نازانم عەرەب بۆ ئەوەندە فشە بە سەلاحەدینی ئەیوبییەوە دەکەن

2023-05-01

دیبلۆماتیک

لەناوەڕاستی مانگی ۱۲ی ساڵی ۱۹۹۳ دا، لەگەڵ مام جەلالدا بۆ گەشتێک دەچنە سوریاو دوای دوو ڕۆژ مانەوەیان لە قامیشلو، دواتر دەچنە دیمەشڤی پایتەختی سووریا.

مەحمود سەنگاوی لە کێبی بیرەوەرییەکانیدا " بیرەوەرییەکانی سەنگاوی" باسیدەکات کە ئەوان میوانی حکومەتی سوریا بوون و لەماوەی مانەوەشیاندا سەردانی ئارامگای مەولانا خالیدی نەقشبەندی و ئارامگای سەڵاحەدینی ئەیوبی و گۆڕی قەدری جانی شاعیرو میر جەلادەت بەدرخانیان کردووە.

مەحمود سەنگاوی لە بیرەوەریەکایدا دەڵێت، مەولانا خالیدی نەقشبەندی وەک خواناسێکی گەورە توانی ڕێبازی نەقشبەندی بێنێتە کوردستان و عێراقەوە، لەئەنجامی ناکۆکی لەگەڵ قادرییەکانی سلێمانیدا ناچار ئەبێ ڕێگای غەریبی بگرێتەبەرو لە سوریا لەنگەر بگرێت.

ئەو نووسیویەتی، شانازییە بۆ کورد کەڵەپیاوی وای تێدا هەڵبکەوێت، بەڵام جێگەی داخە لە وڵاتەکەی خۆیدا جێگەی نەبێتەوەو پیلانی دژ بکرێ و دەربەدەری وڵاتان ببێت، جێگەی داخیشە مەردێکی ئەم ئێلی جافە لەو دەشتی شارەزوورەدا ئەو کەسێتییە مەزنەی لێپەیدا ببێت و تەنیا لەڕێگەی خواپەرستی و کاروباری ئاینیدا کار بکات و هەوڵەکانی بۆ خزمەتی گەلەکەی نەخستبووە کارو هەر هیچ نەبێت نەیوویستووە ببێتە کاربەدەستێکی گەورە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵکی کورد لە کوردستانداو کاتێکیش کە چووەتە سوریا کونجی خانەقای گرتووە.

مەحمود سەنگاوی لە بیرەوەرییەکانیدا باسیدەکات کە لەگەشتەکەیاندا سەردانی ئارامگای سەلاحەدینی ئەیوبییان کردووە، " مەخابن ئەو سەرکردە زەبەلاحە ئارامگەکەی لەشوێنێکی تەنگەبەری مزگەوتی ئەمەویدایە، بەجۆرێک کە شوێنی دوو کەس نەئەبووەوە لەپاڵیدا وێنە بگرین، خۆ ئەگەر سەرکردەیەکی مامناوەندی عەرەب بوایە ئەوا گۆڕەپانێکی گەورەیان بۆ ئارامگەکەی تەرخان دەکرد، تێناگەم عەرەب بۆ ئەوەندە فشە بە سەلاحەدینی ئەیوبییەوە ئەکەن فلیمی گەورەی لەسەر ئەکەن، کەچی لەو تەنگەبەرییەدا لەناو گۆڕەکەیدا فەرامۆش کراوە، عەرەب ئارەزووی ئەوەناکەن کە سەلاحەدینێکی کورد وەکو ڕزگارکەر نیشان بدەن".

سەنگاوی دەربارەی سەلاحەدینی ئەیوبی نوسیویشیەتی: سەلاحەدین خزمەتی بواری عەرەب و ئیسلامی کردووە، نەک هەر خۆی بەڵکو بنەماڵەکەی و خەڵکێکی زۆری کوردیشی بۆ بەکارهێناوە بۆ بەرگریکردن لە عەرەب و ئیسلام، ئەی نەدەبوو وەکو کوردێک دوو تیرشی بۆ کورد بهاویشتایە.