کۆمەڵگەی کوردی لەژێر گەمارۆی شێرپەنجەدا

2023-02-14

دیبلۆماتیک

تا دێت ئاماری تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا هەڵدەکشێت.

ساڵانە چەند هەزار کەس بۆ ڕێژەی ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە زیاد دەبێت و بەو دۆخەشەوە هێشتا وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم دەڵێت ڕێژەکە نەگەشتووەتە ئاستی مەترسیداریی و وەکو ئەو دەڵێت، ڕێژەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستاندا لە خوار ستانداردی جیهانییەوەیە.

نەخۆشی شێرپەنجە، یەکێک لە مەترسیدارترین جۆری نەخۆشییەکانەو بەپێی ئاماری تەندروستی جیهانی لەسەدا یازدەی حاڵەکانی مردن بەهۆی ئەم نەخۆشییەوەیەو مردن بە شێرپەنجە بە پلەی دووەم دێت لەناو سەرجەمی نەخۆشییەکاندا.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە ۷۳٤ هەزار تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجە لەسەرتاسەری جیهاندا تۆمار دەکرێت، بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمیش لە ساڵی ۲۰۲۲ دا، بە تۆمارکردنی نۆ هەزار تووشبوو بووەتە بەشێک لەو ئامارە جیهانییەی نەخۆشی شێرپەنجە.

تادێت نەخۆشیییەکە لە هەرێمی کوردستاندا پەرەدەسێنێت و ساڵ لەدوای ساڵیش ئاماری تووشبووان زیاد دەکات.

بەپێی ئامارو زانیاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، لە ساڵی ۲۰۱۹دا، ژمارەی تووشبوانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا ۷٨۳۱ کەس بووەو لە ساڵی ۲۰۲۰ دا ژمارەکە کەمبووتەوە بۆ ٦۲۹۳ کەس  و لە ساڵی ۲۰۲۱ دا دیسان ژمارەی تووشبوان زیادی کردووەو گەشتووەتە ۷۹۰٨ کەس.

 


لە ساڵی ۲۰۲۲ دا ژمارەی توشبوانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا زۆر زیاتر هەڵکشاوەو ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە نەخۆشییەکە گرفتار بوون گەشتووەتە ۹۰٦۱ کەس.

ئاماری تووشبووان لەنێوان ساڵی ۲۰۲۰ تا ۲۰۲۲، واتە لەماوەی دووساڵدا، ۲۷۰۰ کەس زیادی کردووەو بەم هەڵکشانە زۆرەی ڕێژەی تووشبوانەوە، هێشتا وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم دەڵێت دۆخەکە نەگەشتووەتە ئاستێکی مەترسیدارو هەرێمی کوردستان لەڕووی ژمارەی تووشبوانەوە لەژێر ستانداردی جیهانییەوەیە.

بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، ئێستا دە جۆر لەجۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا بڵاوەو شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی کۆڵۆن لە هەموو جۆرەکانیتر بەر بڵاوترن.

بەپێی ئەو ئامارو ژمارە فەرمییانەی کە وەزارەتی تەندروستی لە ڕۆژی جیهانی نەخۆشی شێرپەنجەدا بڵاوی کردەوە لە ساڵی ۲۰۲۲ دا، ڕۆژانە ۲٤ تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار کراوەو کۆی گشتی تووشبوانیش لەو ساڵەدا گەشتووەتە نۆ هەزارو شەست و یەک کەس و لەو ڕێژەیەش ٤۳۰٤ کەس لە هەولێرو ۳۳۲۳ کەس لە سلێمانی و ۱٤۳٤ کەس لە دهۆکن و لە سەدا پەنجاو پێنجی تووشبوان ئافرەتن و لە سەدا چلوپێنجیش لە ڕەگەزی نێرن.
  
ئاماری فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم دەشڵێت، ژمارەی گشتی تووشبوانی نەخۆشی لە ساڵی ۲۰۲۲ دا، گەشتووەتە حەفتاو یەک هەزار کەس و بەڕوانینیش لە ڕێژەی ساڵانەی توشبوان ڕێژەکە بەردەوام لە زیادبوون و هەڵکشاندایە.