لە نێوان شیعر و دواکەوتندا لەپەیوەندیدا بە مۆدێرنەوە

2018-11-06

پێشوخت هەرکەسێک ئەم ڕستەیەی سەرەوە بخوێنێتەوە، واهەست دەکات کە شاعیران بەرپرسن لە دواکەوتنی کۆمەڵگە، بەڵام نەخێر بارودۆخێکی هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕستەیەدا هەیە کە وا دەرئەکەوێ شاعیرانیش لەسەر ئەم هێڵەی هۆکارەکانی دواکەوتنی کۆمەڵگابن، ئەو بارودۆخەش ڕێڕەوی مۆدێرنەیە، لەخوارەوە زیاتر ڕوونی دەکەینەوە.

 

سەرەتا بۆئەوەی لەم کێشەیە تێبگەین پێوویستە لە مۆدێرنیزم تێبگەین بەشێوەیەکی سەرەتایی.
مۆدێرنەو مۆدێرنیزم بەدیاریکراوی لە سەدەی شازدەوە لەهەناوی داڕووخانی سیستەمی ئاینی کاتۆلیکی‌و سیستمی کۆمەڵایەتی فیوداڵیزم هاتەدەرێ. مۆدێرنیزم لەسەر چەند هێڵێکی گشتی خۆی جیاکردەوە لە بارودۆخی سەدەکانی ناوەڕاست.


لەسەر هێڵی ئاینی ئەوەی هێنایە ئاراوە کە کاهینەکانی کەنیسە نوێنەری ڕاستەوخۆی خودا نین، وە خوداش ئەو وێنە ترسناکەی نییە کە کڵێساو کاهینەکان پیشانی شوێنکەوتوانی دەدات، کە مارتن لۆتەر لە دامەزراندنی مەزهەبی پرۆتستاندا بەیانی کرد.

لەسەر هێڵە فکریەکەش کۆتایی بە فەلسەفەی ئەفلاتۆن و ئەرستۆ هات و دیکارت کە بە دامەزرێنەری فەلسەفەی نوێی ڕۆژئاوا دادەنرێت، عەقڵگەرایی و گومانگەرایی کردە ڕوانگەیەک بۆ بینی حەقیقەت کە دواتر بەدوایدا کانت هات‌و سنورەکانی عەقڵی تۆکمەتر کردو ئەو زیادەڕەویەی کە دیکارت کردبووی بەبڕوای خۆی نەیهێشت، پاشان هیگڵ عەقلانیەتی مۆدێرنەی بەرەوپێشتر برد، تا ئەو کاتەی دوو جەنگە گەورە جیهانییەکە ئێخەی مرۆڤایەتی گرت‌و بۆچوونەکانی نیتچەی لەبەرامبەر عەقلانیەتی مۆدێرنەدا زەق بوویەوە، کە دواتر نیتچەییەکانی وەک فۆکۆ و جاک دریدا و ژیل دولوز ئەم سەنگەرەیان دژ بە عەقلانیەتی مۆدێرن بتەوتر کرد.


ئەمە لەکاتێکدامارکسیزمیش سەنگەرێکی تری گەورە بوو بەرامبەر عەقلانیەتی مۆدێرنە، کە عەقڵی ڕەها و ئازادیان بە پردی پەڕینەوەیان بۆ سیستمی سەرمایەداری دەزانی و بە بەرهەمهێنەری چینایەتی کۆمەڵگەیان دەزانی لەنێوان هەژارو دەوڵەمەندا، یاخود کەپیتاڵیست و پڕۆلیتاردا.

،،

مارکسیزمیش سەنگەرێکی تری گەورە بوو بەرامبەر عەقلانیەتی مۆدێرنە، کە عەقڵی ڕەها و ئازادیان بە پردی پەڕینەوەیان بۆ سیستمی سەرمایەداری دەزانی و بە بەرهەمهێنەری چینایەتی کۆمەڵگەیان دەزانی لەنێوان هەژارو دەوڵەمەندا، یاخود کەپیتاڵیست و پڕۆلیتاردا.


لەسەر هێڵە ئابورییەکەش گۆڕانێکی گەورە ڕوویدا کە دیوێکی کۆمەڵایەتیشی هەیە، ئەویش ئەوەبوو پێشتر سیستمی چینەکانی کۆمەڵگا یاخود پەیکەری کۆمەڵگا پەیڕەوکاری سیستەمی فیوداڵیزم(دەرەبەگایەتی) بوو کە پێکهاتبوو لەچینی خاوەن زەوی‌و جوتیار، ئەم سیستمە کۆمەڵایەتی و ئابورییە لە دوای سەدەی پازدەوە گۆڕانێکی گەورەی بەسەرداهات کە لە دایکبوونی چینی سێیەم واته‌ چینی بۆرجوازی بەدوادا هات، کە چینێکی شارنشینی بوو جیاواز لە دەرەبەگایەتی کە لەگوندەکاندا بەرقەراربوو. لەلایەنی جۆرو جوگرافیای دانیشتوانیشەوە گۆڕانکارییەکی گەورە دروستبوو لەساتی لەدایکبوونی مۆدێرنە بەدواوە. ئەویش کۆچکردنی بەلێشاوی دانیشتوانی گوندەکان بۆ ناو شارەکان بوو، هۆکارەکەیشی ئەوە بوو کە لەناو شارەکاندا پێشکەوتنی پیشەسازی و وەبەرهێنان زیادیکرد لەسەدەی شازدە بەتایبەت لە بەریتانیا کە شۆڕشێکی تەکنەلۆجی گەورەیان کرد لەچاو ئەو سەردەمەدا کە لەمێژووی ئەوروپادا بە شۆڕشی پیشەسازی ناسراوە، وەک دروستکردنی کارگەی هەڵمی و هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر و پێشکەوتن لەبواری چنیندا، ئەمانە زیاتر خەڵکانی گوندەکانی هاندا لەگوندەکانەوە کۆچ بکەن بۆ شار و هەلی کار بەدەست بێنن لە و پیشەسازیانەدا کە ئابوریەکی سەربەخۆ بوو سەبارەت بەتاکەکان جیاواز لە ژیانی گوندەکان کە ئابورییەکی سەربەخۆیان نەبوو وە کۆیلەی خاوەن زەوییەکان بوون.


لە ڕووە سیاسیەکەیشەوە سیستمی سیاسی ئەوروپا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەرداهات، ئەویش پەڕینەوەبوو لەسیستمی سیاسی داپڵۆسێنەری کڵێسا بۆ سیستەمی دیموکراسی و سیستەمی پاشایەتی دەستوری. تا ئێرە باسکردنی مۆدێرنیزم بەسە وەک ئارگیۆمێنتێکی بەهێز بۆ شیکردنەوەی بابەتەکەمان، کە پەیوەندی ئاستی شیعر و شاعیرانە بە ئاستی کۆمەڵگاوە، پەیوەندی بارودۆخی شیعر وشاعیران چیە بە بارودۆخی مۆدێرنەوە؟ خودی مۆدێرنە دژایەتی شیعر ئەکات یاخود شیعر ناتوانێ لەگەڵ مۆدێرنەدا هەڵبکات؟


ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە سەرجەم لایەنەکان لە دوای سەدەکانی ناوەڕاست واتە لە چەرخی مۆدێرنە بەولاوە، گۆڕانکاری گەورەیان بەسەرداهات، تەنانەت ئەدەبیش کەوتە بەر شاڵاوی ئەم گۆڕانکاریانەوە، بەڵام لەناویدا شیعر بەئاڕاستەی ژانرەکانی تری ئەدەب بە بارێکی نەرێنیدا گۆڕانکاری تییادا ڕوویدا، چونکە ئەگەر ئێمە لەلایەنە دەرونناسیەکەیەوە لە شاعیر بڕوانین هەمیشە لە شیعرەکانیدا هەستێکی ناسک زاڵە بەسەریدا کە دوورە لە توند و تیژی و ڕق و ناکۆکی، لەپێش مۆدێرنەی ئەورپاشدا ئەم هەست ناسکی و جوان ڕوانینە لەڕێگەی سروشت و کانیاو و سەوزاییەکانەوە گوزارشتی لێکراوە، بەڵام کاتێک مۆدێرنیزم هات و لەڕێگەی پێشخستنی پیشەسازی و کارگەکان سروشت و جوانیەکانی لەناوبرد شیعریش داچۆڕا لە گوزارشتی ناسکانەو خۆشەویستی سروشت، چونکە شاعیران پێشتر دەوروبەریان پڕاوپڕ بوو لە سروشت و سەوزایی و جوانی، بۆیە لەوێوە ئیلهامیان بەشیعرەکانیان دەبەخشی، بەڵام لەدوای مۆدێرنەوە کاتێک وەک دیکارت دەڵێت مرۆڤ زاڵبوو بەسەر سروشتداو تەکنەلۆجیاو پیشەسازی گەورەی بەگەڕ خست و دوکەڵی کارگاکان ئەو سروشتە جوانەی شاعیرانیان نەهێشتەوە کە دانیشتوی شارەکان بوون. بۆیە کاتێک شاعیرێکی وەک (احمد عبدالمعگی حجازی) سەردانی قاهیرە دەکات کە قەرەباڵغی‌و جەنجاڵی‌و دوکەڵی شەریکەکان دەبینێت، ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی، دواتر لەدیوانەکەیدا شاری قاهیرە بە (مدینه‌ بلا قلب) شاری بێ دڵ ناو دەبات، یاخود کاتێک (ڕایمۆن بریتۆن)ی شاعیر کاتێک سەردانی ویلایەتەکانی ئەمریکا دەکات، ئەویش هەڵدێت بۆ نیشتیمانەکەی خۆی لە مەکسیک و دەچێتە ئەو شوێنەی کە دەستی شارستانیەت و تەکنەلۆجیای پێنەگەشتووە تاکو هەستە شیعریەکانی خۆی هەڵڕێژێ لە سروشتە جوانەکەیدا.

،،

لەدوای مۆدێرنەوە کاتێک وەک دیکارت دەڵێت مرۆڤ زاڵبوو بەسەر سروشتداو تەکنەلۆجیاو پیشەسازی گەورەی بەگەڕ خست و دوکەڵی کارگاکان ئەو سروشتە جوانەی شاعیرانیان نەهێشتەوە کە دانیشتوی شارەکان بوون. بۆیە کاتێک شاعیرێکی وەک (احمد عبدالمعگی حجازی) سەردانی قاهیرە دەکات کە قەرەباڵغی‌و جەنجاڵی‌و دوکەڵی شەریکەکان دەبینێت، ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی، دواتر لەدیوانەکەیدا شاری قاهیرە بە (مدینه‌ بلا قلب) شاری بێ دڵ ناو دەبات


لەناودانی سروشت و جوانیەکانی لەڕێگای پیشەسازی و تەکنەلۆجیاوە بەهاوبەش لەگەڵ جەنگەکانی وەک دوو جەنگە جیهانیەکە هۆکاری سەرەکیبوون لەبەرهەمهێنانی قوتابخانەی ئەدەبی تازەی وەک سۆریالیزم(سەرو واقیع) کە ڕاکردنبوو لەواقیع و ژیانی بەرهەست، چونکە واقیعی شاعیرەکان سروشتە جوانەکەیانی تیادا لەناو برابوو وە جەنگیش وەک دێوەزمەیەک دژی هەستە ناسکەکەیان وایکردبوو کە لەواقیع ڕابکەن و لەبان واقیع بژین، هەروەها قوتابخانەی ڕۆمانتیک و وجودیش بەهەمان هۆ دامەزران.

کاتێک سەیری کۆمەڵگەی دواکەوتووی ئەوروپای کۆن دەکەین، ڕێژەیەکی زۆر لەشاعیر بەدی دەکرێت، بەڵام لە ئەوروپای پێشکەوتووی ئێستاماندا بەدی ناکرێن، ئەگەر لەڕابردوودا شاعیرانی گەورەی وەک (بۆدلێر و مالارمیە و لۆتاریامون و ڕامبۆ) هەبوبن ئەوا لەئێستادا ئەو ناوە گەورانە بەو ئەندازەیە بونیان نەماوە. مۆدێرنە تەنیا شیعری نەکردە قوربانی، بەڵکو بەها ڕۆحی و ئەخلاقیەکانیش نەیانتوانی لەژێرچەپۆکی بارودۆخی مۆدێرنەدا خۆیان بگرن. ژان ژاک ڕۆسۆ لەسەرەتای کاری نوسینیدا، لە وتارێکدا ئاماژە بە ترسناکیەکانی پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆجی دەکات لەسەر بەها ئەخلاقیەکان، مەترسی زانست لەوێوە خۆی بەدەردەخات کە شوناسی خۆی لە ئامرازێکی مرۆییەوە دەگۆڕێت بۆ بەها و ئامانج هاوشێوەی ئەخلاق، بۆیە کاتێک پێشکەوتنە تەکنەلۆجیەکان وەک بەها و مۆڕاڵ ڕۆدەچنە ناو کۆمەڵگاو شوێنی بەها ئەخلاقیەکان دەگرنەوە، بەو مانایەی بەرژەوەندی جێگای چاکە دەگرێتەوە لەنیەتی کردەوەکانماندا، ئەوەشمان لەبەرچاوە کە بەها ئەخلاقی و ڕۆحیەکان هاوشێوەی سروشت بەشێکی گەورە و بەرین پێک ئەهێنێت لە دێڕە شیعریەکانی شاعیران.

،،

. مۆدێرنە تەنیا شیعری نەکردە قوربانی، بەڵکو بەها ڕۆحی و ئەخلاقیەکانیش نەیانتوانی لەژێرچەپۆکی بارودۆخی مۆدێرنەدا خۆیان بگرن.


گەر زیاتر لە دەرهاویشتە خراپەکانی مۆدێرنیزم بدوێین، ئەوە دەڵێین کە سیستمی سەرمایەداری گەورەترین دێوەزمەیە کە لە هەناوی مۆدێرنیزمەوە هاتۆتە دەرێ، سیستەمێک کە تیایدا بەرژەوەندی مادی هەموو بەهایەکە لەجیاتی بەهاکانی تریشدا (بەها ڕۆحی و ئاینی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان)، وەک جۆرج لۆکاش ئەڵێت سیستەمی سەرمایەداری و ڕۆژئاوا مرۆڤی تاک ڕەهەند دروست دەکەن، واتە یەک ڕەهەندی مادی و هیچی تر، خاڵی لەهەموو بەهاکانی تر.


ئەرگیۆمێنتەکەمان تا ئێرە بەسیەتی بۆ سەلماندنی ئەوەی کە هەر کۆمەڵگایەکی دواکەوتو لە بواری تەکنەلۆجیا و زانست (کۆمەڵگەی کوردی بەنمونە)، کۆمەڵگایەکە کە ژینگەیەکی لەبارە بۆ هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە شاعیر، هەڵبەت دواکەوتوویی بەمانا گشتیەکەی نا، بەڵکو بەمانا تەکنەلۆجی و پیشەسازییەکەی، بەپێچەوانەیشەوە، کۆمەڵگا تەکنەلۆجیە پێشکەوتووەکان ژینگەیەکی بەرتەسکن بۆ هەناسەدانی شاعیرەکان، هەروەک کۆمارەکەی ئەفلاتۆن شوێنیان نابێتەوە لەو کۆمەڵگەیەدا.