دەبێت حکومەتی هەرێم چی بکات؟ لە ئابوری سەربەخۆوە بۆ بڕیارەکەی دادگای پاریس

سەرکۆ یونس

2023-03-26

ڕۆژی پێنج شەممە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەپاریس، بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی بۆ دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە دا و نایاسایی بوونی پرۆسەی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی سەلماند.

دادگای ناوبراو دوای نزیکەی 9 ساڵ دۆسیەکەی لەبەرژەوەندی بەغدا یەکلای کردەوە. تورکیاش پابەندی بڕیارەکە دەبێت و لایەنی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە چیتر ڕێگەنادرێت بەهیچ کەشتییەکی بارهەڵگر، نەوتی هەرێم بەبێ مۆڵەتی بەغدا باربکرێت..

لەمانگی شوباتی ساڵی 2022دا، دادگای فیدراڵی لەبەغدا، بڕیاری هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بەنادەستوری دەرکرد، هەموو گرێبەستە نەوتییەکانی بەپووچەڵ ناوبرد، حکومەتی هەرێم زۆر بەجدی بڕیاری دادگای فیدراڵی وەرنەگرت وبەبڕیارێکی سیاسی ناویبرد.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ڕۆژانە نزیکەی 400 هەزار بەرمیلە و مانگانە دوای لێدەرکردنی تێچوونەکان و دەستحەقی کۆمپانیاکان، بڕی نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار لەحسابی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی، بەم گوژمەیە ڕێژەی 77% داهاتی هەرێم بۆ مووچەو خەرجیەکان دابین دەکرێت.
بەغــــدا پاڵپشت بەهەردوو بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق و دادگای پاریس بۆ ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، دەتوانێت فشاری سیاسی و ئابوری بەپێ ی خواستەکانیان بەسەر هەرێمدا بسەپێنن. بەتایبەت لەهەردوو یاسای نەوت وغازی فیدڕاڵی و یاسای بودجەی گشتی ئێراق، کەئەمەی دووەمیان بڕیارە لەمانگی نیساندا، ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆی لەسەر بکات و پەسەندی بکات.

ئەوەی جێگای ئومێدە، لەماوەی ڕابردوودا شاندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەند لەسەر بودجەی هەرێم، لەیەکگەشتنی سەرەتاییان هەیە و ڕەشنووسێک ئامادەکراوە تێدا بریار دراوە کۆمپانیایەکی تایبەت بەنەوتی هەرێم دابمەرزێنرێت و بارەگاکەی لەهەولێر بێت، بەئاگاداری حکومەتی ناوەند و کۆمپانیای سۆمۆ پرۆسەی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم ئەنجام بدرێت. بەڵام ئاشکرایە گۆرانکاری لەسیاسەتی بەغدا کارێکی دوبارەو ئاسایی یە. لەوانەیشە فشاری لایەنەسیاسییەکانی ناوخۆی عێراق و لەوانەیشە فشاری ئیقلیمیش ڕۆڵی هەبێت.

زۆر گرنگە حکومەتی هەرێم، بەزووترین کات ڕێکەوتنی پتەو تۆکمە و دوورمەودا لەگەڵ ناوەندا ئەنجام بدات، تا هیچ نەبێت هەرێم لەقەیرانێکی دارایی و ئابوری قورس ڕزگار بکرێت.
چونکە لەلایەک ئەگەر هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم ڕابگیرێت و لەلایەکی ترەوە بەشە بودجەی هەرێم لەبەغداوە ڕەوانە نەکرێت، بێگومان داهاتی ناوخۆیش کەکەمتر لەڕێژەی 15% داهاتەکان دەبێت، هەرێم بۆ مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران پێویستی بە نزیکەی900 ملیار دینار هەیە. هەرچۆنێک بێت بەشێوەی کاتیش بێت بەغدا ڕازی بکرێت بەدەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، تاپەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023.

هەرێم، لە 2014 ەوە دەستی کردووە بەهەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت، لەڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە، هەولێر و ئەنکەرە، دوولایەنە گرێبەستێکی دوورمەودایان ئیمزاکردووە و بەبێ ئاگاداری بەغدا. حکومەتی عێراقیش هەمیشە وبەردەوام داوا دەکات نەوتی هەرێم لەژێر دەستەڵاتی خۆیدا هەناردە بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە چەند سکاڵایەکی لەدادگا نێودەڵەوتییەکان تۆمارکردووە.

بەداخەوە هەموو ئەم قەیران و کێشانە، بەهۆی پشت بەستن بوو بەئابوری سەربەخۆ و پشتکردن لە بەغداوە سەرچاوەی گرتووە، هەموو ئەم دەرئەنجامانە ئەوەمان پێ دەڵێت، کەئابوری سەربەخۆ سەرکەوتنی بەدەست نەهێناو بگرە بارگرانی بەسەر هاوڵاتیان و مووچەخۆرانەوە دروستکردووە، لەنمونەی پاشەکەوتی مووچە و قەرزەکانی سەر هەرێم.
هەر بۆیە پێویستە لەدۆسیەی نەوتەوە وانەیەک وەربگرین بۆ دۆسیەی غازی سروشتی و هەموو سامانە سروشتییەکانی تری ئەم هەرێمەوە.

سەرکۆ یونس ــ ئابوریناس