پانۆرامای گرژی و ناکۆکییەکانی نێوان سعویەو ئێران ... لە لەسێدارەدانی حاجییە ئێرانییەکەوە تا لەسێدارەدانی شێخ نەمر

سالار مەحمود

2023-03-12

ــ بە نێوەندگیری وڵاتی چین، هەردوو وڵاتی سعودیەو ئێران، کۆتاییهاتنی ئەو بارگرژیی و ناکۆکیانەیان ڕاگەیاند کە لەساڵی ۲۰۱٦ وە لە نێوانیاندا دروست بووە.

ــ  ئەگەر چی ناکۆکییەکانی نێوانیان لەبەرگی سیاسیدا خۆی نواندووە، لە بنەڕەتدا ئەوان ململانێی مەزهەبییان کردووەو هەموو گەڕێکی بارگرژیی و ناکۆکییەکانیشیان بەرهەمی کێشە مەزهەبی و ئاینییەکانی نێوانیانە.

ـــ بەهۆی ئەوەی کە ئێران وەک نمایندەو پایتەختی شیعەکانی جیهان خۆی دەناسێنێ و سعودیەش بەهۆی ئەوەی کە کەعبەو گۆڕی پێغەمبەری ئیسلامی لێیە، خۆی وەکو نوێنەرو پایتەختی سووننەکانی دونیا وێنا دەکات، ئەمەش وایکردووە کە لە ناکۆکییەکانی نێوان سعودییەو ئێراندا وڵاتی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی دابەش ببن بەسەر هەردوو بەرەی ناکۆکدا.

ـــ پەیوەندییە فەرمی و دیبلۆماسییەکانی نێوان سعودیەو ئێران بۆ نزیکەی سەد ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوەو هەشتا ساڵ لەمەوبەریش بۆیەکەمینجار ناکۆکی لەنێوانیاندا سەری هەڵدا.

ــ لەسەد ساڵی ڕابردوودا، پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە بەچەندان قۆناغی بارگرژی و دۆستایەتییدا تێپەڕیەوە.

ــ  لە ساڵی ۱۹۳۰ وە، پەیوەندییەکانی نێوان سعودییەو ئێران پەرەدەگرێت و لە پایتەختەکانی یەکدی باڵوێزخانە دەکەنەوە.

ــ لە ساڵی ۱۹٤۳ بۆ یەکەمینجار ناکۆکی و بارگرژی لە نێوانیاندا دروست دەبێت، بەهۆی ئەوەی بە بیانووی بێڕێزیکردن بە کەعبە، سعودییە حاجییەکی ئێرانی لەوەرزی حەجکردنی ئەو ساڵەدا لە سێدارە دەدات.

ــ یەکەمین بارگرژی نێوانیان لە ساڵی ۱۹٤٦ دەڕەوێتەوە، بەڵام لە ساڵی ۱۹٥۰ جارێکیتر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەپچڕێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە ئێران دان بە قەوارەی ئیسرائیلدا دەنێت.

ــ تا ڕووخانی دەسەڵاتی شا لە ساڵی ۱۹۷۹، پەیوەندییەکانی نێوان سعودییەو ئێران چەندجارێک دۆخی بارگرژی و ئاشتەوایی  بەخۆوە دیوە.

ــ هاوکات لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی شای ئێراندا لە ساڵی ۱۹۷۹، ناکۆکییەکانی نێوان سعودییەو ئێران گەڕێکی توندتر بەخۆوە دەبینێت و کێشە مەزهەبییەکانیش بارگرژییەکان فراوانتر دەکەن، بەتایبەت کە جمهوری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت کە شۆڕشەکەیان لە چوارچێوەی وڵاتی ئێران دەبەنە دەرەوەو دەیگەیەننە وڵاتانی دەوروبەر.

ــ لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانیشدا، سعودییە بە تەواوی پشتیوانی لە عێراق دەکردو بەوەش ناکۆکییەکانی نێوان سعویەو ئێران گەشتە لوتکە.

ــ لە ماوەی ساڵانی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا کە لە ساڵی ۱۹٨۰ تا ۱۹٨٨ بەردەوام بوو، ئێران هەوڵی دەدا جەنگیش بۆ ناو خاکی سعودییە بگوازێتەوەو چەندجارێکیش وێستگە نەوتییەکانی سعودیەی مووشەک باران کردو لە ساڵی ۱۹٨٤ یشدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران چەند ناوچەیەکی سعودیەیان بۆردومان کرد.

ــ  ئێران هەوڵی دەدا تەقینەوەی گەورە لەناو وڵاتی سعودیەدا ئەنجام بدات، لەوەرزی حەجکردنی ساڵی ۱۹٨٦دا کاربەدەستانی سعودییە لەناو جانتای زیارەتکارە ئێراییەکاندا دەستیان بەسەر ٥۱ کیلۆ ماددەی تەقینەوەدا گرت.

ــ ساڵی ۱۹٨۷ بارگرژییەکانی نێوان سعودیەو ئێران گەشتە لوتکە، کاتێک حاجیانی ئێرانی بە بیانووی پشتگیریکردن لە فەلەستین و دژایەتیکردنی سیاسەتی ئەمەریکا لەناو سعودیەدا هەرایەکی گەورەیان نایەوەو لە ئەنجامدا ٨٥ کەس لە هێزە ئەمنییەکانی سعودیەو ۲۷٥ حاجی سعودیەو ٤۲ حاجی وڵاتانیتر کوژران.

ــ ساڵی ۱۹۹۰ تا ساڵی ۲۰۰٥، ئەو ساڵانەی کە هەردوو سەرۆکی ڕیفۆرمخواز، هاشمی ڕەفسنجانی و محەمەد خاتەمی سەرۆکایەتی کوماری ئیسلامی ئێرانیان دەکرد، لە پەیوەندییەکانی نێوان سعودیەو ئێراندا بە قۆناغی ئاڵتونی ناو دەبرێت.

ــ بە هاتنە سەرکاری ئەحمەدی نەژاد وەک سەرۆککۆماری ئێران، جارێکیتر، بارگرژییەکان دەگەڕێنەوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ــ بە سەرهەڵدانی شەڕی نێوان سعودییەو حوسییەکانی یەمەن، بارگرژییەکانی نێوان سعودیەو ئێڕان زۆرتر پەرەدەگرن و تەشەنە دەسێنن و بە بەشداریکردنی هێزی سەربازی هەردوولا لە جەنگی ناوخۆی یەمەندا ناکۆکییەکانیان دەگاتە لوتکە.

ــ ساڵی ۲۰۱٦ دوا دیمەنی بارگرژی و ململانێکایان خۆی وێنا دەکات، کاتێک سعودیە بە پاساوی ئیرهاب و توندو تیژی و پەیوەندی و پشتیوانی لەڕێکخراوی قاعیدە، ٤۷ کەس لە سێدارە دەدات و کە چواریان شیعە دەبن و یەکێکیان بەناوی شێخ نەمر، زانایەکی ئایینی شیعە مەزهەب دەبێت.

ــ لە سێدارەدانی شێخ نەمر وا دەکات کە هەزاران ئێرانی لە شاری مەشهەد پەلاماری کونسوڵخانەی سعودیەیان داو سوتاندیان و  لەتارانی پایتەختیش هەزاران کەس پەلاماری باڵوێزخانەی سعودیەیاندا، ئەم ڕووداوانە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان گەیاندە بنبەست و هەردوولا سەفارەتخانەکانیان کشاندەوە.

ــ پاش حەوت ساڵ لە درێژەدان بە دواهەمین گەڕی بارگرژییەکانی نێوانیان، بەنێوەندگیری وڵاتی چین، لە پەکینی پایتەخت، ئێران و سعودیە گەشتنە ڕێکەوتن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان ڕاگەیاند.

ــ  عێراق و بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکەو جیهان، بەگەرمییەوە پێشوازییان لە ڕێکەوتنەکەی نێوان سعودیەو ئێران کردو چاودێرانیش بڕوایانوایە ڕێکەوتنە ئارامی و ئاسایش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کەنداوی عەرەبی بەتایبەتی دەگێڕێتەوە.

ــ هاوشانی وڵاتان، ئەمەریکاش پێشوازی لە تێهەڵچوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران سعودیە کردو کۆشکی سپی ڕایشیگەیاند ڕێکەوتنەکە هیچ لە سزاکانی ئەمەریکا بەرانبەر ئێران کەمناکاتەوە.