نامەیەک بۆ جەنابی خودای میهرەبان

حەسەن مەحمود حەمە کەریم

2023-03-27

لەسەردەمی (نەسرەدین شای قاجار) ٫ فەقێیەکی گەنجی هەژارو دەستکورت بەناوی (نەزەر عەلی)، هیچ سەرچاوەیەکی بژێوی ژیانی نەبوو ، شەوێ بە بیریدا دێت نامەیەک بۆ خوای گەورە دەنوسێ بەمجۆرە :

(بسم اللە الرحمن الرحيم 
بۆ خزمەتی جەنابی خوای میهرەبان. 
  من (نەزەر عەلی) بەندەی جەنابت ، ئێوە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموتانە 
(وَمَا مِن دَابَّةٍ فِي الْأَرْضِ إِلَّا عَلَى اللَّهِ رِزْقُهَا)
واتە : (هیچ زیندەوەرێکی سەرزەوی نیە ئیللا خوا ڕزق و ڕۆزی بۆ دابین کردووە )
دەی منیش بەندەیەکی زیندوی ئەم سەر زەمینەی جەنابتم .
پاشان هەر بۆخۆتان فەرموتانە:
(ان الله لا يخلف الميعاد)
واتە :(خوداوەند لە بەڵێنەکانی پاشگەز نابێتەوە) 
هەر بۆیە داوات لێدەکەم هەر سبەینێ ئەم پێویستیانەی خوارەوەم بۆ جێ بەجێ بکە.. 
 ٭ هاوسەرێکی جوان و ئیماندار 
 ٭ خانوەیەکی چاک و فراوان 
 ٭ خزمەتکارێ 
 ٭ ئەسپ و گالیسکەیەک 
 ٭ باخێک 
 ٭ بڕێکیش پارە بۆ کاسبی 
 تکایە لوتف بفەرمون ئەگەر بۆتان جێ بەجێ کردم ، وەڵامم لێبگێڕەرەوە بۆ مەدرەسەی مەروێ ، تاران، حوجرەی ژمارە 16

ئیمزا:
نەزەر عەلی خزمەتکارت )
----

نەزەر عەلی دوای نوسینی نامەکە بیرەکاتەوە ئەم نامەیە چۆن بگەیەنێتە دەستی خوای گەورە ، لەدڵی خۆیا دەڵێ:
ئەڵێن مزگەوت ماڵی خوایە، کەواتە ئەیبەم لە ماڵی خۆیان بۆی دادەنێم.

ئەڕوا بەرەو مزگەوتی ناوبازاڕ کە بە مزگەوتی (شا) مەشهورە، ئەچێتە سەربانی مزگەوت ، لە نێوان دوو بەرددا دەیشارێتەوەو ئەڵێ خوا خۆی ئەیدۆزێتەوە.

ئەو ڕۆژە پێنج شەممە بوو کە نامەکەی لەوێ دانا، بۆ بەیانی ڕۆژی هەینی، نەسرەدین شای قاجار بەمەبەستی راوکردن لەگەڵ دەستەو دایەرەکەی بەڕێدەکەون ، کاتێک بەبەردەمی مزگەوتی شادا تێدەپەڕن ، لەوکاتەدا بایەکی توندی گێژەڵوکاوی هەڵدەکات و نەسرەدین شای قاجار ناچاردەکات بوەستێ و ڕوو بکاتە مزگەوتەکەی خۆی ، لەو کاتەدا باکە نامەکە دەفڕێنێ و هەڵی دەداو دەکەوێتە بەردەم نەسرەدین شا لە حەوشەی مزگەوت ، ئەویش دادەنەوێ و نامەکە هەڵدەگرێ و دەیخوێنێتەوەو دەکەوێتە لەرزە ، داوا دەکات با بە پەلە بگەڕێنەوە بۆ کۆشک ..
هەر خێرا هەموو وەزیرو دارودەستە کۆدەکاتەوەو نوێنەر دەنێرێ ئەو (نەزەر عەلی) یە بەو ناونیشانە دەدۆزنەوەو دەیهێنن بۆ لای ، هەر کە نەزەر عەلی دێتە ژورەوە پاشاو وەزیرەکان لە بەری هەڵدەستن، شا پێی دەڵێ:
 ئەو نامەیەی کە نوسیبوت بۆ خوا ، جەنابیان فەرمانیان بە من کردوە کە هەموویت بە زیادەوە بۆ جێ بەجێ بکەم ..
 داوا دەکات یەک بەیەکی داواکاریەکانی نەزەر عەلی جێبەجێ بکرێ.

ئەم نامەیە تا ئێستاش لە مۆزەخانەی گوڵستانی سەعدی لە شیراز پارێزراوە.

لەیادت بێ، ئەگەر دەتەوێ بەخزمەتی جەنابی خوای میهرەبانی خۆشەویست و بە لوتفی خۆت بگەی و داواکاریەکانت بگاتە خزمەتی، تەنها پێویستت بە زمانێکی شیرین و دڵێکی پاک و نیەتێکی ساغ و ڕێیەکی ڕاست هەیەو تەواو.