکی تێرئاو کردبێ یان لارییەکی ڕاستکردبێتەوە، ئەم دۆخە وامان لێدەکات کە لە تاڵاییەک وردبینەوە: ئەوەی ئیمڕۆکەی دۆخی خەڵکی دەیبینین و هەستی پێدەکەین، ئەمە دەرەنجامی کاری سیاسییە؟ ئایا سیاسەتوانانی سەردەمی خۆمان بێبەخت بوون تا گلەیی و گازندەی خۆمان بخەیەنە سەر بارودۆخ نەک مرۆڤ یان بخرێتە چوارچێوەی نموونەی (گورگ و مەڕ) و بەو شێوە پەردەپۆش بکرێت.. یاخود نهێنییەک لە ئارادایە کە هیشتا دەرکی پێنەکراوە؟

چی بێژین بەوانەی وان لە ڕیزی پێشەوەی سەرکردایەتی و جڵەوی کاروباری خەڵکیان بەدەستەوەیە.. ئێمە بینیومانن و ئەیانبینین کە هەرگیزاو هەرگیزنە نە چوونەتە و نەشهاتوونەتە گۆڕەپانی ئەو سیاسەتەی کە لە پێشەوە لێیتێگەشتین کە تا چ ڕادەیەک مەزن و گرنگە؟!
بە ئەگەرێکی زۆرەوە، زیادەڕەوی ناکەین کە بڵێین: ئێوە ئەی سیاسەتوانانی سەردەم، ئێوە نە کاری سیاسی دەکەن و نە سیاسەتوانن، ئەی پێگەو جێتان لە ناو کۆمەڵگەکاندا لە کوێدایە؟ لە ڕابەرایەتی و پێشەوایەتیکردنی خەڵکیدا دەتابینین، جگە لە گەڕەلاوژێ و شپرزەیی، جگە لە هەراوهۆریا و چەواشەکردن، شتێکی ترمان لای ئێوەوە دەستکەوتووە؟ ئەوە ئێوە هەم خۆتان دەشکێنن و هەم ئەوانەشی بە دواتانەوەن بە خۆتانەوە دەیانڕمێنن.
ئێوە؛ بەڕێزەکان، بەوپەڕی سادەییەوە، شاعیرێکی بە توانان..هەرچەندە وتاری وروژێنەر دەدەن، ڕاگەیاندنی سەرنجڕاکێش دەگەیەنێن، ڕێنمایی جۆراوجۆر دەنێرن، بەڵێ ئێوە هەر شاعیرن، چونکە پێناسەی لۆژیکیانەی شعر وایە: جۆرە مژارێکن کە کاریگەریان بەسەر دەروونی مرۆڤەوە دەبێت کە توند یان  گوشادی دەکەن، خەمبار یان دڵخۆشی دەکەن، بەرەو پێش یان پاشەکشێیان پێدەکەن، ئەمە کڕۆکی شیعرە و کێش و سەروا مەرجی سەرەکی نییە لە شعر گوتندا، واتە هەر مژارێ کاریگەری بەسەر دەروونی مرۆڤەوە هەبێت بە بێ چاودێری ئەقڵ و کاریگەرییەکانی ئەقڵ، ئیدی ئەوە دەبێتە شیعر.

بە شیعرەکانتان، بە مژاری ئەدەبی و گوتاری ڕەوانبێژیتان؛ تەنها جەماوەرتان وروژاندووە، خاستان نە کردوون، لە بری یەکانگیرکردنی دڵەکان، دڵەکانتان لە یەکدی دابڕیوە، دەرەنجامیش گەلەکان لە یەکدی دوورکەتوونەتەوە و بەیەکدی نامۆ بوون. هەرکات لە سەرچاوەی ژیان بپرسین، هیچ وەڵامێ کە دڵمان ئاوی پێبخواتەوە، وەرناگرینەوە و شتێکێ ئەوتۆ دیار نییە، ئیتر بەو جۆرە، چونکە ئێوە زۆرینەی هەوڵەکانتان، کۆششی جۆراوجۆرتان، تەنها بۆ ئەوەیە کە دەسکەوتەکەی بۆ خۆتان بێت، نەکو بۆ گەل.
بەڵێ؛ ئێوە شاعیرن و خەڵکی لە دەوری شیعرەکانتان کۆدەبنەوە، ئەو خەڵکەی کە پڕن لە بیرکردنەوەی ناڕێك و ئارەزووی نەفسانی و پشکنینی پڕ هەڵە، ئیدی ئێوە لێرەوە لە سیاسەت لاتان دا و  بەو ڕێنمایی و ڕابەرایەتییە خۆتان، سەرتان لەو خەڵکەش شێواند. ئیدی ئێوە هەمووتان شاعیرن.. شاعرێکی بە توانان.. جوانترین شیعر یێژن، دەکۆشن بە ڕەوانبێژی گوتارەکانتان بڵێنەوە، بە ڕوونتر بەیانەکانتان دەرکەن.. لێرەوەیە ئەو بەشە جەماوەرەی کە بەرتان دەکەوێ، کە هەر یەکەو بەشی جیاوازتان بەردەکەوێ و ئەوانەی دەبنە پشتگیر و هاوسۆزتان بۆ شیعرەکانتان نەک  سیاسەت؛ بەو ئاقارەدا چووە کە هەندێکتان جەماوەرتان لەویتر زیاتر بێت و بەهێزتر دەرکەون