مناڵەکانتان مەکەن بە خوێندکاری یەکەمی پۆل و دوا خوێندکاری ژیان

2023-01-09

د.عەلی ڕەزایی
و ــ هیوا غەفور

لە قوتابخانە هەمیشە یەکەمی پۆل بووم، باوکم فێری کردبووم کە هەمیشە سەرقاڵی  وانەکانم بم و بخوێنم، کاتێکیش کە میوانێکمان دەهات زوو بێم سڵاوێک بکەم و بڕۆمەوە بۆ  خوێندن! پاش ماوەیەک وردە وردە میوانەکانمان زۆر کەم بوونەوە، چونکە دایکم بە ناڕاستەوخۆ پێیانی دەگوت کە من سەرقاڵ دەکەن و باش وانەکانم ناخوێنم.

لە کاتی جەژنەکانیشدا  ئێمە هەموومان لە ماڵەوە بووین و نەمدەزانی ١٣ بەدەر  و نەورۆز واتای چییە؟ کاتێکیش دەچووم بۆ قوتابخانە، باوکم خۆی  دەیبردم، چونکە دایکم پێی دەوت، لەڕێی قوتابخانە فێری قسەی ناشرین دەبێت.

باوکم زۆر خۆشی دەویستم! تەنانەت پێی دەوتم لە کاتی زەنگی نێوان وانەکانیشدا نەچمە حەوشی قوتابخانە! چونکە لەوانەیە منداڵەکانی تر شەڕم لەگەڵ بکەن! من نەک تەنها لەکاتی زەنگی  قوتابخانە، بەڵکو لەکاتی  هەموو زەنگەکانی خۆشی ژیانمدا، لە ژوورێکدا خەریکی خوێندن بووم، ئاخر من جێگەی شانازی باوکم بووم! یەکەم خوێندکاری پۆلەکەم بووم!

کاتێک باوکم منی دەگەیاندە قوتابخانە، جامی ئۆتۆمبێلەکەی هەڵدەکێشا، بۆئەوەی نەبادا من قسەیەکی خراپ ببیستم و تا دەگەیشتینە قوتابخانەش، هەر خەریکی شیکارکردنی وانەی بیرکاری دەبووم.

کاتێکیش دەهاتمە سەر سفرە، دەبوایە بیرم لەفیزیا بکردایەتەوە، چونکە نەدەبوایە هیچ کاتێک بەفیڕۆ بدەم.

 ئەوکاتانەی یەکەمی پۆلەکەم بووم، دڵم چەندێک ئارەزووی ئەوەی دەکرد تەنها یەکجار لەناو بەفردا شەڕە تۆپەڵ بکەم، بەڵام دایکم پەنجەرەکانی دادەخست و دەی وت، بکرێنەوە نەخۆش دەکەویت. من تەنانەت بەفر بارینیشم  نەدیوە.

هەمیشە پێڵاوەکانم نوێبوون، چونکە تەنها لە دەرگای قوتابخانەکەوە تا ناو پۆل پێیانەوە دەڕۆیشتم، تەنانەت لە ژیانمدا یەک جوت پێڵاویشم نەدڕاندووە.

 

من لە قوتابخانە و خوێندن یەکەم بووم، بەڵام لە بۆق دەترسم، لە مەڕ دەترسم، ئەو کەسەی کە جێگەی شانازی باوکی بوو، تەنانەت لە خۆشی دەترسێت. 

 

من زیرەکترین و بەتواناترین خوێندکاربووم. هەموو هاوکێشەکانی بیرکاری و فیزیام دەزانی، بەڵام نەم دەزانی نوکتەیەک بگێڕمەوە. 

ئێستا من پزیشکم! چ جیاوازی هەیە؟ تۆبڵێ ئەندازیار! پزیشکێک کە تائێستا پێنەکەنیوە، ئەندازیارێک کە گاڵتەیەک، قسەیەکی خۆش  نازانێت! من نازانم دەبێت چۆن نان بکڕم! نازانم چۆن بچم بۆ شاخەوانی.
لەگەڵ ئەوەی گەورەبوومه،بەڵام دەترسم لەگەڵ کەسێک قسەبکەم، چونکە لەوانەیە فێری قسەیەکی ناشرین ببم.
من زیرەکترین و یەکەمی پۆلەکەم بووم، بەڵام ئێستا ئەگەر بانگهێشتی ئاهەنگێکی ژن گواستنەوە بکرێم، نازانم چۆن دانیشم،  بۆ مەراسیمێکی پرسە بچم، نازانم چی بڵێم.

جارێکیان داوسێکەمان نەزری کردبوو، خواردنی بۆمان هێنابوو، بەڵام من نەمزانی لەبەرامبەردا چ زاراوەیەکی لەگەڵدا بەکاربێنم!!

ڕۆژێک دەبێت دانیشم و نوکتە بۆخۆم بگێڕمەوە، چبسێک بکڕم و تا کۆتایی هەمووی بخۆم. ڕۆژێک دەبێت لەژێر بەفر باریندا بڕۆم، هاوار بکەم، بقیژێنم. 

من لە قوتابخانە و خوێندن یەکەم بووم، بەڵام لە بۆق دەترسم، لە مەڕ دەترسم، ئەو کەسەی کە جێگەی شانازی باوکی بوو، تەنانەت لە خۆشی دەترسێت. 

بەڕاستی دایک و باوکە باش و میهرەبانەکان؛ بیر لە قوتابییە یەکەمەکانی پۆل بکەنەوە. ئەگەر دایکمتان بینی پێی بڵێن کوڕەکەی خوێندکاری یەکەمی پۆل و دوا خوێندکاری پۆلی ژیانە.