ئەوەی رویدا تەنها بەڵێننامەیەکی ملکەچی دەسەڵاتدارانی هەرێمە

ئەمین بەكر

2023-04-10

۱.  نوسراوی ڕادەست کردنی نەوتی هەرێم بەبەغدا کەلەبەرواری ٤-٤-۲۰۲۳  لەنێوان هەرێم وبەغدا واژوکراو بەڕێکەوتن نامەیەکی سەرکەوتو باس دەکرێت ، هیچ نیە جگە لە بەڵێن نامەیەکی ملکەچی دەسەڵاتدارانی هەرێم دوای ڕێگرتن لەهەناردەکردنی نەوت  لەلایەن تورکیای دۆستیانەوە،ئەمەش شکست وکۆتایی بڕیاری سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوت بوو .
۲. ئەو ڕێکەوتنە بەپەلەیە لەبەرخاتری پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبوو ، بەڵکو لەترسی کۆمپانیاکانی نەوت و قەرزدەرەکانیان بوو، چونکە بەپێ ی زۆرێک لەگرێ بەستەکانی دەرهێنان و فرۆشتنی  نەوت لایەنی هەرێم گرەنتی بەردەوامی هەناردەکردنی نەوتی داوە بەکۆمپانیاکان و دەزانێت ئەگەر هیچی تر هەناردەکردنەوەی نەوت دوابکەوێت ئەوا کۆمپانیاکان داوای قەرەبوی،زیانەکانیشیان لێدەکەن و ڕەنگە دەرگای لیژنەکانی تحکیمیان لێ بگرن،و ئەگەریش دەسەڵاتدارانی هەرێم پارەی خەڵکیان لەبەردەست نەبێت تاقەرەبوی کۆمپانیا نەوتیەکان بکەنەوە ،ڕەنگە دەست بەسەر پارەو موڵکەکانیاندا بگیرێت ،یاخود بلاک لیست دەکرێن. هەر بۆیە لەڕۆژی دوای ڕێگرتن لەبارکردنی نەوت لەبەندەری جەیهان بەنزیکەیی هەموو ڕۆژ وەفدێکیان لەبغدابوو تابەغدا داوا لەتورکیا بکات هەناردەکردنی نەوت دەست پێ بکاتەوە.
۳.  ڕای من پێشترو،لەڕاگەیاندن و بەنوسینیش وتومە کە ئەوەبوە کەلەگەڵ ئەوەشدا کەئیدارەدانی مەلەفی نەوتی،هەرێم مافی هەرێمە لەچوارچێوەی سیاسەتی نەوتی عێراقیدا بەپێ ی مادەی ۱۱۲ ی دەستور ، ببەڵام خراپی ئیدارەدان وگەندەڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم وخراپی گرێ بەستەنەوتیەکان وای کردوە کە تەسلیم کردنەوەی نەوت بەبەغدا باشترین چارەسەر بێت. بۆیە پێمان وایە ئەم بەڵێن نامەی تەسلیم بونە  زۆر درەنگ وەخت بوو ،بێ ئاگایی وناکارایی دەسەڵاتدارانی هەرێمیشی پیشان داین ، بەجۆرێک کەدەکرا لەکات و دەرفەتی گونجاودا لەساڵانی ۲۰۱٤ تا ۲۰۱٦  بەکارتی نەوت ڕێکەوتنی پڕ دەسکەوت لەگەڵ بەغدا بکرایە کە دەتوانرا ئەوکات بەغدا بەچاودێری کردنی پرۆسەکە ڕازی ببوایە،بێجگە لەوەی لەزۆر دۆسیەی تریش ئامادەی سازش بوو یەکێک لەوانە بودجە ڕەنگە تائێستاش باسی کەم کردنەوەی لە ۱۷% نەکرایە.، هەروەک لە ساڵانی ۲۰۱٨ -۲۰۲۲ عێراق ئامادەی پێدانی ئیمتیازی زیاتر بوو ئەگەر لایەنی هەرێم ڕازی بوایە ،تەنانەت لە دوواسەردانی محمد شیاع سودانیشدا بۆهەولێر عێراق بە
 شەراکەت لە ئیدارەدانی دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕازی بوو.
٤.ئەم بەڵێن نامەی تەسلیم بونە ،دوای بەقوربانی کردنی دەساڵ لە سک گوشین و بێ موچەیی و وەستانی خزمەتگوزاریی،تاڵاوکردن بەقوڕگی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە هات ،لەبەر خاتری ئابوری سەر بەتورکیا و بەرژەوەندی دەسەڵاتداران.
٥. لەم دەساڵەدا هەرێمی کوردستان بێجگە لەو داهاتەی کە لەنەوت وناوخۆبۆی ماوەتەوە ،بەنزیکەیی پەنجا ملیار دۆلاری تر داهاتی دەبوو ،کە بڕە پارەیەکە دەوڵەتێکی لەبناغەوە پێ دروست دەکرێت،بۆ ئەو بابەتەش ژمارەکان ناو یاساکانی بودجەی عێراق لەودەسەڵادا بەبەراوردلەگەڵ داهاتی ڕاگەیەندراوی هەرێم باشترین بەڵگەن.
٦. سیاسەتی شکست خواردوی سەربەتورکیا تەنها کاریگەری وزیانی لەسەر ئاستی ژیانی هاوڵاتیان و خزمەتگوزاری و داهاتی گشتی نەبووە بەتەنها بەڵکو  بۆتە هۆکاری ،لەدەستدانی زۆر مافی تری دەستوری بۆ هاونیشتمانیانی کوردستانی عێراق کەلەدەستوردا هاتبون و لەپەرچەکرداری سیاسەتی دەسەڵاتی کوردی و مەشغوڵ بونی دەسەڵاتدارانی بەپاراستنی بەرژەوەندیە بچوکەکانیانەوە، بەغدا یەک دوای یەک وبەڕێگەی جیاواز خۆی لێ دزینەوە،

 کەوایە لەئێستاداو ئەو کاستە سیاسیە دەسەڵاتدارەی هەرێم دەتوانن چی بەهاوڵاتیانی ئەم هەرێمە دەڵێن ،وبەچ ڕویەکی ڕەشەوە ئەچنە مێژوەوە.