لە پێکدادانەکەدا، ئێمە لە کۆنتێنەری چیندابین یان ئەمەریکا؟

2020-01-20

پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکان، بەرلەوەی پەیوەندی سیاسی - دیبلۆماسی بن، پەیوەندی ئابووری - بازرگانین، مۆنۆپۆلکردنی بازرگانی جیهانی لەلایەن ئەمریکاوە بەرەو کۆتایی دەڕوات، هێزێکی ئابووری - بازرگانی رکابەری لەجیهاندا بۆ دروستبووە کە لەتوانایدایە بەنرخی هەرزانترو کاتی خێراتر کاڵاکانی بگەیەنێتە دوورترین شوێنی دنیا، ئەویش هێزی ئابووری - بازرگانی چینە.

پاڵەپەستۆی جیوگرافی بەشێک لە فشارەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیادا، دروستکردنی پاڵەپەستۆی سەربازیە بۆ سەرچین و هاوپەیمانەکەی کە روسیایە.

،،

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە دیواری ئاسیاوە کە ئێرانە، ئەمریکا دەیەوێت بەر بە کشانی ئابووری چین و میلیتاری روس بگرێت.

لەباشوری ئاسیاشەوە، بەتایبەتی لە گەرووی مەلەکا ( مەلقە) لەنێوان مالیزیا و ئەندنوسیاوە ئەمریکا دەیەوێت ڕێگری لە جوڵەی دەریایی چین بکات، بۆئەوەی نەتوانێت بەئاسانی بازرگانیەکەی بەجیهاندا بکشێت.

لەبەرانبەردا چینیەکان پرۆژەی ڕێگای حەریریان زیندووکردۆتەوە، کە بە درێژایی هەزاران کیلۆمەتری زەمینیدا لە چینەوە بۆ ئەوروپا درێژدەبێتەوە، جیهانگری نوێ بە شێوازی چینی بەو جیوگرافیایانەدا بڵاودەکاتەوە کە ڕێگای حەریری - ئابووری چینی بەناویدا گوزەردەکات . هاوتەریب بەو ڕێگایە، چینیەکان پشتیوانی ئابووری و مالی خۆیان بەو وڵاتانە دەبەخشن تا پرۆژەکەیان سەربگرێت، ببێتە ئەڵتەرناتیڤی ئابووری ئەمریکی لە جیهاندا.

دەرچوونی چین لە پاڵەپەستۆ جیوگرافیەکانی ئەمریکا، دەکاتە دەست بەسەرداگرتنی ( چینی و روسی ) بەسەر ئابووری جیهاندا کە ئەمەش هەڕەشەی جدی یە بۆ سەر بوون و کیانی ئەمریکی.

داڕشتنەوەی نەخشەکانی جیهان نەخشە ئابووری و سیاسیەکانی جیهان لە پاش کەوتنی یەکێتی سۆڤیەتەوە بە قازانجی ئەمریکی داڕێژرایەوە، بەڵام بە بوژانەوەی ڕوسی و گەشە گەورە ئابووریەکەی چینییەکان، جارێکی تر دوو جەمسەری لە جیهاندا لەنێوان روس -چین - هاوپەیمانەکانیان و ئەمریکا -هاوپەیمانەکانی پێوستی بەداڕشتنەوەیە، زۆربەی ناکۆکی و بەریەککەوتنەکانی ئەم ساڵانەی دواییش لە جیهاندا بۆ ئەو داڕشتنەوەیە دروست بوون. ئەمەش بۆتە هۆکاری دروستبوونی قەیرانی ئابووری لەدنیادا .

ساڵی ٢٠٢٠ ، ساڵی رکود (ریساژن ) و قەتیسبوونی ئابووری یە لە جیهاندا . ڕێکەوتنە بازرگانیەکانی نێوان چین و ئەمریکا ناتوانێت فریای ئابووری جیهان بکەوێت ، چونکە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی لەبەردەم هەڵوەشاندنەوە و سڕبوونی تەواوەتیدایە. زۆربەی دەوڵەتان بەهۆی ئابڵۆقەکانی ئەمریکاوە بۆسەر چین و روسیا و ئێران و وڵاتانی ترەوە دووچاری دابڕان و ڕاگرتنی ئاڵۆوگۆڕی بازرگانی بوون لەنێوان یەکدیدا .

ئەمەش جۆرێکە لە جەنگی ئابووری لەنێوان وڵاتاندا و کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان داناوە، لەهەمان کاتدا ئەمریکا نیگەرانە لە کشانە ئابووری و بازرگانیەکانی چین کە کاریگەری لەسەر دراوەکەی ( دۆلار) داناوە و بەرەو روخانی دەبات .

دۆناڵد ترەمب دەڵێت : چینیەکان ساڵانە زیانی دوو تریلیۆن دۆلار بە ئەمریکا دەگەیەنن بەهۆی کاڵاکانیانەوە بەتایبەتی کاڵاکۆپی کراوەکانەوە . بۆیە لەقەرەبووی ئەو زیانەدا داوا لە چینیەکان دەکەن بایی ٣٥٠ ملیار دۆلار کاڵای ئەمریکی بکڕن.

هێشتا ئەو ڕێکەوتنە سەرەتاییە ناتوانێت ببێتە فریادڕەسی ئابووری جیهانی و ببێتە ڕێکەوتن لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی ئابووری و سیاسی جیهان ، چونکە چینی و ڕوسەکان وەک جەمسەری دووەم داوای پێگە و بەشی نفوزی خۆیان دەکەن لە سیاسەتی جیهانیدا و دەیانەوێت ئەمریکا ناچاربکەن ئەو دابەشکردنەیان لەگەڵدا بکات.

ئابووری ئەمریکا کۆی ئابووری ساڵانەی جیهان بایی ٨٥ ترلیۆن دۆلارە، لەسەدا بیستی ئەو ئابووریە بەشی ئەمریکایە. بەڵام کێشەی ئەمریکا بەبەراوورد بەو داهاتە زەبەلاحە، قەرزە گشتییەکانییەتی کە بایی ٢٥٠ ترلیۆن دۆلارە .

،،

ئەمریکا قەرزە گشتیەکانی سێ ئەوەندەی داهاتی گشتی دەبێت . ئەمەش لاوازی ئەو وڵاتە زلهێزەیە لەکۆی سیستەمی ئابووری جیهاندا .

ئەگەر کڕینی سەنەدەکانی دراوەکەی لەلایەن سعودیەی عەرەبی و چینیەکانەوە ڕابگیرێت یان داوای بکەنەوە بەهای دۆلاری ئەمریکی ملیۆنێک بار زیاتر دادەبەزێت کە دەکاتە ملیۆنێک خوار سفرەوە لە ئابووریەکەیدا. ئەو خاڵەلاوازەی ئەمریکا لەبەردەم هەڕەشەی چینیەکاندایە لەحاڵێکدا ئەمریکا فشاری زیاتر بخاتە سەرچین، یان ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە هەیە لەنێوانیاندا. لەپێناو ڕوونەدانی ئەو جەنگەدا، ئەمریکیەکان لەئاییندەدا ناچاردەبن سیستەمی دوو جەمسەری لە جیهاندا قبوڵ بکەن، لەپێناو ڕزگارکردنی ئابووری وڵاتەکەیان نەخشەی سیاسی جیهان لەنێوان خۆیان و ڕوس و چینیەکاندا دابەشبکەنەوە .