ساڵی ئاڵتونی بۆ ملیاردلێرەکان

2019-01-24

تەنها دوو هەزار کەس جیهاندا، هەریەکەو رۆژانە دوو ملیاردو نیو دۆلار قازانجیان کردووە، لەکاتێکدا سێ ملیارد و نیو کەس بەیەکەوە، تەنها کەمێک زیاتر لە ٤٠٠ هەزار دۆلاریان دەستکەوتووە لەرۆژێکدا.

 

ڕێکخراوی هاریکاری ئۆکسفام، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی نایەکسانییەوە وادەڵێت، ئەم راپۆرتە ساڵانە دەخرێتە بەردەم دەسەڵاتدارترین و دەوڵەمەنترین کەسەکانی جیهان لە دیداری ئابوری جیهانی لە داڤۆس.

ئۆکسفام دەڵێت ئەمەش تادێت جیاوازی چینایەتی قوڵتردەکاتەوەو هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی هەژاری سەختتر دەکات. سیستمە ئابورییەکان تێکدەشکێنێت.

ژمارەی ملیاردلێرەکان لەپاش قەیرانی دارایی جیهانی ٢٠٠٨ ەوە دووقات بووەتەوە. لەنێوان ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دا هەر رۆژەو ملیاردلێرێک زیاد بووە. لەهەمانکاتدا هەموو ساڵێک ١٠٠ ملیۆن خەڵک تووشی هەژارییەکی سەخت دەبن بەهۆی تێچووی خەستەخانە و دەرمانەوە.

نیوەی دانیشتوانی زەوی رۆژانە تەنها ٥ دۆلار خەرجییانە، ١٠ هەزار کەس رۆژانە دەمرن بەهۆی ئەوەی توانای پارەدانی دکتۆر و داو دەرمانیان نییە.

ئۆکسفام دەڵێت زۆرێک لە حکوومەتەکان جیاوازییە چینایەتییەکان زیاتر دەکەن، لەڕێگەی تەرخاننەکردنی پارەی پێویست بۆ کەرتی تەندروستی و پەروەردە. هەروەها باجی زۆر لەسەر کۆمپانیاکان و دەوڵەمەندان دانانێن.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە کەموکوڕی هەیە لە ڕێگەچارە دژی ئەوانەی لە باجدان هەڵدێن، ئاشکرایکردووە کە ئەم زەنگینانە نزیکەی ٨ ملیار دۆلاریان لە دەزگای باجی وڵاتەکانیان شاردووەتەوە.

ئۆکسفام دەڵێت ئەگەر بێتو ئەم زەنگینانە، کە یەک لەسەدی دانیشتووانی گۆی زەوین، تەنیا نیو لەسەد واتە ٠،٥ ٪ ی زیاتر باج بدەن لە سەرمایەکانیان، ئەوا بەزیادەوە بەشی ئەوە دەکات ٢٥٠ ملیۆن مناڵ بچنە قوتابخانە، کەئێستا بەهۆی هەژارییەوە لێی بێبەشن.
یانیش پێداویستی تەندروستی دەرمان بۆ سێ ملیۆن نەخۆش دابینبکرێت، کە ئەگەرنا دەمرن بەهۆی نەبوونی داودەرمانەوە.

ئۆکسفام خوازیارە کە حکوومەتەکانی دنیا، بیر لەوەبکەنەوە کە باج بخەنەسەر میرات و سەرمایە. بەڵام لەمساڵانەی دواییدا زۆرێک لەوڵاتان ئەو باجانەیان لابردووە.

سەرچاوە: رادیۆی سوید