شیعە چۆن و لە کوێوە سەری هەڵدا؟

2019-09-17

بڕوا کەمال

مەزهەبی شیعە یاخود شیعە مەزهەب یەکێکە لە مەزهەبە کاریگەرەکانی نێو مێژوو و شارستانیەتی ئیسلامی، لەجیهانی ئیسلامیدا دوو جەمسەر هەیە یاخود ئەتوانین بڵێن دینی ئیسلام دابەش دەبێت بەسەردوو مەزهەب دا ئەویش (شیعەو سونەیە)، بەگشتی ئەم دوو مەزهەبە، شوێنکەوتوانی ئاینی ئیسلامیان دابەشکردووە بۆئەم دوو مەزهەبە.

تێگەیشتنی ئەم دوو مەزهەبە زۆر جیاواز بووە لەیەکتری، هەر یەکەو خوێندنەوەیەکی جیاوازی هەبووە بۆ ئاین، ئەوەی لەم بابەتەدا تیشک دەخەینە سەر مەزهەبی شیعە.

وشەی شیعە لەچییەوە هاتوە؟

وشەی شیعە لە بنەڕەتدا لە زمانی عەرەبیدا بە مانای شوێن کەوتن دێت، و لە مێژووی ئیسلامیدا، زاراوەی شیعە بۆ زۆر لە بزوتنەوە ئیسلامییەکان بەکارهاتووە وەک شیعەی عوسمان و شیعەی معاویە و ئەوانیتر، بەڵام وشەی شیعە بە تەنها بە کاردێت بۆ شوێنکەوتووەکانی عەلی، و شیعە لەو بڕوایەدان کەوا ئەم ناونانە لە فەرموودەیەکی پێغەمبەردا (د.خ) هاتووە لە وەڵامی پرسیارێکی عەلیدا؛ کێ باشترین کەسی سەر زەوییە؟، وەڵامی ئەداتەوە؛ «أنت وشيعتك»، واتە؛ تۆو شوێنکەوتووەکانت.

لەبەرئەوە شیعە لەو بڕوایەدان کە شیعە لە دوای وەفاتی پێغەمبەر دەرنەکەوتووە بەڵکو شیعە خۆی ئیسلامی ڕاستەقینەیە، و ئەم فەرموودەیە بە گێڕانەوەی جیاواز لە هەندێک لە کتێبەکانی شیعە و مەزهەبەکانی تردا هاتووە.

 

،،

شیعە لەو بڕوایەدان کە ئەوان خودی ئیسلامن

 

مێژووی سەرهەڵدانی مەزهەبی شیعە

شیعە لەو بڕوایەدان کە ئەوان خودی ئیسلامن، و وایدانانێن ئەو مەزهەبە دوای ئیسلام دەرکەوتبێت بەڵکو بە خودی ئیسلامی دادەنێن، و لەو باوەڕەدان کە موسڵمانی لە خواترس ئەبێت شوێنکەوتوو و ملکەچی عەلی کوڕی ئەبوتالیب بێت، لەبەر ئەوە شوێنکەوتن بە یەکێک لە پایەکانی ئیسلام دادەنێن و پێغەمبەر لە ماوەی ژیانیدا بنەڕەتەکەی داناوە و پێش وەفاتکردنی لە ڕۆژی " غەدیر"دا ویلایەتی عەلی ڕاگەیاندووە لە دوای خۆی بە پێی بیروباوەڕی شیعە، هەروەها تائیفە ئیسلامیەکانیتر بە دروستکراو دادەنێن و ئەڵێن لە لایەن فەرمانڕەواو سوڵتانەکانەوە دانراون بۆ دوورخستنەوەی ئیسلام لەوەی پێغەمبەر محەمەد ویستویەتی.

هەندێک لە مێژوونوسان وایدادەنێن، کە سەرەتای شیعە دروستبوو لە پاش وەفاتی پێغەمبەر کاتێک موسڵمانان کۆبوونەوە لە " سەقیفەی بەنی ساعیدە" بە ئامادەنەبوونی بەنی هاشم بۆ نمونە عەلی کوڕی ئەبووتالیب و عەبباسی کوڕی عەبدول موتەلیب کە خەریکی ناشتنی پێغەمبەر بوون، و کۆبوونەوەکەی سەقیفە کۆتایی هات بە هەڵبژاردنی ئەبوبەکر بە کۆبوونی پشتیوانان و کۆچەران لە سەری، لە دوای کۆبوونەوەکە کۆمەڵێکی بچوک لەوانەی ئامادەی نەبوون کۆبوونەوە لە ماڵی عەلی و ناڕازییبوون لە هەڵبژاردنی ئەبوبەکر.

هەندێک وای دائەنێن کە ئەمە بەرەو پێشچوو لە سەردەمی خەلیفە عوسمانی کوڕی عەفاندا، کە هەندێک لەو سیاسەتانەی کارگێڕەکانی لە شام و میسر پێی هەڵئەسان بوو بە هۆی توڕەکردنی خەڵک و شۆڕشیان ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەی عەلی خۆی ویستی ڕێگەیان لێبگرێت، بەڵام لە کۆتاییدا عوسمان کوژراو پاشا موسڵمانان کۆبوونەوە لە دەوری عەلی و داوایان لێکرد خەلافەت بگرێتە دەست.

 

لێرەدا جارێکی تر بیرۆکەی هاوسۆزبوونێکی نوێ دەستی پێکردو عەلی کرا بە حاکمی فەرمی موسڵمانان لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە.

لە سەرەتاوە ناکۆکی دەستی پێکرد لەگەڵ هاوەڵەکانی وەک معاویە و تەڵحە و زوبێر، و زاراوەی شیعەی عەلی دەرکەوت، کە بە هاوەڵەکانی عەلی ئەوترا کە پاڵپشتیان لێئەکرد، لە بەرامبەردا کۆمەڵێکی تر دروست بوون و ناوی خۆیان نا شیعەی عوسمان و داوای حەقی خوێنی عوسمانیان ئەکردو گەیشتە ئاستێک کە خەلافەتی عەلیان ڕەت ئەکردەوە لەبەرئەوەی خاو بوو لە بەدەنگەوەچوونی داواکەیان بۆ تۆڵە سەندنی عوسمان، لە سەرەوەی شیعەکانی عوسماندا معاویە کوڕی ئەبووسوفیان بوو لەلایەک و عائیشەی خێزانی پێغەمبەر بوو لە لایەکیتر و پاشان رووداوەکانی وەک "شەری جەمەل و شەری صفین" لە نێوان لایەنگرانی عەلی و لایەنگرانی حەقی عوسماندا کەوتەوە هەروەها کۆمەڵە نوێکانی وەک خەواریج دەرکەوتن، و عەلی کوڕی ئەبووتالیب لەسەر دەستی یەکێک لە خەواریجەکان کوژرا لە کاتی نوێژی بەیانیدا لە کووفە.

 

،،

هەموو ڕۆژێک عاشورایە و هەموو خاکێک کەربەلایە

بەشێک لەنوسەران ڕەخنەی ئەوە دەگرن لە مەزهەبی شیعە کەهەمیشە لەمێژوودا ئەژین، بەردەوام دەهۆڵی مێژوو دەکوتنەوە، بەشێکتر لەنوسەران و بیرمەندان دەڵێن بەپێچەوانەوە شیعە لە مێژوودا ناژی بەڵام دەبێت ئەوە بڵێن کە دەبێت لەڕاستیەکانی مێژوو خۆمان لانەدەین ، کە زۆربەی زوڵمەکان بنەماڵە ئالو بەیت کراوە بەتایبەتی (ئیمامی عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب) لەدوای ئەویش هەردوو نەوەکەی ( حەسەن و حسێن ) کە نەوەی ئیمامی عەلی بوون وە شیعەکان هەموو ساڵێک لەمانگی موحەڕەم یادی ئەو ڕۆژەدەکەنەوە کە ئیمامی حوسێن شەهید دەکرێ لەکەربەلا، کە ڕووداوێکی خوێناوی مێژووییە.

لەدوای کوژرانی حوسێن کۆمەڵێک بەناوی تۆڵەسەندنەوە لە خوێنی ئالو بەیت، دروست دەبێت و ڕێخۆشکردنێکی باش دەبێت بۆ دروست بوونی شیعە.

لە دوای ڕووداوی کەربەلا بیرۆکەی شیعە شێوازی شۆڕشی وەرگرت لە زۆر شوێنێک و حسەین بوو بە کەسایەتیەک کە شیعەی هێمای ستەملێکراوی تیادا ئەبینن و دێڕە ناودارەکەیان هەموو کات دووپات ئەکەنەوە (هەموو ڕۆژێک عاشورایە و هەموو خاکێک کەربەلایە).

 

،،

شیعە دابەش دەبێت بۆ چەند دەستە و تائیفەیەكی جیا

 

لەناو شیعەشدا کۆمەڵێک طائيفە هەیە کە تێڕوانینیان جیاوازە بە پێی مێژونووسە شیعەکان، شیعە دابەش دەبێت بۆ دەستە و تائیفەی جیا کە بە شێوەیەکی یەک لە دوای یەک دەرکەوتن و ئەوانەی ناسراون لە مڕۆدا ئەمانەی خوارەوە.

شیعەی دوانزە ئیمامی (الإثنا عشرية)

تائیفەی دوانزە ئیمامی باوەڕیان بە چواردە کەسی پارێزراو هەیە لە هەڵەو تاوان، لەوانە دوانزەیان ئیمام (پێشەوای) پارێزراون، و باوەڕیان وایە کە محەمەد مەهدی کوڕی ئیبن حەسەن عەسکەری لەوانە، و ئەم کەسایەتیە چاوەڕێکراوە بەڵێنپێدراوەکەیە و لە بەرچاو دیارنەماوە پاشان ئەگەڕێتەوە تا زەوی پڕ دەکاتەوە لە دادپەروەری.

تائیفەی دوانزە ئیمامی بە گەورەترین تائیفەی شیعە دادەنرێت لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، و ڕێژەکەیان بە نزیکەی %٨٥ی شیعە مەزندە دەکرێت، و ئێران و عێراق و ئازەربایجان نزیکەی سێ بەشی شیعەی دوانزە ئیمامی لە خۆ ئەگرن، ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمی سەفەوییەکان ١٥٠١-١٧٣٦ز کە شا ئیسماعیلی سەفەوی مەزهەبی شیعەی دوانزە ئیمامی سەپاند بەسەریاندا و ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی نەتەوەکانی وڵاتی فارس و ئازەربایجان و هەندێک لە تورکەکان ببن بە شیعە.

جەعفەر سادق زانست (فیقهی) شیعەی دانا و قوتابیەکانی بڵاویان کردەوە لە نیو خەڵکیدا و هەزاران قوتابی لەسەر دەستی زانستیان وەرگرت و موسڵمانان بە گشتی بە ئەستێرەی نەتەوەی ئیسلامی دادەنێن لەبەرئەوە ئەم تائیفەیەبە (جەعفەریی)یش ناودەبرێن.

شیعەی ئیسماعیلی (الإسماعيلية)

لە دوای وەفاتی ئیمام جەعفەری سادق شیعە کۆبوونەوە لە دەوری کوڕەکەی موسا کازم، بەڵام هەندێک لە شیعە ڕایانگەیاند کە ئیمام ئیسماعیلی کوڕی جەعفەر سادق کە مردووە لە ژیانی باوکیدا، پێشەوایەتی و ئیمامی ئەبێت لە نەوەی ئەو بێت و پێشەوایەتی موسا کازمیان ڕەت ئەکردەوە، و دووەم دابەشبوون هاتە ئاراوە کە بە ئیسماعیلی ناویان هەیە، کە ئەمیش دوو لقی لێدەرچوو (نزاری – موستەعلی) و هەتا ئێستا ماون.

ئیسماعیلیەکان بە چالاکیان ناسراون و توانیان بۆ یەکەمجار دوای کوژرانی عەلی کوڕی ئەبووتالیب دەوڵەتێکی شیعە دابمەزرێنن، پێشەواکان سەرکردایەتیان ئەکرد دوای سەرکەوتنی بانگەوازە نهێنیەکەیان ئەیانووت ئەوانە لە نەوەی عەلین و دەوڵەتەکەش دەوڵەتی فاتیمی بوو.

لە باکووری ئەفریقا دەستی پێکرد و گەیشتە میسر و قاهیرەی پایتەخت لە سەردەمی ئەواندا گەورەترین شار بوو.

ئیسماعیلیەکان لە نەجەران لە باشووری شانشینی سعودیە و لە هند و چەند وڵاتێکی تردا هەن.

شیعەی زەیدی

لە دوای کوژرانی حسەین و وەفاتی کوڕەکەی عەلی زەین عابدین کە دوو کوڕی هەبوو ئەوانیش زەیدی کوڕی عەلی و محەمەد باقر بوون.

زەیدی کوڕی عەلی وەستا لە بەرامبەر ئەمەوییەکان و خەڵکانی شیعە لە دەوری کۆبوونەوە، و زەید دوا هەناسەکانی کۆتایی ژیانی لە کارەساتێکی خەماوی وەک شەهیدبوونی حسەینی باپیرەی دا بوو، و لە دوای مردنی تائیفەیەکی تر لە شیعە جیابوونەوە کە پێشەوایەتیان لە محەمەد باقر نەئەبینی لە کاتێکدا شیعە بە ئیمامیان دائەنا، پێشتر تاکو زەیدیش لە ژیاندا بوو، و ئەم تائیفەیە بە زەیدی ناسراون و هەتاکو کاتی ئێستا ماون، ئەم تائیفەیە جیاوازن لە شیعەکانی تر بەوەی پێشەوایەتی بە دەق بۆ کەسێکی دیاریکراو دانانێن و بەڵکو بۆ نەوەی عەلی کوڕی ئەبوتالیبی دادەنێن.

زەیدی بە نزیکترین مەزهەبی شیعە دادەنرێت لە سوننەوە لەبەر ئەوەی زانستی مەزهەبی شافعی وەرئەگرن.

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە

ــ مێژووی تەبەری

ــ البيداية ونيهاية

ــ کتێبی مێژووی ناکۆکی شیعەو سوننە