قەتەر بردییەوە

قەتەر نەخۆی دۆڕاند نە مۆندیال! 
2022-12-30

ڕەوا موسا 
 

دەگێڕنەوە ڕۆژانێک کە شێخ حەمد میری قەتەڕ بوو، جارێک سەردانی ئەورووپای کرد، لە شوێنێکدا پۆلیس ئۆتۆمبێلەکەی ڕادەگرێت. شێخ حەمد بۆئەوەی ڕێگای بۆ بکاتەوە وتی " من میری قەتەڕم!" پۆلیسەکە بە ساردییەوە وەڵامی دایەوە " قەتەڕ کوێیە؟!" 

کارمان بەوەنییە ئەم گێڕانەوەیە ڕاستە یان نا، ئەوەی گرنگە ڕاڤە و تێگەیشتنەکەیەتی، کە بەڵێ بیست بۆ سی ساڵ پێش ئێستا کەس نەیدەزانی قەتەڕ کوێیە! ئەسڵەن ڕۆژانێک جگە لە خەڵکی وڵاتانی عەرەبی خەڵکی هیچ دەوڵەتێکی ئەورووپی و ئەمریکای باکور و لاتین و ئەفریقا و ئوستڕالیا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا  نەیاندەزانی قەتەڕ لەچ قوژبنێکی ئەم هەسارەیەدایە و لەکەناری چ دەریاییەکدا  زەمینێکی وشک و ڕەق و تەقی ڕاخستووە! کەچی ئێستا لە سایەی تیمێکی دەسەڵاتداری نیشتیمانپەروەردا کە مشتێک خۆڵی گەرمی بیبانە وشکەکەیان لێ بۆتە باخی عەدەن وەک میسک بەخۆیانی هەڵدەگوزن وەک ئەوەی لەگەلە ئەستێرەیەکی ترەوە بۆیان هاتبێت. ئەمەش ئەو خۆشەویستیەیە کە هەموو گەلێک پێویستی پێیە بۆ پێشخستن و بەرزەفڕی وڵاتەکەیان لەم جیهانە پڕ لە ڕقابەری و ئاڵۆزەدا...

بەپێی ئامار و لێکدانەوەکان نزیکەی یەک ملیار کەس سەیری ئاهەنگی کردنەوەی مۆندیالیان کردووە! وە نزیکەی 1.5 ملیار کەس سەیری یاری کۆتاییان کردووە و سێ ملیاری تریش کەم تا زۆر سەیری یارییەک یان زیاتریان کردووە! هەروەها پێنج ملیار کەسیش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرکەوتنی لەگەڵ مۆندیالدا هەبووە! واتا چ لە قسەی خەڵکی دەورووبەری بێت یاخود هەواڵ و ڤیدیۆ و وێنەی سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندنەکان بەرکەوتنی لەگەڵ مۆندیالدا هەبووە. ئەو قەتەڕەی 30 ساڵ پێش ئێستا زۆرینەی خەڵکی جیهان نەیاندەزانی کە بوونی هەیە ئەمڕۆ لەسایەی حوکمڕانییەکی بێ وێنەدا ڕۆژی گەیشتە ئەو حاڵەی بۆ ماوەی یەک مانگ ڕۆژانە پێنج ملیار کەس گوێیان لە ناوەکەی بێت! سەرەڕای هەموو گوشارە سیاسی و میدیاییەکان کە تەنها ساڵێک پێشتر لە ئابڵوقەیەکی توندی ئاسمانی و زەمینی و دەریایی دراوسێکانی دابوو، کەچی میرەکانیان کارێکی وایانکرد شازادە و دەسەڵاتدارانی ئەو دراوسێیانەی لەهەر ساتێکدا چاوەڕێی کەوتنیان دەکرد و لەنیوەی شەودا زەنگی کودەتا و هێرشی سەربازیان بەسەردا لێدەدا خۆیان ببنە میوانی ماڵەکانیان و باوەشیان پێدابکەن، بەدیار سەیرکردنی ئەزموونێکی لەبیرنەکراو و میهرەجانێکی ناوازەدا و بەدیار شاهیدبوونیان بەسەر بەرزبوونەوەی ناو و ڕەنگ و دەنگیان بە ئاسماندا لە ئاو و شیر و میوەجات و شیرینییەکانیان بخۆن و بخۆنەوە! 

لەسێبەری لاکێشە سەوزەکان و لە پشتی جامە زێڕینەکەی جیهان مۆندیال  جەنگێکی گەورەی سیاسی و ڕاگەیاندن بوو، کە قەتەڕ تێیدا مۆفەق و سەرکەوتووبوو! کاردانەوەکانی دوای مۆندیال هەموو ڕەخنەگران و نەیارە سیاسییەکانی قەتەڕی بێدەنگ کرد! چونکە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی بەشدارییان لە مۆندیالدا کرد بە ناوازەترین و باشترین ئەزموونی مۆندیال لەمێژوودا ناوزەندیان کرد، ئەوانەشی ڕەخنەیان لێدەگرت ئەوانەبوون بەئاوات بوون ئاڵای هاوڕەگەزخوازان لە جێی ئاڵای وڵاتی خۆیان و ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و ئاشتیخوازەکانی دونیا بەرزبکەنەوە! نازانم کە تۆ بڕیار وابێت ئاڵایەک جگە لە ئاڵای وڵاتی خۆت بەرزبکەیتەوە بۆ دەبێت پەڕۆی هاوڕەگەزخوازان لە ئاڵای ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و مانگ و خاچی سور و یونیسێف و فاو گرنگتربێت! 

 

ئەگەر باسی ڕاپۆرتەکانی کاردانەوەی دوای مۆندیال بکەین دەبێت کتێبێکی لەسەر بنووسین، بەکورتی چەند نموونە و لێدوانێکتان بۆ دێنمەوە لەسەری چونکە خەڵکێکی زۆر بەهۆی نەیاری بیری ئاینی و سیاسییەوە پێیان وانەبوو قەتەر سەرکەوتووبێت! بەپێی ڕاپرسی کەناڵی BBC مۆندیالی قەتەڕ بە دەنگی 78% ی بەشداربووان بە باشترین مۆندیالی مێژوو دیاریکرا، لەدەیان ڕاپۆرتی تردا لێدوانی ئامادەبووانی مۆندیال سەرسوڕهێنەر و بڕواپێنەکراو بوون بۆ نەیارانی سیاسی قەتەڕ! لە کەناڵی تەلەگرام لێدوانی چەند بەشداربوویەک دادەنێین لەوێوە خوێنەری کاردانەوەکان بن...

دەمەوێت بڵێم ڕاستە مۆندیال کۆتایی هات بەڵام ئەزموون بۆ هەمیشە لە لاپەڕەکانی مێژوودا بێناز دەمێنێتەوە ئەگەر ئێمە ئاوڕی لێ نەدەینەوە، شێوازی حکومڕانی قەتەڕ نموونەیەکی سەرکەوتووی نزیکی خۆمانە، قەتەڕ نموونەیەکی دەگمەنە چونکە تاکە دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتە لەدونیای سیاسەت و دیبلۆماسی و سەرمایەداری و هەژموونی بەجیهانیبووندا بەبێ لەدەستدانی بەها دێرینەکانی و خۆبەدەستەوەدانیان بۆ بەهاکانی ڕۆژئاوا موحافیزکارانە بەبێ وەستان لە پێشکەوتن و گەشەسەندندایە! بەڵێ دەکرێت تەماشایان بکەین و ئەزموونەکانیان لەگەڵ خۆمان بگونجێنین و دووبارەی بکەینەوە.  ئەسڵەن ئێمە ئامرازی پێشکەوتن و گەشەسەندنی زۆر زیاترمان لەبەردەستە وەک لەوەی لەبەردەستی قەتەربوو!