ئاردۆگان مافیایە یان سوڵتان؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2023-05-10

لەسەرەتای ساڵانی 2000 ەوە ئەوەی ئاردۆگانی کردبوویە فیگەرێکی گرنگی وڵات و دواتریش کەسی یەکەمی حیزبەکەی، بەگژداچونەوە و کۆتاییهێنان بوو بە گەندەڵی بێشومار و ئەو کوشتنانەی کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتەکانی ڕابردوودا بەناوی فاعیلی مەجهول ناسرابوون.  ئەو هاوپەیمانێتیانەی کە حکومەتەکانی پێشوویان دروستدەکرد  نەیادەتوانی لەژێر هەژموون و هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتی قوڵ و مافیاکان دەرچن، ئابووری وڵاتیان داغان کردبوو لەلایەک و کوشتارێکی دیراسەکراویشیان لە تارومارکردنی نەیارەکان سەرڕێ خستبوو لەلایەکی دیکەوە، ئەم داڕوخانە ئابووری و ئەمنییە لە حکومەتەکەی بولەند ئەجەویددا گەیشتە لوتکەی خۆی. هەر ئەم داڕمانە ئابووری و ئەمنییە شوشەی تووڕەی گەلانی تورکیای شکاند و کارێکی کرد تا ئاکپارتی و بە دیاریکراویش خودی ئاردۆگان بۆشاییە ئەمنی و ئابوورییەکانی وڵات کەشف بکەن و ببنە بەدیلێکی بێ ڕکابەری بەڕێوەبردنی وڵات. 

🔹هاوڕێکان لەسەر گەندەڵی و تاکڕەوی ئاردۆگانیان بەجێهێشت!

 زۆری نەبرد ئەوانەی بە ئەندازیاری هەستانەوەی سیاسی و ئابووری  دادەنران لە نێو ئاکپارتیدا بە بیانووی تاکڕەوی و گەندەڵی ئاردۆگان و  ماڵباتەکەی کشانەوە و هەندێکیشیان دەرکران و دواتر بوون بە نەیاری زۆر سەرسەختی ئاردۆگان و ماڵباتەکەی. یەکەمین کەسایەتییەکان کە مانگەشەوی هەر لەسەرەتاوە لێ دیار بوو  کەسایەتی کورد و یەکێک لەدامەزرێنەرانی ئاکپارتی دەنگیر میرمحەمەد فرات بوو. فرات ئەزموونی شەش خولی جیاوازی پارلەمانتاری لەو وڵاتەدا هەبوو. دەنگیر فرات لەپاش ڕووداوەکانی گەندەڵی بنەماڵەی ئاردۆگان ناسراو بە ڕووداوەکانی  25-17 تشرین ڕەخنەی توندی لە تاکڕەوی و گەندەڵی ئاردۆگان گرت و وازهێنانی خۆی لەو پارتە ڕاگەیاند و پەیوەندی بە هەدەپەوە کرد.
ڕووداوەکانی  دزی و گەندەڵی ئاردۆگان و بیلالی کوڕی کە بە ڕووداوەکانی 17-25 ی تشرین ناسراوە یەکەمین زەنگی مەترسی دیکتاتۆریەتی ئاردۆگان بو بۆ سەر هاوڕێکانی دیکەشی، هەر پاش ئەو ڕووداوانە هەریەک لە عەلی باباجان و عەبدوڵا گیول و حوسەین چەلیک وبولەن ئارنچ و دەیان سەرکردەی دیکەی ئاکپارتی وازهێنانی خۆیان لە ئەجێنداکەی ئاردۆگان ڕاگەیاند. 
بەدەر لە ئیختلاس و گەندەڵییە بێشومارەکانی ئاردۆگان و نزیکەکانی، لەپاش کودەتا شکستخواردووەکەی 15 ی تەمووز و ڕێککەوتنەوەی ئاردۆگان لەگەڵ سەرانی ئەرگەنەکۆن و بەدیاریکراویش کەسایەتییەکی وەک دۆغوپەڕینچەک ئیدی بۆشاییە ئەمنی کوشتنەکانیش دەستیان پێکردەوە، دیارترین کوشتنیش کوشتنی پارێزەری کورد تاهیر ئێڵچی سەرۆکی بیرۆی پارێزەرانی ئامەد بوو لە بەردەم نوسینگەکەیدا.
پاش ئەم ڕوداوانە و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی سەرانی ئەرگەنەکۆندا و پشتگیرینەکردنیان لەلایەن ئاردۆگانەوە کەسایەتییە مافیاییەکانی وەک سەدات پەکەر، محەمەد یاقوت و عەلی یەشیل داغ وردە وردە دەرکەوتن و دەستیان کرد بە هەڵماڵینی نهێنییەکانی ئاردۆگان و بنەماڵەکەی. 

ئەم سێ کەسایەتییە مافیاییە لەتورکیادا کەسایەتی ئاسایی نین، بەڵکو نزیکترین و مەحرەمترین ئەو کەسانە بوون تا پێش 2015 دەیانتوانی بەبێ پرس و پرسگە  بچنە نووسینگە تایبەتەکەی ئاردۆگان و ئەوەی دەیانەوێت ڕووبەڕو بە خودی ئاردۆگانی بڵێن.
 تەندەرەکانی دەوڵەت، ساخکردنەوەی نەوتی ئێران و هەرێم، بازرگانی ماددەی هۆشبەر، سپی کردنەوەی پارە لەهاڵک بانک، دۆسێکانی ڕەزازەڕاب و بابەکی زەنجانی، ئەندازیاریی بازرگانی نێوان ئیسرائیل و بیلال ئاردۆگان هەمووی بەژێر دەستی ئەم مافیایانەدا دەڕۆیشت. پاش تێکچوونی لەگەڵ سولەیمان سۆیڵو  باڵەکەی لە ئاکەپە و پشتگیرینەکردنی لەلایەن ئاردۆگانەوە مافیایەکی وەک سەداد پەکەر ناکۆکییەکانی نێوان ئیمارات و ئاردۆگانی بە هەل زانی و  لە مایسی 2021 چاناڵێکی یوتیوبی لە دوبەیەوە کردەوە و دەستی کرد بە هەڵماڵینی نهێنەکانی ئاردۆگان و بنەماڵەکەی.

 


🔹سەدات پەکەر کێییە؟

سەدات پەکەر بەیەکێک لە گەورەترین مافیا ڕەگەزپەرەستەکانی تورکیا دادەندرێت کە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە یارمەتیدانی ئاردۆگان لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانیدا و پاشانیش یەکلاییکردنەوەی بەشێکی زۆر لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەنێوان ساڵانی 2008-2018 دا. 
پەکەر بەتەنها مافیایەکی پارە ویست نەبووە، زیاد لە پارە ئەو ڕەگەزپەرەستێکە کە خوێنی سربازە کوژراوەکانی وڵاتەکەی بە موقەدەس دەزانێت و پێی وایە نابێت بەهیچ کلۆجێک و بۆ هیچ مەبەستێک دەوڵەت لێیان بگوزەرێت و مامەڵەیان پێوە بکات.  جێپەنجەی پەکەر بەسەر سیاسەت و ڕەسمی سیاسەتی تورکیادا بەجۆرێکە لە نۆیەمین ڤیدیۆی خۆیدا دەڵێت: 
"کە قۆناخی ئاشتی و چارەسەری کێشەکانی کورد دەستی پێکرد، لەبەر حورمەتی خوێنی شەهیدانی وڵاتەکەم من دژی ئەو چارەسەرییە وەستامەوە و کامپینی شکست پێهێنانی قۆناخی ئاشتیی و چارەسەری کێشەکانی کوردم ڕاگەیاند و سەرکەوتووش بووم لەم کامپینەدا، چونکە هیچ کێشەیەک لە خونێ شەهیدان بە بەرزتر نابینم تا بەراوردی پێ بکەم، خۆین بە خوێن."
 ئەم قسانەی پەکەر ڕاستییەک زۆریان تێدایە، چونکە  بەهەڵوەشاندنەوەی قۆناغی چارەسەری کێشەکانی کورد لەو وڵاتەدا و پەرتەوازە بوونی ئەنجومەنی عاقڵمەندان، جارێکی دیکە ئاردۆگان  هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕەگەزپەرەستەکان گرێدایەوە و کورد لەو وڵاتەدا دیسان کەوتەوە نێو گێژاوی ڕۆژە ڕەشەکانی وەک کودەتاکەی  28 ی شوباتی ساڵانی نەوەد و موسا عەنتەر و ئەحمەد کایا. شارەکانی وەک شرناخ و وسوری ئامەد بەتەواوی بە جۆرێک خاپور کران کە پێشینەی نەبوو، بەتۆمەتی تیرۆر دەیان گەنجی بێتاوان تەرمەکانیان لە سوری ئامەددا بۆگەنی دەکرد چونکە کەس جورئەتی ئەوەی نەبوو پاش شێلانیان بە تایەزنجیری تانک و دەبابەکان ئێسک و گۆشتەکانیان کۆبکاتەوە و بیاننێژێت. جیزرەی بۆتان لەگەڵ زەوی کرایە یەک و هەر لەو سەروبەندەشدا و تاهیر ئێلچی سەرۆکی بیرۆی پارێزەرانی ئامەد بە ڕۆژی ڕوناک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا تیرۆر کرا و دواتر خوێنەکەی ون کرا.  
لەیەکەمین ڤیدیۆی خۆیدا کە زیاتر لە یازدە ملیۆن بینەری لە ماوەیەکی کورتدا پەیداکرد سەداد باسلەتاوانێکی قێزەونی وەزیر ناوخۆ دەکات و دەڵێت: "لە زیندانێکی دیاربەکر بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ سولەیمان سۆیڵو وایان لە گیراوێکی کورد کرد گووبکات و پاشان گووەکەی خۆی بخواتەوە، کوڕی گیراوەکە دواتر کە ئەمەی بیستەوە بۆ تۆڵەکردنەوە ڕۆیشت بۆ قەندیل و بو بە پە٭کە٭کە٭. لە تورکیا ئەمڕۆ  خەڵک بە مەبەست وایلێدەکرێت بچێتە شاخ یان بچێتە نێو جوڵانەوە مافیاییەکانەوە، چونکە خودی ئاردۆگان قازانجێکی زۆر باش لەمە دەکات بۆ ساخکردنەوە و برەودان بە بازرگانیی چەک و مادەی هۆشبەر."
 پەکەر بە ئاشکرا باس لەوە دەکات کە چەندین کاری کوشتنی سەرکردە کوردەکان لە تورکیا بە ئاگاداریی ئەم و لەلایەن محەمەد ئاغارەوە لەڕێگای چەند مافیایەک کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدابوون ئەنجامدراوە، دیارترین کوشتنیش کوشتنی ساڤاش بوڵدانە کە هاوسەری پەروین بوڵدانە و دەڵێت: "ئەو مافیایەی ساقاش بوڵدانی کوشت فەرمانی لە محەمەد ئاغارەوە وەردەگرت کە پیاوی وەزیری ناوخۆیە".

🔹سەدات پەکەر هەڕەشە لەئاردۆگان دەکات!

لەیەکێک لە دانپێدانانەکاندا پەکەر ڕوودەکاتە ئاردۆگان و دەڵێت: بێ نامووس مەبن، بێنامووسی مەکەن. کە دەجەنگن وەک پیاو بجەنگن بۆ ئەوەی دوژمنەکەتان وەک پیاو ڕووبەڕووتان ببێتەوە، گەر شەیتان بازاڕی بکەن دەبمە گەورەترین شەیتان لەبەرامبەرتانەوە. باش بزانن من وەک گۆڤار و ڕۆژنامەکان نایەم بەناڕاستەوخۆ باس لە پۆخڵەوات و کارە مافیایی و بازرگانیی مادەهۆشبەرەکانتان بکەم، دڵنیا بن بە تەواوی وردەکاییەوە نیشانی دەدەم چەندە هیچ و پوچ بوون بەرامبەر میلەتەکەی خۆتان."
سەبارەت بە ساغکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و ترافیکینگی هیرۆین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەکەر دەڵێت:
بڕیار وابوو 4900 کیلۆ" نزیکی پێنج تۆن"  کۆکاین و هێرۆین لە کۆڵۆمبیاوە بێتە تورکیا. ئەو کەسەشی کە بەرپرسی ئەو کارە بوو وەزیری ناخۆی پێشوو محەمەد ئاغار بوو. کۆکاین لە ئەوروپا پارەی باش ناکات، کیلۆیەک کۆکاین لەو وڵاتانی ئەوروپی 75000 یۆرۆیەکە، بۆیە دەبوو ئەو بڕە لە ڕێگای بەندری لازیقییەی سوریاوە بە کەشتییەکانی بوراک ئاردۆگان بگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چونکە لەو ناوچەیە زۆر گران و بە پارەی زۆر چاک ساغ دەکرێتەوە. بەهۆی توندووتۆڵی پۆلیس لە کۆڵۆمبیا دژی مافیاکانی ماددەی هۆشبەر، ئەرکان یڵدرمی کوڕی بنعەلی یڵدرمی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا و هاوڕێی نزیکی ئاردۆگان لە سەرەتای شوباتدا دەڕواتە ڤەنزوێلا و لە بەندەری کاراکازی ڤەنزوێلییەوە ڕێگایکی دیکە بۆ بەقاچاخبردنی ئەو بڕە لە کۆکاین دەدۆزێتەوە.  پۆلیسی کۆڵۆمبیا دەست بەسەر  ئەو بارە کۆکاینە دا دەگرێت و لەڕێگای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە نامەیەک ئاڕاستەی وەزارەتی دادی تورکیا دەکات کە ئەو بڕە زۆرە لە کۆکاین قەراربووە بێتە تورکیا تکایە بەدواداچوونی بۆ بکەن و تۆمەتبارانی ڕادەست بکەن. بەهۆی ئەوەی بەرات ئاڵبایراکی زاوای ئاردۆگان پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ محەمەد ئاغاردا هەبووە لە مەسەلەیەدا و بەفەرمانی  محەمەد ئاغاریش ئەرکان یڵدرم ڕۆیشتووەتە کاراکازی ڤەنزوێلا، سولەیمان سۆیڵو وزیری ناوخۆ لەبەرامبەر وەرگرتنی بەرتیلدا ئەم مەسەلەیە دیزە بەدەرخۆنە دەکات و پەردپۆشدەکرێت."
سەدات پەکەر دەڵێت پێم سەیرە کاک ئاردۆگانم "ERDĞAN Abi" هەموو ئەم شتانە دەزانێت و قسە ناکات."

بەشی زۆری ئیسلامییەکانی کوردستان یەکێک لەو تۆمەتانەی لەماوەی ڕابردوو و ئێستاشدا ئاڕاستەی سەرانی پەکەکەی دەکەن لە قەندیل ئەوەیە گوایە بەرپرسەکانی ئەو پارتە بازرگانی مادەی هۆشبەرن و لەو ڕێگایەوە پارە بۆپارتەکە پەیدا دەکەن، من نازانم ئەم تۆمەتانە چەندە نزیکن لە ڕاستییەوە بەڵام پەکەر بە نیشاندانی دەیان بەڵگە ئەوەی سەلماند کە بن عەلی یڵدرمی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری دەوڵەتەکەی ئاردۆگان چۆن بازرگانی ماددەی هۆشبەری کردەوە. پەکەر دەڵێت ئاردۆگان ساڵانە سەدان تۆن ماددەی هۆشبەر لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساغدکاتەوە و ئەمشیان بە بەڵگە دەدەمێ.

🔹ئایا قودس کێشەی ئاردۆگان بوو؟

سەدات پەکەر لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت: ئەوانەی لە هاتنە دەرەوەیان لە مزگەوتەکان دەکەونە هاوار و شاتەشات بۆ فەلەستین و باس لە دۆزی ڕەوای فەلەستینییەکان دەکەن بۆ تا ئێستا نەیانتوانیوە دە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان چەند موشەکێکی کورت مەودا بدەنە موجاهید و برا فەلەستینییەکانیان،  لەکاتێکدا دەیان دانە لەو فڕۆکانەیان دایە سوپاکەی ئیلهان عەلی ئێڤی سەرۆکی ئازەربایجان و هاوپەیمانی ستراتیژیی ئیسرائیل تا لە قەرەباغ دژی ئەرمەنییەکان بەکاریبهێنێت. دیارە ناتوانن ئەوە بۆ فەلەستینییەکان بکەن، چونکە هەموومان دەزانین بازرگانی کەشتییەکانی بوراک ئاردۆگانی کوڕی  ئاردۆگان لەگەڵ ئیسرایل و گواستنەوەی نەوت بۆ بەنزینی فڕۆکەکانی ئیسرائیل پەکی دەکەوێت، دواتر ئیسرائیل بەو فڕۆکانەی کە بوراک ئاردۆگان بەنزینەکەیان دابین دەکات بۆردومانی غەززە دەکات و ئاردۆگانیش فرمێسکی تیمساحی بۆ غەززە دەڕژێت. پەکەر دەڵێت ئەم ڕژێمە بۆ پارە هەموو شتێک دەکات، تەماشا تورکیا ئەمڕۆ هێز دەنێرێتە قەتەر و لیبیا، چونکە خاوەنی نەوت و پارەن و لەبەرامبەر کوژرانی هەر  سەربازێکی تورکدا ئەمان پارە و نەوت وەردەگرن، بەڕێزان فەلەستین چی هەیە بۆ ئەمان تا یارمەتی بدەن دیار هیچ بۆیە لە واقیعدا هیچ شتێک بۆغەززە و فەڵەستین  ناکەن.

 

 

🔹ئاردۆگان و نوسرە و داعش!
ڕۆژنامەنووس جان دوندار لە 25 مایسی ساڵی 2015 دا بەتۆمەتی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری دەستگیر کردن بۆ دەرچوو چونکە ڕاپۆرتێکی لە ڕۆژنامەی سۆزجودا بڵاوکردەوە تێیدا جەختی لەوەکردبوویەوە دەیان تڕێڵەی میت لە مێرسین دەستیان بەسەردا گیراوە کە درۆن و چەکی مامناوەند و قورسیان بۆ  داعش و نوسرە  لە باکوری سوریا و موسڵ  گواستۆتەوە. حکومەت نکوڵی لەو زانیاریانەی دوندار نەکرد بەڵام دونداری وڵاتبەدەر کرد،  سەدات پەکەر لە هەشتەمین ڤیدیۆی خۆیدا دەڵێت : 
 ئەو ترێلانە پڕ بوون لەو چەکە قورس و مامناوەند و درۆنانەی کە وا بڕیار بوو بچێت بۆ تورکمانەکانی سوریا بۆ ئەوەی پارێزگاری پێ لەخۆیان بکەن. سەرەتا منیش هەر پێم وابوو بۆ ئەوان دەچێت. ترێلەکان و بارەکانیان هی من بوون، بەڵام ڕێکخراوی SADAT کە ڕێکخراوێکی سەربازیی میلیشیاییە و ئاردۆگان وەک سوپای سێبەر بۆ پاراستنی خۆی کۆشکەکەی دروستی کردوون، هەموو تڕێلەکانی منیان خاڵی کرد و چەکەکانی ناویان دەرهێنا و لەژێر سەرپەرەشتی هاکان فیدان و میتدا ناردنیان بۆ بزوتنەوە جیهادییەکانی سوریا کە خۆیان لە قاعیدە و بەرەی نوسرە و داعشدا دەبینییەوە. دواتر خەڵک دەیانوت سەدات پەکەر یارمەتی تیرۆرستانی داوە و جیهادییەکانی سوریا لەڕێگەی ڤیدیۆوە لەسۆشیال میدیا سوپاسیان دەکردم. لەکاتێکدا SADAT ئەوەی کردبوو من بێ ئاگابووم لێی. لەبەرامبەردا ڕێکخراوی SADAT نەوتی خاوی قاچاخیان لەو ڕێکخراوە جیهادییانە وەردەگرتەوەو لە تورکیا ساغیان دەکردەوە. بەڕێوەبەری گشتیی ئەم بازرگانیی و ئاڵم و ساتمە کەسێک بوو بەناوی مەتین قڕاتلی، قراتلی پۆستی بەڕێوەبەری کارگێڕی و ئیداری هەیە لە کۆشکەکەی سەرۆککۆمار ئاردۆگان، و پارەکانیش دڕژانە ئەو بانکانەی کە ستافەکەی بەرات ئاڵبایراکی زاوای ئاردۆگان دیارییان دەکردن. یەکێک لەو بانکانە هاڵک بانک بوو کە ئامریکا دواتر بەیارییەکەی زانی و بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارەی تیرۆرستان قەدەغە و ئامبارگۆی لەسەر دانا. بە کورتی ئەوەی چەکەکانی دەناردە سوریا بەرپرسی ئاسایشی کۆشکەکەی ئاردۆگان بوو، ئەوەی نەوتی خامی وەردەگرتەوە لەبەرامبەردا مەتین قیراتلی بەرپرسی کارگێڕی کۆشک و ئەوەشی پارەی نەوتەکەی وەردەگرتەوە زاواکەی ئاردۆگان بوو." 

🔹پەکەر چۆن بێدەنگ کرا؟

لە وەڵامی ئەوەی ئاردۆگان ناڕاستەوخۆ پەکەری بە سیخوڕێکی نێودەوڵەتی ناوهێنابوو پەکەر دەڵێت "مادەم شتەکە وای لێهات ئاردۆگان ئابی، مادەم من بووم بە جاسوسی نێودەوڵەتیی و تۆش دەڵێیت قۆڵبەستی دەکەین و دەیهێنینەوە، ئەوا وەعدی ئەوەت پێئەدەم هەفتەی داهاتوو هەمووشتێک باسبکەم. من نامەوێ ناوم وەک ناپاکێک بچێتە مێژوو کاکە تەیب، هەفتەی داهاتوو دوو وشەشم لەگەڵ تۆش دەبێت، کە منت هەبوو کامە لەو ماستاوچیانەی کە ئێستا ڕاستییەکانت لێدەشارنەوە لەگەڵتبوون کاکە؟ تەیب ئابی خەڵک ئێستا هەموو شتک ئەزانێ، پێم ناڵێی چی دەشاریتەوە؟  دووبەدوو دائەنیشین و پاک و پیسی خۆمان دەرەکەین، بزانین کێ درۆزنە!" لە پاش ئەم قسانە ئاردۆگان و ئیمارات ڕێککەوتنەوە و ئیدی سەدایەک لە پەکەر وڤیدیۆکانی نەما.

🔹پەکەر قسە ناکات!

ڕۆژنامەنووسان وچاودێرانی سیاسی بەر لە دەستپێکردنی بانگەشەکانی هەڵبژاردن کامپەینێکی داواکارییان دەست پێکرد تا سەدات پەکەر دەستبکاتەوە بە تۆمارکردنی ڤیدیۆکانی بەتایبەتی پاش ئەوەی گەیشتبوویە ئەوەی باسی خودی ئاردۆگان و ماڵباتەکەی بکات، بەڵا لە هیچ لایەکەوە هیچ دەنگ و سەدایەک لە پەکەر نەبوو. پێدەچێت حکومەتی ئیمارات لەسەر داواکار ئاردۆگان و پاش ڕێکخستنەوەی ئاردۆگان لەگەڵ فەتاح سیسیی سەرۆکی میسر  هەڕەشەی دیپۆرتکرنەوەی لەپەکەر کردبێت لەئەگەری تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە دژی ئاردۆگان. پەکەر بێدەنگ بوو بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ و دانپێدانانی کەسایەتییەکی دیکەی مەحرەمی خانەوادەکەی ئاردۆگان دیسان گڕی لە کۆشکەکەی ئاردۆگان بەردایەوە.

🔹عەلی یەشیل داغ کێیە؟
عەلی یەشیل داغ برای هاوڕێی ساڵانی زیندانیی ئاردۆگان حەسەن یەشیل داغە کە ئاردۆگان متمانەیەیکی زۆری پێی هەبوو. خێزانی یەشیل داغ سێ بران کە هەموو  تەندەرەکانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لەحکومەتی تورکیا بەژێر دەستی ئەماندا ڕۆیشتووە  ئەمانیش لەبەرژەوەندی ئاردۆگان و دەوڵەمەندکردنی خۆیان یەکلاییان کردوونەتەوە. زەکی یەشیل داغ بەرپرسی هەموو هۆڵدینگە میدییاییەکانی ئاردۆگانە. هەفتەی پێشوو ڕۆژنامەنووس جەڤهەری گوڤەن ڤیدیۆی دانپێدانانی عەلی یەشیل داغی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت من و کەسێک بەناوی موجاهید ئارسڵان کە سەرکردەیەکی ئاکەپەیە یاریمان بە تەندەری دروستکردنی فڕۆکەخانەی ئانتالیاو و دەیان تەندەری دیکەی حکومەتەوە کردووە کردووە لە ساڵانی 2007 بەدواوە دەردەچوون.

 یەشیل داغ کە لە مەحرەمەکانی خێزانی ئاردۆگان دادەندرێت دەڵێت تا ڕۆژی هەڵبژاردن ڕۆژانە ئەو نهێنیانە ئاشکرا دەکەم کە بوونەتە هۆکاری دەوڵەمەندبوونی ئاردۆگان و هەژار کەوتنی خەڵک، ئەم کارەش پشت پەردەی بانگەشی لەیەکێک لە دانپێدانانەکانیدا یەشیل داغ  دەڵێت سەرەتا تەندەری دروستکردنی فڕۆکەخانەی ئانتالیا بەبڕی پێنج ملیارد دۆلار بۆ چەلەبی هۆڵدینگ دەرچووبوو بەڵام بەبیانووی ونبونی دۆکیومێنتەکانی کە خۆمان دزیبوومانن و شاردبوماننەوە تەندەرەکەیمان هەڵوەشاندەوە، دواتر تەندەرەکە بە کەمتر درا بە کەسایەتییەکی نزیک لە خۆمان و ئاردۆگان بەناوی ئیبراهیم چەچەن بەبڕی 3 ملیارد دۆلار، واتە زیانی 2 ملیارد دۆلار لە دەوڵەت درا. لەبەرامبەر وەرگرتنی تەندەرەکەدا ئیبراهیم چەچەن یەک ملیاد دۆلاری کاشی وەک شیرینی ئەو گرێبەستە دایە ئاردۆگان.
 یەشیل داغ لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی سێ تۆماری ڤیدیۆییەوە بە شێوەیەک خەوی لە چاوی ئاردۆگان زڕاندووە خێزانەکەی ناچار کردووە حاشا لە یەشیل داغ بکەن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئاردۆگانی دەکات بەدرۆی بخەنەوە. یەشیل داغ هاوشێوەی سەدات پەکەر ئاردۆغان بە تەیب ئابی واتە کاکە تەیب بانگدەکات دەڵێت بەبەڵگە دەیسەلمێنم ئاردۆگان لە ئێستادا خاوەنی 300 ملیارد دۆلارە و هەموو ئەندامەکانی خێزانەکەشی ملیاردێری دۆلارن.

 

🔹کێ هاوڕەگەزبازە؟

لە کۆتا دانپێدانانیدا عەلی یەشیل داغ زانیارییەکی مەترسیداری لەسەر وتەبێژی ئاکپارتی عومەر چەلیک بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت: تەیب ئابی تۆ گەر بتەوێ یەکێک تێک بشکێنیت پێی دەڵێیت هاوڕەگەزباز و نێربار و LGBTQ، بەڵام نازانیت کە وتەبێژی پارتەکەی خۆت عومەر چەلیک هاوڕەگەز بازە." یەشیل داغ دەڵێت بەڵگە ڤیدیۆییم لایە بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەم.

🔹 دەستبەسەرداکرتنی زەوییە نایابەکان!

لە ڤیدیۆیەک دیکەدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکی گرانبەها لە ئیستانبوڵ بۆ بەرژەوەندی بیلال ئاردۆگان عەلی یەشیل داغ دەڵێت: کۆمانیایەکمان بەناوی YAP YAPI دامەزراند کە باشترین و گرنبەهاترین زەوییە لە نزیک نۆکەند و بسفۆڕی ئیستانبوڵ، ئەم زەوییە پێشتر زەوی ئەکادیمیای پۆلیس بووە، نرخەکەی بە شەش ملیارد دۆلا دەخەمڵێندرا،ـ کارێکمان کرد زەوییەکە بە خۆڕایی بدرێتە کۆمپانیای YAPYAPI و ئەمیش چەند تاوەرێکی بازرگانی و نیشتەجێبوونی گرانبەهای تێدا دروستبکات و بە وەبەرهێنە قەتەری و سعودی و ئیماراتییەکانی بفرۆشرێتەوە، قازانجی بیلال لەم پڕۆژەیەدا هەشت ملیارد دۆلارە. ئەم کۆمپانیایە 50% ی خاوەندراێتییەکەی بۆ بیلال ئاردۆگان و 25%ی زەفەر یڵدرمی کوڕی بن عەلی یڵدرمی سەرۆکوەزیرانی پێشو و 25% بۆ ئێمە بوو.

ڕۆژانە ڤیدیۆکانی عەلی یەشیل داغ وەک ئاگر گڕ لە ڕای گشتی توریابەردەدەن، ئەم ڤیدیۆیانە بە جۆرێک ئاردۆگانیان پانیک کردووە تا لەڕێگەی داوایەکی فەرمییەوە داوا لە کۆمپانیای ئەڵفابێت و یوتیوب بکات هەژماری فەرمی ڕۆژنامەنووس جەڤهەری گوڤەن و ئەو هەژمارەی کە عەلی یەشیل داغ ڤیدیۆکانی تێدا بڵاو دەکاتەوە هەڵپەسێرێت. ئەمڕۆ بەبێ بەکارهێنانی VPN  خەڵک لەو وڵاتەدا ناتوانن بینەری ئەو دزەپێکرنانە بن.