ئەخلاقی جوان  وەک ئاو بەهێواشی جێگەی خۆی دەکاتەوە

2023-02-19

درەو مەهدی

بەرهەمهاتنی پێکهاتەی کەسێتی هەر کەسێک زادەی پەروەردەی خێزانیەکەیەتی. ئەخلاق و ڕەفتاری جوانمان لەو پەیامە پەروەردەییانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەمیانی پەروەردەکردنماندا دەڕژێنە پانتایی هزر و بیرکردنەوەمانەوە.

ڕەنگدانەوەی هەر نەوعێکی ئەخلاق و ڕەفتاری جوان دەبێتە چرایەک بۆ ڕووناکی بەخشین بە کۆمەڵگە کە پێکهاتووە لە تێکەڵەیەک لە مرۆڤی باش و خراپ.

زۆرجار خەمی ئەوەمانە کە نواندنی ڕەفتارێکی جوان و باش یان پارێزگاریکردن لە بەهای ئەخلاق لە پێکهاتەی کەسێتیماندا لە کۆمەڵگەدا جێگەی خۆی نەگرێت، بەڵام لە بیری دەکەین کە چەمکەکانی وەک ”ئەدەب و ئەخلاق و خۆشەویستی و .....هتد“ لەبەرئەوەی بەهایان هەیە، ئەوا وەک ئاو بەهێواشی لە پانتایی کۆمەڵگەدا ڕێ دەکەن و جێگەی خۆیان لە شعوری (زۆرینەی) ڕایگشتیدا دەکەنەوە.

دوێنێ بۆ چاکردنی ترۆمبێلەکەم لای وەستایەکی بەڕێز و لەدڵدا شیرین بووم، لە میانی گفتوگۆیەکماندا لەبارەی شاگردە منداڵەکەیەوە، وتی " فڵان وەستا خوشکەزایەکی لەلای شاگردە ڕۆژانە ئاژدادی دەردەهێنێت بە جنێو! بەڵام من هەرگیز جنێو بە شاگرد نادەم چونکە کاتی خۆی لای وەستایەک شاگردبووم هەتا جوان فێری ئیشەکەی کردم هەرگیز ڕۆژێک جنێوێکی پێ نەدام".

ئەو وتی "لەبەر ئەوە ئێستاش هەرکات دەرفەتم هەبێت دەچم بۆ ناوچەی پیشەسازی و ماوەیەکی زۆر لەلای کات بەسەر دەبەم وەک وەفایەک بۆ چاکبوونی لەگەڵم".وەستا ئەوەشی ووت" هەر وەستایەک جنێو بە شاگرد بدات ئەوە بێگومان خۆی تێر جنێو کراوە".

ئەم قسەیەی وەستا، پێناسەی یەکێک لە فەیلەسوفەکانی بیر هێنامەوە سەبارەت بە پەروەردەی منداڵ کە دەڵێت: "منداڵ وەک پەڕەیەکی سپی وایە، چیمان بوێت دەتوانین ئەوەی تێدا بنوسین".

کاتێک دەبینم هەندێک جار، نموونەی ئەخلاقێکی جوان ڕەفتارێکی جوان و چاکەخوازانە بەهێواشی بۆ قوڵایی بیرکردنەوەی کەسانێک لەکەسێکی ترەوە شۆڕ بووەتەوە، ئەوا دەگەمە ئەو بڕوایەی لە کۆمەڵگەدا هەمیشە خولیایەک بۆ پیادەکردنی کاری چاک و پەخشکردنی ئەخلاقێکی جوان و نواندنی ڕەفتارێکی جوان، بوونی هەیە.

هەمیشە گوێیەک هەیە بۆ بیستنی ئاوازی چاکەخوازای و جوانی ناسی، هەمیشە بیرکردنەوەیەک هەیە بۆ پەسەندنکردنی ڕەفتاری جوان و ئەخلاقی جوان، هەمیشە کەلێنێک بۆ پڕکردنەوەی بە ئەخلاق و ڕەفتاری جوان.