تۆ بڵێی ئەم جارەش پارتی و یەکێتی گەمەكە نەدۆڕێنن؟!

ئەمین بەكر

2023-03-27

كاتێك حكومەتی عێراقی ئەم خولە بەڕێكەوتنی هاوپەیمانی شیعە لەگەڵ  پارتی و یەكێتی لەكوردو بەرەی پێشکەوتن (تقدم )لەعەرەبی سونە،  پێك هات و محمد شیاع سودانی بۆسەرۆکایەتی حکومەت بەربژێرکرا ، لایەنە كوردیە بەشدارەكانی ڕێكەوتنەكە  ڕایانگەیاند كەلەسەر كۆمەڵێك خاڵ ڕێكەوتنەكە كراوە،  بەشێوەیەک دەبێت بەشێكی زۆری كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان بەغدا و هەرێم چارەسەر دەكرێن، ولەناویشیاندا كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و جێ بەجێكردنی مادەی ١٤٠ ـی دەستوری عێراق دەبێت، كێ بێت لەئێمە خەون بەوەوە نەبینێت كە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە ئاهێكیان بەبەردا بێت وبەشێک لەکێشەکانیان چارەسەرببێت، بەڵام  ئەوەی لەماوەی ڕابردودا ڕوی داوە شتێکی جیاوازمان پێ دەڵێت، هەموو بینیمان چۆن  لەڕێگەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی  و وەزارەتی دارایی عێراقەوە لەمەسەلەی یاسای سامانە سروشتیەکان و چوارسەد ملیارەکەی پشکی هەرێم لەبودجەی گشتی ،عێراقیەكان ڕوویەكی تریان پیشانی پارتی و یەکێتی هاوپەیمانیاندا،  بەشێوەیەک كەڕێگەی گلەیشیان نەبێت، لەئێستاشدا كە گورزەیەک پڕۆژە یاسا وەک جێ بەجێكردنی بەشێک لە ڕێكەوتنی پێكهێنانی حکومەت، ئامادەكراون و وابڕیارە بکرێنە یەک پاکێج  وبەیەکەوە تێ بپەڕێنرێن  یان لانی کەمی سەرۆک کۆمار بەیەکەوە فرمانی بەرکاربونیان بۆدەربکات ، لەم ڕێگەیەشەوە بەشێک لە داواکاری هەر سێ پێک هاتە سەرەکیەکەی عێراق   جێ بەجێ بکرێت ، ئەم شێوازە توافقیە بۆ دۆخێکی وەکو عێراق چارەسەرێکی گونجاوە، کاتێک ڕێكەوتنێک لەسەر بنەمای  براوەی سێ لایەنە بکرێت، هەر یەک لە شیعەی(هاوپەیمانی نیشتمانی) و پێک هاتەی سونە و كورد لە ڕێگەی دەركردنی چوار یاساوە بەشێک لەبردنەوە بۆخۆیان تۆماربكەن، كەهەر یەكێک لەو پێكهاتانە پێ داگیریان لەسەر یاسایەک یان زیاتر  كردوە،.
هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان مەبەستیانە   هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەزوویی تێ بپەڕێنن  تا  بتوانن  ئەو گۆڕانکاریانەی پێشوو کەلە یاسای هەڵبژاردنەکاندا و لەدەرئەنجامی شۆڕشی تشریینیەکان وپێداگری صدریەکان کرابوو هەڵبوەشێننەوەو بیبەنەوە بەرەو سیستەمی سانتلیغۆکەی پێشوو، لەو ڕێگەیەشەوە گرەنتی مانەوەی خۆی بكەن بۆ هەڵبژاردنی ئایندەو نەبنەوە پەندی دەستی صدريەكان،
لەهەمان کاتدا مەبەستیانە یاسای بودجەش بەقەبارەیەکی گەورەوە تێ بپەڕێنن، كە بەفریاد ڕەسی  حكومەتەكەی سودانی وهاوپەیمانی شیعەکان دائەنرێت و  دەستیان دەكاتەوە بۆجێ بەجێكردنی بەرنامەكانیان و ڕازی كردنی جەماوەرەكەیان.! 
 پێكهاتەی سونەش دەركردنی یاسای لێبووردنی گشتیان زۆر مەبەستە تا ئەو ژمارە زۆرەی پێكهاتەی سونە كە  حوكم دراون  دەرفەتێكیان پێ بدرێت و بەشی زۆریان ئازاد بكرێن و بەمەش جەماوەرەكەیان رازی بكەن، هەروەک مەبەستیشیانە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش ئەنجام بدرێت تا لامەرکەزی زیاتر بەپارێزگاکانیان بدرێت و دەسەڵاتی پارێزگاكانی خۆیان زیاتر بكەوێتەوە ژێر دەستیان. ئەوەی بۆ  پێک هاتەی كوردیش بڕیارە وەک دەستكەوت  پێ ی بدرێ  بێجگە لەجێ کردنەوەی بەشێک لەداواکانیان لەهەردوو یاسای بودجەو هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکاندا ، دەركردنی  یاسایەكە  بۆ دیاریكردنی نەخشە ڕێگەی جێ بەجێكردنی مادەی ١٤٠ ـی دەستور، بۆناوچە كێشە لەسەرەكان، هەرچەندە وردەكاری و ناوەڕۆكی ئەویاسایە دانەڕێژراوە،  ئەوەی ئێستا بەردەستە، تەنها بەڵێنی 
 سەرۆک وەزیرانە بەوەی کە هەرسێ یاساكە و یاسای بودجە بەیەک گورزە تێپەڕێندرێن وبەرکاربکرێن، بەڵام هێزە شیعەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران ڕایەكی تریان هەیەو، دەیانەوێت سەرەتا یاسای هەڵبژاردن تێ پەڕێنن وئەمەش مەترسیەکەیە، چونکە ئەوکات شیعەکان ئازاد تر دەبن بۆ دانانی مەرج و كۆت و بەند بۆسەر  یاسای لێبووردنی گشتی سونەکان و یاسای جێ بەجێكردنی مادەی ١٤٠ ـی دەستور ی بۆ کورد، بۆیە پێویستە حزبە کوردستانیەکانی بەغدا  بە بەشدارانی حكومەت و ئەوانی دەرەوەی ڕێکەوتنی حكومەتی عێراقیش، فریابکەون و هاوکێشەکە بگۆڕن ، بەشێوەیەک كاربكەن بۆ ئەوەی یاسای جێ بەجێكردنی مادەی ١٤٠ پێش یاسای هەمواری هەڵبژاردن و یاسای لێبووردنی گشتی بكەوێت، بەپێچەوانەوە تێ پەڕكردنی یاسای جێ بەجێكردنی مادەی ١٤٠ زۆر قورس دەبێت و ڕێگریەكانی زۆر گەورەتر دەبن ، بێجگە لەفشاری هەندێک دەوڵەتەهەرێمیەکان کەهەوڵی ڕێگریکردن لەدەركردنی یاسایەكی لەو شێوەیە ئەدەن ،   هیچ كام لەحزبەكانی شیعەو سونەش ناتوانن بەئاشكرا پشتگیری جێ بەجێكردنی مادەی ١٤٠ بكەن و لەوانەیە پەنا بۆ ڕۆڵ دابەشكردن بەرن لەناو هاوپەیمانیەتیەكانیاندا، تاڕێگری لەتێ پەڕاندنی بكەن ، یاخود ئەگەر كرا بەیاساو دەنگیشی لەسەر درا،  هەوڵ ئەدەن وای لێ بكرێت كەلەناوەڕۆكەكەی خاڵی بكرێتەوە  قابیلی جێ بەجێکردن نەبێت،یان بۆمبی یاسایی تیا بچێندرێ تاوەكو  دوای دەرچوونی بیانو بدات  بەدادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ ڕاگرتن وهەڵوەشاندنەوەی، بۆیە زۆر گرنگە   هێزە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستەیەک بكەن و بەوردی خۆبۆ ئەو بابەتە ئامادەبکەن ولەڕوی تەکنیکیەوە ڕای کەسانی شارەزا وەربگرن، لەڕوی تەکتیکیشەوە کاربکەن بۆ پێش خستنی  یان لانی كەم دوای یاسای بودجە ڕاستەوخۆ  دەنگی لەسەر  بدرێت، ئەگەر وانەكرێت ئەوا دوورنیە یاساكە دەرنەکرێ  یاخود ئەگەر دەریش كرا یاساكە بێ ناوەڕۆک بكرێ  
وقابیلی جێ بەجێكردن نەبێت.  بۆیە ئەگەر بیانەوێت ئەم جارەش گەمەکە نەدۆڕێنن واباشە تەرکیزی سەرەکی بکەنە سەر دەرکرنی ئەو یاسایە لەئێستادا.