تورکیا بەرەو کوێ؟ ھەڵبژاردنێک بەتامی شۆرش

ئەبوبەکر عەلی

2023-05-11

دەربارەی نائاسایی بوونی ھەڵبژاردنەکان و شەکەتبوونی دەوڵەت

 دەنگدانەوەی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەڕلەمانییە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا، سنوورەکانی ئەو وڵاتەی بڕیوە.

وا وێنای دۆخەکە دەکرێت، وەك ئەوەی وڵاتەکە لەبەردەم بوومەلەرزەیەکی راستەقینەو ڕووداوێکی مێژوویی چارەنووسسازدا بێت. ئەمەش ئەگەر بەشێکی گەورەکردنی دەست ئەنقەست بێت، لەلایەن ھەندێ ناوەندی نەیاری تورکیا بۆ ئەوەی ھەر بەڕاستی لایەکان و تورکەکان وا بیبینن و ڕەنگدانەوەکانی بەسەر ئەو ولاتەدا وێرانکەر بن، ھەروەھا پێویستی سازدان و بەڕێوەبردنی ھەڵمەتی ھەلبژاردنی دوو جەمسەرە سیاسییە دژ بەیەکەکەی ئێستای تورکیا بێت، بەشەکەی تری ئاماژە بە ڕاستییەکی واقیعی و پێدراوێکی مەیدانی دەکات، ئەویش لە سۆنگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

  یەکەم/  لاوازبوونی دەوڵەت: 

مەتر  گۆڕینی سیستم و دەستبردن بۆ قوڵایی و ژێرخانی دەوڵەت  و دووبارە داڕشتنەوەی جومگەو دامەزراوەکانی لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە لە ماوەی بیست ساڵ حوکومرانی و بەرزەفڕی و ئاواتە کەسییەکانی سەرۆکی ئێستاو وێناکردنەکانی بۆ فۆرم و ڕۆڵی تورکیای زلھێز و مەزن، دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەو جۆری ئیدارەدانی ململانێکان لەدوای ٢٠١٥و بەتایبەتیش لەدوای کودەتاکەوە، ئەو دابەشبوون و جەمسەرگیرییە توندە ناوخۆییەی لەمەو ھەوڵی ناوخۆیی و دەرەکی لە (٢٠١٣)ەوە بۆ گۆڕینی نیزامی ئێستا لە چوارچێوەی پاکتاوکردنی ئاسەوارەکانی بەھاری عەرەبی و پشتیوانیەکانی کەوتۆتەوە، کارێکیان کردووە، لەگەڵ ئەوەی لە ئێستاداو بەڕواڵەت دەوڵەت بەھێز دەردەکەوێت، لەجەوھەردا لاواز ببێت، بەحوکمی ئەو دابەشبوون و کەرتبوونەی لە کۆمەڵگەی سیاسیدا ڕوویداوە، کە جەمسەرگیریی و ململانێیەکی توندی لێکەوتۆتەوە.

وەک بنەمای گشتیش جەمسەرگیری توندی لەم شێوە، دەوڵەت بێھێز دەکات و ھەڕەشە لە سەقامگیری دەکات.ڤبۆیە گەر لەڕووی یاساییەوە ھەڵبژاردنەکە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بکرێت، بە کردەوە لەسەر دەوڵەت خۆیەتی، بەحوکمی گۆڕانکارییەکانی ناوی و بەئامرازکردنی لە ململانێ سیاسییەکانداو نەبوونی سازانی نیشتیمانی لەسەر فراوانکردن و نوێکردنەوەی بنکە جەماوەری و دامەزراوەیی و میکانیزمەکانی لەخۆگرتنی.

 

دووەم/ھەڵبژاردن بەتامی شۆرش:

ھەڵبژاردنەکە بەحوکمی ئەو ھۆکارانەی پێشوو کەڵەکەبوونی ناکۆکییەکان و سنوورداربوونی توانای وەرگرتن و دانەوەی سیستم و دروشم و وێناو ھەست و جۆری سازدانەکان، سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆن ھەڵبژاردنە بە تامی شۆڕش، بەحوکمی ئەوەی  ئۆپۆزسیۆن وا وێنای دۆخەکە دەکات، خەباتە بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت و گۆڕینی سیستم و بەدەسھێنانەوەی دەوڵەتی دزراوو ئازادی زەوتکراو و کۆتاییھێنان بەسەرکوت و دەستەبەرکردنی پاروەنانی ڕۆژانەی ھاووڵاتی و بەدەستھێنانەوەی ناوبانگی شێوێنراوی وڵاتدا؟ ئەوەش پڕۆژەی شۆڕش و بانگەشەی بەھاری تورکییە نەك ھەڵبژاردن لە چوارچێوەی سازانی نیشتیمانی لەسەر سیستم و چوارچێوە دامەزراوەییە دەسەڵاتدارە دەوڵەتیە بێ لایەنەکان. ھەر لێرەشەوە شکستی ئۆپۆزیسیۆن دەرگا بەڕووی ئەگەری جۆراوجۆردا دەکاتەوە.

بەم جۆرەش ئەگەر دروشمی ئۆپۆزیسیۆن نان و ئازادی و کەرامەت بێت، ئەوا دروشمی ناوەندی ھاوپەیمانی حوکمڕان: پاراستنی شکۆو سەربەخۆیی و ناسنامەیە، ئاماژە بەوە دەکات چۆن تورکیا لە سایەی حوکمی ئەماندا فڕۆکەو تانک و مووشەك و کەشتی فڕۆکە ھەڵگر و غاز و نەوت بەرھەم دەھێنێ بەرامبەر زلھێزەکان و لەوانەش ئەمریکا توانای وتنی نەخێری ھەیەو تورکیای کردووە بە زلھێز و سەرەڕای دۆخی خراپی ئێستا خستوویەتیە ڕیزی بیست ئابوورییە بەھێزەکەی جیھانەوە.

ھەربۆیە، گەلەکۆمەی ئۆپۆزیسیۆن لە سیستم و سەرۆکەکەی بە فۆرمێ لە خۆفرۆشی و پاشکۆیی و پیلانگێڕی و لێدان لە پڕۆژەی ھەڵسانەوەی نەتەوەو لێدانی زلھێزی تورکیا وێنا دەکات.
 ئەم گوتارە ناکۆك و پڕ لە ھاندان و ئیدانەکردنانەش وادەکات ھاوکاریکردنی یەکتر لە چوارچێوەی پرۆژەی دەوڵەت و سیستمێکی سازان لەسەرکراودا قورس بکات و نیگەرانیش لە دۆخی دوای ھەڵبژاردن بەدوای خۆیدا بێنێت.

سێھەم/ بەپیرۆزکردنی ھەڵبژاردنەکان:

ھەڵبژاردنی ئەمجارە لە سۆنگەی: ھۆکارەکانی پێشوو جدی بوونی ململانێکەو نزیکی شانسی دەرچوونی پاڵێوراوەکان لەیەك و ترسان لە دۆڕاندن و مامەڵەی نادیموکرات و تۆڵەکردنەوەی دوای ھەڵبژاردن و پێگەیشتن و قوڵبوونەوەی دژ بەیەکی ناو دەروونی سیستم و کۆمەڵگە، بەجۆرێکە جەمسەرەکان سەرجەم تواناو ڕەمز و کەرەسەکانیان تیایدا کۆدەکەنەوەو بەکاردەھێنن. وەك ئەوەی کۆتا ھەڵبژاردن و تاقیکردنەوەی شانسی ھێزەکان و دیاریکردنی چارەنووسی کۆتاییان بێت. لەم چوارچێوەشدا لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا ئایین ئاماددەییەکی گەورەی ھەیەو بەشداری لە جیاکردنەوەو ناسنامە پێدانی ھێز و بەرەو سەنگەرەکانی پێدەکرێت.

لەلایەنی ھاوپەیمانی دەسەڵاتدارەوە، ئەوان نوێنەری ئایین و ناسنامەو ئەخلاقی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی و مێژووی شکۆدار دەکەن. لایەنی بەرامبەر، لەڕێی ئامادەکردنەوەی تارمایی توندڕەویی عەلمانییەتی توندڕەوی تورکیاو ڕۆڵی جەھەپە لەو نێوەندەو وروژاندنی ھەندێ پرسی وەکو مافی ھاورەگەزبازەکان لەلایەن چەپەکان و لەوانەش ھەدەپەوە، وەك ھەڕەشە لەسەر ناسنامەی دینی و ئەخلاقیی کۆمەڵگە وێنادەکەن و ناوەندە دینییەکە بەوە دەترسێنن کە ئەگەر پاڵێوراوی ئۆپۆزسیۆن سەربکەوێت، وەرزێکی تری سووکایەتی بە ناسنامەی ئایینی و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە ئایینییەکان و گێچەڵکردن بە قوتابخانە دینییەکان دەستپێدەکات.

ئەوەی سەیرە مەسەلەی بەکارھێنانی ئایین ھەر بە ھاوپەیمانی حوکومڕانەوە نەوەستاوە، بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنیشی گرتۆتەوە، چونکە بەحوکمی پێویستیەکانی ڕەواندنەوەی ئەو مەترسیانەی گووتاری بەرامبەر لەسەر ئۆپۆزیسیۆن و کاندیدەکەی دروستیان کردووە پێویستیان بە ھەندێ شت لەم بارەوە ھەیە.

بەڵام، مەسەلەکە لای سەرۆکی ئی پارتی ئەو سنوورەی تێپەراندوەو گەیشتۆتە بانگھێشتکردنی مێژووی شەڕی ناوخۆی موسوڵمانان لەنێوان پێشەوا عەلی و موعاوییەدا و بەکارھێنانی وەك ئامرازێکی وێکچوواندن و ناسنامە پێدان بە ململانێکانی ئێستای وڵاتەکەی و جەمسەرە دژ بەیەکەکان، لەم چوارچێوەشدا خۆیانی بە شوێنکەوتووانی پێشەوا عەلی لەقەڵەمدا، وەك ئاماژەیەك بۆ تاوانبارکردنی بەرامبەر بە داگیرکردنی دەسەڵات و پێشێلکردنی بەھاکان و وەلانانی دیموکراسی و پەیرەوکردن لە دەوڵەتی زۆر و سەرکوت و نایەکسانی؟

سەرۆکی ئێستای وڵاتیش وروژاندنی ئەم مەسەلەو ئاماژەکردنی کڵچدار ئۆغڵۆ، بە ناسنامە عەلەوییەکەی، بە نیشانەی تایەفەگەری بوون و بەرتەسککردنەوەی فراوانی ئیسلام بۆ تەنگەڵانی مەزھەب و تایەفییەکان و ئەو نایەکسانییەی لێیان دەکەوێتەوە، لەقەڵەمدا.

ھەرچۆنێك بێت، بەکارھێنانی ئایین بەم خەستییە وەك ئامرازی ململانێ ڕەھەند ئاڵۆزتر دەخاتە سەر دابەشبوونەکەو لە ھەندێ ڕووەوە لە بواری سیاسی دەیکاتە دەرەوەو مۆرکێکی عەقیدەیی پێدەبەخشێت، کە ئەوەش ئەگەر سنووری بۆ دانەنرێت، مەترسی گەورە بۆسەر ئاییندەی پەیوەنییەکان دروست دەکات و ئیسلام لە ناسنامەیەکی ھاوبەشی کۆمەڵگەییەوە دەکاتە کەرەسەیەکی ئایدۆلۆژی ململانێ. ئەم ڕەھەندەش لەئێستادا بەئاقاری پارتی دەسەڵاتداردا سنوورەکانی تورکیاشی بڕیوەو بەشێ لە ناوەندە دینییەکەی ناوچەکەو بەتایبەتیش دنیای عەرەب بەشدارە، کە ڕەنگە بەشێکی لەو مەترسییەوە سەرچاوەی گرتبێت کە تورکیای ئێستا بەدوا عەلقەی ململانێ و ئومێدی خۆی سەیر بکات و واببینێت، بەڕووخانی بەرەو ڕووی چارەنووسێکی قورس و نادیار دەبێتەوە؟

 

چوارەم/ ململانێکردن بە گیانیێکی نزیك لە ململانێی سفریی:

 توندی ململانێ و جەمسەرگیرییەکان وایانکردووە، لەجەوھەردا لە ململانێی سفری نزیك ببنەوە. واتە یان من یان تۆو کۆتاییھاتنی بیرکردنەوە بە عەقڵییەتی بردنەوەی  ڕێژەیی ھەردوو لا لەسۆنگەی وێناکردنی دووا ڕژی گەش وھاوبەشی سیستم ووڵاتەکەوە.
ھەروەھا بەھۆی وێناکردنی سەرکەوتن وەك سەرکەوتنێکی ڕەھای: دینی و ئەخلاقی و ئایدۆلۆژی و سیاسی بەسەریەکەوە و بەزینیش بەھەمان شێوە! وەترسان لەوەی بەرەنجامەکان دۆخی نەخوازراویان بەدوادا بێت، بەحوکمی خۆ ئامادەکردنی ئۆپۆزیسیۆن بە گیانی: یان بردنەوە، یان بردنەوە و بیرکردنەوەی بەرامبەریش بەعەقڵییەتی: ھەموو شتێك لە پێناو سەرکەوتن و شکستپێھێنانی ئۆپۆزیسیۆندا.

کێشەقووڵەکەش لەم چوار چێوەدا لەوەدا خۆی دەخاتە ڕوو کەکێبڕکێ گۆڕاوە بە ململانێ و ململانێش بە دوژمنایەتی، دووژمنەکانیش ھەوڵی ئاڵ و گۆڕی ئاشتیانەی دەوڵەت لەگەڵ یەکتر نادەن، بەڵکو دەخوازن یەکتری لەگۆڕەپانەکە بکەنە دەرەوە، نەمێنن،  گەرماشن مەترسی درووست نەکەن وملکەچی ھەژموونی ئەوبن.
ئەم ھەناسە لەئێستادا لەلێدوان و دەربڕینی بەشێ لە سیاسەتمەدارو ڕۆژنامەنووس وچالاکووانی ھەردوولادا ھەستی پێدەکرێت، بۆنموونە ڕۆژنامە نووس مەردان یەنرداغ نزیک لە جەھەپە نووسیوویەتی:
پێویستە لە ١٤ ی مایۆدا بۆ شکستپێھێنانی ئیسلامییە فاشتستەکان، ئەستەم بە خەرج بدەین! رەنگە ئەو فاشیانە لەکاتی دۆڕانیاندا دەسەڵات ڕادەست نەکەن، بۆیە پێویستە خۆمان ئامادەبکەین بگۆڕێین بە شۆڕشگێڕ؟
لەبەرامبەرەوە، وەزیری ناوخۆ واوێنای ئۆپۆزیسیۆن و پاڵێوراوەکەیان دەکات کەلەوە لاوازترن توانای بەڕێوەبردن وسەرکردایەتی کردنی ئێستای تورکیایان ھەبێت، بۆیە لەئەگەری سەرکەوتنییان دەبێت خۆمان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پەشێوی ئامادە بکەین، ڕاستە ئەمە بەشێکە لەجەنگی دەروونی وپڕووپاگەندەی ھەڵبژاردن و بەھاوڵاتیان دەڵێت: لەنێوان ئێمەو پەشێوی یەکێکیان ھەڵبژێرن، بەڵام خاڵیش نییە لە نیگەرانی ووێناکردنی دوواڕۆژ. بەتایبەتیش کە لەحاڵەتی سەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆندا دەبێت سەرۆککۆماری ئێستا خۆی بۆئەوە ئامادەبکات دەوڵەتی قوڵی پێشوو ئۆپۆزیسیۆنی ئێستاش کارێك بکەن کۆتایی تەمەنی لەزینداندا بگوزەرێنێت، ئەگەر ھەندێ ڕێکەوتن ورەدو بەدەڵ نەیەتە کایەوە.

لە کۆتاییدا دەڵێین، ڕاستە فۆکۆیاما دەڵێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا لەسێ وڵاتدا دەوڵەت ھەیەو یەکێ لەوانە تورکیایە. ھەربۆیە دۆخی تورکیا لەگەڵ ھەندێ وڵاتی عەرەبی ناوچەکە بەراورد ناکرێت، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیربچێت، بەھۆی:
کەرتبوونی نوخبەی تەقلیدی دەسەڵاتدار، حوکمکردنی بیست ساڵەی ئەکەپە لە درەوەی نوخبە مێژووییە تەقلیدییە دەسەڵاتدارەکەوە، شۆڕبوونەوەی ململانێکان لەسەر حکومەتەوە بۆ ناو دام و دەزگاکانی دەوڵەت، درێژەکێشانی کێشەی کوردو چارەسەرنەکردنی، قەیرانی دیموکراسی و کۆمەڵگەی سیاسی و تەشەنەکردنی پۆپۆلیزم لەسەر ئاستی جیھان و تەنانەت دیموکراسە بەھێزەکانی وەکو ئەمەریکا، پێکەوە کارێکیان کردووە، ئەم دەوڵەتە لەئێستادا شەکەت دەربکەوێت و لەھەرکات زیاتر مەترسی لەسەر بێت. بۆیە ئەگەر دوای بوومەلەرزەی ھەڵبژاردن دۆخەکە بە دیارنەمانی ھەندێ سەرکردەو ھێزی سیاسی لەسەر گۆڕەپانەکە، بگیرسێتەوە، تورکەکان بە خاوەن شانس دادەنرێن، بەڵام قەیرانی دەوڵەت درێژەی دەبێت، چونکە تورکیا بەکردەوە پێویستی بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نوێ ھەیە، ئەویش ھەموواری دەستوور و دەستکاری پێناسەی دەوڵەت و سیستم و ھاووڵاتی و کۆتاییھێنان بە دەوڵەتی تاك ڕەھەند و ناوەندگەرای دەوێت، بۆئەوەی لە چوارچێوەی پەیمانە نوێکەدا توانای لە خۆگرتنی ئەخلاقیانەی جیاوازییەکانی ناوی ھەبێت و لە ڕەقییەکانی کەم بکاتەوە.