کارەبا، دەردێکی بێ دەرمان لە هەرێمی کوردستان

2018-08-28

کارەبای هەرێمی کوردستان هیچ کات بارودۆخێکی جێگری بەخۆوە نەبینیوە و بەردەوام لە وەرزەکاندا ژمارەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی زیاد و کەم دەکەن، وەزارەتی کارەباش دەڵێت زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دینار قەرزی کەڵەکەبوویان لای بەشداربووەکانیانە.

 

لەئێستادا هەرێمی کوردستان بەسەرجەم وێستگەکانییەوە توانای بەرهەم هێنانی ٢٧٠٠ مێگاوات بۆ ٢٨٠٠ مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام خواستی بەشداربووەکانی زیاترە لە ٥ هەزار مێگاوات کارەبا، کە وەزارەتی کارەبا بە خواستێکی نائاسایی دەزانێت. 

 

وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا:

وێستگەی کارۆئاوی دوکان

وێستگەی کارۆئاوی دەربەندیخان

 

ئەم دوو وێستگە کارۆئاوییە توانای بەرهەمهێنانی ٦٠٠ مێگاوات کارەبایان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێژەی ئاوی پێویست بە تێکڕا ١٥٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن، جگەلەوەش ئەم دوو وێستگەیە بەشێک لە تۆرباین و ئامێرەکانی پێویستیان بەنۆژەنکردنەوە هەیە.

 

،،

 وێستگە کارۆئاوییەکانی دوکان و دەربەندیخان توانای بەرهەمهێنانی ٦٠٠ مێگاوات کارەبایان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێژەی ئاوی پێویست بە تێکڕا ١٥٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن، جگەلەوەش تۆرباین و ئامێرەکانی پێویستیان بەنۆژەنکردنەوە هەیە.

 

DFC
وێستگەی کارۆئاوریی دەربەندیخان 

 

 

وێستگە غازییەکان:

وێستگەی غازی چەمچەماڵ

وێستگەی غازی دهۆک

وێستگەی غازی خورمەڵە

وێستگەی غازی دهۆک

ئەم چوار وێستگە بە غازی سروشتی کاردەکەن و هەریەکەیان توانای بەرهەمهێنانی ٧٠٠ مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی پێویست، ناتوانرێت سەرجەم تواناکانی ئەم وێستگانە بخرێنەکار.

 

وێستەگەکانی نەوتی رەش:

وێستگەی تاسڵوجە لە سلێمانی

وێستگەی باعەدرێ لە دهۆک

ئەم دوو وێستگەیە بە نەوتی ڕەش کاردەکەن و ٢٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.

جگە لەو وێستگانەی سەرەوە، کە ئێستا وەزارەتی کارەبا سودیان لێ وەردەگرێت لە قەزای خەباتی سەربە پارێزگای هەولێر وێستگەیەکی هەڵمی ٣٠٠ مێگاواتی لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و کارەکانی لە قۆناغی کۆتایدایە.

 

"خواستی نائاسایی لەسەر کارەبا" 

محەمەد ئەمین هەورامی وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم تایبەت بە دیپلۆماتیک مەگەزین وتی:" بەهۆی ئەوەی ناتوانرێت بەشێوەیەکی بەردەوام کارەبا دابین بکرێت، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا ئاسای نییە و زۆر بەرز بووەتەوە  کە دەگاتە سەرو ٥ هەزار مێگاوات کارەبا لە رۆژێکدا، کەبەراورد بە ژمارەی بەشداربووەکان خواستێکی نائاسییە.

 

DFC
وێستگەیەکی کارەبای هەڵمیی لە هەرێمی کوردستان

 

١ ملیۆن و نیو بەشداربووی کارەبا

بەشێوەیەکی گشتی لەهەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەشداربوو هەیە، %٧٠ی ئەم بەشداربووانە ماڵانن، %٣٠ بەشداربووەکان کارگە گەورەکان و شوێنە بازرگانییەکانن.

 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئەوەشی بە دیپلۆماتیک وت:" لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆمپانیاکانی غاز و نەوت بڕی سوتەمەنی بۆ وێستگەکان زیاد دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا".

دەشڵێت: "بەشداربووانی کارەبا وەک پێویست لەژێر کۆنترۆڵدا نین، بۆیە وەزارەتی کارەبا بە نیازی گۆڕانکارییە لە کۆنترۆڵکردنی بەشداربووەکانی".

محەمەد ئەمین هەورامی ئاماژەشی بەوە کرد، پرۆژەی بە سیمکارتکردنی کارەبا  چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی بەشداربووەکانیان کاتی زۆریان پێویستە.

 

لە ئێستادا سیستمی دابەشکردنی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆنترۆڵێکی ناوەندییەوە دەبێت کە ئەمەش هۆکارە بۆ وونبوونی بەشێک لە تەزووی کارەبا و بەهەدەردانی بێ سوود.

پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەریەکەیان کۆنترۆڵی تایبەت بەخۆیان هەیە و کارەبا لە کۆنترۆڵی ناوەند وەردەگرن و خۆیان بەرپرسن لە شێوازی دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگاکەیاندا.

 

هەروەها وەزارەتی کارەبا بەگوێرەی خواست و ژمارەی هاوبەش کارەبا دابەش دەکات بەسەر پارێزگاکاندا.

 

قەرزەکانی وەزارەتی کارەبا 

محەمەد هەورامی وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە دیپلۆماتیک مەگەزینی راگەیاند:" بڕە پارەیەکی ئێجگار زۆر قەرزمان لای هاوڵاتیان و حکومەت و شوێنە بازرگانییەکانە، بەڵام بارودۆخی ئابوری ڕێگرە لە لێپێچینەوەی یاسایی و کۆکردنەوەی قەرزەکانمان، بەگشتی قەرزە کەڵەکەبووەکانمان ٦٠٠ ملیار دیناری تێپەراندووە".

 

FG
کارمەندانی وەزارەتی کارەبا لە کاتی دانانی محاویلەیەکی کارەبا ـ هەرێمی کوردستان

،،

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا: بڕە پارەیەکی ئێجگار زۆر قەرزمان لای هاوڵاتیان و حکومەت و شوێنە بازرگانییەکانە، بەڵام بارودۆخی ئابوری ڕێگرە لە لێپێچینەوەی یاسایی و کۆکردنەوەی قەرزەکانمان، بەگشتی قەرزە کەڵەکەبووەکانمان ٦٠٠ ملیار دیناری تێپەراندووە.

 

 

نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان

تا زیاتر کارەبا خەرج بکرێت بێگومان نرخەکەی بەرزدەبێتەوە، پێوەرێکی نۆرماڵ هەیە بۆ خەرجکردنی کارەبا، لە کاتی تێپەڕاندنی ئەو پێوەرە نرخەکە زۆر زیاد دەکات، ئەوەش بە سیستمی کۆمپیوتەری مانگانە دەژمێردرێت.

یەک کیلۆات لە کاتژمێرێکدا بە ١٥ دینارە، بەڵام لە پێوەری ئاسایی دەرچێت نرخەکە دەگاتە ٢٠٠ دینار. 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا جەخت دەکاتەکە کە بە بەراود بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست عێراق و هەرێمی کوردستان هەرزانترین نرخی کارەبایان هەیە، بەشێوەیەک دە جار لە کارەبای بازرگانی و مۆلیدە ئەهلییەکان هەرزانترە.