تاقی كیسرا، گەورەترین شوێنەواری ساسانیەكان لە عێراق

2018-02-10


تاقی كیسرا، یاخود هەیوانی تیسفۆن، یاخود تاقی خوسرەو، كە ئێستا زیاتر بە تاقی كیسرا ناسراوە، ئەم شوێنە مێژووییە لە كەناری ڕووباری دیجلە و دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی شاری بەغدای پایتەختی عێراق.


پێگەی مێژوویی

سەرچاوە مێژووییەكان دەڵێن: دروستكردنی ئەم تاقە گەورەیە بۆ سەرەتای دەوڵەتی ساسانی دەگەڕێتەوە، دووەمین پاشای ساسانییەكان ئەردەشیری یەكەم ناسراو بە نەوشیروان پاشا دروستی كردووە، پایتەختی زنجیرە پاشایانی ساسانییەكان بووە و تاكو سەردەمی یەزدیگوردی دوایین پاشای ساسانی ئەوێ پایتەخت بووە.


شاری تیسفۆن، كە ئێستا ناسراوە بە مەدائین پایتەختی پاشایانی ئەشكانیی و دواتریش ساسانییەكان بووە، ئێستا بەهۆی بوونی گۆڕی سەلمانی فارسی، كە یەكێكە لە هاوەڵی پەیامبەری ئیسلام شارەكە ناسراوە بە سەلمان پاك.

،،

تاقی تیسفۆن بەرزترین تاقی خشتیی جیهانە كە بە بەبێ پایە و ستوون ڕاوەستاوە و تا ئێستا ماوەتەوە.

 

گرنگیی تاقی كیسرا

تاقی كیسرا جێگەی سەرسوڕمانیی نەك ئێرانییەكان و عەرەبەكان، بەڵكو هەموو جیهانە. بەرزیی تاقی هەیوانە 37 مەتر و پانتاییەكەی 25 مەتر و درێژییەكەی 48 مەترە. ئەم تاقە بە مێژووییەكی دوو هەزار ساڵەیەوە تا ئێستاش پێشەنگییەكی جیهانیی هەیە كە تاقێك بەو بەرزییە و بەبێ ستوون و پایە دروستكراوە و خۆی ڕاگرتووە. ئەو تاقە و سەرجەم باڵەخانەكەی لە خشتی سوور دروستكراوە و دوو هەزار ساڵە لەبەردەم هەموو ڕووداوێكی سرووشتییدا خۆی ڕاگرتووە و ڕووداوە مێژووییەكانیش نەیانتوانیوە بە تەواوی لەناویبەرن.


زانكۆی سواسی لەندەن فیلمێكی دۆكیۆمێنتاریی دەربارەی تاقی كیسرا ئامادەكردووە و بەناوی پێشانگای جیهانیی لەندەن بۆ تاقی كیسرا خراەوتە ڕوو.


پژمان ئەكبەرزادە كە ئامادەكاری فیلمە دۆكیۆمێنتارییەكەیە لە میانەی دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی بی بی سی فارسی گرنگیی ئەو شوێنەوارە بەرجەستەیەی ڕوون كردووەتەوە و دەڵێت: تاقی تیسفۆن بەرزترین تاقی خشتیی جیهانە كە بە بەبێ پایە و ستوون ڕاوەستاوە و تا ئێستا ماوەتەوە.


تاقی كیسرا زۆری لەسەر گوتراوە و بەهۆی گرنگییەكەیەوە بەسەرهاتیشی بۆ هەڵبەستراوە, هەندێك مێژوونووس و نووسەری مسوڵمان دەڵێن: ئەو شەوەی پەیامبەری ئیسلام لەدایكبووە تاقی كیسرا درزی تێكەوتووە. بەڵام نووسەرانی بواری فەرموودە ئەو بەسەرهاتە ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن چیرۆكێكی دروستكراوە و هیچ بنەمایەكی نییە. چیرۆكەكە ڕاست بێت یان ناڕاست، گەورەیی و شكۆی تاقی كیسرا دەردەخات بۆیە بەوشێوەیە باسكراوە.

 
كۆتایی شكۆی تاقی كیسرا

شەری تیسفۆن (مەدائین)ی پایتەختی ساسانی و تاقی بەناوبانگی كیسرا لەسەردەمی یەزدیگورد كە دوایین پاشای ساسانییەكانە چرای شكۆمەندییان كوژایەوە، ئەوكاتەی لەسەردەمی فتوحاتی ئیسلامیی لەشكری قەعقاعی كوڕی عەمری تەمیمی ئیمپراتۆری فارسی تێكشكاند و لەو شەڕە گەورەیەدا یەزدیگورد كوژرا و پایتەختی ساسانیی و تاقی كیسراش كەوتە دەست لەشەكری قەعقاع و كۆتایی بە دەسەڵاتی فارسەكان هات. لەوكاتەوە تاقی كیسرا شكۆی دەسەڵاتداریی لەدەسەتدا و ماوەیەك كرایە مزگەوت و دواتریش وردە وردە فەرامۆش كرا و لە پایتەختەوە گۆڕا بۆ شوێنەوارێكی فەرامۆشكراو.

،،

لەكاتی شەڕی داعشدا مەترسیی لەسەر تاقی كیسرایش دروستبوو چونكە چەكدارانی داعش نزیكبوونەوە لەوەی مەدائین داگیر بكەن و تەنیا 50 كیلۆمەترێكان مابوو دەستیان بگاتە شوێنەوارە مێژووییەكەی تیسفۆن.

 
تاقێكی بێناز و پشتگوێخراو

سەدان ساڵە تاقی كیسرا فەرامۆشكراوە و دەسەڵاتەكانیش ئاوڕیان لێ نەداوەتەوە، سەدام حسێن لەجیاتی نۆژەنكردنەوە و پاراستنی ئەو كەلپوورە مێژووییە، لەبەرانبەر تاقەكەدا ئەویش مۆنۆمێنتێكی دروستكرد. دەوترێت سەدام مەبەستی ئەوەبوو كە تاقی كیسرا شوێنەوارێكی فارسەكانە لەسەر خاكی عەرەبەكان بۆیە ئەویش وەكو وەڵامدانەوەیەك ئەو مۆنۆمێنتەی لە هەمان كەرەستە دروستكردووەتەوە.


لەوبارەیەوە ئەكبەرزادە دەڵێت: تاقی كسیرا بووە خاڵی ململانێی سیاسیی عێراق و ئێران، سەدام تاقی كیسراوی وەكوو نموونەی تێكشكاندنی فارس لەسەر خاكی عێراق تەماشا دەكرد، بۆیە داوای لە شارەزایانی كۆریایی كرد كە دیزاینی مۆنۆمێنتێكی بۆ ئامادەبكەن تاكو بەرانبەر بە تاقی كیسرا دروستی بكات. هاوكات ئێرانییەكانی سەردەمی كۆماری ئیسلامییش بەپاساوی ئەوەی تاقی كیسرا نموونەی ستەمكاریی فارسەكانی پێش ئیسلامە بۆیە پشتگوێیان خستووە.


پاش كۆتایی دەسەڵاتی بەعسییەكان و هاتنی دەسەڵاتی شیعەكان بۆ كایەی سیاسیی عێراق تاقی كیسرا هەروەكو خۆی ماوەتەوە، ئێرانییەكان بە یادگاریی و كەلەپووری خۆیان دەزانن و عەرەبەكانیش بە شوێنەوارێكی عێراقیی حسابی بۆ دەكەن.ڕەزاشای پەهلەوی هەوڵیدا تاقی كیسرا وەك كەلەپوورێكی ئێرانیی تۆمار بكات. سالانی بیستەكان و سییەكان شارەزایانی بواری شوێنەوار لە بەریتانیا و ئەمریكا سەردانیان كردووە و لێكۆڵینەوەیان لەسەر كردووە.


لەكاتی شەڕی داعشدا مەترسیی لەسەر تاقی كیسرایش دروستبوو چونكە چەكدارانی داعش نزیكبوونەوە لەوەی مەدائین داگیر بكەن و تەنیا 50 كیلۆمەترێكان مابوو دەستیان بگاتە شوێنەوارە مێژووییەكەی تیسفۆن، بێگومان بەداگیركردنیشی چارەنووسی هەیوانی كیسرا زۆر لە شوێنەوارەكانی نەینەوا خراپتر دەبوو و بەتەواویی خاپووریان دەكرد.


شاری مەدائین و تاقی كیسرا تەنیا 37 كم لە شاری بەغدای پایتەختەوە دوورە، كەچی دەسەڵاتداران بیریان ناكەوێتەو و چاویان نایبینێت تاكو نۆژەنی بكەنەوە و وەكو شوێنەوارێكی دێرینی دوو هەزار ساڵە لە ڕێكخراوی یونسكۆ تۆماری بكەن و بیكەنە مۆزەخانەیەكی سەرنجڕاكێش و لە وڵاتانی جیهانەوە خەڵكیی سەردانی بكەن.


ئامادەكاری فیلمە دۆكیۆمێنتارییەكە پێیوایە دەكرێت بوونی شوێنەوارێكی ئێرانیی لەسەر خاكی عێراق ببێتە هۆكاری نزیكبوونەوەی گەلانی ئێران و عێراق، بەڵام بەهۆی ناكۆكییانەوە نەیانتوانیوە لە ڕێزی شوێنەوارە مێژوویی و كەلەپوورە جیهانییەكانی یونسكۆدا تۆماری بكەن.

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
ـ كەناڵ و سایتی بی بی سی فارسی.
ـ پێگەی ویكیپیدیا.
ـ چەند ڕاپۆرت و بەرنامەیەكی تایبەت لەسەر تاقی كیسرا.