کڵچدارئۆغڵو: سەرۆکی هاوپەیمانیی مەحاڵ

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-04-19

من لە هەوادارانی ئەو بۆچوونەم کە پێی وایە ئاردۆگان ناهێڵێت لەم هەڵبژاردنەدا بدۆڕێت، لەئەگەری دۆڕانیشیدا کورسیی سەرۆکایەتی بەو هەموو پاشخانە تاوانکاری و ئیمتیازەوە بەجێناهێڵێت، دۆخێک دروستدەکات لەو وڵاتەدا تا زیاتر بمێنێتەوە. بەڵام دەمەوێت لەم نووسینەدا فەرەزێکی مەحاڵ پێشبینی بکەم و وا دابنێم کە ئاردۆگان تەزویر ناکات و هەڵبژاردنەکە دەدۆڕێنێت و بە شێوازێکی ئاشتیانە وەک هاتنەکەی دەڕوات، داخۆ سەرانی ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی پێنج قۆڵی+1 و بە تایبەتیش خودی کڵچدار ئۆغڵو وهاوپەیمانێتییە مەحاڵەکەی لە قۆناغی پۆست ئاردۆگاندا چ جۆرە ئەژێندایەکی سیاسی و کلتووری و ئابووری سەرڕێدەخەن؟

🔹جوڵانەوە سیاسییەکان تەمەنێکی دیاریکراویان هەیە

هەر پێشهات و جوڵەیەکی سۆسیۆ-سیاسی تەوژمێکی دیاریکراوی تایبەت بەخۆی هەیە، وەک هەموو یاسایەکی فیزیایی ئەمیش مەحکومە بە سەنگ و  کێشی ئەو خەڵکەی لێیکۆبوونەتەوە لەلایەک و ئەو خێراییەش کە جوڵانەوەکە هەیەتی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە لایەکی دیکەوە. یەکێک لە مۆتۆکانی ئاردۆگان لە ڕابردوودا بۆ حیزبکەی دەقیق ئەم باسە بوو: "وەستان نییە، بەردەوامین لە ڕۆیشتن Durmak yok yola devam" ئاردۆگان باسی لەخێرایی دەکرد بەڵام باسی لەو کێش و قورساییە نەدەکرد کە کار ی دەکردە سەر خێرایی ئەم شەمەندەفەرەی ئەم پێی وابوو دەشێت هەر ئانێک لێی دابەزێت. ئەوەی ئاردۆگان پێی وابوو شەمەندەفەرە لەڕاستیدا دۆخی پاسکیلێکی هەیە ئەمڕۆ کە بەرەو نادیار وڵات بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت، گەر لە ڕۆیشتن بۆستێت خۆی دەکەوێت و گەر بەردەوامیش بێت لە ڕۆیشتن، وڵات لەبەرژەوەندی نوخبەیەکی دەستەبژێری بیرۆکراسی و تۆتالیتار بەرەو نادیاری زیاتر و تاریکی زیاتر دەڕوات. ئاردۆگان نایەوێت ئەم پاسکیلەی سەرۆکایەتی بۆستێت،چونکە  لەگەڵ وەستانیدا دەکەوێت

🔹سروشتی جوڵانەوەی سیاسی لە تورکیا

 سروشتی هەموو جوڵانەوە و بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە تورکیادا کتومت وەک مرۆڤ وان، دۆخێک دەیانهێنێتە ژیان، قۆناغەکانی ساوان  و منداڵی تێدەپەڕێنن، هەراش دەبن و دەگەنە کەماڵی پیشاندانی بەرزترین ئاستی پێرفۆرمانسی خۆیان و دواتر وەک سروشتی مرۆیی مروڤ ئەمانیش پیر دەبن و دەمرن. هەندێکیان بە نەبەکامی پێش هاتە بوون دەمرن، هەندێکی دیکەیان لە منداڵی و هەندێکی دیکەیان بەرگەی پیریش دەگرن. جوڵانەوە دینییە/ڕەگەزپەرەستانەکەی ئاردۆگان کە خۆی لە فۆڕمی ئاکەپەدا خەمڵاند بێ قەید و مەرج ئەمڕۆ لەقۆناغی ئاوابوونی خۆیدایە، ئەوەی تا ئێرە ئەوی هێشتۆتەوە تەوژمەجوڵە Momentum ی سیاسی و حوکمڕانی نییە بەڵکو نەبوونی بەدیل و ڕوئیایەکی جیاواز بووە لە ماوەی لانی کەمی دوو دەیەی ڕابردوودا بۆ حوکمڕانی ئاردۆگانیزم لەو وڵاتەدا. ئەمڕۆ وادەردەکەوێت وڵات بۆ دووبەرەی دژیەکی جەمسەرگیری تا ڕادەی پەڕگیر دابەش بووە، بەرەی دژە ئاردۆگان بە چەپ و ڕاستەوە، بە لائیک و موحافیزکارەوە، بە تورک و کوردییەوە، بە کەمالیست و مەدەنییەکەیەوە، بە سوننی عەلەوییەوە هاتوون لەژێر چەتری کەسێکی عەلەوی و بە بنەچە کوردی وەک کەمال کڵچدارئۆغوڵدا کۆبوونەتەوەو پێیان وایە پڕۆژەکەی کڵچدارئۆغڵو پێداویسیتی هەنووکەیی گەلانی تورکیایە دژ بەبەرەی ئەوەی ئەوان ناوی دەنێن بەرەی دیکتاتۆریەتی ئاردۆگان.

🔹ئایا کڵچدار ئۆغڵو دەتوانێت تورکیا بگوازێتەوە قۆناغی پاش ئاردۆگان؟

یەکێک لەو پێداویستییە گرنگانەی وادەکات سیستمێک بە دیموکراتی بمێنێتەوە و هێزی ڕەها نەخاتە دەست تەنها کەسێکەوە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بەهێزکردن و بێلایەنکردنی دەسەڵاتی دادوەری و  بوونی ڕوئیای ڕوونی سیاسی و  ڕەخنەی جیدییە. لەتورکیا ئاردۆگاندا ئەمڕۆ هیچ یەکێک لەمانە بوونی نییە هەموویان لەبەرژەوەندی کەسێتی ئاردۆگان پایەماڵکراون. گەلانی تورکیا دەترسن هەمان سیناریۆی ئاردۆگان لە کڵچدار ئۆغڵودا دووبارە ببتەوە. هێزی ڕەها هەمیشە بەمانای فەسادی ڕەها دێت گەر لە دەستی تاکە کەسێکدا کۆببێتەوە، ئەوەی ئاردۆگانی والێکرد لە شەمەندەفەری دیموکراسی دابەزێت و بگوازێتەوە بۆئەوەی ببێتە دیکتاتۆرێکی شەڕەنگێز ئەم هێزە ڕەهایە بووە کە لەپاش گۆڕینی سیستیمی سەرۆکایەتی حیزب و دواترییش گۆڕینی سیستیم پەرلەمانتاری لە وڵات بۆ سەرۆکایەتی دەستی کەوت. دەبێت بپرسین ئایا شیمانەی دووبارەبوونەوەی هەمان تاس وحەمامەکەی ئاردۆگان لای کڵچدارئۆغڵوش بوون نییە؟



🔹کڵچدارئۆغڵو لەبەردەم ئاڵنگاریی دەسەڵاتدا
هەرچەندە خۆی بانگەشەی ئەوە دەکات لەگەڵ دەرچوونیدا و بە مسۆگەر کردنی زۆرینەی پارلەمانی یەکەم کاری خۆی و هاوپەیمانێتی پێنجقۆڵی+1 کۆتایی هێنان دەبێت بە سیستمی تاکنەفەری و دیکتاتۆرییەتی سەرۆکایەتی و گۆڕینەوەی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات بە بە سیستمێککی فرەیی پارلەمان و بۆ ئەم مەبەستەش ئەم باسە دەخاتەوە ڕیفراندۆم و بەردەم ڕای گشتی. سیاسیەكان بەگشتی حەزیان لەكۆكردنەوەی دەسەڵاتەكانە نەك سازشكردن لێی،
تا ئێستا ئەمە هەر سۆزێکە و نازانین لەگەڵ گەیشتن بە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کۆمار و هەموو ئەو توانایانەی کە لە دەستیدا کۆدەبێتەوە کڵچدارئۆغڵو چۆن مامەڵە دەکات!
 لە هیتلەرەوە بۆ مۆسۆلینی، لە شی جین پینگەوە بۆپۆتن و ئاردۆگان، لە سەددام و قەزافییەوە بۆ عەلی عەبدوڵا ساڵح  زۆرینەی  دیکتاتۆرە خوێنمژەکانی مێژووی نزیکی ئێمە بە هەڵبژاردن هاتونەتە سەر کورسی دەسەڵات، بەڵام بە کۆبوونەوەی هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە پێی نازیون لە دەستەکانیاندا و نەبوونی هاوئاهەنگی نێوان دەسەڵاتی دەستیان و عەقڵی نێو کاسەی سەریان تووشی ترازان و ژەهراویبوون بە دەسەڵاتی کردوون، دواتر ئەو دیکتاتۆرانەیان لێ دروستبووە کە وڵاتەکەیان وێران کردووە و گەلەکانیان باجەکەیان داوە. لە ئەگەری بردنەوەی کڵچدارئۆغڵودا ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆداین. کڵچدار ئۆغڵو لەنێو هاوپەیمانییەکدایە کە سەرکردەکانی زۆر لێکدوور و دانونەکوڵاون پێکەوە، ئەوەی کۆیکردوونەتەوە بەقەولی خۆیان دژایەتیکردنی دیکتاتۆرێکە کە وڵاتی وێران کردووە و ڕازی نییە کورسییەکەی چۆڵبکات. ئەوان پێیان وایە هەرکەسێ ڕازی نەبێ کورسییەکەی چۆڵبکات دیارە ژێر خۆی پیس کردووە، بۆیە هەموو هەوڵکی خۆیان دەدەن بۆ نیشاندانی ژێر ئاردۆگان و هەر ئەم پیسییەی ژێر ئاردۆگانیشە کە پێکەوەی نووساندوون و کۆیکردونەتەوە. کەسێکی ڕەگەز پەرەستی وەک مەرال ئاکشەنەر و مونەویرێکی ئیسلامی وەک ئەحمەد داودوئۆغڵو مەحاڵە یەکجۆر بیرکردنەوەی سیاسییان هەبێت، عەلەوییەکی وەک کڵچدار ئۆغڵو و ئیسلامێکی سیاسی وەک تەمەل کەرامائۆغڵو کە خوێندکاری ئەربەکان بووە ئاسمان و ڕێسمان جیاوازی بیرکردنەوەیانە. هەموو ئەمانەش زۆر جیاواز لە پارتی چەپی سەوز بیردەکەنەوە کە خۆی بە نوێنەرایەتی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد دەزانێت لەو وڵاتەدا. دەشێت دیدگایەکی هاوبەشیان هەبێت بۆ مەسەلەکانی ئابووری و ئازادیییەکان و میدیا، بەڵام لە ئێستادا ئەم کوالیسیۆنە و سەرۆکەکەی هیچ دیدگایەکی ڕوونیان نییە بۆکێشە سیاسییەکانی وڵات و لەنێویشیاندا کێشەی کورد کە بە دایکی هەموو کێشەکان لەو وڵاتەدا دادەندرێت و دیارە تا ئەم کێشەیەش چارەسەر نەکرێت هیچ کێشەیەکی سیاسی لەو وڵاتەدا ناگاتە لێواری چارەسەر.  

🔹هاوپەیمانی پێنج قۆڵی و سیاسەتی دەرەوە

ئەوەی پەیوەستە بەسیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەوە هاوپەیمانی میللەت دەڵێت خاڵێک بۆ ئەم جۆرە لە سیاسەتی شەڕەنگێزی توركیا و ئاردۆگان لە دەرەوە دادەنێت. لەبیرمان نەچێت ئەحمەد داودئۆغڵوی خاوەنی تیۆریای سفر کێشە لەگەڵ دەراوسێکان ئەندامی ئەم کوالیسیۆنەیە. گرنگترین وادەی نێوخۆیی کڵچدارئۆغڵو بۆ دەندەرانی ڕێککەوتنەوەیە لەگەڵ بەشار ئەسەد بۆ گەڕاندنەوەی چوار ملیۆن ئاواری سوری کە بوونەتە بارگرانی بەسەر ئەو وڵاتەوە. هاوپەیمانێتێکە لە ئەژێنداکەی خۆیدا کە لەشێوەی کتێبێکدا بۆ ڕای گشتی بڵاوی کردۆتەوە جەختی لەسەر ئەوەکردووەتەوە کە حیساباتە سیاسیە ناوخۆیەكان و جیاوازییە ئایدۆلۆژی و ئیتنیکی و نەتەوەییە ناوخۆییەکانی بەشێك نابن لەتەوەرەكانی سیاسەتی دەرەوە و تورکیا ئیدی هەرگیز کێشەی نێوخۆیی هەناردەی دەرەوە ناکات و سنوورێک بۆ نەزیفی خوێنی سەربازانیشی دادەنێت لە دەرەوە. پێدەچێت هەرێمی کوردستان بتوانێت سوود لەم ئاژێندایەی سیاسەتی دەرەوە وەربگرێت گەر لەڕێگای عێراقەوە هەماهەنگی بکات، ڕوون نیە هاوپەیمانێتیەكە دەیەوێت کێ ڕازیبکات و  كێش بخەڵەتێنێت بەڵام لەهەموو بارێکدا تەرکیز و ڕووی تورکیا دەخاتەوە سەرخۆی و کەمتر کێشەکانی ڕەوانەی دەرەوەی خۆی دەکات.
بەشێک لە چاودێرە ئەوروپییەکان بۆچوونیان وایە لە ئەگەری بردنەوەی کڵیچدار ئۆغلۆدا, دەكرێت جارێكی تر دیموكراسی لەو وڵاتەدا ئاهێکی بەربەردابێتەوە و تورکیا شوێن دۆسییەی  ئەندامێتی لە یەكێتی ئەورپاو بکەوێتەوە کە لەپاش کودەتاکەی 2016 ەوە ئاردۆگان بەفەرمی کارەکانی هەڵپەساردووە، و بەم کارەش ملیۆنان تورک کە وەلائیان بۆئەوروپا لە ڕووسیا و ئاوراسیاییەکانی ئەو وڵاتە زیاترە دڵخۆشدەبن و دەشێت هەر لەم لەم ڕێگەیەشەوە خودی ئابووری وڵات و میدیا و ئازادییەکان بتوانن هەناسەیەک بدەن.  هاوپەیمانی میللەت دەیەوێت پرۆسەی چوونە پاڵی یەكێتی ئەوروپا دەستپێبكاتەوە و توركیا پابەندبکاتەوە بە بڕیارەكانی دادگای ئەوروپی بۆ مافەكانی مرۆڤ و ئەم کارەش وادەکات نزیکەی چوار میلۆن هەوادار و ئەندامی بزوتنەوەی خزمەتی فەتحوڵا گولەن پشتگیری لێبکەن کە ئاردۆگان بە زەبری هێز ئەمڕۆ وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لەژێر ناوی "فەتۆ "دا دەیانناسێت و دەیانناسێنێت.

 



🔹فەتحوڵا گولەن و هاوپەیمانی میللەت

تەنها یەک شەو لەپاش کودەتاکەی 2016 و لەژێر ئەندازیاری ئەرگەنەکۆن و  ئاوراسیاییەکانی نێوی و سەرکردایەتی خودی دۆغوپەرینچەک ئاردۆگان لە شەوێکدا 4000 دادوەر و 50 هەزار مامۆستا و 12 هەزار پزیشک و نزیکی 22هەزار پۆلیس و پلەداری پۆلیسی گولەنی لەکارەکانیان درووخستەوە. دواتر لە هەڵمەتێکی چڕدا خودی گولەنی بە سەرۆکی باندی تیرۆرستی و بزوتنەوەکەشی بە بزوتنەوەی تیرۆرستی فەتۆ ناساند و هەموو کتێبەکانی گولەنی کە خۆی لە یەک ملیۆن کتێب دا دەبینی سووتاند.  لە ڕۆژانی دواتردا 14 زانکۆی گەورە  هەشت کاناڵی ئاسمانی بەناوەکانی SAMANYOLU HOLDING و شەش نەخۆشخانەی فێرکاری پڕۆفێشناڵ وگەورەترین و پڕ تیراژترین  ڕۆژنامەی تورکی بەناوی زەمان و ڕۆژنامەی زەمانی ئینگلیزی و دواتر 2000 دەرسخانە و خوێندنگە و بانکێکی گەورەی بەناوی بانک ئاسیا کە لە چواردە وڵاتدا لقی هەبوو بە بیانووی فەتۆ داخست. بینای خوێندنگە و  نەخۆشخانەو زانکۆکانی کردنە لق و مەڵبەندی ئاکپارتی، هەربەمە نەوەستا دەستووری وڵات و یاساکانی هەڵپەسارد و باری لەناکاوی بۆ ماوەی دووساڵ ڕاگەیاند و لەژێر ناونیشانی قەرارنامە لە حوکمی قانوندا بۆباری لەناکاوی ناسراو بە KHK دەیان هەزاری لە هەوادارانی گولەن لە مامۆستای زانکۆ و پۆلیس و جەنەراڵ و سەرمایەداردا دەستگیر کرد و ئەوەشی پێی دەستگیرنەکرا ڕاوەدووی نا. هەر ئەوەندەش نا مەلاکانی ئاکپارتی بە ئاشکرا لەو کۆبوونەوانەی بۆپشتگیری لە ئاردۆگان سازیان دەکرد هاواریان دەکرد ماڵی فەتۆچییەکان غەنیمەتە و ژنەکانیشیان سەبایا، دواتر  ئەوقاف و موفتییەکانی ئەو وڵاتە بەیاننامەیەکیان دەرکرد گولەن و بزوتنەوەکەی گولەنیان تەکفیر کرد. ئەوەی شەست ساڵ ئەرگەنەکۆن دژی گولەن پێی نەکرا ئاردۆگان لەشەوێکدا کردی. ئەمڕۆ ئێمە بە نزیکەیی لەبەردەم چوارملیۆن دەنگی پرۆ گولەنداین. دیار نییە کڵچدارئۆغڵو چ سیاسەتێک بەرامبەر گولەن پەیڕەو دەکات، بەڵام بە ڕوونی دیارە کە داوای دەنگەکانیان دەکات و پێویستی پێیانە. لەترسی ئاگر و ئاسنی ئاردۆگان کڵچدارئۆغڵو ناتوانێت ناڕاستەوخۆ تەنانەت ناوی گولەنیش بهێنێت بەڵام میدیاکانی گولەن بە ئاشکرا ئەمڕۆ پشتگیری بێمەرجی خۆیان بۆ کڵچدارئۆغڵو ڕاگەیاندووە. دیار نییە کڵچدارئۆغڵو چ سیاسەتێک بەرامبەر گولەن و ئاڵنگارییەکانی سەرڕێ دەخات، بەڵام ئەوەی دیارە گولەن دوای کورد سەرەئێشەیەکی دیکەیە بۆی.

🔹پێنج سەر لە مەنجەڵێکدا دەکوڵێن؟

ئەمڕۆ ئەوەی نادیار و جێی هەڵوێستە لەسەرکردنە زۆر زەقە چارەسەرکردنی کێشەی کوردە لە تورکیادا، نازانین سەرانی ئەم هاوپەیمانێتییە چۆن تەماشای کێشەی کورد دەکەن، بەبۆچوونی من  سەرەکیترین هۆکاری هەڵوەشاندنەوە و تێکچوونی هاوپەیمانێتییەکەش هەر کێشەی کورد دەبێت. هێندەی مەحاڵ نەکردەیە برانین کڵچدارئۆغڵو و سەرانی هاوپەیمانێتی پێنج قۆڵی چۆن لەم کێشەیە دەڕوانن و بیری لێدەکەنەوە. خودی کڵیچدارئۆغلو لە ڕابردوودا سەركردایەتی جوڵانەوەیەکی پۆزەیڤی كردووە لەناو پارتەكەیدا سەبارەت بە کێشەی کورد و کرانەوە بەڕووی کورددا، هەر ئەم هۆکارە وایكردووە ئەمڕۆ کەسێکی وەک دەمیرتاش پشتگیری لێبکات و بەتوندی ڕەخنە لە ئاکشەنەر بگرێت لەبەرژەوەندی کڵچدارئۆغڵو.
ئەوەی ئەمڕۆ ئەم هاوپەیمانێتییەی کردۆتە ئەمری واقیع کەسێتی وکاریزمای کەسێکی وەک خودی کەمال کڵچدارئۆغڵویە نەوەک پڕۆژە و ئاژێندایەکی دیاریکراوی سیاسی و فیکری و ئایدۆلۆژی. ئەم کوالیسیۆنەی کە کڵچدارئۆغڵو سەرکردایەتی دەکات لە هەندێ بڕگەیدا تەنانەت دژی کارنامەی خودی پارتی گەلی کۆماری واتە جەهەپەشە. جیا لەوە دو کاراکتەری بەهێزی وەک ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ و مەنسور یەڤاشی سەرۆک شارەوانی ئانکارا خۆیان لە کڵچدارئۆغڵو پێ کەمتر نییە، گەر ڕێزی تەمەنە زۆرەکەی کڵچدارئۆغڵو نەبوایە ئەوا بەدڵنیایی کێبڕکێیان لەگەڵ دەکرد بۆ کاندیدبوونی سەرۆکایەتی کۆمار لەو وڵاتەدا. بەدەرچونی کڵچدارئۆغڵوش هەریەکێک لەوانە خۆیان بە شیاو دەزانن بۆ بوون بە ڕابەر و سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە و کاری کڵچدارئۆغڵو قورستر دەکەن لەپاراستنی باڵانسی هێز لەنێوان سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەک و پارتەکەی لەلایەکی دیکەوە. جێهێشتنی مێزی هاوپەیمانێتێکە هەرلەسەرەتای دروستبوونییەوە لەلایەن سەرۆکی پارتی چاکە IYI PARTI مەرال ئاکشەنەر و دواتر ڕازیکردنەوەی لەلایەن کڵچدارئۆغڵووەوە سەلێمنەری ڕاستێتی ئەم قسەیەیەکە تاکە ئەندازیاری ڕاگرتنی هاوپەیمانێتییەکە خودی کڵچدارئۆغڵویە. ئاکشەنەر کەسایەتییەکی ڕەگەزپەرەستی جیابووەوەیە لە پارتی ڕەگەزپەرەستی مەهەپە لەو وڵاتەدا، ناتوانین بزانین کڵچدار ئۆغڵو لە داهاتوودا چۆن دەتوانێت دەمیرتاش و ئاکشەنەر لەسەر مێزێک کۆبکاتەوە؟ ئەوەی ئەمڕۆ کڵیچدارئۆغلو سەرۆكایەتی دەكات هاوپەیمانتێی مەحاڵە، هاوپەیمنێتییەک سەرکردەکانی نەک تەنها فیکری سیاسی بەڵکو ئایدۆلۆژیا و تەرزی بیرکردنەوەشیان جیاوازە. تەنهاو تەنها دژایەتیکردنی ئاردۆگان کۆیکردونەتەوە. خاڵی لاوازی لێرەدا ئەوەیە ئەم دژایەتییە وادەکات جوڵەکانی ئەم هاوپەیمانێتییە هەمیشە نالەخۆ و پەرپچەکرداری بن، چاوەڕوانی ئاردۆگان بن تا ئەمان پەرچەکدار لەبەرامبەرییەوە نیشان بدەن. تاکە ئومێدێکی دڵخۆشکەر لەم هاوپەیمانیەتییەدا کە بوونی هەبێت دژایەتیکردنی دیکتاتۆرییەت و هەڵوەشاندنەوەی سیستمی سەرۆكایەتیە كە ئاردۆگان پاش کودەتاکە لەژێر هەژموونی ئاگر ئاسندا بەسەر گەلانی تورکیایدا سەپاند.
لەسەرێکی دیکەوە ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنە لەئەگەری گرتنە دەسەڵات لەلایەن ئەم پێنج سەرەوە بە ئەمان چ میتۆدێک وڵات بەڕێوە دەبەن؟ تورکەکان بەوە دەناسرێنەوە کە مەنزومەی دەوڵەت وەک دین بە موقەدەس تەماشا دەکەن، ئایا ئەم ئەو مەنزوومە فاشیستییەی کە سەد ساڵە دەوڵەتی لەسەر دامەزراوە دەکەنە قوربانی پرینسپڵ و مەبادیئەکانی دیموکراسی و کرانەوە و مەدەنییەت؟ دەبێت چاوەڕێ بین کات بڕیار دەدات، وەک تورک خۆیان دەڵێن ئەو دەروێشەی سەبڕی گرت گەیشت بە موراد.