لە هەرەسی شۆڕشی ئەیلوولەوە بۆ تەسلیمبوونی هەرێم

سالار مەحمود

2023-04-04

هەرچەندە پەنجا ساڵ نێوانیان هەیە، بەڵام لە ڕووی کاریگەری و لێکەوتەکانیانەوە بۆسەر دۆزی کورد لە باشووری کوردستان، بڕیارەکەی دادگای پاریس بە ڕێکەوتننامەی جەزائیر هاوتا دەکرێت.

ڕێکەوتننامەی جەزائیری نێوان شای ئێران و سەددام حسێن لە ٦ ــ ۳ ــ ۱۹۷٥ کۆتایی بە شۆڕشی ئەیلوول هێناو لە پاش ڕێکەوتنەکەوە شۆڕشە تەمەن چواردە ساڵەکە، چواردە ڕۆژ بەرگەی نەگرت و هەرەسی هێنا.
بڕیارەکەی دادگای پاریس فرۆشتنی نەوتی لە حکومەتی هەرێم سەندەوەو خستیە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقەوەو هەرێمی کوردستانی تەسلیمی بەغداد کردەوەو سیحری سەربەخۆیی و ئابووری سەربەخۆی بەتاڵ کردەوەو وایکرد بە بێ چەندو چوون هەرێم بگەڕێتەوە بۆ ژێر ڕەشماڵی ئەو حکومەتی عێراقەی کە تا دوێنێ " بای بای" یان لێدەکردو تەڵاقیان دەدا.

 شۆڕشی ئەیلوول کاتێک هەرەسی هێنا تەمەنی چواردە ساڵ بوو، ئێران و ئەمەریکاو ئیسرائیل بەردەوام هاوکارییان دەکرد، بەڵام کاتێک شای ئێران لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتەی عێراقدا ڕێکەوتنی جەزائیری ئەنجامدا، پشتی کردە شۆڕشی ئەیلوول و تەنها لەپاش چواردە ڕۆژیش لە ڕێکەوتنەکە شۆڕش هەرەسی هێناو کۆتایی هات.

 لە ساڵی ۱۹۷۰ تا ۱۹۷٤ مەلا مستەفاو سەرانی شۆڕشی ئەیلوول لە میانی بەیاننامەی یازدەی ئازاردا لە ڕێکەوتندا بوون و شۆڕش و پێشمەرگە حکومڕانی کوردستانیان دەکردو پێنج وەزیری حکومەتی عێراقیش درابوویە کورد. 

لە پاش چوار ساڵ ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و مەلا مستەفای بارزانی هەڵوەشایەوەو کاربەدەستانی شۆڕش و پێشمەرگە شارەکانیان چۆڵکرد و ڕوویان لە شاخەکانی کوردستان کردەوەو دیسان شەڕی چەکداری لە نێوان پێشمەرگەو حکومەتدا دەستیپێکردەوە.
مەسعود بارزانی دەڵێت،  ڕۆژی ٨ی ئازاری ۱۹۷٤، سەددام حسێن بە ئیدریسی برامی وت، ئەگەر لەگەڵماندا ڕێنەکەون، ئەوا ئێمە لەگەڵ ئێراندا ڕێدەکەوین و ئەگەر ناچاریشبین واز شەتولعەرەب دێنین.بۆ ئێرا.
دوای ساڵێک لەو قسەیەی کە سەددام بە ئیدریس بارزانی وت، شای ئێران و سەددام حسێن ڕێکەوتننامەی جەزائیریان واژۆکردو تەنها چواردە ڕۆژیش لە پاش ئەو ڕێکەوتنە مەلا مستەفای بارزانی جاڕی کۆتاییهاتنی شۆڕشی دا.

زۆرن ئەوانەی کە پێیانوایە ڕێکەوتننامەی جەزائیر هۆکاری بنەڕەتی نەبووە بۆ هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول، بەڵکو ئەوان دەڵێن شۆڕش لەناوەوە داڕزاوە بۆیە بەرگەی تەنها چواردە ڕۆژی نەگرتووە.

شەهید ڕێباز، کە لەو دەمەدا، لە ڕیزی شۆڕشدا بووە، لە کتێبی " قەندیل بەغدای هەژاند" دا دەڵێت، لە چوارساڵەکەی ڕێکەوتننامەی یازدەی ئازاردا زۆربەی بەرپرسانی شۆڕش کەوتنە کارکردن بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان بەڕێگەی ناشەرعی، هەندێکیان بوون بە قۆنتەرات چی، سەیارەی مارسیدسیان لە کوێت دەهێنا بە پارەیەکی هەرزان و لە کوردستان دەیانفرۆشتەوە.

شەهید ڕێباز دەشڵێت، ئەوانەی چەندین ساڵ بوو لە شۆڕشدا بوون، وا شێتی پلەو پایەو پووڵ‌و قەسرو ئۆتۆمبێلی بەغداد بوو بوون، بەعس دەیزانی تازە ئەوانە تاقەتی داروبەردو شەڕیان نەماوە.

هەژار موکریانی، کە لە دوا دیداری شاو مەلا مسەفادا هاوسەفەری بارزانی بووە، لە کتێبی " چێشتی مجێورد"دا دەڵێت: ژەنەڕاڵ نەسیری وتی من هاتووم شتێكتان پێڕابگەیەنم، ئێرانی شاهەنشاهی بە سەدەها دۆلار یاریدەی شۆڕشی داوە، بە چەك‌و سەربازی خۆشمان هاتوینە یاریدەتان، ئێوە هیچ بەهرەتان پێوە نەماوە، گەورەكانی لەشكرتان هەموو دزن، هەر خەریكی گیرفانی خۆیانن، ئێوە بەقسەتان نەكردووین، ئێستا كە شەڕی گەورەتان لەگەڵ عێراق هەیە هەرچی سەرانی شۆڕش‌و فەرماندەی هێزەكانتانن لە شارەكانی ئێران ڕادەبوێرن‌و كەسیان لە جەبهە نییە".
هەژاری موکریانی ئەوەش دەڵێت، کەبارزانی ماوەیەک بەر لە هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول لە كۆبوونەوەیەكی گەورەدا وتوویەتی، تانك‌و تەیارەو تۆپی دوژمن نەیوەستاندین، دەترسم پوڵ‌و پلەو ئۆتۆمبێل‌و قەسر لە بەینتان بەرێ‌.
 لەپاش پەنجا ساڵ بەسەر ڕێکەوتننامەی جەزائیردا، لە دادگای پاریسەوە فرۆشتنی نەوتی کوردستان لە دەستی حکومڕانانی کورد دەرهێنراو کەوتە دەست حکومەتی عێراقی و بەرپرسانی باڵای هەڕێمیش بۆ نیشاندانی ملکەچی بۆ بڕیارەکەی دادگای پاریس بەپێی خۆیان بەرەو بەغداد وەڕێکەوتن و بەڵێننامەی تەسلیمبوونیان واژۆ کرد.
ڕێکەوتننامەی جەزائیر هەرەسی بە شۆڕشی ئەیلوولی تەمەن چواردە ساڵە هێناو کوژاندییەوە، ئاخۆ بڕیارەکەی دادگای پاریس جگە لە تەسلیمبوون بە بڕیارەکانی بەغداد چی بەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستاندا دێنێت؟