ڤاگنەر گرووپی زێڕ و ئەڵماس! هەڕەشەی کشانەوە لە باخموت دەکەن

ڕەوا موسا

2023-05-07

گرووپی ڤاگنەر هێزێکی تایبەتی سەربازییە و لە هیچ یاسایەکدا جێگای نابێتەوە، تەنانەت ناتوانین بڵێین کۆمپانیای سیکوریتی یان ئەهلی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پاسەوانی یاخود ڕاهێنانی سەربازییە! چونکە لە یاسای ڕووسیادا کۆمپانیای سەربازی قەدەغەیە، ڤاگنەریش هێزی سەربازییە و نەک هەر سیکوریتی بەڵکو ناتوانین بڵێین میلیشیاشە. هێزێکی سەربازی ڕاهێنراوە و خاوەنی چەکی قورسە، بەتەواوی لەگەڵ سوپای ڕووسیادا هاوکارە و کەلوپەلەکانی سوپای ڕووسیا لە چەک و فڕۆکە و ئامێری پەیوەندی و گواستنەوە بەکاردەهێنن. تەنانەت کاتێک بۆ کارێک دەردەچن بۆ دەرەوەی وڵات فڕۆکەی گواستنەوەی سوپای ڕووسیا دەیانگوازێتەوە و بەئاساییش چەکەوە دەچنە بنکە و بارەگاکانی هێزە رووسییەکان. ئەم هێزە 2014 "دیمتری ئوتکین" دایمەزراند کە موقەدەمێکی خانەنشینی هێزە تایبەتەکانی ڕووسیابوو، لە هێزی تایبەتی سپێتسناز و دەزگای هەواڵگریش پلە و پۆستی هەبووە. بەڵام ساڵی پار " ێڤجێنی پریگۆژین"ی سەرمایەداری نزیک لە فلادمیر پۆتین دانی بەوەدانا کە ئەو گرووپەکەی درووستکردووە. پریگۆژین زۆر لە پۆتینەوە نزیکە و بە "شێفەکەی پۆتین" بانگدەکرێت. پێشتر خۆی دەشاردەوە بۆئەوەی لە سزاکانی ڕۆژئاوا خۆی بدزێتەوە بەڵام کاتێک بەتەواوی بەسەریدا ساغ بۆوە شتێک نەما لێی بترسێت.

ڤاگنەر بە پارە و بەکرێ و بە موڵک کار بۆ هەر دەوڵەت و لایەنێکی سیاسی و سەربازی دەکەن کە ئۆڤەریان پێشکەشبکات. ئەندامەکانیان بەزۆری مافیا و سەربازی دێرینی ڕووسیان، لە لیبیا و سوریا و سودان و ئەفریقای ناوەڕاست لەپێناوی پارە و بیری نەوت و کانی زێڕ کاریان بۆ لایەنەکانی ئەم وڵاتانە کردووە. دوایین ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست بوو، لەبەرامبەر پاراستنی کانە ئەڵماسەکان لە یاخیبووەکانی ئەم وڵاتە سەهم و پشکیان وەرگرت، هەروەها تێوەگلان لە سەرکوتکردنی کودەتایەکی شاراوە و نهێنی کە لەمیدیاکان زۆر باسنەکرا و سێ ڕۆژنامەنووسی ڕووسیشیان لەو وڵاتە کوشت کاتێک ویستیان لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکەن. با جارێ لەو باسانە بگەڕێین لە پۆستی تردا دێینە سەریان إن شاء الله....

جارێ ئەوەی زۆر قسەی لەسەر دەکرێت هەڕەشەکردنی پریگۆژینە بەوەی لە ڕۆژی دەی ئەم مانگەدا لە باخموت دەکشێنەوە، ئەمەش بەهۆی ناکۆکییەکانیانە لەگەڵ سوپادا و دەڵێت هێزەکانی سوپای ڕووسیا حەسودیان بە سەرکەوتنەکانی ئێمە دێت و هاوکارییەکانیان لێ بڕیوون! 
لە سەرەتاکانی مانگی یانزەی ساڵی ڕابردووەوە سوپای ڕووسیا تەنها 32% ی ئەو پێداویستیانەی داوە بە ڤاگنەر کە داوایانکردووە، بەڵام ڤاگنەریش داوای زۆر دەکات و تێچوویان زۆرە. هێزێکی هێرشبەرن "اقتحام"ین ئەم جۆرە هێزانە زەمین لە هێزی دوژمن خاوێن دەکەنەوە بەڵام نایگرن. ئەم جۆرانە خۆیان پێویستیان بە چەک و تەقەمەنی زیاترە لەهێزەکانی تر، بەڵام ڤاگنەریش دەتوانین بڵێین لە ڕادەی پێویست زیاتر  بەکاردەهێنێت. ئێ سوپای ڕووسیا خۆی لەبەر تێچوو و مەسرەفی زۆر هەتا ئێستا بەرزترین ئاستی هێزی جەنگی خۆیان بەکارنەهێناوە، بۆچی ناچاربن بەرزترین ئاستی جەنگی پێشکەشی ڤاگنەر بکەن؟! ئەگەر سوپای ڕووسیا خۆی ئەم هێزە جەنگییە بەکاربهێنێت و حسابی تێچوو و ئابووری ڕووسیا نەکات خۆی دەتوانێت ئەو کارانە زیاتریش بکات کە ڤاگنەر کردوویەتی! 
ڤاگنەر میدیا زیاتر لە قەبارەی خۆی بەهێزی کردووە، ئەوەش مەبەستی لەپشتە. لەو 50 هەزار سەربازەی ڤاگنەر نزیکەی 10 هەزاریان سەربازی پڕۆڤیشناڵن ئەوانی تر نوێن و زۆربەیان ئەمساڵ و کۆتایی ساڵی پار ناونووس کراون. لە پەنجار هەزار سەرباز تەنها نزیکەی 15 هەزار سەربازیان بردۆتە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ چونکە ئەوانی تر لەژێر مەشقدان، یان لە وڵاتانی ترن یاخود هێشتا لە هێزی پاراستنی لۆجیستی دایانناون، زۆربەی ئەوانەی نەهاتوونەتە بەرەکانی شەڕ جارێ بەکەڵکی جەنگێکی سەختی وەکو سوپای ئۆکرانیا نایەن کە پڕچەکی مۆدێرنی کوالێتی بەرزن و خۆتان ئاگادارن لەلایەن ناتۆوە چۆن پاڵپشتی دەکرێن. 

ڤاگنەر ئەفسانەنییە، هەتا ئێستا ناوی پێنج هەزار ئەندامی ڤاگنەر بڵاوکراوەتەوە کە لە ئۆکرانیا کوژراون. ئەمە بەراورد بە ژمارەی ئەو هێزە پڕۆڤیشناڵەی هەیانە زۆر زۆرە. دوو سێ سەرکەوتنی دیکەی وەکو باخموتیان بەسە تا ڤاگنەر هاوشێوەی گرووپی ئازۆڤی ئۆکرانیا تەفروتوناببێت.
 ناوی ئەو  سەرکەوتنەتان بیرە کە لە وتاری  هێرشی هەڵگەڕاوەی ئۆکرانیا  باسمان کرد؟ " سەرکەوتنی پێریک" ئەو سەرکەوتنە زیانەکانی هەندە زۆرە کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ شکستدانییە! بەشەکەی تری سوپای ڕووسیا کە لە سەربازە پڕۆڤیشناڵەکانی پێکهاتووە زۆر لە ڤاگنەر بەهێزتر کاردەکەن، بەڵام وەک پێشتر باسمان کردووە دیارە ئەم هێزە بۆ ڕۆژی ڕەش دانراوە و هێشتا پۆتین پێی وانییە لە ڕۆژێکی ڕەشدابێت!