کۆمارە مۆزەکەی بارزانی

كەمال چۆمانی

2023-03-25

کۆماری مۆز بەو وڵاتانە دەگوترێ کە ئابورییەکەیان تەنها پشت بە هەناردەکردنی تەنها یەک بەرهەم دەبەستێت. ئەمەش لەلایەن کۆمپانیاکانی وڵاتی بەرهەم-بۆ-هەناردەکراوەوە یان خودی وڵاتەوە دەقۆزرێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی سیاسەت و ئابوریی وڵاتەکە. ئەو جۆرە قۆستنەوە و ئابوری و چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم کاتێک ئەمریکییەکان سودیان لە بەرهەمی مۆزی هەندێک وڵاتی ئەمریکای لاتین وەرگرت و بە قازانجێکی بێئەندازە لە ئەمریکا مۆزەکەیان دەفرۆشتەوە. ئابوری ئەو جۆرە وڵاتانە بەتەواوی لەلایەن وڵاتێک یان کۆمپانیایەکی بیانییەوە کۆنترۆڵ دەکرێ. 

کاریگەریی ئەو ئابورییە وا دەکات کۆمەڵگایەکی هەژار و چەوساوە دروستبێ، لە بەرانبەردا نوخبەیەکی سیاسیی گەندەڵ و چەتەگەرا کە پێکهاتون لە نوخبەیەکی سیاسی، عەسکەری، و ئابوری. ئەو وڵاتانە بە دەست ئاژاوە و شەڕەوە دەناڵێنن چونکە ناعەدالەتییەکی گەورە دروستدەبێ و وڵات دەکەوێتە هەژارییەکی گەورە. بڕیاری سیاسی و ئابوری وڵاتەکە دەکەوێتە بندەستی وڵاتێک یان کۆمپانیایەکی بیانی.

با زۆر دورنەکەوینەوە، ئێستا ئەو حکومڕانییەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەوەی پارتی لەگەڵ تورکیا دروستیکردوە، ئەو کۆماری مۆزەیە. ئەمن لە ٢٠١٢ لەو بارەوە وتارێکم بۆ کوردستان تریبیون نوسی لەوێدا باسم لەوە کردبو کە چۆن هەرێمی کوردستان لە چەوسانەوەیەکی نەتەوەیییەوە لەژێر حوکمڕانیی بەعسدا کەوتۆتە بندەستی حکومڕانییەکی کوردی کە دیسان دەچەوسێنرێتەوە لەلایەن دەستەڵاتدارێتیی کوردیی و تەواوی بڕیاری سیاسیشی لەدەستداوە بە هۆی گرێبەستەکانی نەوت لەگەڵ تورکیا. 

ئابوریی هەرێمی کوردستان ئابورییەکی پشتبەستوە بە نەوت، لای کەم سەدا نەوەدی ئابورییەکەی. هەروەها عێراقیش وایە، بەڵام لای کەم عێراق خاوەنی سەروەرییە و خاوەنی بڕیاری سیاسیی خۆیەتی و دەتوانێ سەربەخۆیانە نەوتەکەی هەناردەبکات. هەڵەیەکی ستراتیجی هەرێمی کوردستان پشتبەستن بو بە نەوت و کردنی هەرێمی کوردستان بە کۆماری مۆز. ئینجا لەوە کارەساتبارتر، سیاسەتی هەناردەکردنی نەوت بو سەربەخۆ و بانگەشە بێبنەماکانی سەربەخۆیی ئابوریی، بێگومان ئەو دو بڕیارە لەناو دەیان بڕیاری دیکەی ماڵوێرانکەرتر.

تورکیا بڕیاری داوە بێ بەغداد نەوتی هەرێمی کوردستان نەفرۆشرێت. عێراق لە دادگایەکی نێودەوڵەتی لە پاریس بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە نێودەوڵەتییانە سکاڵایەکی لە تورکیا بردۆتەوە. ئێستا کۆمارە مۆزەکەی بارزانی دەبێ هێندەی تر سازش بۆ تورکیا بکا. داخی گەورە ئەوەیە هێشتاش دەست بەو کۆمارە مۆزەوە دەگرن لەبری رێککەوتن لەگەڵ بەغداد. هۆکارەکەشی رونە؛ نەوت بۆ ماڵی بارزانی وەک ئۆکسجین وایە بۆ ئینسان. دەیان جاری دیکەش نوسیومە، بێ کۆنترۆڵی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانی حیزب و بنەماڵە، پارتی ناتوانێت حوکمی کوردستان بکات چونکە ئەو سیستەمە کڵایەنتالیست و گەندەڵەی دروستیانکردوە، لە میلیشیای ئاساییش و پێشمەرگەوە بگرە، بۆ میلیشای میدیاکانیان، لەسەر نەوت دەژیێن. 

بەڵام، خۆشبەختانە، رۆژ، هەفتە، و مانگەکانی دادێ، لەناو ئەو گۆڕانکارییانەی دونیا و ناوچەکە، رونتر کۆتایی ئەو چەتەگەرایییە ئابورییە دەبینین. گۆڕانکارییەکان دەستیانپێکردوە؛ رێککەوتنی سعودیە-ئێران بە دۆڕانی ئەردۆغاندا رەتدەبێ، تا دەگاتە گۆڕانکاریی لە ناوخۆی ئێران و سوریا و تورکیادا. سیاسەت لە کوردستانی عێراقێ، هەرچەندە یەکێتی و بەتایبەت پارتی بیانەوێ بەو جۆرە کلاسیکییە بمێنێتەوە، مەحاڵە. لەناو هەمو ئەوانە، وەک چەند رۆژ پێش ئێستا لە پۆستێکی تر باسمکرد، خۆڕێکخستنی کۆمەڵگا و ئەوانەیە کە بەرژەوەندییان لەو چەتەگەرایییە ئابورییە و تاکڕەوییە سیاسییە نییە تا ئالتەرناتیڤێک لەداییکببێت.