چیرۆکی ناخهەژێنی مردنی بەداوی

د. شەکراو رەسووڵ، چیرۆكی ناخهه‌ژێنی خوشكه‌كه‌ی (به‌دریه‌) ده‌گێڕێته‌وه‌، كاتێك کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا تووشی نەخۆشییەکی سەخت دەبێت و بۆ چاره‌سه‌ر برادراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ڵام له‌ سووریا كۆچی دوایی كردووه‌.
2022-12-26

د. شه‌كراو ڕەسووڵ نووسیوویەتی:

 به‌دریه‌ "بەداوی" خوشکم تا بڵێیت جوان و سەنگین و قەشەنگی ناو فەرمانبەرانی فه‌رمانگه‌ی دارستانی سلێمانی بوو، جێگەی سەرنجی دۆست و ئەحباب بوو، سەرچاوەی ئیلهامی شیعرو پیاهەڵدان بوو، شاعیرێکی سلێمانی (ع.بەسۆز ) دوو شیعری جوانی بۆ نووسیووە..یەکێ بەناوی بەدری ئاسمان و بەدری زەوی، له‌ شیعرێكدا ده‌ڵێ:
 حەیاو حورمەت، سام وهەیبەت، لوتف و ویقار لە (بەدریا)
یەک لەیەکتر ئاشکراتر خۆی دەرئەخا چەشنی ئاڵا
سۆزی بڕوام ئەڵێ بەدری هەزار رەحمەت لە شیرت بێ
کەبوونی تۆ ڕۆشناییە لە هەرشوێن ولەهەر ماڵا

د. شه‌كراو ڕەسووڵ باسله تووشبوونی خوشکەکەی بە نەخۆشی دەکات و دەڵێت: (بەدری یا بەداو) بە تەمەنی هەرزەیی تووشی نەخۆشی کتوپڕ ده‌بێ، خاوەن سێ کوڕی بچووک: (ڕەوەز، ڕەز و ڕێباز) کە ئه‌مه‌ی دواتر ساڵێک تەمەنی بوو، هەڵکەوتی هاوسه‌ری لە سه‌روه‌ختی بەعسی کوردقڕان بە دزی رژێمەوە بەدریە دەگەیەنێتە تاران بەنیازی چارەسەری لە لەندەنی پایته‌ختی بریتانیا، ویستگەی حەسانەوە لە شام (دیمه‌شق)ی پایتەختی سووریا دەبێ. 

بەدریە لەوێ زانی نەخۆشییەکەی چیە نامەیەک بۆ دایکی دەنێرێ و دەنووسێ: دایە گیان ئەگەرچی ئەرکە، ئەو سێ منداڵە بگرە خۆت و بچووکەکە لە خەسووم وەرگرە تا تەربیەت و سۆزیان وەک یەک بێ، ئەوانە دیاری و یادگارین با پێکەوە بن، ئێستا زانیم بۆچی بەکووڵ بۆم دەگریان، توخوا دایە، ئەگەر نەتانبینیمەوە، جلی ڕەشم بۆ مەکەن، جەژنی لەدایکبوونی منداڵەکانم هەموو ساڵێک بۆیان بکەن، توخوا دایە لە جیاتی من مناڵانم بگەڕێنن با بێدایکییان پێوە دیار نەبێ، ئۆف دایە گیان، خۆزگە بە حاڵی خۆمم بزانیایە بەجێم نەئەهێشتن، لە باوەشی ئێوە تێر تێر دەمڕوانیە چاوەکانتان و فرمێسکەکانتان، ئەو کاتە ماڵئاوایی یەکجاریم لێدەکردن و لە خاکی خۆم و لە شاری خۆم دەبووم، ئێوە لە دڵتانا شتێکتان لە من حەشار دابوو، جا دایە خێرنەدیوەکەم، دایە گیان با پرسەکەم گەرمو گوڕ بێت، ئای چەند حەزم لە میوان و دەعوەتکاری بوو.

دکتۆر شەکراو بۆ خوشكه‌كه‌ی ده‌نووسێت: ئاخ بەدریە گیان، چەند ساڵە لێم ونیت، هەمیشە بیر لە یارییەکانی سەردەمی منداڵیمان و پێکەوە قوتابخانەت دەکەمەوە، ئێستا لێم دووریت و ناتگەمێ... لە جەژنی نەورۆز هەواڵی کۆچت لەشام گەیشتە لامان و  بەکورد و عەرەب جوانترین مەراسیمی پرسەیان بۆ دانایت و ئەوەی شینی بۆ دەکردی خوشکە بچکۆلەکەت بوو، کە هاوەڵی ڕێگات بوو، بەبووکی بۆ دڵخوازەکەی بردت، فریای ئاهەنگی نەکەوتیت و ئەویش لەسۆی تۆ، شایی لێبوو بە شین، ئای بەداوی بەختڕەشی گۆڕغەریب، پاش ساڵێک هەڵکەوتی هاوسەرت بەر لێبووردنی ساختەی ڕژێم کەوت و گەڕایەوە و گیرا، چونکە لەشام وێنەی ناشتنەکەتان، سیخوڕەکان گەیاندیانە ڕژێم، بە دوعا و بەرتیل لەپەتی سێدارە ڕزگاری بوو، تا ئێستا ژنی نەهێناوه‌ و  دەیگوت باوەژن بۆ منداڵم دروست ناکەم.

شەکراو ڕەسووڵ، زۆرتر دەربارەی گۆڕغەریب بوونی خوشکەکەی دەنووسێت و دەڵێت:
خوشکە لێتۆراوەکەم تۆ لەشام بەختەوەر بوویت، کە گۆڕستانی شەهیدانی فەلەستین بووە مەسکەنت، بەڵام پاش چەندان ساڵ، داعش دەستی گەییە گۆڕستانەکەت و چوویتە خەوی هەڵکەوتی هاوسەرت و پێت گوتووە بۆ سەرم لێنادەیت؟ بۆ ئەڵقەت لە پەنجەیا نیە و گەلێ پرسیاری تر.. چەند جار چوویتەوە خەوی، ئەوە بوو بریاری دا لەگەڵ ڕێبازی کوڕی سەردانت بکەن، کاتێ هاتنە لات و گۆڕستانەکەیان دۆزییەوە واقیان وڕما و سەرگەردان و حەیران بوون، چونکە داعش دەستی لە گۆڕستانیش نەپاراستبوو، هەموو گوڕستانی تەخت کردبوو و تەنانەت کێلەکانیش نەمابوون و تۆیش لەگەڵ شەهیدەکان گۆڕبزر بوویت و یادگارێکی تاڵ و تفتت بۆ جێهێشتین و هاوسەر و کوڕەکەت بەدڵێکی خەمبار گەڕانەوە سلێمانی و ئەم چیرۆکە پڕخەم و حەسرەت و غەمگینەیان بۆ گێڕامەوە و کاری تێکردم و ئەم نووسینە لە دایک بوو،  بۆیە دەڵێم هەرگیز لەیادم ناچی خوشکە شیرین و بەدبەختەکەم، جێگەت بەهەشت بێت.