درۆ گەورەکە چۆن وایان لێکردین رقمان لە کەرتی گشتی بێت و بازاڕی ئازادمان خۆشبوێت!

2023-05-10

د. رزگار عەبدولکەریم عەبدولعەزیز

 زۆر لە ئێمە بەبێ ئەوەی هیچ لە مەسەلەکە بزانین، بە ئاوازی بازاڕی ئازاد گۆرانی دەچڕین، بەو بایەی لای کۆمپانیاکان و خاوەنکارانەوە دێت شەن دەکەین، هەر ئاوێک لای ئەوانەوە سەرچاوەی نەگرتبێت، گومانی لێدەکەین، شەرابی ژەهری دەستی ئەوانیش وەک ئاوی سازگاری چیاکان نۆش دەکەین. 

ئەمە سیحری ئەو دەستەواژەیەیە کە پێی دەوترێت بازاڕی ئازاد، مرۆڤی مۆدێرن نەک مەسەلە ئابوورییەکانی وەک کڕین و فرۆشتن، بەڵکو کەرامەت و ئازادی و شکۆی مرۆڤبوونی خۆشی وابەستەی ئەم حیکایەتی بازاڕی ئازادە کردووە. ئەم هەموو متمانەیەی خەڵکی لە کوێ و لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئایا ئەمە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە؟ یاخود بە جۆرێک لە جۆرەکان جادوومان لێکراوە؟ بۆچی ئێمە لە خودی مەسیح مەسیحییترین؟ دنیابینییەک ئادەم سیمس کە بە باوکی بازاڕی ئازاد ناسراوە، رەتیدەکاتەوە بۆچی ئێمە بێ چەندوچوون قبووڵی دەکەین؟ 

نائومی ئۆرسکیس و ئیریک کۆنوەی، لە کتێبی درۆگەورەکەدا هەوڵ دەدەن وەڵامی ئەوە بدەنەوە بۆچی ئەمریکاییەکان بە چڕی کەوتوونەتە ژێر هەژموونی بازاڕی ئازادەوە، بۆچی ئازادی و کەرامەتی مرۆیی خۆیان وابەستەی بازاڕی ئازاد کردووە، ئەوان ئیمانێکی زۆریان بە بازاڕ و متمانەیەکی کەمیان بە حکومەت هەیە، کۆمپانیاکان و پیاوانی کار، چۆن هەموو رێگا جۆراو جۆرەکانی وەک میدیا و هێز، پارە و سایکۆلۆژیا، زانست و توێژینەوە ..تد بۆ ئەم مەبەستە ژێربار کردووە، سەرەنجام گەلی ئەمریکا بۆ چەندین دەیە، وابەستەی درۆیەکی گەورە کراون، بەبێ ئەوەی نەک هەست بکەن درۆیە، بەڵکو وەک راستییەکی حاشاهەڵنەگر، لە پێناویدا تێدەکۆشن و دەجەنگن! 

وەک ئۆرسکیس و کۆنوەی دەڵین: «باوەڕبوون بە ئازادیی ئابووریی و بازاڕی ئازاد نەک تەنها لە پێناوی خوڵقاندنی سامانی زیاتردایە، بەڵکو وەک قەڵایەکی قایم بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی سیاسی» یە، ئەمە زاڵکردنی بازاڕە بەسەر کایەکانی تری وەک کەلتور و سیاسەت و تەواوی کۆمەڵگەدا. 

ئــــــوسوڵگەرایـــانی بـازاڕ Market fundamentalists، لەگەڵ ئادەم سمیس لەوەدا جودان، کە باوەڕیان بە بەرژەوەندیی و چاکەی گشتی نییە و پێیانوایە هەرچی بەرژەوەندیی گشتییە لە رێگەی هەوڵ و کۆششی بێ قەید و شەرتی تاکەکانەوە لەناو بازاڕی ئازاددا دێتە بەرهەم، هەربۆیە ئەوان پێیانوایە کە حکومەت، تەنانەت حکومەتە هەڵبژێردراوەکانیش ناتوانن نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵک بکەن، ئەوەی نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵک دەکات، تەنها بڕیار و هەڵبژاردنی تاکەکانە لە چوارچێوەی بازاڕی ئازاددا. هەر بۆیە میلتۆن فریدمان، لە ساڵی 1976دا لە ئەفریقای باشوور، خەڵکی هاندەدا کە خۆیان بە ئاپارتایدەوە سەرقاڵ نەکەن، گرنگی زیاتر بە بازاڕی ئازاد بدەن، چونکە ئەوە بۆ ئازادیی ئەوان لە ئازادیی سیاسی گرنگترە.

فریدمان لە کتێبی سەرمایەداریی و ئازادیدا، هەوڵدەدات ئازادیی و سەرمایەداری وەک دوو دیوی یەک دراو نیشان بدات، ئارگومێنتەکانی فریدمان سادەن، تەنانەت بۆ کڕین و فرۆشتنیش وەڕاست ناگەڕێن، چونکە ریکلام و زەواجی نێوان تەکنۆلۆجیا و سایکۆلۆژیا ئەویشی خستۆتە ژێر پرسیاری جدییەوە، پێدانی خەڵاتی نۆبل بە فریدمان و گەورەتر نیشاندانی لە قەبارەی خۆی بەشێک بوو لە پڕۆژەیەکی درێژخایەن لە بەبازاڕکردنی هەموو کایەکانی ژیان و بەبازاڕکردنی کۆمەڵگە. 

بە گریمانەی ئەوەی کە لەسەر ئاستی مایکرۆ، ئارگۆمێنتەکانی فریدمان راستن، بەڵام لەسەر ئاستی ماکرۆ چی؟ ئەمڕۆ ئێمە دەبینین کە میکانیزمی بازاڕ چۆن لە بەرامبەر کێشە سەرەکییەکانی مرۆڤی هاوچەرخ، وەک قەیرانی ژینگە و بێکاریی و هەژاریدا کڵۆڵە و دۆشداماوە. ئوسڵگەراکانی بازاڕ پێیانوایە کە شتێک بە ناوی قەیرانی ژینگەوە لەئارادا نییە، ئەوەی هەیە دروستکراوە، یان لە باشترین حاڵەتدا نکۆڵی ناکەن، بەڵام باوەڕیان وایە کە بازاڕ خۆی دەتوانێت کێشەکانی ژینگە چارەسەر بکات. 

ئۆرسکیس و کۆنوەی دەڵێن «گرێدانی ئازادیی تاک بە سەرمایەدارییەوە، بناغەیەکی تیۆریی زۆر بەهێزی نەبوو، پیاوانی کار و کۆمپانیاکان دەبوو رێگەیەکی تر بدۆزنەوە بۆ پایەدارکردنی ئەم گرێدانە، پڕوپاگەندە یەکێک لە رێگە کاریگەرەکان بوو، ساڵی 1920 کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ رووناکی کارەبایی هەڵمەتێکی دەستپێکرد، ئەکادیمیستەکان پڕۆگرامەکانی خوێندنیان بە جۆرێک هەموارکردەوە کە بەلای بازاڕی ئازادا بیشکێنێتەوە، شارەزایانی زۆریان دامەزراند تا بۆ خەڵکی بسەلمێنن کارەبای تایبەت هەرزانتر دەکەوێت وەک لە کارەبای گشتی، هەڵمەتەکە چڕتربۆوە، دوای قەیرانە گەورەکەی ساڵی 1929، ئەمریکاییەکانیان قەناعەت پێکرد کە بازاڕ بە باشی کاری خۆی دەکات، ئەوەی مایەی نیگەرانی و قەیرانی قووڵی ئابوورییە، داواکارییە زۆر و زەوەند و نائەقڵانییەکانی کرێکاران و دەستوەردانی زۆری حکومەتە لە کاروباری ئابووریدا.

 ئیتر ئەم هەڵمەتە بەردەوام بوو، رادیۆ، نامیلکە و کتێب و رۆژنامە و تەنانەت مامۆستاش لە پۆلدا بەم ئاراستەیە خوێندکارانی گۆش دەکرد، کە حکومەت و کەرتی گشتی خراپە و ئەوەی بەرژەوەندیی گشتی دەستەبەر دەکات، کەرتی تایبەت و بازاڕی ئازادە، دواتر ئەم تەرزە لە بیرکردنەوە لە فۆڕمی لیبراڵیزمی نوێدا خۆی سەپاند، پێچەوانەکەشی راست دەرچوو. 

یەکێک لەو پڕوپاگەندانەی کە خاوەنکاران برەویان پێدەدا، خورافەی سێ پایەی ئازادی بوو، کە پێیوایە ئەمریکا لەسەر سێ پایەی پێکەوەگرێدراو دامەزراوە، ئەوانیش دیموکراسی نوێنەرایەتی Representative Democracy و ئـــــازادیی سیاســــــــــــــی Political Freedom و کار و پڕۆژەی ئازادە Free Enterpris، لە راستیدا ئەمە ئیدیعایەکی هەڵبەستراو بوو. کار و پڕۆژەی ئازاد نە لە جاڕنامەی سەربەخۆیی و نە لە دەستووردا باسی لێوەنەکراوە، ئەمە جگە لەوەی کە ئابووریی ئەمریکای سەدەی نۆزدەیەم بە بەشداریکردنی حکومەت لە بازاڕدا پەیوەست بوو.

لە پاڵ پڕوپاگەندەدا، ستراتیجێکی دیکە بریتی بوو لە دروستکردنی رۆشنبیریی هاوسۆز بە بازاڕی ئازاد، بۆ ئەم مەبەستە، پیاوانی کاری ئەمریکایی، ئەو ئابووریناسانەی کە لەم بارەوە هاوڕابوون، بۆ زانکۆکانی ئەمریکایان هاوردە کرد، لەوانە فردریک ڤۆن هایک Friedrich von Hayek و لۆدیوگ ڤۆن میس Ludwig von Mises، دواتر ئەمانە لە فۆرمەڵەکردنی قوتابخانەی شیکاگۆ و بیری لیبراڵیزمی نوێدا رۆڵی گەورەیان گێڕا، بەتایبەتی هایک لە سەردەستی فریدمانی شاگردی. 

ساڵی 1944 فریدریک هایک کتێبی The Road to Serfdom رێگای کۆیلایەتی چاپکرد، دواتر پیاوانی کار و خاوەن کارگە و پیشەسازکاران لە رێگەی کۆمەڵە جۆراوجۆرەکانی خۆیانەوە زیاتر لە چوار دەیە کاری بێوچانیان کرد بۆ خۆشەویستکردنی بازاڕ و نابووتکردنی رۆڵی حکومەت لە ژیانی ئابووریدا، هەتا ئەوکاتەی لەسەردەستی رۆناڵد رێگان و مارگرێت تاچەردا بە ئاکامی خۆیان گەیشتن.

ئەمریکاییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، بە گومانەوە دەیانڕوانییە بزنسی گەورە Big Business، حکومەتیان بە هاوپەیمان و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانی، بەڵام لە دەیەکانی کۆتایی سەدەدا، زەینی ئەمریکاییەکان بە جۆریک گۆڕا، خاوەنکار نەک وەک فریادڕەسێک و خوڵقێنەری کار سەیردەکرێت، بەڵکو وەک جۆزیف ستیگلیتز دەڵێت: «خاوەنکاران وەک بت دەپەرسترێن و رۆڵی حکومەتیش لە خزمەتکاریی کۆمپانیاکاندا بچووکراوەتەوە». 

ئۆرسکیس و کۆنوەی دەیانەوێت پێمان بڵێن ئەو خۆشەویستییەی لای مرۆڤی ئەمڕۆ بۆ ئابووریی بازاڕ و بازاڕی ئازاد و ئەو رقەی بۆ کەرتی گشتی و حکومەت دروست بووە، نەک بنەمایەکی تیۆریی بەهێزی نییە، بەڵکو بە هێزی پارە و میدیای زەبەلاح و زانکۆ ..تد، چەندین ساڵ کارکردنی پیاوانی کار دروستکراوە، تا رادەیەکی زۆریش ئەم زیادەڕەوییەی بازاڕ لەگەڵ سروشتی مرۆڤ نەگونجاوە، ئەوەی ئەمڕۆ کۆمەڵگەکانی بە گشتی و کۆمەڵگەی ئەمریکایی بە تایبەتی گرفتار کردووە، کەمیی و لاوازیی رۆڵی حکومەت و زاڵبوون و باڵادەستیی پیاوانی کارە لە ئابووریدا. 

 لە 2003 بە دواوە، هەمان سیناریۆ لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، لیبراڵیزمی نوێ بە شێنەیی نەک خوێ خزاندە نێو ژیانی ئابووری ئێمەوە، بەڵکو لەوە زیاتر زەینیشمانی داگیرکردووە، زۆرینەی خەڵك لە مامۆستایەکی زانکۆوە تا کارگوزارێک، گۆرانی بۆ قوتابخانە ئەهلی و تایبەتەکان دەڵێنەوە و هەر لە خۆوە رقمان لە قوتابخانەی حکومی و نەخۆشخانە گشتییەکان دەبێتەوە، بێئەوەی ئاگاداری ئەوە بین لە پشتی ئەم زەین و بۆچوونەوە دەوڵەمەندان و خاوەنکاران بە نەرمی ئامادەسازییان کردووە، ئەوە ئەوانن زەینی ئێمە بەم ئاراستەیەدا تەیار دەکەن، لەوە خراپتر حکومەت بە شێوەیەکی زۆر خراپ خۆی رادەستی ئەم زەین و ئاراستەیە کردووە، تۆ سەیرکە پێوەری ئاو لە شارە گەورەکانی کوردستان دراوە بە کۆمپانیا، لە کاتێکدا حکومەت خۆی هەم ژێرخانی باش و هەمیش کادری باشی لە بەڕێوبەرایەتی و فەرمانگەکانی ئاودا هەیە، بۆ چەند شەوێک مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلیدا، زۆر بەڕێزەوە دەست دەکەین بە گیرفانماندا دەیان ملیۆن دینار بە نەخۆشخانەکە دەدەین، کەچی سوکایەتی و هەندێک جاریش لە کارمەندانی نەخۆشخانە حکومییەکان دەکەین دەدەین، خوێندکارێکی زانکۆ بێدەربەستانە مامەڵە لەگەڵ موڵک و ماڵی زانکۆیەکی حکومیدا دەکات، بەڵام هەر ئەو خوێندکارە وەک چاوی خۆی پارێزگاری لە موڵکی ئەو زانکۆ ئەهلییە دەکات کە لێی دەخوێنیت! هەژارەکان لە دەوڵەمەندەکان زۆرتر باسی بە تایبەتکردنی کارەبای نیشتمانی دەکەن! لە کاتێکدا زۆربەی -ئەگەر نەڵێم هەموو- ژێرخانی کارەبای هەرێم هی حکومەت و کەرتی گشتییە و موڵکی ئەو خەڵکە خۆیەتی، تەنانەت ئەمڕۆ لە کوردستان چینە بێ پشت و پەنا و کەمدەرامەتەکە زۆرتر هاوار دەکەین کە بۆچی ئەو شاخ و گردو دەشت و کەنار رووبار و ..تد، نادرێن بە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، لە کاتێکدا ئەوانە فەزای گشتی و سەرچاوەی ئازادیی راستەقینەی ئێمەن، ئەی بۆچی وا دەکەین؟

 بە هەمان شێوەی کە ئۆرسکیس و کۆنوەی باسی دەکەن بۆ ئەمریکا، لە هەرێمی کوردستانیش، پارە و میدیای زەبەلاح رۆڵی گەورەیان هەیە لە دروستبوونی ئەم زەین و بۆچوونە، زەین و بۆچوونێک کە رقی لە حکومەت و کەرتی گشتی بێت و بازاڕی ئازادی خۆش بوێت.
ئێستا جیهان و ئەمریکاییەکان لەم بارەیەوە خەریکی خۆخوێندنەوە و پێداچوونەوەن، کەچی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، وەک سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو، بە ئاوازی مارگرێت تاچەر و رۆناڵد رێگان گۆرانی دەچڕین. ئەگەر لەسەر ئاستی جیهان، ئاگاداری ئەو گفتوگۆ و دیبەیتانە نەبین کە ئەمڕۆ لەلایەن پسپۆڕانی بوارەکەوە دەکرێن، ئەوا لە داڕشتنی نەخشەرێگە و سیاسەتی ئابووریدا تووشی هەڵەی کوشندە دەبین.