ڤلادمێر پۆتن دۆستی ڕۆژی ڕەشی ئاردۆگان!

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-04-13

هەفتەی پێشو دیمانەیەکی ڕۆژنامەنووس جانسو چاملیبێڵ لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو بڵاوکرایەوە کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی تورکیا و لە ئێستادا سەرۆکی پارتی داهاتووە کە نەیاری سەرسەختی ئاردۆگانە. لەو دیمانەیەدا داودئۆغڵو ڕستەیەکی مەترسیداری درکاندبوو و گوتبووی : ئێمە وازمان لە ئاکپارتی نەهێنا، بەڵکو تەسفییە کراین و دەرکراین لەو حیزبە، دواتر شوێنەکانمان بە ئاوراسیاییەکان پڕکرایەوە.
ئەم ڕستەیە هەرکەسێکی دیکە بیکات پێدەچێت زۆر بایەخی سیاسی  نەبێت، بەڵام کاتێک پڕۆفیسۆرێکی زانستە سیاسییەکان دەیکات کە پێشتر پۆستەکانی سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی بەڕێوەبردووە ناکرێت نەبێتە جێگای تێڕامانی قووڵ.

🔹ئاوراسیاییەکان کێن؟

ئاوراسیا تێرمێکی سیاسی کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەی جوڵانەوە ئایدۆلۆژییەکانی نێو ڕووسیایە، لە ڕووە جیۆپۆلۆتیکیەکەیەوە بە مانای ئەوە دێت کە ڕوسیا و ڕوسەکان نە سەر بە بڵۆکبەندی ئەوروپان نە سەر بە بڵۆکبەندی ئاسیان، بەڵکو لە نێوان ئەوروپا و ئاسیادا ئەوان لەوە گەورەترن ببنە پاشکۆی ئەو دوو کیشوەرە. ئاوراسیا بەمانای سەرزەمینی ڕووسەکان یان دونیای ڕووسەکان دێت. ڕوانینی ئاوراسیاییەکان بۆ داهاتوو لەڕووی ئەدەبییەوە رۆمانتیکی و لەڕووی سیاسیشەوە یۆتۆپی و لە ڕووە دینییەکەشەوە پێیان وایە دەبێت هەموو کڵێساکانی جیهان بچنەوە ژێر ڕکیفی کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی و لەو باوەڕەدان کە ئەوروپا و ڕۆمانەکان کڵێسای کاتۆلیکییان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان دروستکردووە و کڵێسای کاتۆلیکیش بە چوونە بەرەی ڕۆمانەکانەوە خیانەتیان کردووە.
 هەرچی  لەڕووی حوکمڕانیشەوە هەیە ئەمان پێیان وایە حوکمڕانی "ئایدیۆکراسی واتە هێزی ئایدۆلۆژی بۆ حکومڕانی" باشترین جۆری حوکمڕانییە. دروستبوونی یەکێتی سۆڤێتی جاران بەرهەمێکی کرچوکاڵ و ناکامڵی ئەم ئایدیالیزمەی ئاوراسیاییەکان بوو کە گونجاوی تەواوی لەگەڵ ئایدیۆلۆژی مارکسیزمدا هەبوو بەڵام بە بێ ڕوانینی دینی. ئاوراسیاییەکان وەک ناسیۆنالیزم باوەڕیان بە قەومییەتێکی دیاریکراو نییە، بەڵام باوەڕیان بە نەخشەی ڕوسیای مەزن هەیە کە یەکێتی سۆڤێتی جاران و هەریەکە لە وڵاتەکانی تورکیا و ئێران و مەنگۆلیا و بەشێک لە ئەفغانستان و باکوری سوریا و موسڵ لەخۆی دەگرێت.

🔹تورکیا و ئاوراسیاییەکان!

لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئاوراسیاییەکان بە توندی و بە شێوەیەکی ئاشکرا جموجوڵە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانی خۆیان لە تورکیادا دەستپێکرد، بەڵام ڕیشە نهێنییەکانی ئاوراسیاییەکان بۆ سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. دیارترین سەرکردەیان لە قۆناغی هەشتاکان تا ئێستا کەسایەتییەکی هەم ڕەگەزپەرەست و هەمیش چەپی وەک دۆغو پەرینچەکە. ئەم تێکەڵە مەحاڵە لە چەپ و ڕەگەزپەرەستی لە تورکیادا پێیان دەڵێن ئۆڵوساڵجی Ulusalcı. پەرینچەک بە یەکێک لە قوتابییە دێرینەکانی ئالیکسەندەر دوگینی ڕاوێژکاری پوتن و ئەندازیاری هەڵگیرساندنی شەڕی ڕوسیا/ئۆکرانیا دادەندرێت، لە شەستەکاندا کۆرسی تایبەتی لە دوگین وەرگرتووە سەبارەت بە ئایدۆلۆژیای ئاوراسیایی.
 ئاوراسیاییەکان پێشتر لەژێر چەندین ڕێکخراوی نهێنی و بەهێزدا کاریان کردبوو کە بەهێزترین و دیارترینیان ڕێکخراوی ئەرگەنەکۆن "دەوڵەتی قوڵ"ە. لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستیان لە چەندین کودەتا و کوشتنی دەیان کەسایەتی ئازادیخواز و دیموکراسیخواز لەو وڵاتەدا هەبووە کە بە فایلی مەجهول لەو وڵاتەدا دەناسرێن. گرنگترین شتێک کە ئاوراسیاییەکان و بەدیاریکراویش ئەرگەنەکۆن دژی دەوەستنەوە نزیکبوونەوەی تورکیایە لە بڵۆکی ئامریکا-ئەوروپا و بۆ ئەم مەبەستەش ئەوەی لە دەستیان بێت درێخی ناکەن لە ئەنجامدانی بۆ دوورخستنەوەی تورکیا لە ئەوروپا.

🔹بزووتنەوەکەی گولەن و ئەرگەنەکۆن!

بەهۆکاری کۆنترۆڵکردنی ساحەکانی دادوەری و ئەمنی و پۆلیس لەلایەن بزووتنەوەکەی گولەنەوە و هەبوونی حەز و مەیلی کرانەوە بەڕووی ئەوروپادا لەلایەن ئەم ئەم بزووتنەوەیە ناکۆکی قووڵ لەنێوان بزوتنەوەکەی گولەن و ئەرگەنەکۆن لەسەرەتاکانی حوکمی ئاردۆگاندا تا ڕادەی پێکدادان ڕوویان دەدا. لە 25 تەمووزی 2008 دادوەرێکی پڕۆ گولەن بەناوی دادوەر زەکەریا ئۆز توانی داوایەکی یاسایی دژی ئاوراسیاچییەکانی نێو ئەرگەنەکۆن ئامادە بکات و ئاردۆگان قایل بکات کە  85 کەسایەتی گەورە و کلیلییان لێدەستگیر بکات و دادگاییان بکات. هەماهەنگی پۆلیس و دادگا لەلایەک و حکومەتەکەی ئاردۆگان لەلایەکی دیکەوە ئەم کارە قورس ونەکردەیەی زۆر ئاسان کرد ودەستکرابە تەسفییەی ئەرگەنەکۆن. لە نێویاندا دۆغوپەرینچەک و سوپاسالاری پێشووتری تورکیا ئیلکەر باشبوغ و جەنەراڵ محەمەد شەنەر ئەرەیگور و ڤەلی کوچوک و چەندین جەنەراڵ و کەسایەتی دیکەی نێو ساحەی بیرۆکراسی هەبوون. بەشی زۆریان حوکمی زیندانی هەمیشەیی وقورسیان خوارد. ئەو زیانەی کە گولەن لە دەوڵەتی قوڵ و ئاوراسیاچییەکانی تورکیای دا بێ پێشینەبوو، ئازاری دان و برینداری کردن بەڵام نەیکوشتن. لە دوای تێکچوونی نێوان بزوتنەوەی خزمەتی گولەن و ئاردۆگان لە ڕووداوەکانی 17_25 ی تشرینی دووەم و بڵاوکردنەوەی کاسێتە دەنگییەکانی ئاردۆگان و بیلالی کوڕی سەبارەت بە دۆسییەی گەندەڵییەکانی خێزانەکەی، ئاردۆگان بۆ ڕزگار کردنی خۆی و ماڵباتەکەی لەو سکانداڵەی کە پۆلیس و گولەنییەکان ئاشکرایان کردبوو تاکتیکی مامەڵەی کرد و پاڵی بە دوژمنە سەرسەختەکەی گولەنییەکان واتە ئەرگەنەکۆن و ئاوراسیاییەکانەوە دایەوە و هاوپەیمانی لەگەڵ بەستن. لە دوای کودەتاکەی 16 تەمووزی 2016 وە هەموو ئەوەی لە زیندانی سیلیڤری بەتۆمەتی ئەرگەنەکۆن بوون دەستگیر کرابوون ئازادی کردن و دەستی ئاوەڵاکردن تا تۆڵەی چەندین ساڵەی خۆیان لە گولەن بزوتنەوەکەی بکەنەوە. ئەوانیش درێخییان نەکرد و لە چەند هەفتەیەکی کەمدا گولەن و بزووتنەوەی گولەنیان لە تورکیادا سفر کردەوە و تاروماریان کردن. هەر ئەوان نا هاوپەیمانێتی نێوان ئاردۆگان و ئەرگەنەکۆن وبەتایبەتیش دۆغوپەرینچەک بە دانپێدانانی خودی پەرینچەک بوو بەهۆی تەسفییەی هەموو ئەو سەرکردانەی ڕۆژێک لەڕۆژان دژی ئەرگەنەکۆن بوون لە ئاکپارتیدا بۆیە قسەکەی داودئۆغڵو تەواو ڕاستبوو ئەوان بە دەستی ئاوراسیاییەکان تەسفییە کران.

🔹پوتن وئاردۆگان

ئەمڕۆ پوتن لەژێر هەژموونی تیۆریا سیاسییەکانی پان ئاوراسیاییەکی وەک ئالیکسەندەر دۆگیندا بڕیاری شەڕ وئاشتی دەدات. دۆگین لەڕووی سیاسییەوە پێی وایە ئاوراسیا زوڵمی مێژوویی لێکراوە بۆیە دەبێت شوێن ئەو زوڵمە بکەون و مافی خۆیان وەرگرنەوە. جارێکی دیکە دەبێت ئاوراسیا لەسەر نەخشە دروست بکرێتەوە و لە ڕووە دینییەکەشەوە بۆڕاستکردنەوەی خیانەتەکەی کڵێسای کاتۆلیکی پێی وایە کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی دەبێت ببێتە چەتری هەموو کڵێساکانی دونیای مەسیحییەت. دوگین نەک هەر باوەڕی بە لیبراڵیزم و بەها مۆدێرنەکان نییە، بەڵکو پێی وایە ئەوەشی سوڵحی لەگەڵدا دەکات دەبێت وەک دوژمن تەماشا بکرێت. ئەم پیاوە دەقیق وەک سەینت ئۆگەستین بیر دەکاتەوە پێی وایە دەبێت هەموو شتێکمان لە ڕێگای دینەوە دەستکەوێت کۆی ژیان بە دین تەفسیر بکەین.

لەپاش خستنەخوارەوەی سیخۆ ڕووسیەکەوە لە ئاسمانی سوریادا لەلایەن تورکیاوە نێوانی ئاردۆگان وپۆتن زۆر تێکدەچێت، ئەم تێکچوونە بەجۆرێکە کە تەنانەت ڕێگا نادرێت سەوزە و تەماتەی تورکیا بچێتە نێو ڕووسیا وە دەیان هەزار تۆن لە تەڕەباری تورەکەکان لە سنوورەکانی جۆرجیا و ڕووسیادا تێکدەچن. باری ئاردۆگان ئەوەندەی دیکە گران دەبێت. پاش چەند هەفتەیەک دۆغو پەرینچەک لەڕێگا ئالیکساندەر دۆگینەوە پردی پەیوەندی نێوان ئاردۆگان وپوتن دروستدەکاتەوە. ئاردۆگان ناچار دەبێت داوای لێبوردن لە قەیسەرەکەی کرملن  بکات و بەرپرسیارێتی خستنە خوارەوەی فڕۆکە سیخۆییەکەش بخاتە ئەستۆی سەرۆکوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵو. بەم شێوەیە و لەدوای ئەم خۆبەری کردنە ئەحمەد داود ئۆغڵو لە پۆستەکەی وەک سەرۆک وەزیران و لە  حیزبیش دەردەکرێت و بن عەلی یڵدرم دەکرێتە سەرۆکوەزیران. دەشێت ئەم دوورخستنەوەیەی داودئۆغڵو ڕێککەوتنی پێشوەختی نێوان ئاوراسیاییەکان و ئاردۆگان بووبێت وەک نرخی ئاشتکردنەوەی ئاردۆگان لەگەڵ پوتن. هەر ئەم نزیکبوونەوەیە وایکرد تورکیا بەتەواوەتی لە ئەوروپا دوور بکەوێتەوەوە و بچێتە هاوپەیمانیەتیەکی نوێ لەگەڵ ئاوراسیاییەکان و گوێ بە فشارەکانی ئەوروپاو ئەمریکاش نەدات تەنانەت لە شتێکی گرنگی وەک کڕینی سیستمی مووشەکیی S400 یشدا، کە کڕینی ئەم سیستمە بۆ دووەم گەورەترین هێزی ناتۆ وەک کوفری سیاسی و سەربازی چاوی لێدەکێت.

🔹دیکتاتۆرەکان بۆ ڕزگارکردنی ئاردۆگان یەکیان گرتووە!

هەفتەی پێشوو ڕۆژنامەی زە ئیندپێندنتی بەریتانی مانشێتیێکی بە ناونیشانی "ئۆتۆکراتەکان بۆ ڕزگارکردنی ئاردۆگان یەکیان گرتووە" بڵاو کردەوە. ناونیشانەکەی زە ئیندپێندنت دەقیق وەسفی ئەو دۆخە دەکات کە ئەمڕۆ ئاردۆگانی تێکەوتووە. ڕۆژانێک ئاردۆگان ئیماراتی بە سپۆنسەری کودەتا و بن سەلمانی سعودیەشی بە بێ شەرەف و خەنجەری خوێناوی وەسف دەکرد و پێی دەگوت ئەو جەمال خاشوقچی پارچە پارچە کردووە، بەڵام بۆ ڕزگاربوون لە تەنگەژە ناوخۆییەی تێیکەوتووە ئەمڕۆ وەک دوو هێزی یارمەتیدەر هاواری بۆ بردوون تا لە مەسەلە ئابوورییەکانی وڵاتدا یارمەتی بدەن و بە پارەی کاشی ئەوان دەیەوێت ئەو هەڵاوسانە بێ پێشینەیەی کە ڕووی لەو وڵاتە کردووە و بڕەستی لە گەلانی تورکیا بڕیوە وەک ئازارشکێنێک کەمتر بکاتەوە.  بە تەنها ئیمارات و سعودیە نا، بەڵکو دەست بۆ بەشار ئەسەد و عەبدولفەتاح سیسیش درێژ دەکات کە تەنها چەند ساڵێکی کەم بەر لەئێستا بە ئاشکرا بە قاتڵ و جانی و تیرۆرست بانگی دەکردن. بەڵام گرنگترین ئەو ئۆتۆکراتەی  ئاردۆگان ئەمڕۆ لەسەر حیسابی دوورکەوتنەوە لە ئەوروپا هانای بۆ بردووە ڤلادێمر پوتنە. لە 28 ی مارتدا لوتکەی دیموکراسی بە ئامادەبوونی 120 وڵات لە برۆکسل ئەنجامدرا بەڵام لە نێو ئەو وڵاتانەدا تورکیا بانگهێشت نەکرابوو. ئەمە لە کاتێکدایە هەریەکە لە وڵاتەکانی زیمبابۆی و هندۆراس و تەنزانیا وەک وڵاتانی پرۆ دیموکرات بانگهێشتی دیدارەکە کرابوون، لەساڵی 2021 یش لە دیدای یەکەمی وڵاتانی پرۆدیموکراسیدا دیسانەوە تورکیا هەر بانگنەکرا!. ئەم بایکۆت و دوورخستنەوەیەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی وەها گرنگ کە ڕۆژانێک کاندیدێکی زۆر نزیک بوو بۆ بوون بە ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئیدی تورکیا وەک ئەندامێکی بلۆکی ئاوراسیایی تەماشا دەکرێت و حیساباتی لەگەڵ ئەوروپادا کۆتایی هاتووە. 

لە 22ی مارتدا کەناڵی دۆیچە ڤێلەی ئاڵمانی پرسیارێک ئاڕاستە حکومەتی ئەو وڵاتە دەکات سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و بۆچوونی حکومەت لەوبارەیەوە دەپرسێت، لەوەڵامدا حکومەتی ئاڵمانیا بە دوور و نەکردەی دەزانێت لە تورکیای ئاردۆگاندا هەڵبژاردنێکی ئازاد  نەزیهــ و بێ خروقات ئەنجام بدرێت. ئەم وەڵامەی حکومەتی ئەڵمانیاکە بە دڵی ئابووری ئەوروپا دەناسرێت شۆکهێنەرە سەبارەت بە وڵاتێک کە خودی ئەڵمانیا ڕۆژانێک پشتگیری کردووە بچێتە نێو یەکێتییەکەوە.

نزیکبوونەوەکانی ئاردۆگان لە پوتن کارێکی کردووە وڵاتانی ئەوروپایی چیدی خۆیان لە داوەکانی ئەم سیاسییە ڕاڕایە نەدەن و وەک قۆناغی ڕاگوزەر تەماشای سیاسەتی نەک؟هەر حکومەت بەڵکو دەوڵەتەکەش بکەن و نەتوانن دانوستانی ستراتیژی لەتەکدا ئەنجام بدەن.
ڤلادمێر پوتن توانیوێتی بە باشی ترپەی لێدانی دڵی ئاردۆگان و نیازەکانی بخوێنێتەوە، کە فڕۆکە ڕووسییەکە خرایە خوارەوە ئاردۆگان گوتی خۆم فەرمانم بە خستنە خوارەوەی کردووە، کە ئابڵۆقە درا بە تەشەبووسی ئاوراسیاییە ناوخۆییەکانی وڵات و ئەندازیاریی خودی پەرینچەک پوتن ڕازی کرا بە دیداری ئاردۆگان تا داوای لێبوردن بکات ئۆباڵی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە بخاتە سەرشانی داودئۆغڵوی سەرۆک وەزیران. لە ئێستاشدا مانەوەی مرۆڤێکی ئۆتۆکرات و زەبوون و دەستەمۆی وەک ئاردۆگان لەبەرژەوەندی ڤلادمێر پوتنە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکا لە مەسەلەی ئۆکرانیادا بەتوندی و بە هەموو هێزێکی سەربازی و سیاسی  و ئابووری خۆیانەوە دژی پۆتن شەڕی بەوەکالەت دەکەن، پشتگیری کردن لە ئاردۆگان و نەکردنەوەی بەرەیەکی لانی کەم  دژ لە خۆی لە بەرژەوەندی پوتن ودۆخی ئێستای ڕووسیاشدایە. بۆ ئەوەی دۆڕانی ئاردۆگان لە هەڵبژاردندا نەبینین دەبێ دەست بە چاوەکانمانەوە بگرین و خۆمان کوێر بکەین، دەنا هیچ گارانتییەک نییە ئاردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا بیباتەوە.

 بە گوێرەی ڕاپرسییە باوەڕپێکراوە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو وڵاتە بەدڵنیایی ئاردۆگان بە جیاوازی زۆریش دەدۆڕێت، بەڵام مەحاڵە ئەم دۆڕانە قەبوڵ بکات. چاودێرانی سیاسی و نێودەوڵەتی پێیان وایە پلانی یەکەمی ئاردۆگان گزیکاری و دزینی هەڵبژاردنەکەیە، لەم کارەشدا دۆستی ڕۆژی ڕەش تەنها و تەنها پوتنە و ئەندازیاری دروستکردنی ئەم دۆستایەتییە گرنگەش لەپاش ئەو هەموو ڕووداوە خراپەی کە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ڕوویداوە ئاوراسیاییەکانی تورکیا و خودی دۆغو پەرینچەکن بە پلەی ئیمتیاز. بەڵێ گەر پوتن توانیبێتی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی ئامریکا و دەرچواندنی تڕەمپدا بکات و ئەمڕۆ تڕەمپ لەسەر ئەم باسە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، چۆنە ناتوانێت یاری بەهەڵبژاردنی وڵاتێکی لاوازتر لە ئامریکا و گرنگتر بۆ دۆخی ئێستای وڵاتەکەی خۆی بکات؟

لەئێستادا هۆکارە ناوخۆییەکانی وڵات لە هەڵاوسانی ئابووری، گرانی، شکانی لیرەی تورکی، سەد ملیارد دۆلار زەرەر و زیانی بومەلەرزەکەی باشوری ئەو وڵاتە و گیانەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە تەنها چەند خولەکێکدا، دابەشبوونی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا هیچیان لەبەرژەوەندی ئاردۆگان وماڵباتەکەی نین، ئەوەی بتوانێت لەم هەڵبژاردنەدا دەستبارێکی نەکەوتنی ئەم بارە قورسەی ئاردۆگان بێت تەنها و تەنها دزین و تەزویرکردنی هەڵبژاردنە، دیارە ئەم تەزویرکردنەش بەبێ هاوکاری وڵاتێکی وەک ڕوسیا و خودی پوتن بۆ ئاردۆگان شتێکی هێندەی مەحاڵ نەکردەیە.